شەڕی دژی کورد و کوردبوون لەو ڕۆژەوەی ڕۆژمێری مێژوو وەبیری دێ، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو حکوومەتانەی ئێستا چوارچێوەیەکی جوغرافیایی بەناوی ئێران لە پاش بەجێماوە، نەپساوتەوە و بەگوێرەی کات و سات لە هەڵکشان و داکشاندا بووە. بەڵام دەگەڵ گەیشتنی شەپۆلی دیاردە جیهانییەکانی رۆژاوا، بەتایبەتیش بابەتی دەوڵەت نەتەوە، ئیدی ڕەشەکوژی و ژینۆسایدی کورد پێی نایە قۆناخێکی تازترەوە. ڕێژیمی پەهلەوی بە داتاشینی ناوی تازە بۆ مەمالکی مەحروسەی شایە یەک لە دوای یەکەکان، تیۆریی خۆی بۆ تواندنەوەی هەموو نەتەوەکانی ئەو جوغرافیایە دەنێو نەتەوەی فارسدا چڕوپڕ دەستی پێکرد و هەر بەو بۆنەیەشەوە بۆ کڵاو لەسەر کوردنان، خزمایەتی زمانی کوردی و فارسیی کردە فاکتەر بۆ خزمبوونی کورد و فارس و بە تیۆرییە خەیاڵاوییەکانی وەک ئاریایی بوون و زنجیرەی پاتشایی هەزاران ساڵە و داتاشینی ئەفسانە و ئوستوورە هەوڵی تواندنەوەی دوو بەرابەر کرد. بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا دەنێو نەتەوەکانی مەمالکی مەحروسەشدا کورد وەک هەمیشە لە هەمووان زیاتر لاساری کرد و دژی پلان و گەڵاڵەکانی رێژیمی پەهلەوی ڕاسا و ملی بۆ ویستی شا بۆ توانەوەی خۆی دانەنواند.
شۆڕشی ٥٧ دژی داخراویی سیاسی و کەشی ترساندن و تۆقاندنی سیستمی پاشایەتی بەهیوای دەستەبەربوونی دیموکراسی و پێکهێنانی دنیایەکی سەردەمیانە و ئازادتر بە خوێنی گەلانی پێکهاتەکە سەر خرا، کە دیارە کورد لێرەشدا تێچووی کەمینەدا. بەڵام شۆڕشی بەتاڵانبراو و سیستمی نامۆی ویلایەت فەقیه هەر زۆر زووتر دوژمنایەتیی خۆی دەگەڵ کورد دەربڕی و هەروەک چۆن کورد و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە هەموو کەس باشتری ئەو پێکهاتە تازەیەی ناسی، ڕێژمی تازەش باش لە ملکەچنەبوونی کورد و هیوا و ئاواتەکانی شارەزا بوو. هەر بۆیە فتوایەک کە رێبەری کۆماری ئیسلامی دەریکرد، هەتا ئێستاش بە جۆرێک لە جۆرەکان درێژەی هەیە. لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ژینۆساید و سڕینەوەی جەستەیی و فیزیکی کورد بۆ تاکە ڕۆژێکیش ڕانەوەستاوە و ڕاناوەستێ، بەڵکوو ئەو کاتەی هەست کراوە کوردستان لەوپەڕی ئەمنییەت دایە، جۆرەکانی ژینۆسایدی کورد بەتوندوتیژترین شێوەی گونجاو درێژەی هەبووە. یەکێک لەو سەدان شێوەیەی کۆماری ئیسلامی کوردی پێ کردۆتە ئامانج، کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران لە سەر سنوورە دەسکردەکانی نیوان باشوور و ڕۆژهەڵاتە. ئەو پیاو و ژن و لاو و منداڵانەی لەجیاتی مل شۆڕکردن بۆ ئێرانییەکان سەری خۆیان هەڵدەگرن و بۆ دەستخستی نانێکی سەربەرزانەوە بە ڕێگە ڕژد و هەڵەمووتەکاندا هەڵدەگەڕێن، هێندە ترسی ڕەدڵی ئێرانییەکان خستوە و بەچەشنێک بیر و زەینی دەسەڵاتدارانی تارانی داگرتوە، کە لەو سنوورانە نەک تاکی کورد تەنانەت بەزەییان بە ئەسپ و ئیستر و ئاژەڵێکیشدا نایەتەوە کە ئەم رێگە هەڵەمووتانەدەبڕێ.
دەگەڵ قووڵبوونەوەی کێشە و ململانێی باڵەکانی ڕێژیم بۆ پاوانی دەسەڵات، کە دوایین وێستگەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری بوو، کورد لە ڕۆژهەڵات زیاتر دە نێوان بەرداشی ئەو دوو باندەدا هاڕاوە و دەهاڕێ. ئەگەرچی گەلی کورد دەو بێنە و بەرەیەی پاوانخوازان قەت نەکەوتۆتە لایەک، بەڵکوو دە هەڵبژاردنە مەهەندیسیکراوەکاندا و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و … ییەکانی رێژیمدا هەمیشە جۆرێک دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی دەرخستوە و هەمیشە بە بەشداری و بایکۆت، ئەو ڕووداوانەی کردۆتەوە دەرفەتێک بۆ نا گوتن بە حکوومەت، بەڵام ڕێژیم و بەرەکانی داخی یەکتریشیان بە کورد و کۆمەڵگەی کوردستان ڕشتوە، دەگەڵ ئەوەی هیچ کام لەو باڵانە هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێ، چ قازانجێکیان جگە لە زیان بۆ کورد نەبووە. شکستی بنئاژۆخوازان دەهەڵبژاردنی ئەم خولەی سەرکۆماریدا شەڕەدندووکە و ململانێکانی ئوسولگەرا و ئیسلاحتەڵەبانی بەوپەڕی خۆی گەیاندوە و، گۆڕەپانی کوردستان و، کورد وەک گشتێک کە لە موساحیبە تەبلیغاتییەکانی بەر لە هەڵبژاردنیشدا وەک بەشێک لەو یەکە جوگرافیاییە ناوی دەهات، کردوە بە شوێنی خۆ بە یەکتر تاقیکردنەوەی دوو باڵەکە و ڕاوێژی ناتەبا و ناکۆکیی مۆرە دیارەکانی ئەو دوو باڵە بە کوشتنی کورد وڵام دەدرێتەوە. بە واتایەکی دیکە کورد و کۆمەڵگەکەی بۆتە شوێنی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی لایەنەکان و، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکیش سووکەئاوڕێک لە خواست و ویستی کورد بدەنەوە، مانۆڕ لە سەر ئەو گەلە دەدەن. ڕەنگە تەنیا ئەو وڵاتانەی تووشی شەڕی نێوخۆیی دەبن، ڕۆژانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانیان هاووڵاتییان بکوژرێن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕێژیم مانۆری دووڕگەی ئارامی لەسەر لێدەدا، ڕۆژانە لە وڵاتێکی وەک ئوکرایندا کە هەنووکە جۆرێک تووشی شەڕی نێوخۆییە، زیاتر تاکی کورد بە سەرمایەکەوە کە ئاژەڵێک بۆ ئاودیوکردنی بارە دەفەوتێنرێ. لەو نێوەشدا کۆمەڵگەی جیهانی هیچ کە سەرقاڵی کێشەی گەورەترە ، کۆمەڵگەی نێوخۆییش جگە لە کۆمەڵگەی کوردی، ئەوانی دیکە کوژرانی گەنج و لاوی کورد سەرنجیان ڕاناکێشێ، بەڵکوو زۆربەی نزیک بە هەمیشە خاوەن تێڕوانینی حکوومەتن بە ئۆپۆزیسیۆنشەوە بۆ کورد و ویستی کورد و، تەنانەت کوژرانیڕۆژانەی تاکی کوردیش کۆمەڵگەکەی خۆیشی تووشی جۆرێک بێهەڵوێستیی سەبارەت بەو ڕەشەکووژییەی ڕێژیم کردوە. کۆمەڵگەیەک کە هەتا ئێستاش وەک دەلاقەیەک بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی بۆ ئەو یەکە سیاسییە چاوی لێدەکرێ، کۆمەڵگەیەک کە ئێستاشی دەگەڵ بێ خاوەن بەهێزترین بزاڤ و ماندووترین ڕێبواری ڕێی ئازادییە، هەواڵی کوژرانی هێز و سامانی مرۆیی خۆی هێندە لا ئاسان بووە، کە هیچ جۆرێک نابزوێ. ئەو کۆمەڵگەیەی مەڵبەندی ئازادیخوازانی نەتەوەکانی دیکەش بوو، هەنووکە بە چەقین دە نێوزلکاوی خەون و ئاوات یان باشتر بڵێین خەیاڵ و خوڵیای نەتەوەی باڵادەستدا، بایەخ و بەهاکانی کۆمەڵگەی خۆی لێ کاڵ بوونەتەوە و روحی کوردبوون تێێدا دەبزرکێ. ئەمە لە حاڵێکدایە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەردەوام شانازی نەک هەر بۆ کورد، رۆژانە شانازی بۆ جیهان و مرۆڤایەتیش تۆمار دەکەن، کۆمەڵگەی رۆژهەڵات لە هێندێک بۆنە و ڕووداودا نەبێ، بەگشتی لە ئاست لە دەستچوونی سەرمایەی ئینسانی خۆی کەمتەرخەم دەنوێنێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٧.