وەرگێران و پوختکردنەوەی: عەلی بداغی
بێرنارد هێنری لێوی، فەیلەسووفی فەڕانسەیی لە وتارێکدا باسی لە پرسی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستانی عێڕاقی کردوە کە بڕیارە لە 25ی مانگی سێپتامبردا بەڕێوە دەچێ.
ئەو دەڵێ: لە ڕوانگەی ئورووپییەکانەوە وڵاتی عیڕاق کە بەرهەمی سەردەمی کۆلۆنیالیستیی دوای شەڕی یەکەمی جیهانییە و بە وڵاتێکی ساختە دادەنرێ، کوردستان وەک هەرێمێکی دەوڵەت_نەتەوە ڕەسەنایەتیی خۆی هەیە. کوردستان ڕیشەی کلتووریی قووڵی هەیە و ڕێز لە بنەماکانی دیموکراسی و لائیسیتە، ئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو و کەمایەتییەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگا دەگرێ و لە ماوەی چارەگەسەدەی ڕابردوودا هەموو ئەو ئەزموونانەی پیشانی کۆمەلگای جیهانی داوە.
ئەو فەیلەسوفە دەڵێ بەبێ هیچ شک و گومانێک لەدایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەتوانێ یارمەتیی زۆر بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بکا.
بێرنارد هێنری لێوی بە تیشكخستنە سەر ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعشدا دەڵێ لە ڕاستیدا ئەوە پێشمەرگەکانی کورد بوون کە لە مانگەکانی ئۆکتۆبر و نۆوامبری ڕابردوودا دەروازەی شاری موسڵیان بۆ هێزە عێڕاقییەکان کردەوە؛ ئەوە کوردەکان بوون کە لە ماوەی ساڵانی ڕەشی ڕابردوودا بە تەنیا لەبەرامبەر داعشدا ڕاوەستان، هەر وەک چۆن بریتانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا و هەتا ساڵی ١٩٤١ لە ئورووپا بە تەنیا لە بەرامبەر نازییەکاندا وەستابوو.
ئەو دەڵێ لە کاتێکدا لە ئاگوستی ٢٠١٤دا سوپای عێڕاق موسڵی ڕادەستی داعش کرد و هیچ بەرگرییەکیان لە خاک و وڵاتی خۆیان نەکرد، ئەوە پێشمەرگە ئازا و بوێرەکانی کورد بوون کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە بەرەیەک بە پانتایی هەزار کیلۆمێتردا پێشیان بە داعش گرت و تێکیان شکاند. تۆ بڵێی دوای ئەو هەمووە حەماسەیە ئەوان لەبیر بکرێن؟ ئایا بەشدارنەکردنی ئەوان لە گرتنەوەی نێو شاری موسڵ دەتوانێ ڕێگەبدا ئێمە پشکی گەورەی کوردەکان لەو شەڕەدا پشتگوێ بخەین؟
بێرنارد هێنری لێوی دەڵێ ڕۆژی ٢٥ی سێپتامبر کوردەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دواجاری خۆیان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە زیاتر لە سەدەیەکە وادە و بەڵێنمان پێداون، دەچنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان؛ ئەوان لە ئێستادا ئەو هەستەیان تێدا بەهێزە کە زیاتر لە هەر کاتێک مافی ئەوەیان هەیە تا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئەو فەیلەسووفە فەڕانسەییە دەڵێ لەو کاتەدا کە کوردەکان ڕێفراندۆمی خۆیان بەڕێوەدەبەن، وڵاتانی جیهانیش دەکەونە بەردەم پرسیارێکی گرینگ، کە ئایا دەبێ وەک تاران و ئانکارا و مۆسکۆ و بە گومانەوە سەیری ئەو ڕاپرسییە بکەن و پێیان وابێ ئەوە بشێوییەکی دیکە لە ناوچەکەدا دەنێتەوە؟
بێرنارد هێنری لێوی دەڵێ بەڵام لە هەمان کاتدا دەنگی لایەنگرییەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لەوبەری دەریاکانەوە دەگاتە هەولێر، ئەو دەنگەی پێی وایە عێڕاق بەهۆی ئەوەی وڵاتێکی دروستکراوی شەڕە ئیستعمارییەکانە ناتوانێ هیچ ڕەسەنایەتییەکی هەبێ، بەڵام هەرێمی کوردستان وەک نەتەوەیەک کە ڕیشەی لە دڵی مێژووی کەوناردا هەیە، لە جێدا مافی خۆیەتی و پێویستە کە سەربەخۆ بێ.
بێرنارد هێنری دەڵێ پشتگیری کردن لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان داکۆکی کردنە لە دێموکراسی و لائیسیتە؛ هەروەها پشتیوانییە لە ڕێزگرتن لە پاراستنی مافی کەمایەتییە نەتەوەکان، ئەوەی ئێمە لە ڕەفتاری کوردەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ غەیرەکوردەکان بینیومانە.
بێرنارد هێنری لێوی دەڵێ پشتیوانی لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی کردنە لە یەکسانیی مافی ژنان و پیاوان و هەموو ئەو بایەخە ئینسانی و بنەمایانەی وڵاتانی ئورووپایی لەسەریان دروست بوون؛ دواجار و پێچەوانەی بۆچوونی نەیارانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان؛ ئەو سەربەخۆییە و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هۆکاری سەرەکیی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.