ڕەهەندی سێهەم: تێرۆریزم، ئاوەڵدوانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران
ئەگەرچی تێرۆریزم وەک شێوازێکی نەرێنی بۆ بردنە پێشێی ئامانجی سیاسی، تەمەنێکی درێژی هەیە و زۆر بەر لە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش لەشوێنە جیاوازەکانی جیهان لە لایەن دەوڵەتان و ڕێکخراو و گرووپی جۆراوجۆرەوە بە کار هاتوە، بەڵام لە ئێران لە گەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدا، لە دیاردەیەکی بەکارهاتوو لە لایەن گرووپ و ڕێکخراوێکەوە، چووە ئاستێکی دەوڵەتی و لە گەڵ ئەو ڕێژیمە دا لە دایک بوو.
گونجاویی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گەڵ تیرۆر لە ڕووی باوەڕەوە
بە پێچەوانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد کە خاوەنی ڕۆحێکی سەردەمیانەیە و، نێوەرۆکێکی ڕزگاریخوازانە و دێموکراتیک و مرۆڤدۆستانەی هەیە و خوازیاری هاوژیانی لە گەڵ نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی ناوچە لە سەر بناغەی ڕێزگرتنی دوو لایەنەیە؛ ئایدۆلۆژیایەک کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەرهەم هێناوە، جگە لەوەی باوەڕی بە یەکسانیی نەتەوە و ئایینەکان و ئەم چەشنە هاوژیانییە نیە، لە نێوبردنی نەیار و بەرهەڵستکاری خۆی و حکوومەتی هەڵگری ئەم ئایدۆلۆژیایەش، بە ڕەوا دەزانێ. تەنانەت ڕەنگێکی پیرۆزی داوە بە هەر چەشنە توند و تیژی و لە نێوبردنێک کە خزمەتی مانەوەی ڕێژیمی هەڵگر و پەرەپیدەری ئەو ئایدۆلۆژیایە دەکا. بەم پێیە لە ڕووی باوەڕ و ڕوانینەوە، ئەم ڕێژیمە نەک هەر ناتەباییەکی لە گەڵ تێرۆریزم نیە بەڵکوو لە پێناوی مانەوەی خۆیدا بە ڕەواشی دەزانێ. دیارە لێرە دا باسەکەی ئێمە لە سەر تیرۆریزمە هەر بۆیە تەنیا باس لە ناوەرۆک و کارنامەی تیرۆریستیی ئەو ڕێژیمە دەکەین، ئەگینا شێوە نەرێنییەکانی دیکەی لە نێوبردنی نەیاران و بەرهەڵستکاران و جیابیرانیش، لە گەڵ باوەڕ و ناوەرۆکی ئەو ڕێژیمە، هەر گونجاو بوون و بە ڕەوا زانراون. بۆیەش لە ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا، بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ دوودڵی بەکار هێنراون کە کوشتاری بە کۆمەڵی دانیشتوانی دەیان گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە کۆمەڵکوشتنی هەزاران بەندیی سیاسیی ئێران، نموونەی هەرە دیاریانن.
بەکارهێنانی تیرۆر لە دوو بیاڤی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا
مێژووی پەنابردنی پێشەنگان و دامەزرێنەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ تێرۆر، دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی بە دەسەڵات گەیشتنیان. دوای ئەوەش کە دەسەڵاتی ولاتی ئێرانیان گرتە دەست، شانبەشانی کەلکوەرگرتن لە شەڕ و سەرکوت بۆ لە نێوبردنی نەیاران و بەرهەڵستکارانی خۆیان، بە کارهێنانی»تیرۆر»یشیان کرد بە بەشێکی هەمیشەیی و دانەبڕاو لە سیاسەت و دەسەڵاتدارەتییەکەیان. دیارە هەر بەوەش نەوێستان کە لە نێوخۆی وڵاتدا ئەم ئامرازە بۆ لە نێوبردنی نەیاران بە کار بێنن بەڵکوو لە دەرەوەی وڵات، چ بۆ لە نێوبردنی پاشماوەکانی ڕێژیمی پێشوو(پەهلەوی)یا کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چ بۆ زەبر وەشاندن لە بنکە و هێزی نیزامیی هێندێک وڵات، کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام دا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر وا کە ڕاشکاوانە بانگەشەی سیاسەتی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی دەکرد و داوای لە خەڵکی هێندێک وڵات دەکرد ڕێژیمی وڵاتەکەیان بڕووخێنن و شتێکی لە چەشنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوێ دامەزرێنن، لە ڕاستای جێبەجێکردنی ئەو ئامانجەشیدا، هەوڵی دروستکردنی گرووپ و تاقمی بەرهەڵستکار لەو وڵاتانەی دەدا و سەخاوەتمەندانە یارمەتیی ماڵی و چەک و تەقەمەنیی پێ دەدان. بەشێک لە کردەوە تیرۆریستییەکانی خۆشی لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا و هێندێک وڵاتی دیکە، بە هۆی ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە جێبەجێ دەکرد. ئەم سیاسەتە، هەتا ئێستاش بەردەوامە و ئەگەر لە ڕواڵەت و شێوەی بردنە پێشیشیدا جیاوازییەکی بە سەر هاتبێ، لە ئامانج و جەوهەرەکەیدا، گۆڕانی بەسەردا نەهاتوە.
بە گەشتێکی خێرا بە نێو ڕۆژژمێری کردەوە تیرۆریستییەکانی جێهان لە ماوەی ٤ دەیەی رابردوودا، تووشی دەیان کەیس دەبین کە لە سەرێکەوە یا لە چەند سەرەوە، دەگەنەوە ڕێژیمی ئێران و کۆماری ئیسلامی بە دەست تێداهەبوونیان تاوانبارە. زۆر لەو کەیسانە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تێر و تەسەلی وڵاتان و وەدەستخستنی بەڵگەی حاشالێنەکراو و تەنانەت گرتنی ئەنجامدەران و دانپیدانانی ئەوان، مەحکوومیەتی ڕێژیمی ئێرانیان لێ کەوتووەتەوە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، تەنیا لە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دژی وڵاتانی دیکەدا، پەنای دەبردە بەر شوێنەونکە و پارێزی پێویست. ئەگینا لە ڕەوتی تیرۆر و لە نێوبردنی نەیارانی ئێرانیی خۆیدا (لە هەر جێیەکی دنیا بووبێ) ئەوەندەی پارێز و شاردنەوە بە پێویست نەزانیوە. هەر بۆیەش لە یەکەم بەدواداچوونەکانی پۆلیس و دەزگای قەزایی وڵاتانی ئورووپایی لە زۆر کردەوەی تیرۆریستیی دژ بە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وەک شاپوور بەختیار، د.کازم ڕەجەوی، د.عەبدولڕەحمان بروومەند، د.قاسملوو و هاوڕێیانی، د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی، بە هاسانی شوینپێی ئێران هەڵگیراوە و ئەنجامدەرانیان ناسراون و تەنانەت هێندێکیشیان گیراون.
شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ داعش لە سەر چی؟
سەردەمانێک کە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە وەک گەورەترین و پڕمەترسیترین ڕێکخراوی تیرۆریستی، لە گەڵ ڕۆژاوا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوا لە شوێنەجۆراوجۆرەکانی جێهان لە شەڕدا بوو، پرسیاری هەرە گرنگ ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە بەرەی شەڕی جیهانی دژی ئەلقاعیدە دایە یا لە ژێرەوە لە گەڵ ئەو ڕێکخراوە، ساتوسەودا و هاوکاریی هەیە؟ لە دەیەی یەکەمی سەدەی ٢١ دا، بە تایبەتی ئەو کاتەی ئەلقاعیدە هێشتا لە ئەفغانستان وەدەرنەنرابوو، زۆر هاتوچۆی فەرماندەران و ڕێبەرانی ئەو ڕێکخراوەیە لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەفغانستان و هەروەها زۆر لەو هێزە مرۆییەی لە سووریە و عێڕاقەوە بۆ هەڵگرتنی چەکی داعش دەچوونە ئەفغانستان، لە ڕێگای ئێرانەوە بوو. میدیاکانی جیهان هەر ئەو کات زۆر زانیاریی سەرنجڕاکێشیان لە بارەی جموجۆڵ و پووڵ ڕاگواستنی ئەلقاعیدە لە ڕیگای وڵاتی ئێرانەوە بڵاو دەکردەوە. هیچ شارەزا وخاوەنڕایەکیش پێی وا نەبوو، ئێران لەو جموجۆڵ و هاتوچۆیانە لە نیو خاکی خۆیدا غافڵە، بەڵکوو پێیان وابوو جۆرێک ڕێککەوتن هەیە لە نیوان ئەلقاعیدە و ڕێژیمی ئێراندا. تێگەیشتن لە هۆی سازانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ئەلقاعیدەش زەحمەت نەبوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چی دژی ڕێکخراوێک بێ کە لە گەڵ ئەمریکا لە شەڕ دایە؟ مەگەر ئەو ڕێژیمە هەموو کات ئەمریکای بە گەورەترین دوژمنی خۆی نەزانیوە؟ ئێستا بۆ چی دەبێ دژایەتیی ئەم بەرهەڵستکارەی ئەمریکا بکا؟ ئەو گرووپە توندڕەوانەی هەر لەو ساڵانەدا، لە ئەفغانستانەوە هاتنەوە سنووری هاوبەشی ئێران و باشووری کوردستان و کەوتنە زەبر وەشاندن لە خەڵکی سڤیل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمینترین دراوسێیان، کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی سەرەکیشییان لە شەڕفرۆشتن بە حکوومەتی هەرێم، هەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. جگە لەوەی هاتوچۆیان بۆ ئەفغانستان لە ڕێگای ئێرانەوە بوو، کاتێکیش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ٢٠٠٣ هێرشیان کردە سەر عێراق و ڕێژیمی سەددام حوسێنیان ڕووخاند و لە کوردستانیش بنکەکانی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانەیان دایە بەر هێرشی بۆمب ومووشەکانی خۆیان، بۆ نێو خاکی ئێران پاشەکشەکەیان کرد و لەوێ گیرسانەوە.
ئەگەر داعشیش وەک ئەلقاعیدە هەر لە گەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە شەڕ دابایە و ناوچەی دەسەڵاتدارەتیی دەوڵەتان و وڵاتانی هاوپەیمانی شیعەمەزهەبی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نەخستبایە ژێر دەستی خۆی و هیلالە شیعییەکەی باریکتر نەکردبایەوە، ڕێژیمی ئێران شەڕێکی لە گەڵ داعش نەبوو. بەڵام کاتێک داعش و بە گشتی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییە سووننەکان لە سووریە تەنگیان بە ڕێژیمی ئەسەد، هاوپەیمانە لەمێژینە شیعەکەی ئێران هەڵچنی و لە عێراق، موسڵ و تکریت و ڕۆمادییان لە دەست دەوڵەتی مالیکی و ئەرتەشەکەی دەرهێنا و لە بەغدا نزیک بوونەوە، کۆماری ئیسلامی کێچی کەوتە کەوڵی. ئەم جار ئەو نیگەرانییە دایگرت کە نەک هەر لە وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیماندا، بەڵکوو لە نێوخۆی ئێرانیش دا لەگەڵ شەڕی داعش_ یا چالاکی و بەرهەڵستی خوازیاران و پشتیوانانی داعش لە دژی خۆی_ بەرەوڕوو بێ.
بەرپرسیار و تاوانباری یەکەم لە سەرهەڵدان و پەرەگرتنی گرووپە توندڕەوەکان لە ناوچەدا
ڕێژیمی ئێران، ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ، کاریگەریی هەبووە لە سەر سەرهەڵدان و پەرەگرتنی ئەو گرووپانەی بە تەکفیری و تیرۆریستی ناویان دەبا، ئەمەش نەک هەر لە ئاستی کوردستان بەڵکوو لە ئاستی ناوچەکەش دا وایە. ئەو کاتانەی ئەو گرووپانە، ڕووی کردەوە و چالاکییەکانیان لە ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان دابووە و کاریان بە سەر ڕێژیمەکان و گرووپەکانی هاوپەیمانی رێژیمی ئێرانەوە نەبووە، کۆماری ئیسلامی لە گەڵیان لە ساتوسەودا دا بووە، هەوڵی داوە لە دژی ئەمریکا و ڕۆژاوا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان بە کاریان بێنێ و، لە ڕێگای هاوکاری و پشتگیریی کردنیان، باڵانسەکە بە زیانی حزوورو نفووزی وڵاتانی ڕۆژاوایی و هاوپەیمانەکانیان لەو ناوچەیە و بە زیانی بەرەی دیموکرات و ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و پێشکەوتوو، بگۆڕێ و بەم جۆرە لە مانەوە و جێ پێ قاییمکردنیان دا یارمەتیدەریان بووە .
کاریگەرییەکی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە سەر سەرهەڵدان و پەرەگرتنی ئەو گرووپە توندڕەوە سوننیانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دژی خەڵک و هێزە سوننە مەزهەبەکان، لە ئاستی ئێران و ناوچە دا، بەڕێوەی بردوە و بەڕێوەی دەبا. ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی ئێراندا بە باڵادەستکردنی مەزهەبی شیعە و شیعە مەزهەبەکان لە هەموو بوارێک دا و بە گرتنەبەری زەقترین هەڵاواردنی ئایینی، بووە بە هۆی پەراوێزخستنی سوننە مەزهەبەکان و بێزارییان لە دەسەڵاتی حاکم. هەر بەم جۆرە لە عێراق و سووریە و لوبنان وهتدیش لە لایەک بە پشتگیریی هەمە لایەنە و بێ ئەم لاو ئەو لا لە دەسەڵات و گرووپە شیعییەکان و چاوپۆشی لەتاوانەکانیان دەرحەق بە هاونیشتمانانی خۆیان، لە لایەکی دیکەش بە پشتیوانی لە سیاسەتی لە پەراوێزخستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە غەیرە شیعییەکان، ڕێخۆشکەر بووە بۆ سەر هەڵدانی توندڕەوی و گەشانەوەی ئاگری ناکۆکیی مەزهەبی و پێکهاتنی گرووپ و ڕێکخراوی توندڕەو لە نیو سوننی مەزهەبەکان دا.
ئەنجام:
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە، بە تایبەتی لە قبووڵنەکردنی ئایین و مەزهەبی دیکە و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ نەیارانیدا، جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ ئەو ئایدۆلۆژیایە نیە کە ئەلقاعیدە و داعشی بەرهەم هێناوە. ئەو شێوازە توند و تیژانەش _یەک لەوان تێرۆر و تۆقاندن_ کە ئەو گرووپە توندڕەوانە بۆ سڕێنەوە و لە نیوبردنی نەیارانی خۆیان بە کاری دەهێنن، لە کۆماری ئیسلامیدا لە مێژە بە کار هاتوون. جیاوازییەکە تەنیا لە پلە و فۆڕمی جێبەجێکردنی ئەو شێوازانە دایە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی شێوازێکی شاراوە و تا رادەیەک نەرمترلە ئەلقاعیدە و داعشی لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دەوڵەتان و وڵاتانی جیهان و خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆی دا گرتووەتە بەر، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ستاتووسەی وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی هەیەتی و ناچارە تا ڕادەیەک رەچاوی بکا. ئەمەش تەواو جیاوازە لەو باوەڕ و بایەخانەی کە ڕێنوێنی نەتەوەی کوردن. هەم لەو شوێنانەی نەتەوەی کورد خاوەن حکوومەت و دەسەڵاتدارەتییە، هەم لەو جێگایانە کە ئیرادەی ئەو نەتەوەیە لە شێوەی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازدا خۆی دەنوێنێ، بە کردەوە سەلماندوویە کە شتێکی بە تەواوی جیاواز لە دوو جەمسەرەکەی دیکە(تاران و داعش)ە. ئەوەش کە لەو نێوەدا تەنیا نەتەوەی کوردە کە لە نیو هاوپەیمانیی جیهانیی دژە تیرۆر دا، خۆی دیوەتەوە و دنیای شارستانی و مرۆڤایەتی وەک بەشێک لە خۆی سەیری دەکاو، دوو جەمسەرەکەی دیکە، هەر وەک سەرچاوەی تیرۆریزم لە ئاستی جیهان دا سەیر دەکرێن، دەیسەلمێنێ کە داعش و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەک قوماشن و کورد، شتێکی دیکەیە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.