ڕۆژی ١٣ی ژووئیە، عەبدوڕڕەحمان قاسملوو، کوردی ئێرانیی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە دوو گوللە کە لەسەری دران، لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی لە باڵەخانەیەکی ڤییەن کوژرا.
قاسملوو ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانی دەکرد. دە ساڵە سوپای ئێران شەڕی بەسەر «پێشمەرگە»کاندا سەپاندوە.
دوای زنجیرە پێوەندییەک لەنێوان حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و بەرپرسانی ئیتتیلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە دیسامبری ١٩٨٨ و ژانویەی ١٩٨٩دا، قاسملوو پێوەندیی بە مەئموورانی ئێرانەوە دەگرێ، یەکێک لەوان محەممەد جەعفەر سەحرارودی، جێگری ئیتتیلاعاتی بەشی دەرەوەی سوپای پاسداران لە کوردستانی ئێرانە کە لەوەختی تەقەکردنەکەدا بریندار دەبێ و لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێ، پۆلیسی ئوتریش ڕێگای دەدا لە نەخۆشخانە بچێتە دەرێ و پەنا بەرێتە بەر باڵیۆزخانەی ئێران لە ئوتریش و دوایە ڕۆژی ٢٢ی ژووئیە خاکی ئوتریش بەرەو ئێران بەجێ بێڵێ. کەسی دووەم، بوزورگنیا [ئەمیر مەنسوور بۆزۆرگنیا] لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێ و بۆماوەیەک لە گرتووخانەی پۆلیس دەبێ و دوایە حوکمەکەی هەڵدەوەشێ و دەگەڕێتەوە تاران. سێیەمین کەس، حاجی مستەفا لاجیوەردی، سەرۆکی سرویسی ئیتتیلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئێرانە کە توانی بێ گیروگرفت ئوتریش بەجێبێڵێ.
بەڵگەیەکی ناوازە
وتووێژ لەنێوان نێردراوانی تاران و ڕێبەرانی کورددا لەلایەن بەشدارانەوە تۆمار کرابوو. پۆلیس کاسیتەکانی لەدەستدا بوو،و دوایە دابوونی بە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران. عەبدوڵڵا حەسەنزادە سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بۆخۆی ڕێگای پێداین گوێیان لێبگرین. ئەمە بەڵگەیەکی ناوازەیە. بەبێگومان عبدوڕڕحمان قاسملوو هەرگیز ئاوا بە دڵسۆزییەکی وەستایانە تێگەیشتنی خۆی لە خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران شی نەکردۆتەوە.
پرسیار و وەڵامەکانی لایەنی ئێرانی کە بەدڵنیایی پێیان وا بوو هەرگیز ئاشکرا نابن، بەجۆرێک شێوەی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی مێشکی ئەوان نیشان دەدا و دەریدەخا کە چەندە لەنێوان تێگەیشتنی سیاسیی مۆدێڕن و بیروباوەڕی خەلیفە عەلیدا لە هاتوچۆدان.
پرسیار ئەوەیە داخوا پیاوکوژەکان پاش ئەوەی قسەی کوردەکانیان بیستوە بڕیاریان داوە بیانکوژن، یان لەجێدا بڕیاری کوشتنەکە پێشتر دراوە؟ تەنیا پڕۆسەی دادگاییکردنی پیاوکوژەکان دەتوانێ وەڵامی ئەم بابەتە بداتەوە.
بەخوێندنەوەی دووبارەی ئەم بەڵگە ناوازەیە، دەکرێ ئەم سیناریۆیە پێشبینی بکرێ: کاربەدەستە ئێرانییەکان نەک هەر دەیانزانی کە حیزبی قاسملوو و بزووتنەوەی کوردی ئێران بە زەبرەکانی سوپای ئێران و لەتبوونی تازە لە ساڵی ١٩٨٨دا زۆر لاواز بووە، بەڵکوو دەیانزانی کە ویستی قاسملوو گەیشتن بە چارەسەرێک لە ڕێگای وتووێژەوە بوو، ڕەنگە ئەوان هیوادار بووبن کە قاسملوو بە هەنگاوێکی نیوەچڵ ڕازی بێ: قانوونیکردنی حیزبەکەی. بەڵام قاسملوو پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە خودموختاریی کوردستانی ئێران بەڕەسمی لەلایەن ڕێبەرانی تازەی ئێرانەوە (خومەینی ٤ی ژوئەنی ١٩٨٩ کۆچی دوایی کرد)، ڕابگەیەندرێ. شەوی ١٢ی ژووئیەی ١٩٨٩ مەئموورانی ئێران دوای یەکەم وتووێژ دەگەڵ قاسملوو، لەکاتی پێوەندی لەگەڵ بەرپرسەکانیان لە تاراندا فەرمان وەردەگرن کە «بیانکوژن».
«سلام علیکم»، سەحرارودی ڕادەگەیەنێ: «ئێمە پێکەوە بڕیارمان دا کە ئەم دیدارە دەبێ بەتەواوی نهێنی بمێنێتەوە، چونکە دوژمنان نایانەوێ ئەم مەسەلانە چارەسەر بکرێن». لەدرێژەدا سەحرارودی بەڕاشکاوی دەڵێ: تەنانەت لەنێو دەوڵەتی ئێرانیشدا کەسانی وا هەن کە نایانەوێ ئەم جۆرە دیدارانە هەبن و لەنێو دەزگای بەڕێوەبردنی حکوومەتیشدا مومکین نیە بەئاشکرا لەوبارەیەوە قسە بکرێ.
عەبدوڕڕحمان قاسملو ڕاستەڕێ باسی ئەسڵی بابەتەکە دەکا: «لە دیدارەکەی پێشوودا ئێمە قامکمان خستە سەر دوو خاڵی بنەڕەتی یەکیان قبووڵکردنی ئەسڵی خودموختاری و دووەمیش ئیجازەی تێکۆشانی ئازادانەی حیزبی ئێمە لە وڵاتدا. ئێوە وەڵامتان دایەوە کە ئێستا ڕێبەرانی دەوڵەت مووافیقی ئەسڵی خودموختاری نین، لەبارەی خاڵی دووهەمەوە، ئێمە لە دەفتەری سیاسی بە درێژی لەوبارەیەوە باسمان کردوە کە داخوا پێشمەرگە دەبێ چەک بکرێ یان نا؟ دەفتەری سیاسی بەو ئاکامە گەیشت کە مومکین نیە پێشمەرگە چەک بکرێ. ئێوە باش دەزانن کە پاش دەساڵ شەڕ و ئەو هەموو قوربانییە، ئەسڵی خودموختاری بۆ ئێمە گەڕانەوەی بۆ نیە. بە زمانێکی دیکە، ئەگەر ئێوە نێوەرۆکی ئەسڵی خودموختاریتان قبووڵە چ ترسێکتان لە بەکاربردنی ئەم وشەیە هەیە؟» (قاسملوو هەروا پێ لەسەر ئەسڵی ئۆتۆنۆمی دادەگرێ و نیشان دەدا کە پیاوێکە هەرگیز ئامادە نیە دەست لە ئەسڵی خودموختاری هەڵبگرێ). «بەرەی من بەرەی دێموکڕاسی و خودموختارییە» هەرلەوکاتەدا قاسملوو بەردەنگەکانی بۆ وتووێژ لەگەڵ خۆی بانگ دەکا و هۆشدار دەدا کە: «بەدڵنیایی ئەگەر مەسەلەی کورد چارەسەر نەکرێ دەبێتە هۆی برەوپەیداکردنی دروشمی سەربەخۆیی». لێرەدا سەحرارودی دەست بە قسە دەکا: «یەکەمین جارە کە لەنێو خۆماندا لەبارەی بۆچوونی ئیسلام بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی قسە دەکەین. ئێمە بۆ چارەسەری مەسەلەکانمان نە چاو لە خۆرئاوا دەکەین نە لە خۆرهەڵات بەڵکە حیساب لەسەر خۆمان دەکەین و لەو بارەیەوە ئامادەین بۆ گەیشتن بەدڵخوازەکانمان خۆمان بکەینە قوربانی.
لێرەدا قاسملوو دێتە نێو قسەکانی و دەڵێ : «ئەوکۆسپانەی بۆ ڕانەگەیاندنی ڕەسمیی خودموختاری ژماردتن منیان قانیع نەکرد» و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: «ئێستا وەختی ئەوە هاتوە کە خامەنەیی و ڕەفسەنجانی کە نوێژی هەینی بەڕێوە دەبەن، مەسەلەی خودموختاری لە نوێژی هەینیدا ڕابگەیەنن». قاسملوو لێرەدا بەدرێژی تێگەیشتنی خۆی لە خودموختاری شی دەکاتەوە: « بۆ ئێمە چوار خاڵی بنەڕەتی هەن: یەکەم خودموختاری کە بەمانای لابردنی دەسەڵاتی مەرکەزی [واتە دابەشکردنی دەسەڵات]ـە، دووەمین مەسەلەی بنەڕەتی بۆ ئێمە زمانی کوردییە، زمانی کوردی دەبێ زمانی ڕەسمیی ناوچەی کوردنشین بێ، سێیەمین مەسەلە دیاریکردنی سنوورەکانی ناوچەی خودموختارە، لەم بارەیەوە دەبێ هۆیەکانی جوغڕافیایی و ئابووری و بەتایبەتی ویستی خەڵکی ناوچەکە لەبەر چاو بگیرێ، و چوارەمین مەسەلەش، ئەسڵی دابینکردنی ئەمنیەتی ناوچەی کوردنشینە کە دەبێ بەدەست کوردەکانەوە بێ. ئەمانە ئەو چوار ئەسڵە گرنگەن کە ئێمە پێیانەوە پابەندین و شتێکی لەوە زیاترمان ناوێ. ئێمە لەبارەی جێبەجێکردنی ئەمانەوە زۆر واقیعبینین و بۆنموونە، دەزانین کە لە دیاریکردنی سنوورەکاندا، حەتمەن هێندێ ناکۆکی پەیدا دەبێ، بەڵام ئەگەر بناخەکە چارەسەر بکرێ کورد لەسەر وردەکارییەکان ئامادە نین شەڕ بکەن.
پاشان قاسملوو ئاکام وەردەگرێ کە: «گۆڕینی وشەی خودموختاری مومکین نیە. ئەم وشەیە بۆ گەلی کورد بارێکی ئیحساسی، مێژوویی هەیە. ئەمە سێمبولێکە. ئەگەر ئێوە نێوەرۆکی ئەم خودموختارییە قبووڵ دەکەن بۆچی پێ لەسەر گۆڕینی ئەم وشەیە دادەگرن؟ کاتێک ئێوە دەقێکی پیرۆز لە ئیسلامدا دەخوێننەوە بە «بسم اللە الرحمان الرحیم» دەست پێدەکەن و وشەی خودموختاری بۆ ئێمە وەک «بسم اللە الرحمان الرحیم» بۆ ئێوەیە. ئێوە خودموختاریتان قبووڵە بەڵام «بسم اللە الرحمان الرحیم» نا».
لێرەدا وتووێژکەرە ئێرانییەکان دەڵێن کە لەوبارەیەوە دەبێ پێوەندی دەگەڵ تاران بگرن و بۆکاتی دیداری دواتریش سبەینێ بە تەلەفون خەبەر دەدەنەوە، ئەمە لەحاڵێکدا بەم قسانە هیوایەکی زۆر لەلای کوردەکان دروست دەکەن.
لە دیداری دواتردا ڕۆژی ١٣ی ژووئیە، سەحرارودی دەڵێ پێوەندیی دەگەڵ «برادەران»ی تارانی گرتوە. «دوێنێ ئێوە گوتتان ئیمامانی نوێژی هەینی لە نوێژی جومعەی تاراندا لەبارەی خودموختارییەوە قسە بکەن، لێرەدا هێندێ گیروگرفت هەن، پێشنوێژ دەتوانێ قسە لەگەڵ خەڵک بکا بەڵام دەبێ بڵێم کە لەبارەی هێندێ مەسەلەوە ئێمە بۆچوونی جیاوازمان هەیە».
سەحرارودی لەبارەی ئەوەی لەنێو حکوومەتدا مەسەلەکان چۆن ڕایی دەکرێن دەست دەکا بە درێژدادڕی و دەڵێ: «دیارە ئێمە هێندێ گیروگرفتمان هەن، بۆ وێنە لەبارەی نەخشی بازاڕەوە دەیان ساڵە تووشی ئەو باسەین کە هێندێک پێیان وایە نابێ دەستی بازاڕ لە کۆنتڕۆڵی ئابووریدا ئاوەڵا بکرێ، و دەبێ هەژاران وەک چینێکی ژێردەست ببینرێن. ئەمەش ڕۆژگارێک بوو کە هێشتا ئیمام مابوو و بەوە کە گوتی ئیسلام لایەنگری سەرمایە نیە، مەسەلەکەی چارەسەر کرد. هەروا ئەوە کە نەخشی ئیسلام کۆنتڕۆڵی دەوڵەت نیە، بەڵکوو نێوبژیوانە. ئەم سێیەمین بۆچوونەش نەزمی خۆی هەیە، لێرەدا دەمەوێ نموونەی بازرگانیی دەرەوەتان بۆ بێنمەوە کە سێ جار مەجلیس ڕەتی کردەوە و بەناچار مەسەلەکە درا بە ئەنجومەنی بەرژەوەندی [کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام].
ئێستا بێینەوە سەر مەسەلەی خودموختاری.. ئەمەش ڕاست وەک مەسەلەی ئابوورییە کە دوو بۆچوونی لەبارەوە هەیە: یەکێک پێیوایە کە ڕاست وەک سەردەمی حەزرەتی عەلی (زاوای پێغەمبەر، خەلیفەی چوارەم)… کە وەک خەلیفەی موسوڵمانان حکوومەتی دەکرد بەڵام هێندێ ناوچە هەبوون کە ناویان ویلایەت (پارێزگا) بوو، کە «والی» (فەرمانڕەوا) کان دەسەڵاتێکی پتر لە خودموختارییان هەبوو. بەڵام ڕایەکی دیکە هەیە کە دەڵێ ئەمە پێوەندیی بە سەردەمی حەزرەتی عەلییەوە هەیە و ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە. ئێمە لە گەمارۆی دوژمنان داین، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، ڕێژیمە کۆنەپەرستەکان، کە ناهێڵن خودموختاری بە ناوچەیەکی دیاریکراو ببڕێتەوە و هەوڵ دەدەن پەل بۆ هەموو جێیەک باوێژێ و سەرەنجام بگاتە جیابوونەوە. کەوایە خودموختاری مەسەلەیەک نیە کە بتوانی بە ڕاگەیاندنی لە نوێژی هەینیدا چارەسەری بکەی. مەسەلەی دووەم ئەوەیە کە حیزبی دێموکڕات لەحاڵێکدا دەیەوێ مەوقیعییەتی ئێستا بپارێزرێ، هەر لەوحاڵەدا داخوازی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە، بەڵام ئەمە شتێکە کە بەباوەڕی من بۆ قبووڵکردن نابێ». لێرەدا سەحرارودی دووبارە میکانیزم و کارکردی کۆماری ئیسلامی بە درێژی شی دەکاتەوە: «بۆنموونە لەبارەی پێوەندییەکانی دەرەوە، پێش بڕیاردان چەند ساڵ قسەی لەبارەوە کرا. بۆ وێنە بۆ پچڕاندنی پێوەندی دەگەڵ ئەمریکا، یان دامەزراندنی پێوەندی دەگەڵ شووڕەوی تەنیا بڕیاری تاقەکەسێک نەبوو، بەڵکوو دوو یان سێ و تەنانەت دەساڵی پێچوو کە بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تازە لە شووڕەوی بڕیارمان دا پێوەندیی لەگەڵ دامەزرێنین. بۆ وای لێهات؟ چونکە دەگەڵ ئەفغانستان، پاکستان، وڵاتانی خەلیج و دەگەڵ خۆرئاوا گیروگرفتمان هەبوو. بەمجۆرە لە مەسەلەی خودموختارییشدا دەبێ ساڵانێکی دوورودرێژ قسە بکرێ و دڵنیام کە لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەو خودموختارییەی ئێوە دەتانەوێ قبووڵ ناکرێ». ئەو نۆرەقسە دەداتە حاجی مستەفەوی.
حاجی مستەفەوی: «بسم اللە الرحمان الرحیم….. حیزبە کۆمۆنیستەکان تیئۆریی خۆیان لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتیی ستالین دادەنێن. عەڕەبەکان دەڵێن: ئەمەش ڕوانگەی ئێمە. حیزبە سۆسیال دێموکڕاتەکان ڕێگای خۆیان هەیە بەڵام حکوومەتی ئیسلامی هەتا ئێستا لەبارەی مەسەلەی نەتەوایەتییەوە هیچ لێکدانەوەیەکی نەبووە. ئەگەر بتوانین کۆماری ئیسلامی بێنینە سەر لێکدانەوە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێ. لە ئیسلامدا لەلای پێغەمبەر و جێنشینەکانی سوننەتێک هەیە، هیوادارم لەسەر ئەم مەسەلەیە ساغ بنەوە و بگەنە ڕێگاچارەیەک لەنێوان سوننەت و ئەو شتەدا کە ئێوە داوای دەکەن…» لێرەدا قاسملوو دەست بە قسە دەکا و موخالەفەتی خۆی دەگەڵ بیروڕای بەردەنگەکانی ڕادەگەیەنێ.
«ئێوە دەڵین مەسەلەی بنەڕەتی نەک مەسەلەی خودموختاری بەڵکوو پێوەندیی نێوان حیزبی دێموکڕات و کۆماری ئیسلامییە. ئێمە بۆ چارەسەری مەسەلەی خودموختاری هاتووینە ئێرە». قاسملوو بە درێژێ ڕوونی دەکاتەوە کە مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەتوانێ شێوەی جۆراوجۆر بۆ وێنە سەربەخۆیی، فیدڕالیزم و خودموختاریی هەبێ. مەسەلەی ئێمە ئەوەیە بزانین کە بە هەرحاڵ کۆماری ئیسلامی نیازی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتیی هەیە یان نا و ئەگەر هەیەتی دەیەوێ بە چ شێوەیەک جێبەجێی بکا. داخوا دەیەوێ خودموختاری بدا یان فیدڕالیزم بەرقەرار بکا و یان سەربەخۆیی قبووڵە؟ ئێمەی کورد چارەسەری مەسەلەکەمان لەسەر لانیکەم واتە خودموختاری داناوە. دەتوانین فیدڕالیزمیش قبووڵ بکەین. دیارە بەباوەڕی من لە سەرەتای ئیسلامدا جۆرێک فیدڕالیزم هەبوو. باشترە فیدڕالیزم هەڵبژێرین و بۆ نموونە یەکیەتیی کۆماری فیدڕاڵی ئێران پێک بێنین. ئێستا کە ئێوە نە سەربەخۆییتان قبووڵە، نە فیدڕالیزم و نە ئۆتۆنۆمی مانای ئەوەیە کە ناتانەوێ مەسەلەی نەتەوایەتی چارەسەر بکەن».
پاشان ئاکام وەردەگرێ کە لەوانەیە «سبەینێ ناوچەیەکی دیکە لە ئێران داوای خودموختاری بکا، کەوایە دەبێ ئازایانە مەسەلە نێوخۆیییەکان بەپێی «اصول» چارەسەر بکرێن و قانوون لەبارەی هەمووانەوە بەڕێوە بچێ. ئەگەر ئەمڕۆ نەمانەوێ ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکەین سبەینێ لە وڵاتدا بێسەرەوبەرەیی دروست دەبێ». دوای باسێکی کورت هەردوو لا وادەی دیدارێک بۆ ڕۆژی دواتر دیاری دەکەن. فازیل ڕەسووڵ نێوبژیوانی کوردی عێڕاقی ئاکام لە وتووێژەکان وەردەگرێ و دەڵێ: «یان هەر ئێستا ڕێکدەکەون و باس و وتووێژ بێشەڕ درێژەی دەبێ، یان بە درێژەدانی شەڕ وتووێژ بەرەوپێش دەبەن. بەباوەڕی من باشترە هەر ئێستا ڕێکبکەون. ئێستا بۆ ئەم کارە وەختێکی باشە، لەحاڵێکدا سێ ساڵ دواتر بارودۆخ دەگۆڕێ و پارسەنگی هێزەکان تێکدەچێ و ئیدی هەلومەرج دەگۆڕێ».
ئەمانە دوا وشەن کە دەبیسترێن، و هەرلەوکاتەدا دەنگی وێککەوتنی مێز و کورسییەکان دێتە بەر گوێ و دەنگی کپی هاویژرانی چوار گوللە و ئیدی هیچ…
لەحاڵێکدا دراوسێیەکان بە ئاگاداریی سەحرارودی کە بۆخۆشی بریندار ببوو، پۆلیس لە ڕووداوەکە ئاگادار دەکەن، پۆلیس دێتە ئاپارتمانەکە و سێ تەرم دەدۆزێتەوە.
***
(لۆمۆند، یەکەمی ژانویەی ١٩٩٨)
(فڕانکفۆرتێر- ئالگماینە. ١٩ی ژانویەی ١٩٩٨)
(دێر ستاندارد، ٣٠ی ژانویەی ١٩٩٨)
وەرگێڕان [بۆ فارسی] سوهەیلا قاسملوو ١١ی ژوئەنی ٢٠١٧
وەرگێڕان بۆ کوردی «کوردستان»
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.