لە دوای ڕووخانی سیستمی پاشایەتی لە ئێران، نیزامێکی نوێ دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت کە هەم بۆ گەڵانی ئێران وهەم بۆ گەڵانی دنیا نامۆ بوو. ئەو سیستمە لە ژێر ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتە مەیدان ولە سەرەتادا وا بە خەڵک ناسێندرا کە لەودا خەلک خاوەنی دەسەڵات دەبن چونکە گەلانی ئێران لە سیستمی پاشایەتیی ڕاپهڕیبوون و وچیدیکە نەیاندەویست کەسێکی دی لە ژێر ناوی پاشا وسێبەری خوا لە سەر زەوی حوکمیان بکا و یەکیک لەو هۆکارەکانهی سیستمی کۆماری ئیسلامی لە ریفراندۆمی سالی 58 دەنگی هێناوە، ههر ئەوە بوو.
دوای ئهوه که قانوونی بنەڕەتی ئێران نووسرا، دهرکهوت کە پایەکانی ئەو نیزامە نوێیە لە سەر حکومەتێکی دینی باوەڕمهند به مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی و «ولایت فقیە» دامەزراوە ودوای تێپەربوونی دە ساڵ بە سەر تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1368هەتاوی لە پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتی لە ئەسلی 57دا وشەی (مطلقە)ش بە ولایتهکه زیاد کرا وهەر لەو ئەسلەدا چاوەدێری بە سەر سێ دەزگای (قانوون دانان وبەڕێوەبەری و دادوەری) کرا بە ئهرکی رێبەر و ئەوە خۆی نیشاندەری ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامییە کە سیستمێکی ئیدۆڵۆژیکە و یهک کهس له ژێرناوی (ولایت مطلقە فقیە) بە نوێنەرایەتی ئیمامی زمان حوکمی ئێران دهکا.
به چاوخشاندنێکی خێراش دهردهکهوێ کۆماری ئیسلامیی ئێران ههم له ڕووی ناو وهەم لە نێوەرۆکدا سیستمێکی چەندە لەگەڵ یەکتر ناتهبایه. کۆماری (جمهورییەت) جۆرێک لە دەسەڵاتە کە لە خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێ واتا خەڵک ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتی خۆیان دەگوازنەوە بۆ کەسێک کە لەژێر ناوی سەرکۆماردا دەسەڵاتی بەرێوەبەری وڵات وەئەستۆ دەگرێ و لەو سیستمە دیموکراتیکەدا سەرکۆمار بۆ ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراو و بە دەنگی متمانەی زۆرینەی خەڵک ئەو پۆستە وەردەگرێ. سهرکۆمار هەم لە بەرامبەر خەڵک وهەم لە بەرامبەر نوینەرانیان له پارلمان بەرپرسیارە. بهڵام لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا ئهگهرچی له ڕواڵهتدا سەرکۆمار لە لایەن خەڵک و بە شێوەی راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێ، بەڵام لەنێوەرۆکدا ئەوهی سەرکۆمار ڕادەسپێری بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە و بە پێ ئەسڵەکانی 57 و110 لە قانوونی ئەساسیدا سەرکۆمار لە بەرامبەر رێبەردا بەرپرسیارە نەک خەڵک یا نوینەرانی خەڵک.
کە باس لە وشەی ئیسلامیی پاشگری کۆماری لە سیستمی سیاسی ئێراندا دەکرێ دەبێ ئەوە بزانین کە ئەو دووانە لە سیستمی بەرێوەبەریی وڵات و ویست وداخوازی کۆمەڵگا بۆ خۆ گونجاندن لە هەموو بوارەکانی ژیان لەگەل سیستمی جیهانیدا لەگەڵ یەکتر لە ناتەبایی دان. ئیسلام و ئیسلامییەت مەسەلەیەکی دینییە کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی مرۆڤ بەدەرە و قانوونەکانی لەلایەن مرۆڤەکانەوە ناتوانرێ دەسکاری بکرێن. لە سیستمی دەسەڵاتداریی دیندا خەڵک تەنیا ئەرکیان لە سەرە و خاوەنی ماف نین، چونکە بنەمای دین لە سەر ئەرک وتەکلیف ڕاوەستاوە. واته ئیسلامییەت لە سیستمی حکومەتیی ئێراندا نوینگەی دەسەڵاتدارەتیی دینییە، بەڵام کۆماری (جمهوریەت) قەراردادێکی کۆمەڵایەتییە لە نێوان مرۆڤەکاندا و نوێنگەی دەسەڵاتدارەتیی خەڵکە و قانوونەکانی عورفین و مرۆڤەکان لە هەر کۆمەڵگایەک بە پێی تایبەتمەندی و نیازی خۆیان و لە پرۆسەیەکی زەمەنیدا لە سەری رێک دەکەون. هەر کاتێکیش پێویستی کۆمەڵگا بخوازێ هەموو ئەو قانوونانە دەکرێ ئاڵوگۆریان بهسهردا بێ، بۆ نموونه ڕەنگە لە سەردەمی ئیستادا کردارێک بە قانوون مەنع کرابێ بەڵام بە پێی ویستی کۆمەڵگا هەر ئەو کردارە دەتوانرێ ئازاد بکری ومەنعی قانوونی لەسەر ههڵگیرێ، بەڵام قانوونەکانی دین نهگۆڕن لهبهر ئهوی دستکردی مرۆڤ نین و مرۆڤیش ناتوانێ دەستکارییان بکا . هەر بەو بەڵگە سادەیە دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە کۆماری لەگەڵ ئیسلامی دووچەمکی زۆر لێک دوورن وبە تەواوی لە گەڵ یەکتر ناتهبان و ئەو ناتەباییە لە درێژەی بابەتەکەدا زۆرتر دەردەکەوێ.
وهک باس کرا لە سیستمی کۆماریدا سەرکۆمار یا بە دەنگی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێ و ئەگەر تەنانەت ئەو سیستمە دیموکراتیکیش نەبێ و تەنیا ڕواڵەتیش بێ دیسان پرۆسەی هەڵبژاردنێک هەیە وخەڵک دێنە سەر سندووقی دەنگدان وئەو کەسەی سەر لە سندووقی هەڵبژاردن دێنیتە دەرێ وهک سەرکۆمار و کەسی یەکەمی وڵات دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتی دەکەویتە دەست.
بەڵام لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەو کەسەی بە عینوانی سەرکۆمار دوای تێپەربوون لە پاڵوێنەی شورای نیگەهبان و لە پروسەیەکی هەڵبژاردن لە لایەن خەڵکەوە دەبێ بە سەرکۆمار، نابێتە کهسی یەکەم لە بەرێوەبەریدا بەڵکوو بە پێی ئەسلی 113ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران سەرکۆمار دوای ڕێبەر دەبێتە نەفەری دووهەم لە بەرێوەبەریی سیستم داو تەنانەت هەر لەو ئەسلەدا کە باس لە دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار دەکا، هاتوه: سەرکۆمار «بەرپرسی جێبهجێکردنی قانوونی ئەساسی و سهرۆکی دەزگای بەرێوەبەری (دەوڵەت) یە» کە هەر وەک پێشتر باسمان کرد بە پێی ئەسڵی 57 لە قانوونی ئەساسی چاوەدێری بە سەر ئەو دەزگایە لە ئەستۆی ڕێبەرە و ئەوە جگه لەو بابەتانە کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ڕێبەرەوە دەبێ؛ کهچی ئهوه لەحاڵێکدایە کە ڕێبەر هیچ نوێنەرایەتیی خەڵک ناکا و ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکیشەوە هەڵنەبژێردراوە، بەڵکوو بە پێی ئەسڵی5ی قانوونی ئەساسی ڕێبەر نوینەری ئیمامی زهمانە و هەتا دەرکەوتنی ئیمامی زمان «مهدی موعود» وەلی ئەمری موسولمانهکانە. لهلایهکی دیکهوه کاتێک لە قانوونی بنەڕەتی ئیراندا چاو بە مەرجەکانی بەربژێربوون بۆ پۆستە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەخشێنین دەبێنین ئهو مهرجانهی بۆ سەرکۆمار دەستنیشان کراون زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەو مەرجانەی کە بۆ ڕێبەر دەستنیشان کراون بۆ نمونە لە ئەسڵی 115 کە باس لە مەرجەکانی سەرکۆماربوون دەکا دەڵێ: سەرکۆمار دەبی به ڕهچهڵهک ئێرانی بێ بەڵام لە ئەسڵی 109 دا کە باس لە مەرجەکانی رێبەر دەکا قانووندانەری ئیرانی خۆی لە ئاستی ئێرانیبوون و هاونیشتمانیبوونی ڕێبەر پاراستوە وزۆرتر سهرنجی داوەتە لایەنی دینی و مەزهەبیی ئەو کە لە توانای دابێ رێبەریی دنیای ئیسلام بکا! بەو مانایە ڕێبەر دەتوانێ غیرە ئیرانیش بێ، لە حاڵیکدا سەرکۆمار هەر بەپێی قانوونی بنەڕەتی ئێران لە ئەسڵی 114 دا ڕاستەوخۆ بە دەنگی خەڵک هەڵدەبژێردرێ بەڵام بهپێی ئەسڵی 107 رێبەر لەلایەن مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری هەڵدەبژێردرێ کە لە زاهیردا ئەو مەجلیسەش لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ بهڵام له ڕاستیدا ئەو هەڵبژاردنەی خەڵک بۆ دەستنیشانکردنی مەجلیسی خۆبرەگان هێچ شەرعییەتێکی خەڵکی بە دەسەڵاتدارەتی وەڵی فەقی نادا. بەو مانایە خەڵک کارناسانی مەزهەبی هەڵدەبژێرن هەتا وەلی فەقێهێکی ساڵح و زانا لە مەزهەبی ڕەسمی وڵات ببینەوە و ئەو پلە دەسەڵاتەی کە نوێنەری ئیمامی زمان لەسەر زەوی هەیەتی پێی ببخشن، واتا شایهدیی ئەوان دەبێتە هۆکار بۆ باوەڕی کۆمەلگا کە ئەو کەسە نوینەرایەتیی ئیمامی زمان دەکا و خەڵک دەبێ لە ژیر فەرمان و بریارەکانی دەر نەچن، چونکە دەرچوون لەو فەرمانانە دەرچوونە لە فەرمانی خوا.
به لایهکی دیکهشدا مەجلیسی خوبرەگان که بەرپرسیاره لە دانانی رێبەر خۆی دەبێ لە پاڵوێنەی شوڕای نیگابانهوه تێپهڕێ و شورای نیگابان خۆی چاووگوێی رێبەره و لەهەمان کاتدا بەپێی ئەسڵی 108 ئەو مەجلیسەسەڵاحییەتی ئەوەی هەیە کە خۆی ئایننامەکان و قانوونەکانی تایبەت بە خۆی گەڵاڵە بکا و هەر خۆیشی پەسندیان بکا، بی ئەوەی دەزگایەکی دیکە هەبێ بتوانی تانەی لێ بدا. بۆ هەڵبژاردنی ئەندامەکانیشی بە پێی قانوونی پەسندکراوی شورای نیگەهبان بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی خۆبرەگان لە مادەی سێی ئەو قانوونە کە باس لە مەرجەکان دەکا بۆ خۆ پاڵاوتنی بەربژێرەکان، لە کۆتایی مادەکەدا سێ (تبصرە)ی هیناوەتهوه کە بە ئاشکرا دهریدهخهن کە خودی ڕێبەر بە تەواوی زاڵە بە سەر پرۆسەی دیاریکردنی یەک یەکی ئەندامەکانی مەجلیسی خوبرەگان.
تبصرەکان: (1- دەبێ لە پاڵوێنەی شووڕای نیگەهبان دەربچن. 2-کەس یا کەسانێک بە هەر شێوەیەک ڕێبەر سەڵاحییەتیان تەئید دەکا پێویست بەتەئییدی شووڕای نیگابان ناکا.3- پێویست ناکا کە بەربژێرەکان نیشتەجێ یا لە دایکبووی حەوزەی هەڵبژاردنی خۆیان بن.)
تیۆریی «ولایت مطلقە فقیە «سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مەزهەبی شیعە کە لە ئیستادا ئەساس وبنەمای کۆماری ئیسلامییە، هەر وەک گوترا لەو سیستمەدا وەلی فقیهـ جگە لە پێگەی مەزهەبی خاوەنی پێگەیەکی سیاسی بە هێزە و هەرئەوە وایکردووە ببێتە خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەها. هەموو کات مەترسیی ئەو تیۆرییە لەوەدا بووە کە دین بەتەواوی لەگەڵ سیاست تێکەڵاو بێ ودەبینین کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا ئەو تێکەڵکردنە لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا ڕەنگی داوەتەوە. چونکە باوەڕمهندبوون بە مەزهەبی ڕەسمی وڵات بۆتە پێوەر بۆ وەرگرتنی هەر پۆست و بەرپرسیارەتییهک لە حکومەت و دەوڵەتدا .
عهبدولکهریم سروش «ولایت مطلقە فقیهـ « به ئیستبدادی دینی ناو دهبا و دهڵێ «بهبوونی ئهو نیزامی دیموکراتیک پێک نایه و کهس لە ژێر ئاڵای «ولایت مطلقە»دا چاوی به دادپەروەری ناکهوێ و تیوریی «ولایت مطلقه فهقیهـ» ههر لە سەرەتاوە تیورییهکی دوور لە ئەخلاق بوو.»
ئاماژه به چهند خاڵ دهریدهخا که جمهوریەت وئیسلامییەت چەندە لێک دوور و لە گەڵ یەکتر ناتهبان:
_ حکومەتی خەڵکی لە خوارەوەڕا بۆ سەری هەڵدەبژیردرێ، بەڵام لە حکومەتی «ولایت»دا لە سەرەوەڕا بۆ خوارەوە دیاری دەکرێ.
_ لە حکومەتی خەڵکیدا کاربەدەستانی حکومەتی لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژیردرێن و لادەبردرێن بەڵام لە حکومەتی «ولایت»دا خەڵک لە دانان و لابردنی کاربەدستانی حکومەتدا هیچ رۆڵ ونەخشیان نییە.
_ لە حکومەتی خەڵکیدا هەموو سیستمێکی سیاسی کاتییە و بە پێی هەلومەرج و پێویستی کۆمەلگا ئالوگۆری بەسەر دادێ، بەڵام لە حکۆمەتی»ولایت»دا سیستم بۆ هەتاهەتاییە.
_ لە حکومەتی خەڵکیدا، حکومەت یا دەوڵەت لە بەرابەر نوینەرانی خەڵکدا بەرپرسیارن و لە ژیر چاوەدیری ئەوان دان، بەڵام لە حکومەتی «ولایت»دا وەلیی ئەمر یا حاکم تەنیا لە بەرابەر خوادا بەرپرسیارە و خۆی لە بەرابەر هیچ دەزگایەکی دیکەدا بە بەرپرسیار نازانی.
_ لە حکومەتی خەڵکیدا دەسەڵات چوارچێوه و سنووریان ههیه و کەس دەسەڵاتی ڕههای نییە بەڵام لە حکومەتی «ولایت»دا ڕێبەر دەسەڵاتی رەهای هەیە.
_ لە حکومەتی خەڵکیدا کەس لە سەرەوەی قانوون نییە بەڵام لە حکومەتی «ولایت»دا ڕێبەر لە سەرەوەی قانوونە و تەنانەت دەتوانێ قانوونی ئەساسیش ڕابگری.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.