لە کۆبوونەوەیەکی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، لە رۆژی ٧ی جوونی ٢٠١٧ (١٧ ی جۆزەردانی ١٣٩٦) دا، بە سەرۆکایەتی بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ رۆژی ٢٥ ی سێپتامبری ٢٠١٧ (٤ ی رەزبەری ١٣٩٦) رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دیاری کرا.
ئاماژە و ئاکام
1_ لە ساڵی ١٥١٤ کە نەتەوەی کورد و نیشتیمانەکەی دوای شەڕی چاڵدوڕان، بۆ یەکەمجار بەسەر دوو ئیمپڕاتووریی ئێران و عوسمانیدا، دابەش کرا، لە ساڵی ١٩١٦ لە پەیمانی سایکس_ پێکۆدا، دابەش کرایەوە و لە ١٩٢٣ لە لۆزان، ئەو دابەشینە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. دوای دابەشبوونی دوویەم نەتەوەکەمان، جگە لە فارس و تورک، عەڕەبیشی بە دروستکرانی وڵاتانی عێراق و سووریە بە پرسەکەیەوە زیاد و موشکیلاتی پتر بوون.
٢_ کورد لە زۆربەی هەرەزۆری ماوەی بوونیدا، لە ژێر زوڵم و زۆرداری و چەوسانەوە و تواندنەوەدا، ژیاوە. ئەو نەتەوە بەردەوام بۆ ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی خەباتی کردوە و بە پێی کات و تواناکانی، داواکانی هێناوەتە گۆڕێ. بەڵام بەداخەوە لە هێچکام لە چوار بەشە بەزۆرەملی دابەش کراوەکەیدا، ئیزنی مافی ڕەوای خۆی و ژیانی مرۆڤی سەردەمی پێ نەدراوە.
٣_ ئێستا بە تێپەڕینی نزیکەی ٢٠ ساڵ لە سەدەی ٢١ی زایینی و دوای ٢٥ ساڵ ئەزموونی حکوومەتیی هەرێمی باشووڕی کوردستان و دەستکەوتە مەزنەکانی (سەرەڕای کەموکوڕی و ناکۆکییە جێی داخەکانی)، ئەو ئەکتەر سیاسییە هاتۆتە نێو خولێکی نوێی دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی لە رێفڕاندۆمێک لە رۆژێکی دیاریکراو دا. پێویستە ئەو دیاردە گرینگ و دەگمەنەی مێژووی هاوچەرخی کورد، بەدروستی و ئەوپەڕی بەرپرسایەتیی تاک و کۆ، لایەنە سیاسی و نا سیاسییەکانی، هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ و بە مودیرییەتێکی ژیرانە لێی دەرباز بێ و ئیرادەیەکی سەربەخۆێیخوازانە و دڵخوازانە و گشتگیری لێبکەوێتەوە. ئەوکات زۆرترین کاریگەری ئەرێنی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لێدەکەوێتەوە.
٤_ لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دیاردەی نگریسی دڵڕەشی، ئاڵاڕەشی، کۆمەڵکوژیی داعیش (دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام)، بە فەلسەفەی ئیسلامی سیاسیی سوننی توندئاژۆ، لە بەرانبەر ئیسلامی سیاسیی شیعە و سەرەڕۆ دا، بوو بە هێزێکی زەبەلاحی دژی هەموو بنەما و ژیاری ئینسانی بە مەزهەبی و نا مەزهەبییەوە. داعیش خوێنڕێژی و ئاژاوەیەکی گەورەی دژە مرۆڤی ناوەتەوە و جیهانی لە مەترسییەکی گەورە هاویشتوە. پێوندییە دێموکراتیک و ئازادەکانی بەرتەسک کردۆتەوە و خۆفێکی گەورەی بۆ ژیانی گەشەسەندوو پێک هێناوە.
٥_ بەرگریکارەکانی نەتەوەی کورد و رۆڵە فیداکارەکانی لە هێمای، پێشمەرگە و لە ژێر ئاڵای کوردستان (کە یادگارەکانی هەرمانی کۆماری کوردستان بە سەرکۆماریی پێشەوای نەمر قازی محەممەد بوون) بە هاوپێوەندی لەگەڵ شەرڤان و گریلاکان، ترس و تۆقاندن، کوشتار و ماوڵوێرانییەکانی دەسەڵاتی داعشیان بە یارمەتی هاوپەیمانەکانی دژە تێرۆڕی جیهانی تێک شکاند.
٦_ فەزای فیداکاری و باوەڕبەخۆ بوون لە هەرێمی باشووڕ و رۆژئاوای کوردستان و حیماسەی کۆبانێ و مەزلوومەییەتی شینگاڵ، بەرگری لە دەستکەوتەکان و ڕاودوونانی داعیش، لە لایەک و تراژێدییەکانی، ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و قەڵاچۆکردنی گەلەگەمان لە باشوور و خوێن و قوربانیدانیان لە خەباتی ١٩٢١ هەتا ١٩٩١ و دواتریش لەلایەکی دیکە، ئاوێتە دەبن و گرینگی و بەرجەستەبوونی رێفڕاندۆم بۆ سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان پتر دەسەلمێنن.
٧_ لە ماوەی ٢٥ ساڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئاوەدانی و گەشەی زۆر، پلۆڕالیسمی سیاسی و رێکخراویی، هەڵبژاردن و تولێڕانس و پێکەوەهەڵکردنی رێژەیی، ڕەهەندە گرینگەکانی بوون. هەرچەند لەو بوارانەشدا، کەموکوڕی زۆرن. بەڵام زۆر جێی بایەخە کە، نزیکەی ٣٠ وڵاتی دەوڵەمەند و شوێندانەری جیهانی کونسولخانەیان لە هەولێری پێتەختدا کردۆتەوە و بەرەو پتر بوونیش دەچن.
٨- لەنێو نەتەوەی فارسدا، کەسانی قەڵەم بەدەست و خاون بیروڕای شوێن دانەر سەبارەت بە رێفڕاندۆم لە باشووری کورستاندا، زۆر جوان و ئەرێنیانە و بەلێکدانەوەی ژیربێژانە هەڵسوکەوتیان کردوە. مافی ڕەوای گەلەکەمانیان لەو بەشەی نیشتماندا، بەڕەسمی ناسیوە، کە زۆر جێی رێزن.
بۆ وێنە: ئاماژە بە سێ نووسراو دەکەم. «استقلال اقلیم کردستان و صلح و توسعە در منطقە، محمد ارسی.» ،»استقلال، آرزوی تاریخی اقلیم کردستان، عنایت هوشمند(١).» و «کردها بە آرمان خود نزدیکتر میشوند، علل و تبعات ظهور دولت کردی، صادق ملکی.» (٢)
٩_ ئەوەی کە ئەو وڵاتانەی کوردیان بە ناڕەوا و دوور لە ویستی ئەوان بەسەردا دابەش کراوە، بە ویستی خۆیان نایانەوێ نەتەوەی کورد لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی بەهرەمەند بێ. بۆیە لە ٢٥ ساڵی رابردوودا، بەدژی ئەو هەرێمە سکولار و کۆلکەزێڕینە و گرینگەی کوردی (کە جگە لە کورد خەڵکانی نا کورد بە ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆر و نا ئایینی و نا مەزهەبیشی
تێدا دەژین و مافی بوون و ئازادییان هەیە) بەردەوام لە پیلانگێڕی و دژایەتیدا، بوون.
١٠_ سادقی مەلەکی لە شوێنێکی وتارەکەیدا، دەنووسێ: «کوردەکان پێش هەر پێناسەیەک کوردن. جیاوازیی نییە کە کوردی عێراقی، ئێرانی، تورک یا سووری بن. رۆژی دیاریکردنی گشتپرسی، هەواڵێکی خۆش بۆ زۆربەی کوردەکان بوو… ڕوانین لە [هەولێر]، دیاربەکر، کۆبانی و مەهاباد لەگەڵ ڕوانینی حاکمەکانی بەغدا، ئانکارا، دیمشق و تاران، یەک نەبوە و یەکیش نابێ. گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق ئەگەر وەدواش بکەوێ، لە ئیرادەی کوردەکان بۆ دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردی، ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ ڕوو نادا.»
ئاغای ئەرەسیش دەنووسێ: «دیفاع لە ئازادی و سەربەخۆیی و پێشکەوتن لە کوردستانی عێراق دەبێ ئەرکی نەتەوەیی و خەڵكیبێ، بێ ئەوەی بە دوژمنی لەگەڵ بەغدا، لێک بدرێتەوە یا بەوە بگا. دەبێ پشتیوانی لە کوردستانی سەربەخۆ بکرێ…
سەربەخۆیی کوردستان عێراق، یانی هەلێک بۆ گفتوگۆی ئاشتی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، و بەستێنێکی لەبار بۆ گەشە و پەرەی سیاسی_ ئابووری جێگیر لەو ناوچە شەڕئەنگێز و تێڕۆڕیستپەروەر و پڕ کێشەیە. بەتایبەتی پێوەندی بنیاتنەر و سالمی بەرپرسان و کارگێڕانی کوردستانی عێراق لەگەڵ هێزە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان پێگەیەکی تاقانەی داوە بە کوردستان کە دەتوانێ ببێتە ناوەندێک بۆ ئاشتی، ئاوەدانی و پێکهاتنی ئەمنییەت و تەناهی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.»
١١_ لە کاتێکدا، پتر لە ٢٠ وڵاتی عەڕەبی و چەند دەوڵەتی فارس، تورک، ئازەری، تورکمەن لە ناوچەکەدا، بوونیان هەیە. وڵاتی سەربەخۆی کورد کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهانە، مافێکی رەوایە. هەر وڵاتێکی پشتیوانی لەم رێفڕاندۆمە و دروستبوون و سەقامگیری دەوڵەتی کوردی بکا و یا ڕێگر نەبێ، جێی متمانە و پشتیوانی میلیۆنی کوردەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەبێ.
سەرچاوەکان:
١_ سایتی «ایران امروز»، بەشی سیاسەت
٢_ سایت دیپلماسی ایرانی
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٦.