له ماوه‌ی ٣٦ ساڵی ڕابردوو به‌تایبه‌تی له‌و چه‌ندساڵه‌ی دواییدا ڕۆژ نییه هه‌واڵی ئێعدام کرنی که‌سێک یا چه‌ند که‌س له شاره جۆراوجۆره‌کان و زیندانه جیاوازه‌کانی کۆماری ئیسلامی به به‌هانه‌ی جۆراوجۆر‌و حوکمی ناڕه‌وا له ڕاگه‌ینه گشتیه‌کاندا بڵاو نەبێته‌وه وئەورێژە زۆرەی بەرێوەچوونی ئێعدام ئێران له پله‌به‌ندیی جیهانیدا له دوای چین‌و عه‌ره‌بستان پله‌ی سێهه‌می بۆخۆی تۆمار کردووە.
سزای ئێعدام له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی کۆماری ئیسلامی دا بۆته یه‌کێک له کهرهسهکانیدا سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئەونیزامە و له ژێر ناوی « محاربه با خدا» و « مفسد فی‌الارض» ڕه‌نگی قانوونی‌و شه‌رعی به‌و ئێعدامانه داوه‌و به قسه‌ی خۆیان سزای ئێعدام به‌و بهربهرینیه بۆیە به‌ڕێوه ده‌به‌ن که نهزمو ئه‌منییه‌ت له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا دابین بکهنو تاوان‌و تاوانکاری نه‌هێڵن، به‌ڵام دەبینین رێژەی زۆری ئێعدامه‌کان ڕاده‌ی تاوان‌و تاوانکاریان له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا که‌م نە کردۆته‌وه وبەپیچەوانە ڕۆژ له دوای ڕۆژ ڕاده‌ی تاوان‌و تاوانکاری ڕووی له زیادبوون کردووه. پرسیارلێرهدایه ده‌بێ هۆکارچ بێ؟ کۆماری ئیسلامی بۆ زۆربه‌ی ئه‌وکردارانه‌ی که به پێی قانوونه‌کانی پەسندکراوی سیستمی کۆماری ئیسڵامی کە سزای ئێعدام‌یان لەسەرەئەوسزایەیان له سه‌ر به‌ڕێوه چووه‌و ته‌نانه‌ت کۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆیدا فه‌رهه‌نگسازی کردووه‌و زۆربه‌ی زۆری ئێعدامه‌کانی به ڕۆژی ڕووناک‌و له به‌رچاوی خه‌ڵک به‌ڕێوه بردوون، به‌ڵام به‌و ڕێژه زۆره ئێعدام کردنانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه که تاوانکاری نه‌ک که‌می نه‌کردوه به‌ڵکوو زیاتریش بووه‌و ئەوەسەلمینەری ئەوراستییە کە سزای ئێعدام ته‌نیا که‌ره‌سه‌یه بۆ داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی نەک دابین کردنی ئاسایش و ئەمنییەت لەکۆمەلگادا، ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بدۆزینه‌وه ده‌بێ په‌نا بۆ ئه‌و په‌نده کوردیه بەرین که ده‌ڵێ: « ئاو له سهرچاوەڕا قوڕاوه» واته تاوان‌و تاوانکاری سه‌رچاوه‌که‌ی دهگەرێتهوه بۆ لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له کۆماری ئیسلامی.
له وڵاتێک‌دا تاوان‌و تاوانکاری ده‌توانێ ڕوو له که‌م بوون بکاو خه‌ڵک پابه‌ند به یاسا‌و ریسای وڵات بکا که سیسته‌می ئیداره کردن‌و به‌ڕێوه‌به‌ری وڵات گهندهڵیو فساد ڕووی تێ نه‌کردبێ. له وڵاتێک‌دا که گه‌ندڵی سیاسی‌و ئابووری‌و ته‌نانه‌ت گەیاندنی زانیاری به هاووڵاتیان گه‌یشتوه‌ته لوتکه‌ی فه‌سادی ئیداری‌و جامی گه‌نده‌ڵی ئه‌وه‌نده پڕ بووه که لێی دهڕژێو به ناعیلاجیش بێ دەسەلاتداران هه‌رماوه به ماوه پەروەندەی که‌س یا که‌سانێک که له پله‌ی مه‌سئولیه‌تی به‌رزی به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات‌دا بوون ڕووده کەن که چۆن له ژێر سێبه‌ری دهسهڵاتو پله‌ی ده‌وڵه‌تیدا ماڵ‌و سامانی گه‌لانی ئێرانیان به تاڵان بردووه.
به پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی شه‌فافسازی له نێوان ١٧٧ وڵات‌دا ئێران له بواری نه‌بوونی شهفافیهتو گه‌نده‌ڵی سیاسی‌و ئابووری‌و نهگەیاندنی زانیاری دروست به هاووڵاتیان له پله‌ی ١٤٤ههمین وڵات قه‌راری گرتووە.
به پێی ئاماره‌کان ئێران خاوه‌نی حه‌شیمه‌تێکی گه‌نجه که خۆێ سه‌رمایه‌کی گه‌لێک بەنرخه بۆ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام بەداخهوه ده‌بینین کۆماری ئیسلامی به جێگای ئه‌وه‌ی له وزه‌و توانای ئه‌و هێزه گه‌نجه‌ی حه‌شیمه‌تی ئێران له ڕاستای به‌ره‌و پێشچوونی ئابووری‌و فهرههنگیو سیاسی کۆمه‌ڵگای ئێران که‌ڵک وه‌ربگرێ، زۆرتری ئه‌و وزه‌و توانایه بۆ هێشتنه‌وه‌ی خۆی‌و ده‌ستتێوه‌ردان له کاروباری وڵاتانی ده‌راوسێ له ژێر ناوی پارێزگاری له حه‌ریمی پیرۆزی شوێنه ئایینیه‌کان به کاردێنێ .
له ههلو مهرجێکیوا دا که هێزی لاوی ئێران توانا‌و وزه‌که‌یان له گره‌وی سه‌رکه‌وتنی زیاده‌ڕه‌وییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران دادهندرێو سامان‌و داهاتی گه‌لانی ئێران خه‌رجی په‌روه‌رده کردنی تاقم‌و گروپی بناژۆی مه‌زهه‌بی ده‌کرێ زۆر سروشتییە کەسانێک له ناو سیسته‌مدا په‌یدا بن که له‌و فه‌زایه به قازانجی خۆیان که‌ڵک وهربگرنو بۆ پاراستنی بهرژهوهندیو قازانجی تاکی خۆیان چاوپۆشیش له په‌ره‌گرتنی گه‌ندڵی له ڕهگو پۆی سیسته‌می ئیداری وڵات‌دا بکهنو له وهزعیهتێکیوا دا باری گرانی سیاسی‌و ئابووری‌و ته‌نانه‌ت فه‌رهه‌نگی ده‌که‌وێته سه‌ر شانی چینی مام ناوهندو هه‌ژاری کۆمه‌ڵگا وده‌بێ ئه‌وان له ژیان وگیانی خۆیان مایه دابنێن.
بۆ ڕوون بوونه‌وه‌ی زیاتر باس له نموونه یەک ده‌که‌م که کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی چۆن بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان خه‌ریکی گهندهڵیو فه‌سادی ئیداری بوون و هەن.
له‌وماوه‌یه‌دا شاهیدی ئه‌وه بووین که جهناحبهندییهکانی نێو ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو به‌هۆی ئه‌وه که په‌روه‌نده‌ی « محمدرضا رحیمی» که سه‌رده‌می سه‌رکۆماری ئه‌حمه‌دی نژاد جێگری یه‌که‌می ناوبراو بوو،کەوتە بەر لێکۆڵینه‌وه‌و حوکمی دادگا، کاتێک ره‌حیمی به ته‌واوی هه‌ستی به‌وه کرد که ڕه‌نگه ئه‌و دادگایی کردنه سه‌رو ئابڕوی تێدا به‌رێ، که‌وته خۆ له نامه‌یه‌ک دا دانی به‌وه‌دانا کە لەکاتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس دا ڕاده‌ی یهکمیلیاردوو سه‌د میلیۆن تمه‌نی له نێوان ١٧٠ به‌ربژێری مجلیسی هه‌شته‌مدا دابه‌ش کردوه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌جلیس له ژێر دهسهڵاتو نفوزی خۆیاندا بمێنێته‌وه. له وڵاتێک‌دا جێگری یه‌که‌می سه‌رۆک کۆمار که به پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی مه‌سئوولی به‌ڕێوه‌به‌ری قانوونهکانهو ئیداره‌کردنی وڵاتی له ئه‌ستۆیه، به‌رتیل ده‌دا به نوێنه‌رانی مهجلیسو لێره‌دایه که ده‌ڵێن عوزر له قه‌باحه‌ت خراپتره ئه‌وه‌یه کەسانێک به‌و ڕێژه زۆره‌وه که له مه‌جلیس نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکیان له ئه‌ستۆیه‌و داڕێژه‌ر و بەڕێوەبەری قانوونەکانن به‌رتیل وه‌رده‌گرن. له وڵاتێک‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ئیجرایی وڵات به‌رتیل بدا به ده‌زگای قانوون دانان ده‌بێ چاوه‌ڕوانی له خه‌ڵک چ بێ که پارێزه‌ری قانوون بن و یا ئه‌و قانوونه ده‌بێ چۆن بێ که به‌رتیل خۆریهک دایدهڕێژێو به‌رتیل دهرێکیش به‌ڕێوه‌ی ده‌با.
تا ئێستا به ده‌یان په‌روه‌نده‌ی له‌و بابه‌ته ئاشکرابوون « شهرام جزایری، بابک زنجانی، بیژن مرتضوی، محمدرضا رحیمی…» به‌ڵام هه‌تا ئێستا ئیجرائیاتی ئه‌تۆیان له گه‌ڵ نه‌کراوه که له گه‌ڵ که‌سێکی جیابیر دهکرێو تاوانی کەسانی سیاسی و جیابیر ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه که به پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بیرده‌کاته‌وه بێ ئه‌وه سامان‌و موڵکی وڵاتیان به هه‌ده‌ر دابێ.
ئه‌وه‌ی جێگای سرنج و تێڕامانه ئه‌وه‌یه له وڵاتێک‌دا که‌سانی پله به‌رزی ده‌زگای یاسا دانان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری وڵات‌و دادوه‌ری ئاوا گهندهڵو پاشه‌ڵ پێس بن چۆن ده‌توانن ئه‌منیه‌تی سیاسی و ئابووری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ کۆمه‌ڵگای ئێران ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. زۆر سروشتیه له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوادا که گهندهڵیو به‌رتیل وهرگرتنو دزی له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا جێی گرتوه، خه‌ڵکی برسی‌و هه‌ژارو بێکار ده‌ست بۆ تاوان به‌رن بۆ ئه‌وه‌ی زگی برسی خۆیان‌و ماڵ‌و منداڵیان پێ تێر بکه‌ن.
هه‌تا ئێستا هیچ زانستیک ئه‌وه‌ی نه‌سه‌لماندوه که مرۆڤ به تاوان کاری له دایک ده‌بێ به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وە مرۆڤ که له دایک دهبێو هه‌تا ته‌مه‌نێکی دیاری کراو پاک‌و بێ گهردهو دووره له تاوان‌و تاوانکاری‌و کاری ناشایست که کۆمه‌ڵگا په‌سه‌ندی ناکا و لە داهاتوودا ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری له سهردادهنێو تووشی تاوانکاری ده‌کا، چه‌ند هۆکارێکن که گرینگترینان سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداری ئەو وڵاته، واته ئه‌و سیسته‌مه‌ی کە ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و ئابووری وڵات به‌ڕیوه ده‌با به‌رنامه‌و پلانی چییه بۆ په‌روه‌رده کردن‌و بارهێنانی ئه‌و منداڵانه‌و ئه‌و ژینگه‌ی که ئەو منداڵانه‌ی تێیدا پەروەرده دەبێ چ ئیمکاناتێکی مادی‌و مەعنەوی بۆ دابین کردوه، چونکه ژینگه کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیه له سەر پێ گرتنی کەسایەتی مرۆڤەکان.
کۆماری ئیسلامی له ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابردوو نەیویستووه ژینگەیەکی سەڵامەت بۆ منداڵولاوی کۆمەڵگای ئێران پێک بێنێ، بەڵکوو هەمووکات ویستوویەتی له ژینگەیەکی وا بژین که نیازمەند و چاوله دەست بن‌و له کۆمەڵگایەکیوادا که ساختاری ئابووری‌و کۆمەڵایەتی بەرەو دارمان دەڕوا ڕۆژبه ڕۆژ نەخۆشییه کۆمەڵایەتیەکان وەک گیرۆدە بوون به ماده هۆشبەرەکان پەره دە ستێنێ، بێکاری‌و هەژاری ڕوو له زیاد بوون دەکاو بە داخەوه دەبێ بڵێین که تاوان‌و تاوانکاری بەئێعدام کردن ناتوانی بن بر بکرێ.
له کۆتاییدا پێویسته ئەوه وەبیر بێنمەوه که دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەیانهەوێ سزای ئێعدام لەسەر نەزمی کۆمەلگا کاریگەری هەبێ، دەبێ ئەو سزایه له سەر کاربەدەستانی پله بەرزی نێو دەزگای حاکمه‌و بەڕێوەبەری وڵات بەرێوە بچێ، چونکه ئەوانن « مفسدفی الارض» و « محارب باخدا».