هەر وەک لە بانگەوازەکەی ئەمساڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵرۆژی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوودا هاتووە، “ئەمساڵ لە کاتێک دا بەرەو یادی ٢٢ی پووشپەر دەچین کە ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی، دوای تەقەکردن و تەقینەوە گوماناوییەکانی نێو مەجلیس و مەرقەدی خومەینی لە ١٧ی جۆزەردان دا، پتر لە پێشوو دەیەوێ خۆی وەک قوربانیی تیرۆریزم نیشان بدا”. لەم هەلومەرجەدا کە دیاردەی تێرۆر و تێرۆریزم زیاتر لە هەمیشە سێبەری بەسەر بارودۆخی ناوچەکەدا کێشاوە و رێژیمی کۆماری ئیسلامیش خەریکە وا نیشان دەدات کە لە بەرەی دژی تێرۆر دایە، تەقینەوەکانی تاران دەرفەتێکی باشی بۆ کاربەدەستانی ئەم رێژیمە تێرۆریستپەروەرە رەخساند کە مەزڵوومنەمایی بکات و خۆی وەک قوربانیی ئەم دیاردە دژی ئینسانی و مەترسیدارە دەربخات. هەر بەم بیانوویەش لە نێوخۆی وڵات دا کەوتووەتە گرتن و راوەدوونانی چالاکان و جیابیران و زیاترکردنی کوشت و بڕی کۆڵبەران و خەڵکی زەحمەتکێش و بیدەرەتانی ناوچەکانی سەر سنوور.
دەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیم بە کەڵک وەرگرتن لەم بارودۆخو و فرسەتە، هاوکات لە گەڵ گرتن و راوەدوونانی کەسانی سەر بە لایەنە تووندڕەوە مەزهەبییەکان لە ئێران و کوردستان، هەر لە ماوەی یەک مانگی رابردوودادا بە دەیان کەس لە خەڵکی تێکۆشەری سیاسی و مەزهەبیی دیکەیان راپێچی گرتنگەکان و بەندیخانەکان کردوەو کە تا ئێستایش بە بێ لێپرسینەوە و پێڕاگەیشتن، چارەنووسیان نادیارە.
“بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی سنوورەکانیش و لە ئاستی ناوچە دا، بە نواندنی توانای مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، بە دەستدرێژی و ئاگربارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەڕەشەی نیزامیی جۆراوجۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەلات، دەیانەوێ لە لایەکەوە کارنامە و ناوەرۆکی تیرۆریستیی ٣٨ ساڵی ڕابردووی ڕێژیمەکەیان لە بیر خەڵک و جیهانیان بەرنەوە. لە لایەکی دیکە شکست و زیانە گیانییە گەورەکانی سوپای پاسداران لە سووریە و بە فیڕۆدانی سامانی وڵات لە شەڕ و دەستێوەردانی کاروباری وڵاتانی ناوچە و هەر وەها ململانێی نێوخۆیی ڕێژیمەکەیانی پێ داپۆشن.”
هەر لەم سۆنگەیەوە هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی رێژیم، بەداخەوە “کوردبوون”ی ئەو چەند تێرۆریستەی رووداوەکانی ١٧ی جۆزەردانی تارانیان کرۆتە بیانوویەک کە زیاتر لە هەمیشە روانینی ئەمنیەتیی خۆیان بۆ سەر کوردستان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان زاڵتر و پڕرەنگتر بکەن. هەر لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی چەند حەوتووی رابردوودا سپای پاسدارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هێزێکی زۆری تەیار بە چەک و چۆڵی قورس لە شارو ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر کردوە و بە توندی جموجۆڵی خەڵک ناوچەکەیان لە ژێر چاودێری دایە. لە لەو ماوەیەدا بە گوشار خستە سەر کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان، داوای هاوکاری و سیخوڕی کردنیان لێ دەکەن، کە بە خۆشییەوە دەسکەوتێکی ئەوتۆیان دەست نەکەوتووە.
ئێستا کە بەرەو یادی تێرۆری رێبەری ئاشتیخوازی خەڵکی کوردستان، شەهید دوکتور قاسملوو دەچین، جێی خۆیەتی هەموو لایەکمان، بە تێکۆشەرانی سیاسی، نوسەران، چالاکانی ناوخۆی و وڵات و بە تێکڕایی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەم یادەدا بە زەقکردنەوەی تێرۆری وییەن و لەقاودانی سیاسەتە تێرۆریستییەکانی ئەم ڕیژیمە، بڵێین کە؛ رێژیمێک کە لە ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵی تەمەنی خۆیدا بە دەیان کردوەی تێرۆریستی ئەنجام داوەو، بە سەدان کەس لە جیابیرانی وڵاتی تێرۆر کردوە و پشتیوانێکی بێئەملاوئەولای رەوتە تێرۆریستییەکانی ناوچەکەیە، ناتوانێ خۆی وەک قوربانیی تێرۆر نیشان بدات.
با بە کارکردن لە سەر تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو و تێرۆری رێبەرانی دیکەی کورد و تێکۆشەرانی نەتەوەی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە هەموو لایەک بوترێ کە ئەم میللەتە، گەورەترین قوربانیی دەستی تێرۆرو رەشەکوژیی رێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.