ڕەهەندی دووهەم: پێگەی کورد و کۆماری ئیسلامی لە شەڕی داعشدا
شەڕ لە گەڵ داعش بە تایبەتی و چۆنیەتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم و گرووپە تیرۆریستییەکان بەگشتی، مەحەکێکی باشن بۆ هەڵسەنگاندنی نێوەرۆکی دوو هێزی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دژایەتی لە گەڵ تیرۆردا. دوو هێز کە یەکێکیان(کۆماری ئیسلامیی ئێران) حکوومەت و دەسەڵاتە و، خاوەنی دەوڵەت و سوپا و ئەرتەش و سەرچاوەی زەبەلاحی ئابووری و دامو دەزگای حکوومەتییە و لە ناوەندە نیودەوڵەتییەکانیش بۆ وێنە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ستاتووسی نوێنەرایەتیی وڵاتێکی سەربەخۆی هەیە. ئەو حکوومەت و دەوڵەتە، وڵاتی پان و بەرینی ئێران بەڕێوە دەبا. هێزەکەی دیکە (کورد)، نەتەوەیەکی بندەست و بەش بەش کراوە و بە سەر چوار وڵاتی ناوچەدا دابەش کراوە و تەنیا لە پارچەیەک لە چوار پارچەی نیشتمانەکەیدا، دەسەڵاتی خۆی بە دەستەوەیە. ئیرادەی ئەو نەتەوەیە لە سێ پارچەکەی دیکە، لە قالبی بزووتنەوەی نەتەوەیی و بڕیار و سیاسەت و هەڵویستی هیزە سیاسیەکانیدا خۆ دەنوێنێ. بۆ تێگەیشتن لە جێگە و پێگەی ئەو دوو ئەکتەرە نایەکسانەی ناوچەکە لە شەڕی دژە تیرۆر و تەعامول لە گەڵ تیرۆریزم و گرووپە تیرۆریستییەکان، بە جیا باس لە هەر کامێکیان دەکەین. لە پێشدا باسی کورد دەکەین:
_ نامۆبوونی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد بە تیرۆریزم
بزووتنەوەیی نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەر لەو کاتە دا کە شوناسێکی ڕزگاریخوازانەی هەیە، خاوەنی نیوەرۆکێکی دیموکراسیخوازانە و پێشکەوتنخوازانەشە. هیچ کام لە هێزە سەرەکییەکانی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان خوازیاری زاڵکردنی ئایین و دینێکی تایبەت بە سەر ئایین و دینێکی دیکەدا نین و هەوڵی بندەستکردنی پەیڕەوان و لایەنگرانی ئایینەکانی دیکە نادەن. نەک هەر دژایەتییەکیان لە گەڵ پەیماننامە نیودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤدا نیە بەڵکوو نێوەرۆکی ئەو پەیماننامانەیان کردوە بە بەشێک لە بەرنامەی سیاسیی خۆیان. پێکەوەژیانی جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان لە سێبەری ئاشتی و وێکهەڵکردن و بە ڕەسمی ناسینیاندا، یەکێک لە ئامانجە دیارەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە. هیچ کامێکیان بیانووی کولتووری و ئایدۆلۆژیانە بۆ هێشتنەوەی ژنان لە کۆیلەتی و بێمافیدا ناهێننەوە و لە ڕووی باوەڕەوە و تەنانەت لە پراکتیکیشدا بۆ یەکسانیی ژن و پیاو تێدەکۆشن. لە ڕەوتی خەبات بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەشیاندا، ئەگەر ناچار بە هەڵگرتنی چەک و شەڕی چەکداری بووبن، بۆ بەرگری لە نەتەوەکەی خۆیان و بەرپەرچدانەوەی شەڕ و لەشکرکێشی داگیرکەرانی نیشتمانەکەیان و زەوتکەرانی سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی کوردستان بووە. ئەو کردەوانەی وەک «تاوانی تیرۆریستی» دراونە پاڵ کورد و هێزە خەباتکارەکانی، داهێنراوی ڕێژیمە داگیرکەر و دژەکوردەکان بوون و مەبەستیشیان لە کردەوەی تیرۆریستی، بەرەنگاربوونەوەی سوپا و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمانە لە لایەن هێزە خەباتکار و بەرهەڵستکارەکانی کوردەوە بووە کە لە راستیدا دەچنە خانەی «بەرگریی ڕەوا»، هەر بۆیە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش بە دەگمەن ئامادە بوون وەک «کردەوەی تیرۆریستی» لێیان بڕوانن. هەر ئەوەش کە نەتەوەی کورد هەر کات لە بەشێکی نیشتمانەکەیدا هەلی پێکهێنانی دەسەڵات و حکوومەتی خۆی بۆ ڕەخساوە، بە بەراوەرد لە گەڵ وڵاتانی ناوچە، نموونەیەکی دیموکراتیانەی دەسەڵاتدارەتیی لە خۆی نیشان داوە، بەڵگەی نامۆبوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە گەڵ تیرۆریزم و پەنابردن بۆ مەزنیخوازی و سەرکوت و سڕینەوەی «ئەوانی دیکە» لە نێوخۆی هەرێمی دەسەڵاتدارەتییەکەی و دەرەوەی ناوچەی دەسەڵاتدارەتییەکەی دایە. ئەزموونی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٥_١٩٤٦ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ەوە هەتا ئێستا، باشترین بەڵگەن بۆ ڕاستیی ئەم قسەیە.
حاشا لەوە ناکرێ کە لە ٢_٣ دەیەی دواییدا لە نێو کوردیش بە تایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرووپ و ڕێکخراوی ئایینی سەریان هەڵداوە. هێندێک لەو گرووپ و ڕیکخراوانە لە گەڵ ئەوەی هەڵگری ڕوانگە و بیروباوەڕی ئایینیین، لە ڕووی بەرنامە و ئامانجی سیاسییەوە بەشێکن لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد. دیارە ژمارەیەکیشیان خاوەنی بیروباوەڕی وشک و توندڕەوانەن و دەکرێ بڵێین لە ڕووی فکری و باوەڕەوە، لە هەمان سەرچاوەوە هەڵقووڵاون کە ڕێكخراوە تیرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعدە و داعش لێیانەوە هاتوون. ئەمانە ئەگەر جێ پێیەکیشیان بۆ ئەم جۆرە ڕێکخراوە تیرۆریستییانە لە کوردستان کردبێتەوە و کەسانێکیان لە نێو نەتەوەی کوردەوە، ڕەوانەی ئەلقاعیدە و داعش کردبێ، لە کۆماری ئیسلامییەوە زۆر نزیکتر بوون تا نەتەوەکەی خۆیان. لەبارەی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە سەرهەڵدان و پەرەگرتنی ئەم جۆرە گرووپانە لە کوردستان و ناوچەکەدا و پێوەندی و هەڵسوکەوتی لە گەڵیان، لە شوێنێکی دیکەی ئەم زنجیرە وتارە، زیاتر دەوەستین.
کورد و شەڕی دژە تیرۆر
نەتەوەی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی نیشتمانەکەی، لە مێژ ساڵە بەرەوڕووی تیرۆر و ڕەشەکوژی و تەنانەت کۆمەڵکوژیی ئەو دەوڵەتانە بووەتەو ەکە کوردستانیان بە سەر خۆیاندا دابەش کردوە. جگە لە تیرۆری دەوڵەتانی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریا دژی نەتەوەی کورد، شەپۆلی ئەو تیرۆریزمەش کە بە هۆی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە و داعشەوە، ڕوویان کردووەتە ئەم ناوچەیە، کوردستان و نەتەوەی کوردیان کردوە بە ئامانجی دوژمنیی خۆیان. شەڕی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی تێکەڵاو و بەستراوە بە ئەلقاعیدە لە هەرێمی کوردستان لە گەڵ حکوومەتی هەرێم و یەکیەتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینیدا و کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە دژی بنکە و بارەگاکان و کاربەدەستانی هەرێم، هەر وەها چەندین تەقینەوەی خۆکوژی لە دژی خەڵکی سڤیل لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دەیسەلمێنن کە نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، لە دەیەی ٩٠ی زایینییەوە لە گەڵ تیرۆریزمی سەرچاوەگرتوو لە ڕێکخراوە توندڕەوە ئایینییەکان، لە شەڕ دایە.
بەڵام شەڕی هەرە گەورەی کورد و تیرۆر لە گەڵ یەکتر، لە دوای سەرهەڵدانی خیلافەتی داعشەوە دەستی پێ کردوە. دوو پارچە لە چوار پارچەی کوردستان، واتە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان، لە چەند ساڵی رابردوو دا بەرەی سەرەکیی شەڕی جیهانیی دژە تیرۆر بوون. چەند وڵاتێکی ڕۆژاوایییان لێ دەرچی کە بە تایبەتی بە هێزی هەوایی بەشداری شەڕ لە گەڵ داعشن، هیچ نەتەوەیەکی ناوچە بە ڕادەی کورد لە گەڵ داعش لە شەڕدا نەبووە، هیچ نەتەوەیەکیش بە ڕادەی کورد لە شەڕی داعش دا قوربانیی نەداوە. دیارە گەورەترین تاوانی دژە مرۆیی داعشیش هەر لە دژی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە شەنگاڵ بەڕێوەچووە. ئەمە جگە لەوەی کە گەورەترین خۆڕاگرییەکانیش بەرامبەر پەلامارەکانی داعش هەر لەو دووبەشەی کوردستان و لە سەر دەستی شەرڤان و پێشمەرگەی کورد تۆمار کراون.
ئامانجی کورد لە شەڕی دژە تیرۆردا
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هیزە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان نەک هەر هیچ کات داڵدەی گرووپە تیرۆریستییەکانیان نەداوە، بەڵکوو ئامانجی هێرشی وێرانکەرانە و دژە مرۆیی گرووپە تیرۆریستییەکانیش بوون. خاڵی جەوهەریی شەڕی نەتەوەی کورد لە گەڵ داعش کە شەڕی دژە تیرۆری ئەو نەتەوەیە لە شەڕی دەوڵەتانی ناوچە و یەک لەوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ داعش، جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە کورد بەرگری لە خۆی، لە خاک و نیشتمانی خۆی کردوە و دەکا. ڕێک بە پێچەوانەی ڕێژیمی ئێران کە بەشدارییەکەی لە شەڕی دژ بە داعشدا نێوەرۆکێکی مەزهەبی و تائیفی هەیە و لاوازکردن و بەرتەسککردنی جۆغرافیای دەسەڵاتی بەرەی سوننی مەزهەبی ناوچە و، لە بەرامبەر دا فراوانکردنی جۆغرافیای دەسەڵاتدارەتیی هاوپەیمانە شیعەمەزهەبەکان بە ڕێبەریی خودی ئەو ڕێژیمەی کردوە بە ئامانج و لەم سۆنگەیەشەوە، بە چنگ و ددان بەرگریی لە مانەوەی خوێنڕێژترین ڕێژیمی ناوچەکە واتە ڕێژیمی بەشسار ئەسەد دەکا! هەر شار و ناوچەیەک کە کورد لە داعش پاکی بکاتەوە، ژیان و ئاسایش و ئاوەدانیی تێکەڵ بەو ماف و ئازادییەکانی شیاوی مرۆڤی ئەو سەردەمەی جێگای دەگرێتەوە، بەڵام هەر شار و ناوچەیەک کە بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە دەست داعش بێتە دەر، دەسەڵاتێکی لە چەشنی دەسەلاتدارەتییەکەی بەشار ئەسەد، یا خودی کۆماری ئیسلامی جێگای دەگرێتەوە کە جگە لە ژیان لە تاریکی و بێمافی و لە ژێر سەرکوت و سووکایەتی و هەڵاواردنی ئایینی و مەزهەبیدا، شتێکی دیکە نیە. لە یەک قسەدا ڕزگاربوون لە جەهەننەمێک و چوون بۆ جەهەننەمێکی دیکەیە.
لە بەشی سێهەمی ئەم زنجیرە وتارە دا، باسی کۆماری ئیسلامی و ئاواڵدوانەکەی، تیرۆریزم دەکەین.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.