کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام تووشی کۆمه‌ڵێ پارادۆکس ده‌بێته‌وه و، ئه‌م ناته‌باییانه‌ش به شێوه‌یه‌ک پێوه‌ندییان به سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکهاتەی کۆمەڵگاوە هەیە. ڕه‌نگه هێندێک له‌م پارادۆکسانه سه‌ره‌تا کارتێکەرییەکی دینامیکیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا نەبێ، لانیکه‌م له کورتخایەن یا خۆ زه‌مه‌نێکی دیاریکراودا: له‌م حاڵه‌دا توخمه ناته‌باکان به ئاقارێکی تەبا و سازشتدا تێده‌په‌ڕن و خۆیان له‌گه‌ڵ واقعه‌کانی کۆمه‌ڵگادا دەگونجێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی به‌رهه‌ڵستکاری و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه بێن. لە وەها دۆخێک‌دا زێده‌بوونی کارکرده یهکدهستهکان و هەروەها که‌مبوونه‌وه‌ی گوشاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هۆکارێکی گرینگن بۆ ته‌حه‌مولکردنی پارادۆکسه‌کان. به‌ڵام ئه‌م ئه‌سڵه لە راستیدا هه‌میشه وا دەرناکەوێ، هێندێ پارادۆکسی دیکه هه‌ن که بەهۆی تایبه‌تمه‌ندیی کۆمەڵایەتی و زەمینە مێژووییەکانی سەرهەڵدانیان، سەقامگیرتر دەبن. لە وەها دۆخێک‌دا کاریگەرییان لەسەر سیستەم دەبێ و گوشار و دەزگای سەرکوتی سیسته‌می دەسەڵات کاریان لێ ناکا و، له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی به‌رجه‌سته‌بوونی هاوکێشه و دواجار له قه‌واره‌ی بزاڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ردەکەون. هەڵبەت پێویسته سه‌رنج به ئاستی خوێنده‌واری و وشیاری ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه بدرێ که به‌ره‌وڕووی وەها هاوکێشەیەک ده‌بنه‌وه. کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان له بەرامبەر ئاسته‌نگه پێکهاته‌ییه‌کان و گوشاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا زیاتر حه‌ساسییه‌ت پێشان ده‌ده‌ن، هه‌ر بۆیه کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان زیاتر له کۆمه‌ڵگا سوننه‌تییه‌کان تووشی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و کاردانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و گروپییه‌کان ده‌بنه‌وه، چوونکە پۆتانسێلی به‌رهه‌مهێنانی بزاڤه مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان تێدا به‌دی ده‌کرێ. ئه‌م فاکته ده‌بێته پاڵنه‌رێک تاکوو سیسته‌می سیاسی_کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاتانه (وڵاتانی مۆدێڕن) به‌رده‌وام له چالاکیدا بن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌وژمی ئه‌م پرادۆکسانه دابەزێنن و له‌حاند هاوکێشه هه‌نووکه‌ییه‌کاندا جێگایه‌کی نێوەند بدۆزنه‌وه بۆ تەبایی و سازان، ئەمە لە خۆیدا ڕێگر دەبێ له سەرهەڵدانی کاردانه‌وه شۆرشگێرییه‌کان، که له ئه‌نجامدا سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی تووشی ئاسته‌نگ ده‌کا. هه‌ر لێره‌دایه که چه‌مکی «هاوکێشه« وه‌ک پاڵنه‌رێکی کاریگه‌ر ده‌وره مێژووییه‌که‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه. هاوکێشه بێجگه له پێناسه دیالیکتییهکهی مارکس، له خۆیدا مهحهکێکه بۆ شه‌فافکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا. ئەگەر نکۆڵی لە هاوکێشەیە بکرێ یاخۆ سەرکوت بکرێ، ئەوا ده‌بێته هۆی ئاڵۆزییه‌کی هه‌مه‌گیر و بنیاده سه‌ره‌کییه‌کانی سیسته‌می کۆمه‌ڵگا تووشی ئاڵۆزی ده‌کا.
ئەوەی کە به‌رژه‌وه‌ندیی له‌سه‌ر چ پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێناسه بکرێ، له خۆیدا پرسێکی بابه‌تییانه‌یه که په‌یوه‌سته به کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی هه‌نووکه‌یی و له ئه‌نجامدا گرێ ده‌درێته‌وه به پرسی فرەهاوبهشی که له به‌ستێنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشت‌دا به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه. پێویستە سەرنج بەم بابەتە بدەین کە چه‌مکی به‌رژه‌وه‌ندیی له خۆیدا دوو ڕواڵه‌تی هه‌یه، یه‌که‌میان به‌رژه‌وه‌ندییه دیاره‌کانن، ئه‌وه‌ی دیکه‌شیان به‌رژه‌وه‌ندییه نادیاره‌کانن. به‌رژه‌وه‌ندییه نادیاره‌کان که پتر له پشت گوتاره ڕۆمانتیکهکانهوه ده‌شاردرێنه‌وه، له خۆیدا هانده‌رێکن بۆ ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌کته‌رانه به شێوه‌یه‌کی وشیارانه له پێناسه‌کردنی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه نادیارانه‌دا ده‌ستیان هه‌بێ یاخۆ ده‌رکی پێبکه‌ن. بەڵام به‌رژه‌وه‌ندییه دیاره‌کان ئه‌نگیزه‌یه‌کی وشیارانه‌ن که ئیلهام به ڕه‌فتار و کاردانه‌وه‌ی ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دەدەن.
له پرۆسه‌ی سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕه‌هه‌نده کارتێکه‌ره‌کانی هاوکێشه‌دا، به دڵنیایییه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه نادیاره‌کان نابنه هۆکارێک بۆ پێناسەکردنی هاوکێشه‌کان، چونکه وشیارانه نین و شاراوه‌ن، بەرژەوەندییە نادیارەکان تەنیا هۆکارێکن بۆ رێکەوتنی دەروونگرووپی، تاقمگەرایی و په‌راوێزه هاوچه‌شنه‌کان و له ئه‌نجامدا توانای به‌رگریکردن له به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کانیان نابێ. به پێچه‌وانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه دیاره‌کان به‌هێزترین هۆکاری هاوکێشه‌کانن و له په‌نای ئەو دامه‌زراوه و پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەدا دەردەکەون کە به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش کۆیان دەکاتەوە، وه‌ک حیزب، سه‌ندیکا و بزاڤه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
بۆ ئه‌وه‌ی تێگەیشتنێکی ڕوون له چه‌مکی هاوکێشه (تضاد)، بکه‌ین به بنەمای پێناسه‌کردنی پاڵنه‌ری بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، سه‌رەتا سه‌رنج ده‌ده‌ین به واتای چه‌مکی هاوکێشه له ڕوانگه‌ی کارل مارکس وه‌ک یه‌کێک له پێشەنگەکانی داهێنانی گوتاری کۆمه‌ڵناسیانه. له کۆمه‌ڵناسیی مارکسدا باس لە چوار خاڵی بنچینه‌یی کراوە سەبارەت بە هاوکێشه کۆمەڵایه‌تییه‌کان:
1_ «بەردەوامی و پەیوەستەگیی هاوکێشە لە گشت کۆمهڵگایەکدا به‌دی ده‌کرێ». واتە؛ هاوکێشه به‌شێکی جیانه‌بۆوه له ژیان و گشت دیاردەکانی ژین و هەروەها له ململانێیەکی نهپساوهدان کە بە شێوەی هاوکێشە خۆ دەردەخەن. کۆمه‌لگاش که پێکهاتووه له مرۆڤه‌کان، له‌م نه‌ریته به دوور نییه، چوونکه له راستیدا هاوکێشه پێویستییه‌کی زاتییه بۆ کارکرده‌کانی مرۆڤ.
2_ به‌پێی بۆچوونه‌کانی مارکس، هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بریتین له هاوکێشه له نێوان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی که به پێی پێویست ته‌نیا دوو تاقم ده‌گژ یه‌کتر ڕاده‌کا، چونکه بەرژەوەندیی هاوکێشەکان له کۆمه‌ڵگادا ده‌بێته هۆی به‌رجه‌سته‌بوونی دژایه‌تییه‌کی نه‌پساوه له نێوان ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له به‌رده‌وامبوون و پارێزگاریکردنی دۆخی هه‌نووکه‌ییدا ده‌بین و ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له گۆڕانی دۆخی هه‌نووکه‌ییدا ده‌بیننه‌وه«. به واتایه‌کی دیکه هه‌میشه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ دۆخه هه‌نووکه‌ییه‌کان دایه که هه‌ڵوێستی هه‌ردوو لایه‌نی دژ به یه‌ک دیاری ده‌کرێ و به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. له راستیدا مێژوو هەمیشە لەبەردەم یەک هەڵبژاردن دایە؛ یا پاراستنی دۆخی ئارایی یاخۆ گۆڕانی ئه‌م دۆخه‌یه.
3_ مارکس، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که: «هاوکێشه دینامیزمی سه‌ره‌کیی مێژووه». به بۆچوونی مارکس هاوکێشه و هاودژی بەرژەوەندییەکان هۆکارێکی به‌هێز و پێویستییه‌کی قهتعییە بۆ گۆڕانکاری و له ڕه‌وتی به‌رهه‌مهێنانی مێژوودا به‌رده‌وام خۆی پیشان داوە، ئه‌م بابه‌ته‌ش هۆکاری سه‌ره‌کیی گۆڕانن له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.
4_ مارکس به شرۆڤه‌کردنی گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوکێشه چینایهتییەکاندا، مێتۆدێکی نوێی داهێنا، پێکهاتەشکاندن. به بۆچوونی مارکس؛ ئه‌و هێزانه‌ی که کارتێکردنیان له‌سه‌ر گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هەیە، دەکرێ جیا بکرێنه‌وه. مارکس باس لە دوو پاڵنه‌ر دەکا: هێزه ده‌ره‌کییه‌کان که له ده‌ره‌وه‌ی سیستمه‌وه کارتێکه‌ری خۆیان دەردەخەن، وه‌ک کاریگه‌ری سروشتی، ئیقلیمی، په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنۆلۆژیا و وشیارییه بابه‌تییه‌کان، که پتر له زۆنگه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی هزردا خۆ ده‌رده‌خه‌ن. دووهه‌م هێزه ده‌روونییه‌کانن که له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی و له هەناوی سیستمدا وەک ده‌ره‌نجامی پراکتیک سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. هەڵبەت ئه‌م بابەتە له راستیدا یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی که له ناخی خۆیدا کۆمه‌ڵێک هێز به‌رهه‌م ده‌هێنێ که ده‌بنه هۆی گۆڕان.
ئه‌گه‌رچی مارکس تێوره‌کانی خۆی زۆر به چڕکراوهیی و بە زمانێک ده‌رده‌بڕێ که هێمایەکە بۆ شەڕێکی چینایەتی، واته شەڕی چینی پرۆڵتاریا و چینی خاوه‌ن سه‌رمایه، به‌ڵام ڕوانینه‌کانی مارکس پێناسه‌یه‌کی بابه‌تیانه و مێژوویی ده‌دا به ده‌سته‌وه و یارمەتیمان دەدا کە دەرکێکی عەینیمان لەسەر هاوکێشه و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه هەبێ. هه‌ر ئه‌م تیۆره بوو به به‌ستێنێک بۆ ڕاڤه‌یه‌کی مێتۆدیک لەسەر خوێندنه‌وه‌ی هاوکێشه و ده‌رک پێکردنی کاردانه‌وه‌کانی. ئه‌م بابه‌ته، له کۆمه‌ڵناسی نوێ‌دا به‌ربڵاوتر کرایه‌وه و سه‌رنج و تێبینی زیاتر هاتە ئاراوە. ئه‌م سه‌رنج و تێبینییانه بوون به هۆی چێ‌بوونی ڕوانگه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گه‌رانه لەهەمبەر خودی مارکس‌یش، به‌ڵام له راستیدا هیچ له مێتودی خوێندنه‌وه‌ی مارکس لەسهرئهم دینامیزمه کاریگه‌ره کەم ناکاتەوە. گرینگ‌ترین ڕه‌خنه‌یەک کە له مارکس گیراوە؛ بەستنەوەی گشت هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له چوارچێوەی کێشه‌ی چینایه‌تی دایه. کۆمه‌ڵناسی نوێ پێی وایە که چین شتێک نییه که له‌ده‌ره‌وه‌ی لایه‌نه به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌کان بێ و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له چوارچێوه‌ی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شانه‌دا له ده‌وری یه‌کتر کۆبکاته‌وه. به‌م چەشنە چینه‌کانیش به‌شێکن له‌و هاوکێشهیانهی که هه‌مه‌گیرتره، چوونکه پۆلینکردنی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندیدا کارێکی ساکارانه‌یه. لە ڕاستیدا کۆمه‌ڵێ ڕایه‌ڵکه‌ی دیکه له ته‌ونی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگادا به‌دی ده‌کرێن که کاریگه‌رتره و زۆرجار دەبنە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی ناتەبایی و پارادۆکس لەنێو چینێکی یهکدهستیشدا.
کۆمه‌ڵناسیی نوێ به پێچه‌وانه‌ی مارکس، هۆکاری بنچینه‌یی هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هەر له دابه‌شبوونی نادادپه‌روه‌رانه‌ی که‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌مهێناندا نابینن، بەڵکوو هۆی بنچێنه‌یی ئه‌م هاوکێشه‌یه له دابه‌شبوونی نادادپه‌روه‌رانەی «ئۆتۆریتی» یاخۆ ده‌سه‌ڵات له نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌شدا ده‌بینن که که به‌شێکن له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا. ده‌شێ ئه‌م نایەکسانییە له نێو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵیشدا بەدی بکرێ. هه‌ر سه‌باره‌ت به ئۆتۆریتی “ماکس وێبه‌ر” به‌راوه‌ردێکی دیاردەناسیانەی هه‌یه سەبارەت بە ئۆتۆریتە و ده‌سه‌ڵاتدا . ئه‌و ده‌ڵێ: «ئۆتۆریتی بریتییه له شانس و ده‌رفه‌تێک که لە سیستمێکی تایبه‌تدا بۆ تاک یاخۆ گرووپێکی مرۆیی دەست دەدا و به ناوەرۆکێکی هەژمۆنیک ده‌بێته هۆی ملکه‌چکردنی گرووپەکانی دیکەی نێو کۆمه‌ڵگا». لێرەوە پێناسەی ده‌سه‌ڵات له چه‌مکی ئۆتۆریتی جیا ده‌کرێته‌وه. ماکس وێبه‌ر بەم چەشنە ده‌سه‌ڵات پێناسە دەکا: «ده‌سه‌ڵات ده‌رفه‌تێکه که ئه‌کته‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگا له پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌یقۆزنه‌وه و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و شتانه به‌ده‌ست بێنن که مه‌به‌ستیانه و خەباتی بۆ دەکەن.» که‌واته ده‌سه‌ڵات پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به تاکەوە هەیە و ده‌شێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پێوه‌ندیی به لێهاتوویی، ئازایه‌تی، تواناییه واتاییه‌کانی و هه‌روه‌ها پله و پایه‌ی کۆمەڵایەتی تاکەوە هەبێ، بەڵام ئۆتۆریتی پێوه‌ندیی به رۆڵ یاخۆ ده‌رفه‌تێک هه‌یه که تاک له رێکخراوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا یاخۆ ده‌زگایه‌کی سینفی یا له مه‌یدانێکی بازرگانیدا دەوری هەیە و تا ڕادەیەکی زۆر ئەمرێکی سایکۆلۆژیانەیە.
به ده‌رککردنی رۆڵی ئۆتۆریتی له هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، هۆی ململانێ و دژایه‌تیی نێو رایه‌ڵکه سه‌ره‌کییه‌کانی ته‌ونی کۆمه‌ڵگاش شه‌فافتر ده‌رده‌که‌وێ. چونکه ئۆتۆریتی له گشت کۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تییه‌کاندا هه‌یه و به به‌راوردێ؛ بۆخۆی به‌شێکه له دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که ده‌کرێ شێوازی جۆراجۆری هه‌بێ و کاردانه‌وه‌ی جیاوازی هه‌بێ. واته له هێندێ حاڵه‌تدا دابه‌شبوونی ئۆتۆریتی په‌یوه‌سته به رۆڵی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له به‌رهه‌مهێنانی مێژوودا. له کۆمه‌ڵگادا که‌سانێک به‌دی ده‌کرێن که خاوه‌نی ئۆتۆریته‌یه‌کی گه‌وره‌ن و به‌رده‌وام گرووپ و تاقمی جۆراوجۆریش به‌دی ده‌کرێن که ملکه‌چی بریار و توانایییه‌کانی ئەوانن.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئۆتۆریتی به بۆچوونی ماکس وێبه‌ر؛ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی قه‌تعییه. واته له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه: یا که‌سانێك ئۆتۆریتهیان هه‌یه یاخۆ نیانه. ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته به‌راورد بکرێ له گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی مارکس له هه‌مبه‌ر نایەکسانی سه‌رمایه، ده‌بینین جیاوازی دابه‌شبوونی سه‌رمایه به‌رچاوتره، واته تاقمێک خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌کی زۆرترن، بەڵام چینی کرێکار لانیکه‌م شتێک به‌دی ده‌که‌ن یاخۆ لانیکه‌م به فرۆشتنی کار بژیویی خۆیان دابین ده‌که‌ن. به‌ڵام نایەکسانی ئۆتۆریتی زۆر قه‌تعییه، واته بەشێک لە کۆمەڵ به گشتی له ئۆتۆریتی به‌هره‌مه‌ندن، بەشەکەی دیکە به ته‌واوی لێی به‌هره‌مه‌ند نین و له ئه‌نجامدا ملکه‌چی ئیراده‌ی ئۆتۆریتین.
گرینگیی ئه‌م بابه‌تە لەم پرسیارەدا دەردەکەوێ که؛ داخوا کاردانه‌وه‌ی ئۆتۆریتی و سنووری ئه‌م بابه‌ته له کوێی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا خۆ ده‌بیننه‌وه؟ نابێ چاوپۆشی له‌م بابه‌ته گرینگه بکەین که ئۆتۆریتی له پێناسەی که‌لاندا هه‌ڵگری واتای هاوکێشه‌یه و کاریگەرییەکی له مه‌یدانی ده‌سه‌ڵاتدا پتر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. واته له پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵات دایه که به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆتۆریتی مانایەکی بابه‌تیانه وەردەگرێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا، له نێوان ئۆتۆریتی و ئه‌و که‌سانه‌ی ملکه‌چی ئۆتۆریتین، هیچ هاوکێشه‌یه‌ک له ئارادا نییه، به‌ڵکه هاوکێشه له مه‌یدانی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی دوو یاخۆ چه‌ند ئۆتۆریته‌ی جیاوازدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئۆتۆریتە جیاوازه‌کان داهێنه‌ری دوو سێناریۆی ڕه‌ش و سپین که هه‌رکامیان به نۆره‌ی خۆی هه‌ڵگری واتایه‌کن بۆ ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر ئه‌م پێناسەیە بکه‌ین به بنەمایەک بۆ نزیکبوونه‌وه له چه‌مکی هاوکێشه بەمانای ئۆتۆریتی، ئه‌وا پێناسه‌ی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له چه‌مکی گۆڕانه‌وه بەره‌و ململانه‌ی ده‌سه‌ڵات په‌رت ده‌کرێن. واتە هاوکێشه له به‌رهه‌مهێنانی مێژوودا ده‌وری تێکده‌رانه ده‌بینێ و مرۆڤ له مەیدانی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بێته پارسه‌نگی زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ ڕەوایی دان به حزووری شه‌رعیی ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر سه‌رنج به راڤه‌ی مارکس له هه‌مبه‌ر هاوکێشه له ململانه‌ی خه‌بات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکار له حاند نه‌هێشتنی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داریدا بدەین، ده‌بینین هاوکێشه له ڕاڤه‌ی مارکسدا ئه‌کته‌ری به‌رهه‌مهێنانی مێژووه و مرۆڤ به‌رزده‌کاته‌وه به‌ره‌و قاتی سه‌رووی پاش دەورانی کاپیتالیزم، واتە سوسیالیزم. ئه‌م قۆناغه له مێژوو به بۆچوونی مارکس هه‌ڵگری به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی مرۆڤه. ئه‌گه‌رچی تا ئێستاش ئه‌م تیۆره‌ی مارکس بابه‌تی نه‌کراوه و که‌ره‌سه‌ی گونجاو بۆ پراکتیزه‌کردنی ئەو تیۆرە به شێوه‌یه‌کی مۆدێرن نه‌ره‌خساوه (نابێ له بیر بکرێ که تیۆری مۆدێڕن پێویستی به که‌ره‌سه‌ی مۆدێڕن هه‌یه)، به‌ڵام له راستیدا له سه‌ر بناغه‌یه‌کی عه‌قڵانی داڕژاوه. نه‌بوونی که‌ره‌سه‌ی گونجاو بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م تیۆره ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ راڤه‌ی مارکس له‌مه‌ڕ کاپیتالیزمی سه‌ده‌ی نۆزده که له چاو سیستمی لیبرالیزمی هه‌نوکه‌ییدا سه‌رمایه‌دارییه‌کی کلاسیکی و فه‌شه‌ل هاتووه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م شرۆڤه‌یه تا راده‌یه‌کی به‌رچاو کلاسیکی بێ، به‌ڵام به‌ستێنی سه‌رمایه و مه‌یدانه به‌رفراوانه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌م سه‌رده‌مه و هەروەها تێگێشتنی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم‌دا، زەروورەتی هاتنەئارای تێگێشتنێکی نوێ بەرجەستە دەکاتەوە بۆ گۆران و، له هه‌مان کاتیش‌دا پێویستی مێتۆدێکی نوێ زەق دەکاتەوە بۆ هزری به‌رهه‌مهێنانی مێژوو.
سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی به بێ حزووری دیارده‌ی هاوکێشه له ده‌ره‌وه‌ی ته‌سوه‌ری عه‌قڵییه‌تی مرۆڤه. گرنگی هاوکێشه‌ش له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیدا، پێویستی بە حزوورێکی عه‌قلانی هەیە که ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و بنیادنای کۆمەڵگای مەدەنی ئاراسته بکا. ئه‌وه‌ی که تا ئێستا ئه‌م حزووره عه‌قڵانییه نه‌یتوانیوه ماددی بکرێ و به شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه به‌ستێنێک بۆ دادپه‌روه‌ری بگوونجێنی تاکو حوکمێکی عه‌قلانی له نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌کاندا بکا، له خۆیدا گرفتێکی هه‌نووکه‌ییه که ڕه‌گی سه‌ره‌کیی له شووناسی «ده‌سه‌ڵات»دا ده‌بیندرێته‌وه. ئه‌وه‌ی که جێی سه‌رسوڕمانه، تا ئێستاش بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (به‌تایبه‌ت له سیسته‌مه سوننه‌تییه‌کاندا) به شه‌رمه‌وه له ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوانن و نه‌یانتوانیوه مامله‌یه‌کی عه‌قڵانی له گه‌ڵ چەمکی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن. بێگومان ده‌رکه‌وتنی پارادۆکسیش له هه‌ر کۆمه‌ڵگا و لە نێو هەر تاقم و گرووپێکدا لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە نکۆڵی له‌م واقعه عەینییە دەکەن واتە؛ ئەمری دەسەڵات. ئه‌م بابه‌ته کاتێ پتر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه کە بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ڕه‌وتی بزوتنهوهبوون به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یه‌کی فه‌رمی ده‌رۆن و پێگه‌یه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بیننه‌وه، لە وەها دۆخێک‌دا کەم کەم تایبه‌تمه‌ندیی بوروکراتیک جەستەیان قورس دەکا و له قه‌واره‌ی ڕێکخراوه‌یه‌کی فه‌رمیدا دەچەقن. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه هه‌رده‌م به‌رهه‌مهێنه‌ری هاوکێشه‌ن و دیسان کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و رووی پارادۆکس ده‌کاته‌وه و، ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ دابینکردن و تەبایی نانەوە لە نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه هاودژەکان کەم دەکاتەوە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.