ئەوەندەی بیرم بڕ بکا، نەبووە کوردێک بە زیندەسەری بکەوێتە بەر سرنجی مێدیاکانی جیهان و دەوڵەتە بیانییەکان و هەروەها ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانی. لەمەش بترازێ چەند خەڵاتێکی پڕبایخی نێونەتەوەیی لە بواری مافی مرۆڤی پێبدرێ و لەمانەش گرینگتر، وەک بەربژێری خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل دیاری بکرێ.
ئەمانە بۆ هەموو ئینسانێک، بەتایبەتی بۆ مرۆڤی کوردی بێدەوڵەت و ناسنامە، جێگەی شانازین. بەڵام ئەودیوی دراوەکەش بۆ ئەم مرۆڤە بێکیانە لایەنی تراژیکی باسەکەیە. ئەو تێچوویانەی داوێتی تا بگاتە ئەم ئاستە، تێچووگەلێک کە بەنرخی لەدەستدانی تەمەن و گەنجێتی، ئازار و ئەشکەنجە و سووکایەتی، زیندانی تاکەکەسی، دابڕان لە هاوژین و جگەرگۆشەکان، تووشی چەندین نەخۆشی هاتن و زیاتر لە دە ساڵ مانەوە لە بەندیخانەدا و… وە دەست هاتووە.
ئەمانە تاڵ و شیرینی ژیانی مرۆڤێکی خەباتکارە، بەڕێز محەممەد سەدیق کەبوودوەند یان هەمان «کاک سدیق»ی خۆمان. ئەو ماسییە ڕەشە بچکۆلەیەی گۆمە مەندەکەی دیواندەرە، کە تەمای شڵەژاندنی ئۆقیانووسی تارانی هەبوو!
ئەوە کە ئێمەمانان چەندە لە باری فکری و سیاسییەوە لەگەڵ کاک سدیق هاوتەربین، چەندە لێکتر نیزیکین بە لای منەوە زۆر گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە ئەمەیە کە نەفسی «کردەیەکی ئینسانی» بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ و بەتایبەتی کەرامەتی تاکی کورد بۆ ئێمە جێگەی ڕێز و پێزانینە کە لە پێناو ئەم کردەیەدا تێچوویەکی قورسی داوە، تێچوویەک کە ڕەنگە بیر لێکردنەوەشی گیانت وە لەرزین بخا!
من پێموایە ڕەهەندەکانی سێکوچکەی زیندان، بەندیخانە و دەسەڵات، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر ئاوڕی وێدراوەتەوە. چون لە ڕاستیدا لایەنە ڕەقئامێرییەکەی کە تواندنەوەی فیزیکی جەستەی زیندانییە لەبەر چاوانە، بەڵام لایەنی نەرمئامێری کە ئەویش چەشنێ سڕینەوەیە، ڕەهەندەکانی شاراوەترن. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی نیزیک بە چل ساڵ دەسەڵاتدارێتی خۆیدا بەندیخانەکانی لیپاولیپ بوون لە زیندانی سیاسی و ڕۆژنامەوان، بەتایبەتی کورد کە بەشێکی بەرچاوی لەم نێوەدا بەرکەوتووە. دیارە کۆماری ئیسلامی، لە سیستمی سزادانی خۆیدا ئازار و ئەشکەنجە و ئێعدامی بە لێشاو هەبووە و بە عالەم ئاشکرا ئەم پێشێلکارییانەی کردووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە بەندیخانە وەک شوێنێک بۆ کۆنتڕۆڵی ڕووح و ڕەوانی زیندانیش کەلکی وەرگرتوە، فۆکۆ کوتەنی وەک سیستمێکی چاوەدێری باڵادەست، کە ڕەنگە ئەو ئومێدەت هەبێ کە دەرئەنجامەکەی چاکسازی تاکی لێبکەوێتەوە. بەڵام دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و نابەرپرسی وەک کۆماری ئیسلامی مەبەستی چاکسازی نییە، کە ئەگەر وەها مەبەستێکی هەبوایە بێگومان ئەشکەنجە و ئێعدامی هەڵدەگرت. کە وا بوو لێرەدا باس لەسەر ئەوە نییە کە وەردیان تەنیا لە ڕوانگەی فیزیکییەوە چاوی بە سەر زیندانییەوە بێ، بەڵکوو ئەم چەشنە دەسەڵاتانە دەیانەوێ لە کۆمۆنی بەندیخانەدا، لەم کۆمەڵگە داخراوەدا «تاکێتی»ی تاکەکان بستێنێن و ئۆژن یۆنسکۆ گوتەنی هەمووان بکەن بە کەرگەدەن لە ڕێی هۆمۆژێن کردنیانەوە.
لەم نێوەدا ئەوانەی لەهەمبەر ئەم هۆمۆژێنسازییەدا خۆڕاگری دەکەن، هەرچەند لەباری ڕووحی و ڕەوانی و تەندروستییەوە تێچوویەکی زۆری بۆ دەدەن، بەڵام دواجار دەبن بە هێمای خۆڕاگری و سەمبولی خەباتی مەدەنی و لە سایەسەری ئەوانەوە دەنگهەڵبڕینەکە بە شێوەیەکی گشتی و جەماوەری تەشەنە دەکا. ئەمە ڕێک ئەم خاڵەیە کە دەبێ هەمووان سرنجی بدەینێ، بە جەماوەری کردنی خەبات، لە ڕێی هەر بیانوویەکەوە. بیانووی ئەمڕۆمان کاک سدیق!
بۆ وێنە کاتێ نازناوی باوکی مافی مرۆڤی کوردستانی لێدەنرێ، کاتێ ڕۆژی ٣٠ جون وەک ڕۆژی کەبوودوەند دیاری دەکرێ، کاتێ کەمپینگەلی جۆراوجۆر بۆ پشتگیری و ئازادی کەبوودوەند سازدەکرێ، کاتێ کومیتەی خەڵاتی نۆبێلی بۆ ساز دەکرێ، کاتێ بە سەدان سیمای ناسراوی نێوخۆ و دەرەوە بەدووی ئازادیی کەبوودوەندەوەن، کاتێ گەردەلوولی تویتێری بۆ سازدەکرێ، کاتێ گەنجەکان بۆ پاڵپشتی مانگرتن لە خواردنی کەبوودوەند، ئەوانیش لە دەروەی وڵات ماندەگرن و دەیان کاتێ کاتێ کاتێی تر، مانای ئەوەیە ئەم کەسایەتییانە گرێدەری خەباتی ناوخۆن و دەرەوەن.
کاک سدیق بەرهەمی خەباتی مەدەنییە لە نێوخۆی وڵات، با ویژدان سەنگی مەحەک بێ ئەوەندەی ئەم کەسایەتییە وەک تاکێکی کورد، توانیوێتی سرنجی جیهان بۆ پرسی مافی مرۆڤی کورد ڕابکێشێ ئایا بەڕاستی لەم سەردەمەی ئێستادا کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران توانیوێتی وەها کاریگەرییەکی هەبێ؟ کەوابوو ئێمە، هەموومان وەک سێکوچکەی خەبات (نێوخۆ، دیاسپۆرا و هێزە سیاسییەکان) دەبێ ئەم جۆرە هەلانە بقۆزینەوە و بیکەین بە بنەمای و بناغەی کاری هاوبەش، لێرەدایە کە دەتوانین بڵێین کاک سدیق کۆمان دەکاتەوە!
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.