درێژەی نامەی مەکارمی شیرازی بۆ مامۆستا شێخ عێزەدەینی حوسینی
٣- ئێوه باسی مافی برایانی کورد ده‌که‌ن، مه‌گه‌ر مافی ئه‌وان له‌گه‌ڵ برایانی فارس و تورک و عه‌ڕەب و تورکمه‌ن و بلووچ جیاوازیی هه‌یه؟ مه‌گه‌ر خوازیاری ئیمتیاز (زێده‌خوازی) به‌سه‌ر ئێمه دان؟ پێتان وایه ئێمه خوازیاری ئیمتیازی پتر به‌سه‌ر ئێوه داین. نه به‌ڕاستی. که‌وابوو شه‌ڕ له‌سه‌ر چییه؟ من هۆیه‌ک بۆ ناکۆکی و کێشه نابینم. ئەتۆ فه‌رمووبووت: نێوه‌ڕۆکی کۆماری ئیسلامی ناڕوونه. ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه شاپووری به‌ختیار گوتبای [که گوتی]، جێی سه‌رسووڕمان نه‌بوو. چونکه ئه‌و ئاگای لە ئیسلام نه‌بوو، به‌ڵام ئێوه که ده‌زانن و زانای ئیسلامین، چۆن دەکرێ بۆتان ناڕوون بێ. مه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی شتێک جگه له ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک به‌سه‌ر خه‌ڵک دایه که له‌سه‌ر بنچینه و فێربوونه‌کانی ئیسلامە؟
ئێمه باوه‌ڕمان وایه، ئێوه جیاوازیخواز نیین. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانین که دوژمنی هاوبه‌شی ئێمه و ئێوه به دنه‌دانی ئیحساساتی نیژادی دەیە‌وێ به کرده‌وه وڵات له‌ت له‌ت بکا یا وه‌زعی پێشوو بگێڕێته‌وه که هه‌ردووکیان به زه‌ره‌ری ئێمه‌ن. ئه‌گه‌ر خودای نه‌خواسته ڕۆژێکی کوردستان له ئێران جیا بێته‌وه، سه‌ره‌تای موشکیلاتی تاقه‌ت پرۆکێن بۆ برایانی کورد و ته‌نانه‌ت له‌نێوچوون (نابودی) ئه‌و به‌شه خۆشه‌ویسته ده‌بێ. دوژمن ده‌مامکی فێڵاوی له ده‌موچاوی ده‌دا. به‌ڵام ئێوه تێگه‌یشتووتر له‌وه‌ن که ڕووی دزێوی دوژمن له‌پشت ئه‌و ده‌مامکانەوە، نه‌بینن. ئایا باشتر نییه کوردستان له په‌نا ئێرانێکی یه‌کگرتوو و به‌هێز بێ هه‌تا یه‌که‌یه‌کی لاواز و جیاواز له‌وی، یا یه‌که‌یه‌کی نیوه‌لکاو و لەحاڵی شه‌ڕ و وێرانی دا؟
٤- ئوسوولون ئێوه ده‌زانن که له ئیسلام‌دا، مه‌سه‌له‌ی نیژادی جێی باس نییه و گوتاری پێغه‌مبه‌ره‌کان له ڕه‌دکردنه‌وه‌ی نیژادپه‌رستیدا، هه‌موومان له‌بیرمانه. ڕێوڕه‌سمی حه‌ج و کۆبوونه‌وه‌ی به میلیونان موسوڵمان له هه‌موو نیژاده‌کان له‌و ڕێوڕه‌سمه گه‌وره‌یه له ڕیزه‌کانی نۆێژی جه‌ماعه‌ت‌دا، وانەیەکی گه‌وره‌ن بۆ هه‌موومان. له دنیای ئه‌مرۆ‌دا، ئێمه ئیسڕاییل له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی نیژادپه‌ره‌ستییه‌که‌ی مه‌حکووم ده‌که‌ین. له‌گه‌ڵ ئافریقای باشوور له‌به‌ر سیاسه‌تی نیژادییه‌که‌یەتی کە پێوه‌ندییه‌کانمان پساندوه. وا بیرناکه‌مه‌وه ئێوه به‌و زانیارییه ئیسلامی‌یه‌ی که هه‌تانه، هیچکات نابێ بتانه‌وێ مه‌سه‌له‌ی نیژادی زیندوو که‌نه‌وه، بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موومان موسوڵمانین له ژێر ئاڵای ئیسلام‌دا و، به‌حوکمی ئێرانی بوونیش، ئه‌ندامانی له‌شێکین. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی پاراستنی زمان و جلوبه‌رگ و بڕیاردان بۆ مافی چاره‌نووسی خۆت و ئیداری ناوچه‌ی خۆت جێی باس بێ، ئه‌وانه بابه‌تێک نین که که‌س دژی بێ و به وتووێژ حه‌ل نه‌بێ.
به‌وحاڵه‌ش چاوه‌ڕوانیم هه‌یه که جارێکی دیکه ده‌ست بدین به‌ده‌ستی یه‌ک و له‌ژێر چه‌تری ئیسلام‌دا، کۆبینه‌وه و هه‌موومان بڵێین «به‌ڵێ» و مستێکی توند له دمی بیرناحه‌زان و جیاوازیخوازان بدین. به‌وشێوه‌یه که گرووپێکی مه‌زن له عوله‌مای مه‌زهه‌بی له فه‌زایه‌کی پڕ له متمانه و ته‌فاهوم حه‌ل کردن‌دا، نه‌خشه‌کانی دووبەرەکی نانەوەیان پووچه‌ڵ کرده‌وه.
برات: مکارم شیرازی (١)
پێش‌نووسی یاسای بنه‌ڕه‌تی
ئه‌وکاتی که ئایەتوڵڵا خومه‌ینی له پاریس بوو، د. حه‌سه‌ن حه‌بیبیی راسپاردبوو تا پێش‌نووسی یاسای بنه‌ڕه‌تیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بنووسرێ. ناوبراویش به‌یارمه‌تیی «ناسر کاتوزیان، عەبدولکەریم لاهیجی، جەعفەر لەنگرودی، بەنی سەدر و ناسر میناچی» گه‌ڵا‌ڵه‌یه‌کیان ئاماده کردبوو. ئه‌وکات ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌ویی دووهه‌م به‌رده‌وام بوو. پاشان له به‌هاری ١٣٥٨ (١٩٧٩) ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه له شووڕای شۆڕش به سه‌رۆکایه‌تی د. یەدوڵڵا سه‌حابی و به‌شدارەی و هاوکاری «حەسن حبیبی، ناسر کاتوزیان، عەبدولکەریم لاهیجی، جەعفەر لەنگرودی، بەنی سەدر، ناسر میناچی، رەزا زەوارەیی و سەید محەممەد خامنەیی» له‌و شووڕایه‌دا، ئیسلاح و ته‌کمیل کرا. دواتر ئه‌و گه‌ڵاڵەیە جارێکی دیکه له شووڕای شۆڕش باسی کرایه‌وه و هێندێک ئاڵوگۆڕی دیکه‌ی تێدا پێک هات و له‌وێ په‌سند کرا. گه‌ڵاڵه په‌سند کراوه‌که بۆ قوم نێردرا هه‌تا بیروڕای «مراجع تقلید» ی له‌گه‌ڵ بێ. ئه‌وانیش نه‌زه‌ری خۆیان دایەوە به ئایەتوڵڵا خومه‌ینی.
ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی شووڕای ئینقلاب وه‌ک: ئایەتوڵڵا تاڵەقانی، بەهێشتی، ره‌فسه‌نجانی، مه‌هده‌ویی که‌نی، محەممەد جه‌واد باهونه‌ر و عه‌لی خامنه‌یی، مهەندیس عیزه‌توڵڵا سه‌حابی و مسته‌فا که‌تیرایی پێ‌داگر بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه بدرێته به‌ر ڕاپرسی (رێفڕاندۆم)ی خه‌ڵک؛ به‌ڵام ژماره‌یه‌کی دیکه وه‌ک: مهەندیس بازرگان، د. سه‌حابی، بنی سه‌در، مهەندیس هاشم سه‌باغیان، د. ئیبراهیم یه‌زدی و حاجی سه‌ید جه‌وادی، به پێی وادە و بەڵێنەکانی ئایەتوڵڵا خومه‌ینی له‌سه‌ر پێکهاتنی مه‌جلیسی دامه‌زرێنه‌ران (مٶسسان)، سوور بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌دوینی یاسای بنه‌ڕه‌تی، ڕه‌وتی دێموکڕاتیکی خۆی بپێوێ و له مه‌جیلسێکدا، که له نوێنه‌رانی میلله‌ت پێک‌هاتبێ، گه‌ڵاڵه‌که تاوتوێ بکرێ و پاشان به ڕاپرسی خه‌ڵک دابندرێ.
پێش‌نووسی یاسای بنه‌ڕه‌تی که له ١٢ فه‌سڵ و ١٥١ ئه‌سڵ پێک‌هاتبوو، له ٢٤ ی جۆزه‌ردانی ١٣٥٨ له رۆژنامه‌کان‌دا بڵاوبۆوه.(٢) له‌و به‌رنووسه‌دا وێڕای ئه‌وه‌ی باسێک له مه‌سه‌له‌ی ویلایه‌تی فه‌قیه نییه، به‌ڵکوو به پێی ئه‌سلی سێیه‌م و پازده‌یه‌م، ده‌نگی گشتی (آرای عمومی) ژێر بینای حکوومه‌ته و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی ئی هه‌موو خه‌ڵکه. ئیسلامییه‌تی نیزام، به‌هۆی شووڕای نیگابان ده‌بێ و دیار‌ده‌یه‌ک به ناوی «ولایت فقیه«ی تێدا نه‌بوو.(٣) هه‌روه‌ها له ئه‌سڵی ٥دا نووسرابوو: له کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هه‌موو قه‌ومه‌کان [نه‌ته‌وه‌کان]، وه‌ک: فارس، تورک، کورد، عەڕه‌ب، به‌لووچ، تورکمه‌ن و هاوشێوه‌کانیان، مافی به‌رانبه‌ر و وه‌ک یه‌کیان هه‌یه. که‌س ئیمتیازی به‌سه‌ر که‌سه‌وه نییه، مه‌گه‌ر بەهۆی «تقوا»وه.(٤)
له‌و بۆچوونه جیاوازانه‌ی ئاماژه‌پێکراوی شووڕای ئینقلاب‌دا، به پێشنیاری ئایەتوڵڵا تاڵقانی ساغ بوونه‌وه مه‌جلیسی خیبره‌گانی یاسای بنه‌ڕيتی به‌شێوه‌ی (ئۆستانی)، هه‌ڵبژێردرێن. له 12ی پووشپه‌ڕی ١٣٥٨(١٩٧٩)دا، ئاکامی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی خیبره‌گانی یاسای بنه‌ڕه‌تی، راگه‌یاندرا و ئا. تاڵەقانی، ئا. مونته‌زیری، ئا. مووسه‌وی ئه‌رده‌بیلی، ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی‌سه‌در، عه‌بباس شه‌یبانی، مه‌نیژه گورجی، د. عه‌لی گوڵزاده غه‌فووری، ئا. بەهێشتی، م. عیزتوڵڵا سه‌حابی و عه‌لی محه‌ممه‌د عه‌ڕەب له به‌ربژێره‌کان له تاران، ده‌نگیان هێنابۆوه. عه‌لی ئه‌کبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی که له لیستی کۆمه‌ڵی رووحانییه‌تی موباریزی قوم و فیدائیانی ئیسلام‌دا بوو، خۆی به‌ربژێر نه‌کرد! پشکی حیزبە چه‌پەکان له‌و مه‌جلێسەدا سەدی ٦ بوو.(٥)
پێویسته بگوترێ که نه‌مر د. عەبدوڕەحمانی قاسملوو، سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (ئێران) له پارێزگای ورمێ وه‌ک یه‌که‌مین نوێنه‌ر هەڵبژێردرا؛ کە دوایە ئیزن نه‌درا بچنه کۆبوونەوەی ئه‌و مه‌جلیسه لە تاران.
سەرچاوەکان:
١- ڕۆژنامه‌ی ئیتلاعات، سێ شه‌ممە ١٨/٠١/١٣٥٨، ٧ ی ئاوریلی ١٩٧٩
2_ ماڵپەڕی تایبەتیی «علی اکبر اعلمی».
٣- محسن کدیور، حکومت ولایی، تهران نشر نی، چاپ سوم ١٣٧٨ ص ١٨٢
٤- به‌نقل له وب سایت عباس امیر انتظام.
٥- روزنامه‌ی کیهان ١٣٥٨ /٥ /١٨
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.