لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، باس کردن لە پروتوکۆلی ٢٠٣٠ی یونسکۆ لە نێو کۆڕکۆبوونەوەکانی کۆماری ئیسلامی بووە باسی رۆژەڤ و کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە.
بەرانبەر بەو سەندە نێونەتەوەییە کە نەخشەڕێگایەکی زانستییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕاهێنان و پەروەردە لە جیهان بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانە کە هێشتا لە بواری پەروەردەی زانستی و بە پێی پڕنسیپە پەسەندکراوەکاندا لاوازن، سەرەتا باڵی بناژۆخوازی نیزام لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پەرچەکرداری نیشان دا.
دوای هاتنەی ئارای پرسی پەروەردە لە خوێندنگە و قوتابخانەکانی ئێران و وەبیرهێنانەوەی سەندی ٢٠٣٠ی یونسکۆ کە گوایە لەلایەن دەوڵەتی حەسەن روحانییەوە، واژۆ کراوە؛ وتاربێژانی نوێژی هەینی لە وتارەکانی خۆیاندا بە توندی ڕەخنەیان لە واژۆکردنی ئەو سەنەدە گرت و ڕایانگەیاند کە بۆ پاراستنی ئوسوول و بایەخەکانی ئینقلابی ئیسلامی لە کۆمەڵگە و بەتایبەتی بەرەی نوێ، ڕێگە نادەن کە ئەو پەسەندکراوە لە سیستمی پەروەردەی ئێراندا جێبەجێ بکرێ.
دوا بەدوای گەنگەشەی لایەنەکانی ئەو بەڵگەنامەیە ڕێبەری نیزامیش هەڵویستی گرت و دوابەدوای فەرمانی خامنەیی بە دەنگی پتر لە ١٥١ نوێنەری مەجلیس، «شوڕای ئینقلابی فەرهەنگی» ڕاسپێردرا کە پێش بە جێبەجێبوونی خاڵەکانی ئەو بەڵگەنامەیە بگرن.
بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ چییە؟
بەڵگەی ٢٠٣٠ یونیسكۆ باس له دابینكردنی كهشوههوای لهبار بۆ خوێندن به بێ جیاوازیی ڕهگهزیی لاوان و منداڵان دهكا و زیاتر له ١٩٢ وڵاتی جیهان ئیمزایان كردوه. ئهو بهڵگهیه بۆ ههموو نهتهوه و ئایین و ئایینزاكانی جیهان یهكسانه و بواری خوێندن بۆ ههموو كهس وهك یهك لهبار دهكا.
له مانگی خهرمانی ساڵی پێشوودا «كارگرووپی میللی فێركردن ٢٠٣٠» بۆ جێبهجێكردنی سهنەدی یۆنیسكۆ پێكهات.
بەڵگەی ٢٠٣٠ ی یونسکۆ کە لە سێپتامبری ٢٠١٥ هاتووەتە ئاراوە، ١٧ ئامانجی سەرەکی و ١٦٩ ئامانجی لاوەکیی هەیە و ئیرانیش یەکێک لە وڵاتانی واژۆکاری ئەو بەڵگەنامەیەیە. بەڵام سەرەڕای واژۆکردنی بەرپرسانی سەر بە باڵی بناژۆخوازی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی جۆراجۆر کەوتنە دژایەتیکردن و هەوڵەکانی خۆیان وەگەڕ خست هەتا ئەو بەڵگەنامەیە هەڵوەشێننەوە. دواجار خامنەیی خۆی هاتە نێو کێشەکە و بە دژایەتیی خۆی چارەنووسی بەڵگەنامەکەی ڕوون کردەوە و حەسەن ڕوحانی ناچار بە پاشەکشە کرا و ئەو فایلە بە تەواوی لە كۆبوونهوهی شوڕای باڵای شۆڕشی فهرههنگیدا بە ڕەسمی ههڵوهشایهوه.
خاڵی جێگەی سەرەنج ئەوەیە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕێگە نادەن بەهیچ شێوازێک لە سیستمی پەروەردە و بارهێنانی ئێراندا گۆرانکارییەکی ئەوتۆ بکرێ و تەنانەت لە ساڵانی ڕابردوو بەشێک لە زانستە ئینسانییەکان وەکوو فەلسەفە و مێژوو و ئەدەبیات لە زانکۆ و قوتابخانەکان لاواز کراون.
لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە سەروبەندی دەوڵەتی چاکسازیی و دەسبەسەرکردنی قوتابیانی زانکۆ، هەڵسەنگاندنی ناوەندە ئەمنیەتییەکان ئەوە بوو کە بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی خوێندکاری بواری زانستە ئینسانییەکانن، هەر ئەمەش کاردانەوەی بەشێک لە دەمڕاستەکانی نیزام وەکوو غوڵامعەلی حەداد عادڵ و تەنانەت خامەنی لێکەوتەوە. فەرمانی ئیسلامی کردنی زانکۆکانیش هەر بۆ ئەو هەڵوێستە دەگەڕێتەوە.
خاڵی جەوهەری سەنەدی ٢٠٣٠ی «نا» وتنە بە پەروەردەی مەزهەبی و ڕەخساندنی کەشێکی زانستییە بە مێتودی رۆژ بۆ بارهێنان و فێرکردن. ملنەدانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە ڕەچاوکردنی پێوەرە هاوشێوەکانی ٢٠٣٠ چیتر ناتوانن ناوەندە زانستییەکان و خوێندنگە و زانکۆکان بکەنە گۆڕەپانێک بۆ پەرەپێدان بە پلان و بیرۆکە سیاسییەکانی خۆیان، بەڵکوو ئەوان ناچار دەکا کە پێڕەوی پڕنسیپە نێودەوڵەتییەکان بن ، لە ئەگەری قەبووڵکردنی ئەو چوارچێوە دیاری کراوەشدا بەرەبەرە لە نفووز و هیژمۆنی دەسەڵاتی داخراو کەم دەبێتەوە و ئەمەش ڕێگە ئاوەڵا دەکا بۆ چالاکیی و جموجۆڵی زیاتری قوتابیان وخوێندکاران.
شاڕەگی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی مەزهەبی و گرێدانی مەزهەبە بە مەشرووعیەتی سیاسیی خۆی و بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ یونسکۆش ڕاست لەسەر بنەمای وەستانەوە لە بەرامبەر لەگەڵ بانگەشەی مەزهەبی و عەقیدەتی لە خوێندنگەکاندا داڕێژراوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە سەرەتای دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بۆ ڕاگرتنی کەشی پەروەردە و هێنانە ژیڕ ڕەکێف و دەسەڵاتی ئایینی ناوەندە زانستییەکان، هەوڵی جوراجۆری داوە.
یەکێک لەو ناوەندگەلە کە ئەرکدار کراوە بۆ داڕشتنی چوارچێوە و چاوەدێری کردن بەسەر کۆمەڵگەی خوێندکاران و زانستگاکان، شوڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگییە.
شوڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی، ناوەندێکە لە ژێر سەرپەرەستیی سەرۆک کۆماردا کە ساڵی١٣٥٩ی هەتاوی بە فەرمانی خومەینی بۆ پێراگەیشتن و پاکتاوکردنی ناوەندە پەروەردەیی و فێرکاری و خوێندنگەکان لە هەرچەشنە بیرۆکەی رۆژئاوایی و دژ بە بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی دامەزرا.
لە دوایین کۆبوونەوەی شوڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی لە مانگی ڕابردووشدا، بە هۆی گوشاری باڵی بناژۆخواز و هوشداری رێبەری نیزام، پابەندبوون و جێبەجێکردنی سەنەدی ٢٠٣٠ هەڵوەشایەوە و بەجۆرێک کەشوهەوای دۆگم وداخراوی کۆتاییەکانی دەیەی ٥٠ی هەتاوی وەبێر هێنانەوە کە ڕوانگەی ئەمنیەتی و عەقیدەتی سەرجەم زانکۆ و خوێندنگەکانی تەنیبوو.
پاشەکشەکردنی دەوڵەتی روحانی لەو بارەوە باس لەوەدەکا کە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەوڵەت دەسەڵاتی جێبەجێکردنی تەنانەت بەشێکی زۆر لە وادە و بەڵینیەکانی خۆی و ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانی نییە.
دژایەتی کردن لە گەڵ سەندی ٢٠٣٠ ئەوەی سەلماند کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەستی بە مەترسییەکی فیکری کردوە کە ئاراستەیەکی تازە و بە دوور لە ویستی پاوانخوازی و ئایدولۆژیای مەزهەبی بە کۆمەڵگەی ئێران بەخشیوە و ڕۆژ بەدوای رۆژ بۆشایی نێوان دەسەڵات و ویست و خوازە گشتگیر و کۆمەلایەتییەکان بەتایبەتی لە بواری قوتابخانە و زانکۆکان زیاتر دەبێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.