کاتێک گروپێکی تەواو چەکدار و ئیدۆلۆژیک پێ دەنێتە دونیای ئابووریی وڵاتێک نیشانەی ئەوەیە کە ئابووری ئەو وڵاتە لە داروخان و بە مافیابوون دایە!
“بازاری نێوخۆیی چین تەواو لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی کۆمۆنیست دایە بەڵام بە پێچەوانەی بازاری ئازاد لە چین حیزبی کۆمۆنیست نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی تێدا بچەسپێنێ، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسیی حیزبی کۆمۆنیست”؛ ئەمانە وورە ئەلکساندرو ئاماندیۆ، نوێنەری ێێکخراوی گەشەپێدانی پیشەسازی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکدا گوتی کە تایبەت بە گەشەکردنی جیهان بوو.
“سپای پاسدارن پرۆژە گەورەکان وەردەگرێ، کاتێک کەبەشی تایبەت توانایی کێبەرکێیان نەبێ یاخو نەتوانن جێبەجێی بکەن” ئەمانە قسەی ئاخوند عەلی سەعیدی، نوێنەری ئایەتووڵا خامنەیی لە سپاد لە کۆبوونەوەیەکی گشتی بوو کە بۆ بەرگری لە قەرارگای خاتەمولئەنبیا کردنی.
ئەو دوو قسەی سەرەوە خالێکی هاوبەشیان تێدایە، بێ توانایی و بێبەشی کەرتی تایبەت لە ئێران و چین بە هۆکاری باڵادەستی سیاسیی حیزبی کۆمۆنسیتی چین و باڵادەستی ئابووری، سیاسی و ئەمنیەتی سپای پاسدارن لە ئێراندا.
هەرچەند لە ساڵی ١٣٩١ ڕا بەدەستوری فەرماندەی گشتی سپای پاسداران، قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپا نابێ خۆ لە پرۆژەکانی خوار ١٠٠ میلیارد تمەن بدا، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەهۆی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی سپا هیچ کێبەرکێیەک نابینرێ بۆ پرۆژە گەورەکان و سپای پاسدارانیش بە هەندێک تەشریفات ئەو پرۆژانەش وەردەگرێ! بەهانەش بۆ دانی پرۆژەکان بەسپا ئەوەیە کە کەرتی تایبەت ناتوانێ ئەو پرۆژانە ڕاپەرێنێ!
لەساڵی ١٣٨٤ و لە کاتی دەسەڵاتی ئەحمەدینژاد، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران سپای پاسداران بە تەواوی هاتە نێو بازاری ئابووریی ئێرانەوە، بە دەستوری ئەو بەشی زۆر گرێبەستە نەوتی و گازییەکان بەبێ هیچ کێبەرکێیەک دران بە قەراگای خاتەمولئەنبیا. ئەگەر چاوێک بە ١٠ ساڵی رابردوودا بخشێنین دەبینین کە سپای پاسداران لە ناوەندێکی سەربازی _ ئیدۆلۆژیکەوە گۆڕاوە بە رێکخراوێکی سیاسی و ئابووری . کە دوو باڵی ئابووری سپا واتە قەرارگایی خاتەمولئەنبیا و بونیادی تعاون نەخشی سەرەکیان لەو مەیدانەدا گێراوە .
لەو نێوەدا، قەرارگای خاتەمولئەنبیا کە مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ١٣٦٨ دەگەڕێتەوە، خاوەنی ٨١٢ کۆمپانیا و ٦٥٠ هەزار کەس هێزی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەبوونی زیاتر لە ١٠ هەزار پرۆژە و هەروەها ٥٠٠٠ بەلێندەری نطوخۆیی بۆتە غولی ئابووری ئێران!
هاوڕایی دەسەڵاتداران لە کۆماری ئیسلامی لەسەر قەرارگایی خاتەمولئەنبیا بە شێوەیەکە لە ١٠ ساڵی رابردوودا چ کاتێک توندرەوەکان لەسەرکاربوون و چ میانەڕەوەکان هەموو بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆشحال و هانەزەر بوون لەسەر بوونی سپای پاسداران لە پرۆژەکاندا و هیچ کات دژکردەوەیەکی ئەوتۆیان لێ نەبینراوە. وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە قسەکانی عەلی لاریجانی، سەرۆکی پارلمانی ئێران لە سالی ١٣٩٠ بۆ پشتیوانی لە رۆستەم قاسمی، فەرماندەی قەرارگایی خاتەمولئەنبیا بکەین کە وەک وەزیری نەوت دیاری کرابوو، لاریجانی گوتی ئەوە لەخۆبردوویییە لەبیر ناکرێ!
کاتێک ئەکبەر تورکان، راوێژکاری ئێستای حەسەن روحانی لە نوسینێکدا لە ٢٦ی جۆزەردانی ٨٩ لە رۆژنامەی “پوڵ” پێداگریی کرد لە پێدانی ٢١ میلیارد دۆلار پرژەی نەوت و گاز بە قەرارگایی خاتەمولئەنبیا، ئەوانە مشتێکن لە خەروارێک خۆش خزمەتی بۆ سپای پاسداران. محەمەد باقری نوبەخت، وتەبێژی حکومەتی روحانیش لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ گوتی قەرارگا شوێنکە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتی پێ بەستوە و ئەوانەی دژایەتیشی دەکەن کۆمەڵێک کەسی ناشارەزا و کاڵفامن!
هەلومەرجی تایبەت:
ساڵی ١٣٨٤ بە چوونە دەرێی شیرکەتی نەوتی نۆرێژ لە مەیدانی گازی پارسی جنوبیی ١٤ و ١٥ بۆ یەکەم جار قەرارگایی خاتەمولئەنبیا هاتە نێو گرێبەستە نەوتی و گازییەکان و ئەو گرێبەستانە لەکاتێک گەیشتە ئەوپەڕی خۆی کە لەساڵی ١٣٩١ بە گرێبەستێکی ٢١ میلیارد دۆلاری نەوتی قەرارگا توانی بەشی زۆری مەیدانە نەوتییەکانی ئێران وەربگرێ. ئەو دەسەڵاتەی کە قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە مەیدانی نەوت و گازدا پەیدایی کرد هەندیک هۆکاری هەبوو، گرینگترینی ئەو هۆکارانە بریتین لە گەمارۆ ئابوورییەکان و چونە دەرێی شیرکەتە رۆژاواییەکان لە ئێران، ئەو هۆکارانە بوون بە هۆی ئەوەی کە لەو کاتەدا حکومەتی ئەحمەدی نژاد هەلومەرجێکی تایبەتی وەهای بۆ قەرارگا دروست کرد کە دەستی ئەوانی بە شێوەی هەرچی باشتر ئاوەڵا کرد.
ئەحمەدی تەوەکولی، ئەندام پارلمانی دەوری نۆیەم لەبارەی سپا و نیزامییەکانەوە دەڵێ: نیزامییەکان بە سڵاو و سڵەوات هاتن تا ببن بە کۆمپانیایەکی جیهانی، هەم ئەوەی کە رێبەری دەیگوت کە بریارنامەکانی شۆرایی ئەمنیەت تەنها کوتەکاغەزێکە و هیچ، سپا ئەوەی بۆ تەئیید کرد و هەم نیزامییەکانی لە سەرئێشەی چوونە دەرێی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان پاراست. ئەو قسەیە بەمانای ئەوەیە کە حکومەت تەواو چۆتە ژێر دەسەڵاتی سپا و هێزە چەکدارەکانەوە و لە راستیدا کودەتایەکی نیزامیی رانەگەیەندراو لە ئێراندا ڕوویداوە.
قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە ساڵی ١٣٨٦ دەستی بەسەر کۆمپانیایی نەوتی ئۆرینتاڵی کیش داگرت و هەرەوها پرۆژەی ١٠٠٠ میلیارد تمەنی حەرەمی”حەزرەتی زەهرا”ی کردە پاوانی خۆی، ئە وکارانە نیشانەی ئەوە بوون کە بە ڕکەبەرەکانی دیکەی خۆی پیشان بدا کە بازاری ئابووری ئێران و ناوچەکە جێگایی سپایە و ئەوانی تر دەبێ بچنە دەرەوە.
ئەو گەندەڵکارییانە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی رەفسەنجانی ڕا پێش ئەوەی سپا ببێتە هێز، بە هاتنی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی وەک وەزارەتی ئیتلاعات دەستی پێکرد، بە شێوەک ئەوان ئەمنیەتیان کردە ئامرازی تیجارەت.
قەراگای ئاوەدان کردنەوەی خاتەم ئەنبیا چیە؟
قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە کۆمەلێک موهەندیسی تایبەت بە رێگاوبان و بیناسازی کە لەسەردەمی ٨ ساڵەی شەڕی ئێران و عێراق کاریان کردوە، پێک هات. دوای شەڕ بەهاوکاریی سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئێران و بە پشتبەستن بە ئەسلی ١٤٨ قانونی ئەساسی کە دەڵێ: هێزە نیزامییەکان لەکاتی ئارامی و ئاشتیدا دەتوانن بەشدار بن کە ئاوەدان کردنەوە و بنیاتنانەوە، قەرارگای ظ سپای پاسدارن بە پشت بەستن بەو ئەسلە هاتە نێو گۆڕەپانەکە. هەڵبەت بەشداریی سپای پاسداران لە ئابووری ئێراندا، مشتومڕێکی زۆری لەسەر ساز کرا کە نابێ سپا پێگە بە کەرتی تایبەت تەنگ بکا، بەڵام بە پشتیوانی ئەوکاتی رێبەریو سەرۆککۆماریی ئەوکات گوێ نەدرا بەو نارەزایەتییانە و سپا بەشێوی ڕەسمی و قانوونی بەشداری کرد لە ئابووریی ئیران.
سەرەتا سپا بەدروستکردنی قەراگای ئاوەدانکردنەوەی خاتەمولئەنبیا و دوو لقی دیکە لەو قەرارگایە بە دوو شیرکەتی” رزمندگان” و “رزمجو “هاتە نێو کایە ئابوورییەکانەوە، بیانووی هاتنە نێو ئەو کارەش ئەوە بوو کە لەدوای شەڕی ئیران و عێراق ژمارەیەکی زۆر دەزگا و کەلوپەلی رێگا دروستکردن و بینا ساز کردن لە بەرەکانی شەڕ بەجێ مابوو.
بە پێی قسەی یەکێک لە فەرماندەکانی سپا لە ساڵی ١٣٦٨ تا ساڵی ١٣٨٥ سپای پاسداران توانیویەتی زیاتر لە ٢٠٠٠ پرۆژەی پیشەسازی و کانگایی لە ئێراندا جێ بەجێ بکا. ناوەندی “کوثران” کە یەکێکی دیکە لە ناوەندەکانی دیکەی سپای پاسدارانە و لەسەردەمی سەرۆک کۆماری خاتەمیدا توانی پرۆژەی گەیاندی ئاو بۆ ٨٨٠٠ هێکتار لە پارێزگای خوزستان و ناوچەی “ئومیدیە” وەربگرێ کە تێکرایی پرۆژەکە نزیک بە ١ میلیارد دۆلار بوو.
تا پێش ساڵی ١٣٩٠ بەپێ ئەسلێک سپا ئیجازەی نەبوو کە ئەو پرۆژانە وەربگرێت کە لە ١٠٠ میلیارد تمەن کەمترن بەڵام دوای گۆرانکاریەکانی نێو ئیران و دەست بڵاوی سپای پاسدارن ئێدی سپای پاسدارن دەستی گرت بە سەر پرۆژە بچووکەکانیش دا.
لە ئێستادا ٥٠٠٠ هەزار شیرکەتی گەورە و بچووک کار بۆ قەرارگای خاتەمولئەنبیا دەکەن و بە پیی قسەی بەرپرسی ئەو قەرارگایە ١٣٥ هەزار کەس کاری تێدا دەکا کە ئەو ژمارەیە بەشێوەی رەسمی و وەک پاسدار وەزیفە بەشداریی کارە ئابوورییەکانی ئەو قەرارگا سەربازییەن. لەو ١٣٥ هەزارە، ٢ هەزار و ٥٠٠ کەسیان ڕاستەوخۆ لە فەرماندەرانی سپایی پاسدارانن. جگە لەو ژمارە کەسانەی سەرەوە ٥٠٠ هەزار کەسی دیکە بەشێوەی قەراردادی کار لەگەڵ ئەو قەرارگایە دەکەن.
سەرچاوە:
- ماڵپەری بی بی سی
- ماڵپەری روداو
- ماڵپەری رادیۆ فەردا
- ماڵپەری کوردستان و کورد
- ماڵپەریی سپا
*ماستەری بەرێوەبردن و ئابووری
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.