ماوەیەک لەو پێش لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دوو هەڵبژاردن هاوکات لە گەڵ یەکتر بەرێوە چوون. (هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و هەڵبژاردنی شووڕای شار و گوندەکان ).
لە ماوەی پێش هەڵبژاردن لێکدانەوەی جۆراوجۆر لە لایەن میدیا و ڕاگەیەنەکان و کەسانی خاوەن نەزەر و خەلکی ئاسایی بۆ ئەو هەڵبژاردنانە دەکرا، ئیستا بەدەر لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان و تێڕوانینی جۆراوجۆر واباشە هەڵسەنگاندنێک هەر چەند کورتیش بێ لە نیوان چەمکی هەڵبژاردن وەک پێوەرێکی بنەرەتیی دیموکراسی و شێوەی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا بکەین وبزانین لە ئەساسدا ئەو شێوە هەڵبژاردنەی لە کۆماری ئیسلامیدا بەریوە دەچێ چەندە لە گەڵ پێوەرەکانی دیموکراسی وئیرادەی خەڵک یەک دەگرێتەوە.
هەڵبژاردن بە کۆمەڵێک کردار دەگوترێ کە لەو رێگایەوە خەڵک بەرێوەبەرانی سیاسی و دەسەڵاتی ئیداری بۆ ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراو هەڵدەبژیرن . ئەگەر لە یەک لاوە خەڵک کەس یا کەسانێک لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بۆ بەڕێوەبەریی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات دیاری دەکەن لە لایەکی دیکەوە هەر خەڵک لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە کۆنترۆڵ و چاوەدیریی دەسەڵات دەکەن.
لە سەردەمانی کۆندا لە نێو هێندێک لە کۆمەڵگاکاندا شێوەیەک لە هەڵبژاردن هەبووە، بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین هەتا سەدەکانی ١٧ و ١٨ی زایینی هەڵبژاردن بەو شێوەیەی کە ئیستا باوە و لە کۆمەلگا پێشکەوتووەکاندا بەڕێوە دەچێ، نەبووە. لە سەدەکانی ١٧ و ١٨ی زایینی بەولاوە هەڵبژاردن وەک پێویستییەکی کۆمەلگا شکڵی قانوونی و سیاسیی بە خۆیەوە گرتووە و هێدی هێدی لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەلگای مرۆڤایەتی لە بواری پیشەسازییەوە چەمکی هەڵبژاردنیش پێشکەوتنی بەخۆیەوە دیتووە و لەو رێگایەوە دەوڵەتەکان بوونە نوێنەری خەڵک، بەو مانایە ئەگەر لە ڕابردوودا دەوڵەتەکان دەست نیشاندەی خوداکان بوون لە سەر زەوی، پەرەگرتنی دیموکراسی وهاتنە کایەی خەڵک بۆ دیاری کردنی چارەنووسی سیاسی خۆی وبە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن خەڵکەوە لە رێگای هەڵبژاردنەوە وای کرد کە دەوڵەتەکان ببنە نوێنەری خەڵک و ئەو پیرۆزییان نەمێنێ کە لە رابردوودا هەیانبوو، واتا نوینەرایەتی ئەو دەنگانە دەکەن کە پێیان دەراوە نەک نوێنەرایەتیی خوا لە سەر زەوی.
لە سەردەمی ئیستادا دەبینین گەورەترین وڵاتەکانی جیهان بەوشێوازە بەڕێوە دەچن و لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، دیموکراسی و هەڵبژاردن بە جۆرێک ئاویتەی یەکتر بوون کە لێکدابڕانیان محاڵە .
لە سەردەمی ئیستادا دوو هەڵبژاردن گرێنگیی خۆیان هەیە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە قانوونە ئەساسییەکەیان بە پێوەرەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دارێژراوە. یەکەم هەڵبژاردنی سەرکۆماری لەو وڵاتانەی کە بە سیستمی کۆماری بەرێوە دەچن و دووهەم هەڵبژاردنی مەجلیس یا پارلمانە. هەرچەند لە زۆربەی وڵاتان هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکانی وەک شوورای شار و گوندەکان ….بەرێوە دەچن، بەڵام لە راستیدا ئەوی دەتوانی کاریگەری لە سەر سیستمی بەرێوەبردنی وڵات هەبێ ئەو دوو هەڵبژاردنەیە؛ چونکە یەکەمیان جێبەجێکار و لەهەمان کاتدا چاوەدێری قانوونە و دووهەمیان دارێژەری قانوونە. دارێژەرانی قانوون بە حوکمی ئەوەی نوێنەری هەڵبژێردەراوی خەڵکن سروشتییە دەبێ ئەو قانوونانەی پەسندی دەکەن لە راستای بەرژەوەندی کۆمەڵگادا بێ و جێبەجێکاری قانوون کە هەمان دەوڵەتە و سەرۆکەکەی لە خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ لە سەریەتی قانوونەکان جێبەجێ بکا.
بیردۆزی تایبەت بە نوینەرسالاری لە راستیدا ریشەی لە مافی مەدەنی واتا مافی هاووڵاتی بوون دایە و لەو چوارچێوەدا دەتوانین بەو شێوەیە باسی بکەین: دەربرینی ڕاو و بۆچوون و هەڵسوکەوتی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک لە پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ئیدارەی وڵات لە بواری سیاسی و ئابووری و… ئەوە هەمان ئیرادەی خەڵکە بەو مانایە بە هەمان ڕادە بایەخ و کاریگەریی قانوونیی هەیە کە ئەگەر خودی دەنگدەریش ئەو بابەتە دەرببرێ هەر هەمان پێگەی قانوونیی دەبێ. ئەو بیردۆزە پێش لە سالی ١٧٨٩ لە مافی گشتیدا هەبووە بەڵام لە ڕاستیدا شۆرشی فەڕانسە ئەو فکرەی جێگیر کرد، بەومانایە نوێنەر بەو کەسە دەگوترێ کە نوێنەرایەتیی ویستی خەڵک بکا. ئەگەر بمانەوێ وردتر باسی ئەو بابەتە بکەین دەتوانین بڵێین ئەندامانی پارلمان یا سەرکۆمار… لە تەرفبوون لەگەڵ پرسەکاندا وەک تاک هەلسوکەوت ناکەن بەلکو وەک نوێنەری خەڵک بەدیار دەکەون، چونکی بەڵگەی ئیعتیباریی ئەوان دەنگی متمانەی خەڵکە.
پێش هەڵبژاردن هەموو بەربژێرێک وەک تاکی نێو کۆمەلگا خۆی بەرپرسیارە لە گوتار وکرداری خۆی ،بەڵام کە هەڵبژیردرا بۆ بەنوێنەری خەڵک لە بەرامبەر دەنگی متمانەی دەنگ دەرانی دا بەرپرسیارە .لە هەر وڵاتێک دا کرداری هەڵبژاردن بە قانوون رێک دەخری کە سەر چاوەی ئەسلی ئەو قانوونە ،قانوونی ئەساسی ئەو وڵاتەیە هەر بۆیە بە پێویستی دەزانم بە کورتیش بێت باسێک لە رۆل ونەخشی قانوونی ئەساسی بکەم وئەوکات بەوپێوەرانە هەڵسنگاندنێک بکەین بۆکرداری هەلبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئیران.
قانوونی ئەساسی هەر وڵاتیک دەرخەری سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتەیە کە بنەما و ساختاری ئۆرگانیزمی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبەری ئەو وڵاتە رێک دەخا. ئەگەر قانوونی ئەساسی بە پێ ئوسوولەکانی دیموکراسی دارێژرابێ شتیکی سروشتییە رێگا خۆشکەر دەبێ بۆ دامەزراندنی حکومەتیکی خەڵکی کە لەودا خەڵک بتوانن کاریگەری راستەوخۆیان هەبێ لە دیاری کردنی چارەنووسی سیاسیی وڵات. قانوونی ئەساسیی هەر وڵاتیک چوارچێوەیەکی قانوونی دادەمەزرێنی کە لەودا دیموکراسی دەتوانی پەرە بستێنێ. لێرەدایە کە پرسیار دەکەین رۆل و نەخشی قانوونی ئەساسی بۆ تێپەربوون لە نیزامێکی دیکتاتۆر و نادیموکراتێک بۆ نیزامێکی دیموکرات و خەڵک میحوەر چییە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەتوانین بڵیین کە دارشتنی قانوونی ئەساسی لە سەر بنەمای پێوەرەکانی دیموکراسی پێش بە گەشەکردنی بیری تاکپەرستی و دیکتاتۆری دەگرێ و لە هەمان حالدا کە دەنگی زۆرینەی خەڵک دەبێتە پێوەر بۆ بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات، مافی کەمینەش بە قانوون دیاری دەکری و زۆرینە لە سەریەتی مافی کەمینە بپاریزێ، هەر وەک کەمینە لە سەریەتی حاکمیەتی زۆرینە قەبوول بکا .
قانوونی ئەساسی دیموکراتیک ئەو بەستینە دەخوڵقێنی کە هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە بی هێچ جیاوازێک لە مافی شارۆمەندی بەهرەمەند بن . هەر وەکی پێشتر ئیشارەی پێ کرا هەر قانوونی ئەساسییەک کە لە سەر بنەمای پێوەرەکانی دیموکراسی دارێژرابی ئەو توانایە دەدا بە خەڵک کە لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی وڵات دا ئازادانە بەشدار بن، و لە هەمان کاتدا چوارچیوەیەک دیاری دەکا بۆ سنووری دەسەڵاتی زۆرینە و حاکمیەت. دیاریکردنی ئەو سنوورە بۆ پاراستنی دیموکراسییە. قانوونی ئەساسی یارمەتیی دیموکراسی دەدا هەتا بە تێپەربوونی زەمان زیاتر جێگیر بێ و ئەوە لە کاتێکدا دیتە گۆڕێ کە ئەو قانوونی ئەساسییە توافقی بەربەرینی پێکهاتەکانی خەڵکی لە پشت بێ و بۆ گەیشتن بە توافقێکی ئاوا پیویستی بە ئیعتمادسازی لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا هەیە، سەرکەوتنی گەورەش ئەوکات دەستەبەر دەبێ کە ئەو توافقە لە ڕێگای وتوێژ و ڕاوێژی بەربەرین لە نیوان نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا بەرێوە چووبێ.
بە کورتی قانوونی ئەساسی کە لە سەر مەبنای دیموکراسی دارێژرابێ دەبێ ئەو چەند خالەی لە خۆ گرتبێ:
١_ هەمە لایەنە بێ، واتا هەموو خاوەن هێزەکانی لە خۆ گرتبێ.
٢_ بە مانای راستەقینە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی لە خۆ گرتبێ.
٣_ پاراستنی مافی خەڵک ئەساسی ئەو قانوونە بێ، بەبێ گوێدان بە ئایین و مەزهەب و نژاد و ڕەگەز.
٤_ سەربەخۆیی دادگاکان لە بریارداندا تێیدا جێگێر کرابێ .
بەو پێشەکییە چاوخشاندن و هەڵسنگاندنێک دەکەین بە قانوونی ئەساسیی ئێران و شێوازی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا، بۆ ئەوەی بزانین قانوونی ئەساسیی ئێران چەندە رێگا خۆشکەرە لە بەر دەم هەلبژاردنی ئازاد و ئایا ئەوهەڵبژاردنانە لە گەڵ پێوەرەکانی دیموکراسی وکاریگەری دەنگی خەڵک بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەگونجی و یا کرداری هەڵبژاردن تەنیا بۆ دەرخستنی رواڵەتی جوان لە کۆماری ؟
قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بنەمای حکومەتی دینی پابەند بە «ولایت مطلقە فقیە» دامەزراوە و دوورە لە پێوەرەکانی دیموکراسی. بەپێ ئەسڵی ٤ی قانوونی ئەساسی «هەموو یاسا و ریساکانی مەدەنی و جزایی، ماڵی، ئابووری، ئیداری، فەرهنگی، نیزامی، سیاسی و هتد…دەبێ لەسەر ئەساسی رێوشوێنی ئیسلامی بن» و ئەو ئەڵە بەسەر هەموو ئەڵەکانی دیکەی قانوونی ئەساسیدا تەتبیق دەکرێ. لە ئەسلی ١٢دا دین و مەزهەبی ڕەسمی وڵاتیش دیاری دەکرێ و لە ئەسلی ٥دا حاکمیت دەدا بە نوینەری ئیمامی زەمان لە شکلی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیدا و لە ئەسلی ١١٥ کە باس لە سەرکۆمار دەکا بەروونی دەستنیشانی دەکا کە هەم دەبێ پیاو بێ و هەم دەبێ باوەڕدار بە مەزهەبێ رەسمیی وڵات بێ. ئەو چەند ئەسڵە لە قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیدا هیچ ڕێگایەک بۆ گەشەکردنی دیموکراسی و بەشداریی هەمەلایەنەی خەڵک لە پرسە چارەنووس سازەکاندا ناهێڵنەوە؛ هەر بۆیە هەر کاتیک باس لە هەلبژاردن دێتە گۆڕێ بەشیکی بەرچاو لە کۆمەڵگای ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە چاوی شک و گومانەوە دەرواننە هەڵبژاردنەکان. چونکە بەشێکیان بە هۆی دین و بەشیکیان بەهۆی مەزهەب و بەشیکی دیکەیان بە هۆی رەگەز و تەنانەت نەتەوەوە لە گەیشتن بە پۆستەکانی دەسەڵات و بەرێوەبەری ئێران بە قانوون بێبەش کراون لە هەڵبژێراندا وتەنیا مافی دەنگدانیان هەیە و ئەو مافەش تەنانەت شک و گومانی لەسەرە کە دەنگی دەنگدەران وەک خۆی لە سندووق دێتە درێ یان نا.
جا مادام قانوونی ئەساسی کە سەرچاوەی هەموو قانوونەکانی دیکەی وڵاتە بەو شێوەیە رێگر بێ لە بەشدارکردنی نوێنەرانی چین و تویژە جۆراوجۆرەکان و نوینەرانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان چۆن دەتوانرێ پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکڕاتیک بێ.
پرۆسەی هەلبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا بە پێچەوانەی پێوەرە باوەکانی هەڵبژاردن کە لە زۆربەی وڵاتانی دیموکراتیک رەچاو دەکرێ بەرێوە دەچێ وک ەسێک کە خۆی بۆ پۆستێک بەربژێر دەکا بێجگە لەو خاڵانەی وەک تەمەن و ڕادەی خوێندەواری و نەبوونی پێشینەی تاوانکاری … دەبێ بە پێ قانوونی ئەساسی ئەوکەسە پابەند بە رێووشوینی دینی ئیسلام ومەزهەبی رەسمی وڵات و وەفادار بە ویلایەتی فەقیه بێ. بۆ هەر بەربژێرێک ئەوە قوناغی یەکەمە وقۆناغی دووهەم دەبێ لە پاڵوێنەی شووڕای نیگابان دەربچێ وسەڵاحییەتی تەئیید بکرێ و قۆناغی سیهەم ئەو کاتەیە کە خەڵک دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و لە نێو ئەو بەربژیرانە کە قۆناغەکانی یەکەم و دووهەمیان تێپەڕاندووە هەڵدەبژێرن.
ئەوە بەو مانایە دێ کە لەو شێوازە هەڵبژاردنەدا خەلک بە مانای ڕاستەقینە نوینەری خۆی هەڵنابژیرێ، بەڵکوو لە نێوان ئەوانەی شوڕای نیگابان تەئییدی کردوون هەڵدەبژێرێ و ئەو شیوازە زیاتر پەسند کردنە نەک هەڵبژاردن. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگای ئێران بەوە رازین و دەنگیان لێوە نایە بەڵکوو دەبێنین رۆژ بە رۆژ سەقفی داواکاریی خەڵک دەچێتە سەرێ و ئەوە لە شێوەی ڕەفتاری خەڵک لە ئێراندا بەدی دەکرێ و کۆماڵگای ئێران هەوڵ دەدا بە کەمترین هەزینە و تێچوو دژایەتیی دەسەڵات بکەن ئەگەر هەڵبژاردنەکەیان لە نێوان خراپ و خرابتر دابێ. دەسەڵاتێش هەستی بەوە کردووە هەر بۆیە بۆ مانەوەی خۆی لە تاکتیکی نوێ دەگەرێ کە بتوانی بۆ ماوەیەکیش بێ خەڵکی پێ ڕازی بکا، دیبەیتەکان یەک لەو تاکتیکانەیە کە ڕێگە دەدا بەربژێرەکانی سەرکۆماری لە چاوپێکەوتنی تەلەڤیزیونی رووبەرۆی یەکتر ببنەوە و کار و تێکۆشان و تەنانەت ڕابردووی یەکتر بخەنە بەر رەخنە و لەو ڕێگایەوە فەزایەک دروست بکەن کە خەڵک پیێ هیوادار بێ و لە خەیاڵی خۆیاندا ساغ ببنەوە بۆ عیلاجی گیر و گرفتەکانیان دەنگ بە فلان بەربژێر دەدەن. ئەو شێوازە بۆ داهاتووی گەلانی ئێران مەترسیدارە خەڵک واباربێن کە چاوەڕێ بن هەتا کاتی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی لەو رێگایەوە قسەی دڵی خۆیان بکەن.
لە کۆتاییدا پێوێستە ئەوە دووپات بکەینەوە کە خەڵک بە هەوڵ و تیکۆشانی خویان پێویستە ئەو تاکتیکەی ریژیم کە بە شوعارەکانی سەردەمی هەڵبژاردن خەڵک هیوادار دەکا بە چاکسازی پوچەڵ بکەنەوە و لەسەر داواکانیان سووربن بۆ وەدستخستنی ئازادییە سیاسی و فەرهنگی و ئابوورییەکان وبە هەوڵ وتێکۆشان خویان سەرکوتکاریی قانوونمەندکراوی کۆماری ئیسلامی تووشی کێشە بکەن و دەسەڵاتداران لە بەرابەر داواکانیان ناچار بە پاشەکشە بکەن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.