لە مانگی رابردوودا لە ئێران هاوکات دوو هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆماری و شۆڕاکانی شارو دێ بەڕێوەچوو. بە دوور لەو جۆرە روانینانە کە هەر چەشنە هەڵبژاردنێک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە «شانۆگەری» دەزانن، ئەم دەورە لە هەڵبژاردنیش بە بەشداریی خەڵک بە تایبەت لە ناوەندە پڕ حەشیمەتەکانی ئێران کۆتایی پێهات. لە گەڵ ئەوەی هەمیشە گومان لە دەستێوەردان و فرتوفێڵ لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان دەکرێ و بە بێ ئەوەی قسەیەک لە رێژەی دەنگدەر و رێژەکانیدیکە بکەینەوە بۆ جارێکی دیکەش بە دەنگی خەڵک، رووحانی بووەوە بە سەرۆک کۆمار.
هاتوهاوارەکانی پێش هەڵبژاردن کۆتایییان پێهات، بەرەبەرەش خەریکە لە بیر دەچێتەوە کە لە ئێراندا هەڵبژاردنێک بووە و نەتیجەکەی چ شوێنەوارێکی لەسەر داهاتوو دەبێ، بەڵام ئەو راستییە لەبەرچاو ون نابێ کە کۆمەڵگەی ئێران بەرەو گۆڕانێکی بنەڕەتی هەنگاوی ناوە و ئەو گۆڕانە بە شێوەیەک لەم دەورە لە هەڵبژاردنیشدا دەرکەوت.
ئەوەی جێگەی ئەم باسەیە گۆڕانێک نیە لە نێو دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا، بەڵکوو ئەو گۆڕانە فیکری و فەرهەنگییەیە لە نێو خەڵکدا و بە تایبەت لە نێو بەرەو نەسڵی تازە پێگەیشتووەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا دروست بووە. گۆڕانێک کە حاکمانی کۆماری ئیسلامیی تووشی دڵەخورپە کردووە و ئەگەر گوێ لە قسەکانی خامنەیی لە پێش هەڵبژاردن و بە تایبەت لێدوانە یەک لەدوای یەکەکانی لە پاش هەڵبژاردن بگرین کە بە چ نیگەرانییەکەوە باس لە مەترسی دوو قوتبی بوون دەکا، کە باش دیارە باس لە دروستبوونی قوتبی ناڕازیان بەرامبەر بە قوتبی دەسەڵات و دەست و پێوەندەکانیانە، دەردەکەوێ کە نیگەرانییەکانی ناوبراو تا چ ئاستێک بۆ رێژیم گرینگ و مەترسیدارن.
لە ڕاستیدا خامنەیی و دەست و پێوەندەکانی کە باوەڕیان وایە خەڵک دەبێ بۆ پاراستنی حکوومەتە ئیلاهییەکەیان گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەکانیان بن، ئیستا بۆیان دەرکەوتوە کە کۆمەڵگەی ئیستای ئیران وەک سەرەتای دەسەڵاتدارییەکەیان و ساڵەکانی دەیەی ٦٠، چاو و گوێ بەستراو نین و دروشمە ئایینییە درۆزنانەکانیان چی دیکە ناتوانێ فریویان بدا. ئەودەم مزگەوت و رەوزەخوێنەکان و نوێژی هەینی و خوتبەخوێنەکانی دەستنیشانکراوی دەزگای رێبەری دەرسی خەڵکیان دادەدا و بۆ دوورخستنەوەیان لە راستییەکانی ژیان، حیکایەتە کۆن و دروستکراوەکانی خۆیان بە ناوی گێڕانەوەی ژیانی ئیمامەکانیان یا تەفسێری ئایەتەکانیان لە زمان ئەوانەوە، دەکردە خۆراکی مێشکیان و لەم رێگەوە بۆ هەر کارێکی نەشیاوی مرۆڤایەتی هانیان دەدان.
بەڵام ئیستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەو دەورانە تاریکەدا، رێگاکانی پێوەندیی خەڵک ئەوەندە زۆر بوون کە بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندنی یەکتر، پێویستییان بە چوونە مەجلیسی رەوزەخوێنەکان نەماوە. خەڵکی ئیستا لە جیاتی گوێگرتن لە مێژووی دروستکراوو پڕ لە درۆی ئاخووندەکان، بە بەرەکەتی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و پەرەگرتنی پێوەندی ئینترنێتی، خۆیان لە ناو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە. بەربڵاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوونی خەڵکێکی زۆر بە تایبەت لە ناوەندی شارە گەورەکان و کەڵکوەرگرتنی دروست لەم پێوەندییانە، رێگەی گەیاندنی بەربڵاوی پەیامەکانی بۆ ئاسان کردوون و ئەمەش هۆکارێکی باشە بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان و کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری یەکتر. هەر ئەمەش وای کردووە کە لە هەر حەرەکەتێکی جەماوەریدا بۆ وێنە هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی ئێران، لاینگرانی خیابانی رێفۆرمخوازەکان شوێندانەرییان لە مەجلیسی رەوزەخوێنەکان لەسەر خەڵک زیاتر بێ.
ئەم دیتنانە دەرخەری ئەو راستییەن کە کۆمەڵگەی ئێران بە دوور لە حەز و بەرنامەکانی رێبەرانی ئەسڵی کۆماری ئیسلامی، بەرەو پێش و بەرەو گۆڕانێکی جیدی هەنگاو دەنێ. گۆڕانێک کە بەبێ شکڵگرتنی توێژی ناوەندی کۆمەڵگە ئیمکانی پێکهاتنی نیە و هەر ئەمەش نیشان لە بوونی ئەم توێژەیە، بە تایبەت لە ناوەندی شارە گەورەکان و زیاتر لە تارانی پێتەختی ئێران کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە هەوڵی حاشالێکردن و لە نێوبردنی درا. شکڵگرتنەوە و بوونی ئەم توێژە بۆ خۆی ئەو راستیەمان دەخاتەوە بەرچاو کە، بەشی زۆری خەڵکی ئێران بەو فکرە کۆنە داسەپاوەی سێ دەیەی رابردوو رازی نین و لەهەر فرسەتێک بۆ خۆ دەرخستەوەی ئیرادەی خۆیان بە پێی هەلومەرجەکان کەڵک وەردەگرن. ئەگەر هێزە پێشکەوتوو و پێشکەوتنخوازەکانی ئێران بتوانن خوێندنەوەیەکی واقعبینانەیان لە گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی هەبێ و بە وردی پێو شوێنی رووداو و ئاڵوگۆڕەکان بگرن، دەکرێ پەرەسەندنی وەها بیرکردنەوەیەک لە ناو کۆمەڵگەی رۆشنبیری ئێراندا، بێگومان وەک هێزێک کە لە داهاتوودا بە گژ سیستمی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیدا بچێتەوە ببینن. ئەمە ئەو شتەیە کە خامنەیی نەیتوانی ترسی خۆی لێ بشارێتەوە و بە وەبیرهێنانەوەی دەورانی سەرۆککۆماری بەنی سەدر، ویستی رووحانی و هاوفکرەکانی کە پشتیان بە دەنگی ئەو خەڵکە بەستووە لە تێگەیشتنی خۆی لە مەسەلەی دوو قوتبیبوون ئاگادار بکاتەوە. ڕێبەر! پێش ئەوەش جەماعەتی «آتش بە اختیار»یشی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەر سەربزێوییەک بە شێوازی حیزبوڵڵایی رووبەڕوو ببنەوە.
بەڵام ئەگەر بچینە نێو واقیعی رووداوەکانی ئەمدواییانە لە دەورووبەری هەڵبژاردن و، کێبەرکێیەکانی نێوان جیناحەکانی رێژیم، لەوێش ئەو جیاکارییە لە لایەن خەڵکەوە بە روونی دەبیندرێ. زۆربەی خەڵکی ئێران بە زۆر بەهانە و لە زۆر رێگەوە دەریانخستوە کە لەگەڵ رێژیمی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیدا نین. لە هەڵبژاردنەکانی ئەم چەند دەورەیەی رابردووش لە رێگەی دەنگەکانیانەوە زۆر بە روونی ئەم پەیامەیان نە تەنیا بە سەرکردەکانی رێژیم بەڵکوو بە هەموو دنیا راگەیاندووە. خەڵک ئەگەر دەچنە دەنگدان بەشێکیان بۆ ئەوەی [نا] بە رێبەری نیزام بڵێن، دەنگ بەو کەسانە دەدەن کە فاسڵەی فکرییان لەگەڵی هەیە و ئەمەش شانسێک بووە بۆ باڵەکانی دیکەی رێژیم کە بە ناوی ئیسڵاحتەڵەب یا ریفۆرمخواز ناسراون و ئیستا ئیتر زیاتر لە دەورەی پێشوو خەڵک چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیانە کە لە کاتی هەڵبژاردنی ئەمجارەش دووپات کرانەوە.
راستییەکی دیکەش کە ئەم گۆڕانە لە نێو خەڵکدا دەردەخا، پاشەکشە پێکردنی ساڵ لە دوای ساڵ زیاتری جیناحی ئوسوولگەرا لە بەرامبەر ئەوانی دیکەدایە. لە بیست ساڵ لەمەوبەرەوە کە بە ناوی ئیسڵاحات، محەممەد خاتەمی بوو بە سەرۆک کۆمار تا ئێستا ئەگەر رێژەی دەنگدەران بەرزی و نزمی هەبووە، بەڵام بەبەردەوامی دەنگی بەرەی بەرامبەر بە خامنەیی لە ناو کۆماری ئیسلامیدا رووی لە زیادبوون کردووە. ئەمە لەوانەیە بە جۆرێک لەبەر ئەوە بێ کە، ئوسوولگەراکان خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ سەردەمە جیاوازەکان نیە و بە پێێ هەست و ویستی ئەم سەردەمەی خەڵکی ئێران ناتوانن بەرنامەیەکینوێ بۆ سیاسەت و ئیدارەی وڵات بخەنە بەردەم خەڵک، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە بێ متمانەیی خەڵک بە گشتی لە نیزام، هۆکاری ئەسڵیی ئەم گۆڕانەیە. خەڵک کە بە گشتی لە نیزام ناڕازی و بێزارن و خامنەیی بە نمادی دەسەڵاتداریی نیزام دەزانن، بە هەموو شێوەیەک بە رەدکردنەوەی خۆی و پەیام و نوێنەرەکانی ئەگەر هەر نەبێ لە رێگەی دەنگدانەوە، بەو نیزامە دەڵێن [نا]. ئەوان نە تەنیا لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا، بەڵکوو پێشتریش لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرەگان و مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و ئەمجارەش لە هەڵبژاردنی شووڕاکاندا، نزیکترین و خۆشەویستترین کەسایەتییەکانی رێبەریان، لە مەیدان کردە دەر.
راستە کە هەتا ئیستاش رێبەری نیزام ئەهرومەکانی دەسەڵاتی بە دەستەوە ماوە، بەڵام ئەم رەوتە ئەگەر بەردەوام بێ، دەبێ چاوەڕوانی گۆڕانێکی جیدی بین، کە لایەنێکی لەوانەیە رووبەڕوو بوونەوەی راستەوخۆ و یەکلاکەرەوە بێ بۆ کۆتایی پێ هێنان بە دەسەڵاتدارانی نیزام و رێبەری کۆماری ئیسلامی.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.