جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی نە یەک و دوون و، نە هەر لە بڕگەیەکی مێژووی دهسهڵاتدارهتیی ئەو ڕێژیمەدا کراون. کۆماری ئیسلامی ههر لەگەڵ گوورانی فرچکی بە خوێن و تاوان گرتوە و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە پەیژەکانی سەرکەوتن و بڕینی پلەکانی بەرپرسایەتیی سەروویان بە پێودانگی چەندی و چۆنیی بەشدارییان لەو جینایەتانەدا وەرگرتوە؛ وەک چۆن یەکێک لە شانازییەکانی سەید ئیبڕاهیم ڕەئیسی، ڕکەبەری سەرەکیی حەسەن ڕوحانی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی مانگی ڕابردوو، بەشداریی راستەوخۆی لە کۆمەڵکوژییە سیاسییەکەی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی 67 و سەرکوت و قەڵتوبڕی هێزە سیاسییەکانی نەیاری ڕێژیم بوو.
شکستی ماشێنی نیزامیی ئێران له شهڕی٨ساڵە لەگەڵ عێڕاق کە بۆ کۆماری ئیسلامی حەیسییەتی بوو، تورموزی به ماشێنی سهرکوتی ئازادییه سیاسییهکانی خهڵکی ئێران بڕی، ڕهوتێک که رێژیم ههر له سهرهتای بهدهستهوه گرتنی جڵهوی دهسهڵات له ئێران بۆ دهرکردن گڕووپ و لایهنه ڕکهبهره سیاسییهکان له مهیدان دهستی پێکردبوو. ئهم ڕهوته له نێوخۆی وڵاتدا دوای خواردنهوهی جامی ژارهکه لهلایهن خومهینی بۆ قهرهبوو کردنهوهی باری ڕهوانیی تێکشکان له شهڕ لهگهڵ عێڕاق دهستی پێکرد و کوشتاری ههزاران بهندیی سیاسی و زاڵکردنی کهشی سهرکوت له تایبهتمهندییه بهرچاوهکانی ئهو سهردهمه بوون. سهردهمێک که ئیدی کۆتایی شهڕ، کۆتایی به شاردنهوه و پهراوێزخستنی ئهو قهیران و کێشانهش هێنا که لهمێژساڵ بوو بهربینگیان به خهڵکی ئێران گرتبوو، بهڵام له حاڵ و ههوای شهڕدا نهدیو دهکران.
بە گشتی کوشتنی دژبەرانی سیاسی، تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەرکوتی کەمە نەتهوه و کهمه ئاینییەکان، ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی و دەستدرێژیکردنەسەریان چەند ڕەهەندێکی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامین. لهو پێوهندییهدا تێرۆری کەسایەتییە سیاسییەکانی وەک د.عەبدوڕەحمانی قاسموو و د. سادق شەڕەفکەندی، دوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، شاپوور بەختیار، دوایین سەرۆکوەزیرانی ڕێژیمی پێشوو و دەیان کاراکتێری سیاسیی دیکە لەگەڵ کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی 1367 دوو ڕەهەندی گرینگی ئەو جینایەتانەن کە شوێنکاری زۆریان لەسەر خەباتی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بە دژی کۆماری ئیسلامی داناوە. شوێنکاری ئەو ڕووداوانە نەک هەر لە کاتی ڕوودانیان، بگرە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان دیار و بەرچاوە، هەم وەک بەڵگە بۆ ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامی، هەم وەک پەڵە شەرمێک کە نەوەی نوێی کۆماری ئیسلامی لەمێژە هەوڵی پاکردنەوە و سڕینەوەی دەدا.
تێکدانی گۆڕێکی بەکۆمەڵی 44 زیندانیی سیاسی لە ئەهواز کە لە کۆمەڵکوژییەکەی هاوینی 67دا گوللەباران کران، نوێترین هەوڵی دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییە.
بێشک تێکدانی ئەو شوێنە بەمانای نەهێشتنی بەڵگەکانی تاوانە. کاربەدەستانی ڕێژیم دەیانەوێ بیرەوەریی ئەو جینایەتانە لە مێژوودا بسڕنەوە و هەروەها بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان لە مافەکانیان بێبەش بکەن و، مافی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، عەداڵەت و قەرەبووکردنەوەیان لێ بستێنن.
نموونەی هەوڵێکی لەو چەشنە لە گۆڕستانی بەهەشتی زارا لە شاری مەشهەدیش دراوە، ئەو جێیەی کە شوێنی شاردنەوەی تەرمی ١٧٠ زیندانیی سیاسییە کە بە کۆمەڵ گوللەباران کران.
ئەگەرچی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دامودەزگا حکومەتییەکان بەهەموو شێوەیەک ڕێیان لە سەردانی بنەماڵەی قوربانیان لەو شوێنانە گرتوە، بێڕێزی و سووکایەتییان هەم بە گڵکۆی ئەو گیانبەختکردووانە و هەم بە بنەماڵەکانیان کردوە، ناوی قیزەونی وەک «نەحلەتاوا»یان لەسەر ئەو شوێنانە داناوە و ڕێگەی ئەوەیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە گۆڕی ئازیزەکانیان لانیکەم کێل و بەردەنووسێکیان لەسەر بێ؛ بەڵام ئەمە هیچ کات نەبۆتە هۆی ئەوەی ئەم جینایەتانه لە بیر و مێشکی خەڵکی بچنەوە. جینایەتێک کە تێیدا لانیکەم ٣٨٠٠ کهس و وەک زۆربەی سەرچاوەکان باسی دەکەن ٤٤٠٠ زیندانیی سیاسی درانە بر ئاگری گوللە، کەسانێک کە تەنیا تاوانیان «نا»گوتن بە کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتیان لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیمدا بوو.
کۆمەڵکوژییەکەی هاوینی ٦٧ نابێ قەت لە بیر بچێتەوە و ئهوه دهبێ ئهرکی گشتیی ههموو لایهک بێ، چونکی ئێستاش دەبینین کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی درێژەی هەیە، هەر پارەکە بوو کە 25 زیندانیی سیاسی و عەقیدەتیی کورد لە زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج بە کۆمەڵ لەداردران. ڕاستە بڕیاردەری سەرەکیی ئەو جینایەتانه خۆمەینی بوو کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، بەڵام هەم نیزامە سیاسییەکە و بەڕێوەبەرانی بڕیارەکە بەشی زۆریان لە ژیاندان و دەبێ بدرێنە دادگا و وەڵامدەری کردەوەکانیان بن؛ وەک ئیبڕاهیم ڕەئیسی، کاندیدی سەرۆککۆماری و بەرپرسی بنیاتی ماڵی و ئایینیی ئاستانی قودسی ڕەزەوی؛ مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری دادی دەوڵەتی ڕوحانی؛ حوسێنعەلی نەییری، جێگری دیوانی بەرزی وڵات و موڕتەزا ئیشراقی کە ئایەتوڵڵا مەنتەزیری لە کۆبوونەوەیەکدا هەموویانی بە جینایەتکاری مێژوو ناوبردبوو.
ئەستاندنی دادی قوربانیانی ئەو جینایەتانە پەروەندەیەکی کراوهیه. ئەو تاوانە گەورانە لە کاتێکدا کران کە قوربانیان دەرەتانی هیچ بەرگرییەکیان لە خۆیان نەبوە و تەنانەت لەلایەن میدیا و ئۆڕگانە حکومەییەکانەوە دێوزمەیەکیان لێ سازکرابوو هەتا قەڵتوبڕیان نەبێتە هۆی هیچ کاردانەوەیەک لە کۆمەڵگادا. بۆیە تا ئەو کاتەی کەڕامەتیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە، تا ئەو ساتەی بکەرانی ئەو جینایەتانە وڵامی شیاوی خۆیان وەردەگرنەوە و بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو دەکرێنەوە، دەبێ ئەو پەروەندە و بەڵگەکانی تاوانەکە و یەک لەوان شوێنی شاردنەوەی تەرمی ئەو هەزاران کەسە پارێزراو بێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.