ئاماژە:
ڕووداوەکانی ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵی تاران، جارێکی دیکە بوون بە هۆی ئەوە پێوەندیی تاران، داعش و کورد لە گەڵ یەکتر بێنەوە بەرباس و بە شێوەی جۆراوجۆر قسەیان لێ بکرێ. کۆماری ئیسلامی لە پێتەختی دەسەڵاتدارەتییەکەی، ئەویش لە دوو شوێنی واتادار، یەکەمیان مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و دووهەم لە مەزارگەی خومەینی، دامەزرێنەر و ڕێبەری ئەو ڕێژیمە هاوکات کەوتە بەر زنجیرەیەک هێرشی تیرۆریستی. هێرشەکانیش بە هۆی کەسانێکەوە بەڕێوە چوون کە کوردزمان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون. هەم ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارەتیی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی گرتە ئەستۆ و هەم کۆماری ئیسلامییش، هێرشەکانی بە کاری داعش زانی. لە سۆنگەی ئەم ڕووداوانەوە، لە نێوخۆی ئێران و بە تایبەتی کەسان و ناوەندگەلی سەر بەڕێژیم، کوردزمان بوونی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەیان کردە بیانوو بۆ لێدوانی دوژمنانە بەرامبەر کورد و بڵاوکردنەوەی ڕق و نەفرەت لە دژی ئەو نەتەوەیە. هێرشە تەبلیغاتییەکە هەر کورد لە نێو ئێرانی نەگرتەوە بەڵکوو کوردی باشووریشی دایە بەر رەحمەتی خۆی، ئەویش لەکەشوهەوایەک دا کە پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان، لە ساتەوەختی بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونەکەی نزیک دەبۆوە. ئەم زنجیرە وتارە هەوڵ دەدا لە هەر ئەڵقەیەکی خۆیدا هەڵوەستە لەسەر ڕەهەندێکی باس و لێکدانەوەکانی پێوەندیدار بە ڕووداوەکانی ١٧ی جۆزەردانی تاران بکا.
ڕەهەندی یەکەم: هێرشی تیرۆریستیی ڕاستەقینە یا سیناریۆی دەسکردی سوپا و بەیتی رەهبەری؟
لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە خۆی وەک یەک لە کاریگەرترین جەمسەرەکانی شەڕ لە گەڵ داعش پێناسە بکا و بە ئامانجکرانی تاران لەم هێرشانەدا بباتەوە سەر ڕۆڵی خۆی لە شەڕی ناوچەیی لە گەڵ داعشدا، زۆر لە شڕۆڤەکارانی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی، گومانیان لە واقعیبوونی هێرشەکاندا هەیە و وەکوو سینارێۆک کە ناوەندە سەرەکییەکانی خودی ئەو ڕێژیمە دایانڕشتوە، لێیان دەڕوانن! بەشێک لەوانەش کە لە بە سیناریۆناوبردنی هێرشەکان خۆیان بواردوە، لانیکەم نەیانشاردووەتەوە حکوومەتێک و لایەنێک کە بۆ خۆی پشتیوان و هاوکاری ڕیکخراوە تیرۆریستییەکان بێ، دووکەڵی ئەم پشتیوانی و تێکەڵاوییە ، ڕۆژێک داوێنی خۆیشی دەگرێتەوە.
پرسیارێکی زۆر ساددە ئەوەیە چلۆن دەکرێ ڕێژیمێک دوو ناوەندی هەرە دیاری خۆی کە یەکەمیان (مەزارگەی خومەینی) لە ڕووی پیرۆزی و ڕووگەبوونی بۆ بەڕێوەبەران و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و، دووهەمیان (مەجلیسی شوورای ئیسلامی) کە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگیەکی تایبەتیان هەیە، بکا بە شوێنی بەڕێوەبردنی سیناریۆیەکی خوێناوی کە خۆی دایڕشتوە؟! موحتەمەل بوونی ڕاستبوونی ئەو جۆرە بۆچوونانە کاتێک بە هێز دەبێ کە ٣ فاکتۆر لە بەر چاو بگرین:
یەکەم، پێشینەی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی سیناریۆی ئەمنیەتی و خوێناوی دا کە کارنامەی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بە دەیان نموونەی لەو چەشنەیان تیدایە. نوێترین نموونەکان مردنی گوماناویی ڕەفسەنجانی و، سووتاندن و دواتر تەقاندنەوەی بینایەی پلاسکۆ، بوون. کۆمەڵی ئێران هەتا ئێستاش ئەمانەی وەک رووداوی سروشتی وەرنەگرتوون. لە پێشووش دا نموونەی وەک کوشتنی ئەحمەدی خومەینی، تەقاندنەوەی بارەگای ئیمام ڕەزا لە مەشهەد، تیرۆری ٤ قەشەی مەسیحی و تەقینەوە لە مەزارگەی خومەینی، هەبوون کە ئیدی ئێستا، دوای لێکتر لەقاودانەکانی پاش ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٦ بە بەڵگە سەلمێندراون کە سێ کوچکەی بەیتی ڕەهبەری و وەزارەتی ئیتلاعات و سوپا، لە پشت یەک یا چەند لەم ڕووداوانە بوون. لێرەدا لەناوبردنی ئامانج و نیازی پشت سیناریۆی پێوەندیدار بە هەر کام لەو رووداوانە دەگوزەرێین. ئەو خاڵەشمان لە بیر نەچێ کە لێرەدا بە ئەنقەست باسی ئەو پیلانانەی دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، دژی کەسایەتییە جیابیرەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەرەوەی ڕێژیم بەڕێوەیان بردوون، ناکەین. تەنیا وەک نموونە ئاماژەمان بە چەند رووداوێک کرد کە پێشتر بە زەحمەت شیمانە دەکرا ڕێژیم بۆخۆی لە پشتیان بێ، کە چی دواتر دەرکەوت بەڕێوەبەر و ناوکەی سەرەکیی دەسەڵات لەم ڕێژیمە دا ئامادەیە بۆ ئامانجی سیاسی و ئەمنیەتی و بەرژوەندی لە ڕوانگەی خۆیەوە گرینگ، شتی وای بکا.
دووهەم، جۆرەی هەڵسوکەوت و دژکردەوە نیشاندانی ناوکە سەرەکییەکانی دەسەڵات و دەمڕاستەکانیان لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ڕووداوگەلی لەم چەشنە دا کە لە جیاتیی یارمەتی دۆزینەوەی راستییەکان بدەن، پرسیار و گومانی زیاتر دروست دەکەن. چونکە جگە لە ناتەباوێژی و بڵاوکردنەوەی درۆ و ئیددیعای نەسەلمێندراو لە پێوەندی لە گەڵ لایەنێک یا چەند لایەنی ڕووداوەکە و کەسەکانی پێوەندیدار، وا دەکەن سەرەداوەکان هەر لە سەرەتاوە بە تەواوی ون ببن یا دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە نێو بچن. لێکۆڵینەوە لەم جۆرە ڕووداوانە بە دوور لە چاوەدێریی میدیاکان و نوێنەرانی بیروڕای گشتی، بەڕێوە دەچێ و کارنامەی دامەزراوە پیوەندیدارەکانی ئەو ڕێژیمە لە دانی زانیاریی ڕاست و دروست بە خەڵک دا، بە تەواوی ڕەش و گوماناوی بووە. ئەمەش وای کردوە بە چاوی گومان و پرسیارەوە روانین لەو رووداوانەی لە نیو کۆماری ئیسلامی دا روو دەدەن، هەتا هاتوە بە هێزتر ببێ.
سێهەم، لە کۆماری ئیسلامی دا عادەت وابووە ئەنجامی ململانێی دوو قۆڵی سەرەکیی نێو ڕێژیم بە تایبەتی ئەو کاتانەی ململانێکان لە سۆنگەی جۆری دەنگدانی خەڵکەوە، لە زیانی ویست وبەرژەوەندی رەهبەری و سوپای پاسداران و کۆنەپارێزەکان دەچنە پێش، لە ڕێگای قەیرانسازییەوە، پێچەوانە بکرێتەوە. هێرشەکانی ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵی تاران بە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ و شکستی کاندیدای قۆڵی کۆنەپارێزدا روویان دا. هەر لە دوای ڕاگەیەندرانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، سیاسەتی حەسەنی رووحانی لە هەر دوو بواری نێوخۆیی و دەرەکی دا پتر لە پێشوو کەوتنە بەر ڕەخنە و هێرشی قۆڵی کۆنەپارێز و، لە سەرووی هەموانەوە شەخسی خامنەیی. ئەوەی لە دوای ئەم هێرشانەشەوە لە زمانی خامەنەیی و دەمڕاستەکانی قۆڵی کۆنەپارێزەوە بە ڕاشکاوییەکی زیاترەوە پێیان لە سەر دادەگیرێتەوە لە ژێر پرسیاردابوونی ڕێککەوتنی بەرجام، پێویستیی درێژەی مەیدانداریی نیزامی و ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا و پێویستیی شەڕ لە گەڵ «دوژمنان» لە دەرەوەی سنوورەکان و دووریکردن لە هەر چەشنە نزیکبوونەوەیەک لە گەڵ ئەمریکایە. لە ئاستی نێوخۆییشدا شەخسی خامەنەیی بە دوای هەڵبژێرانەوەی ڕۆحانی، بە جۆرێکی بێوێنە هەڵ دەکوتێتە سەر ئەو دروشم و بەڵێنانەی ڕۆحانی بانگەشەی بۆ کردوون. ئایا ناگونجێ هێرشەکانی ڕۆژی ١ی جۆزەردان، سیناریۆیەکی سوپای پاسداران بە ڕەزامەندیی شەخسی خامەنەیی بۆ گۆڕینی دۆخی سیاسی و ئەمنیەتیی وڵات لە بەرژوەندی خۆیان و بە زیانی سەرکۆمار و لایەنگرەکانی بێ؟
هێرشەکانی ١٧ی جۆزەردان، چ هێرشی ڕێکخراو لە لایەن داعشەوە بووبن، چ بەشێک بووبن لە سیناریۆکی دەسکردی سوپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری و هتد، ئاکامێکی دیاریان هەبووە، ئەویش دەست ئاوەڵایی ڕەهبەری و سوپای پاسداران و دامەزراوەکانی سەر بە خامەنەیی بۆ دەرهێنانی بەڕە لە ژیر پێی سەرکۆماری هەڵبژێردراوو، وەڕێخستنی شەپۆلی سەرکوت و دەمکوت لە نێوخۆدا. هەر وەها دەستی ئەوانە ئاوەڵا بووە بۆ بەردەوامی و درێژەدان بە سیاسەتی دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و زاڵکردنی هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دا لە ڕێگای بردنە پێشی شەڕی ئایینی. ناوکەی سەرەکیی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی دا، دەیەوێ بە کەلکوەرگرتن ڕووداوەکانی ١٧ی جۆزەردان، سەرهەڵدانی هەر جۆرە دوودڵی و ڕاراییەک لە درێژەدانی نیاز و سیاسەتەکانی پێشوو لە نێو نیزامدا سەرکوت بکاو، دەرگای سیاسەتە دەرەکی و نیوخۆییەکانی ئەو ڕێژیمە هەر لە سەر هەمان پاژنەی جاران بوخلێتەوە. بەم پێیە هێرشەکانی ١٧ی جۆزەردان، هەلێکی زێڕێنی بۆ رەخساندوون. هەلێکی زێڕێنی ئەوتۆ کە گریمانەی سیناریۆ و گوماناوی بوونی هێرشەکانی ١٧ی جۆزەردان، ئەوەندەی دیکە بە هێز دەکا.
لە ئەڵقەی دووهەمی ئەم وتارە دا، باس لە پێگەی کورد و کۆماری ئیسلامی لە شەڕی داعشدا دەکەین.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.