کردەوە تیرۆریستییەکەی ١٧ی جۆزەردانی تاران، کە داعش بەرپرسایەتییەکەی گرتۆتە ئەستۆ، وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی شایانی مەحکووم کردنە، بەڵام ئەوە تەنیا ڕوویەکی ئەم ڕووداوەیە. ئەم ڕووداوە لە ڕاستیدا بەرهەمی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕێژیمی مەزهەبیی تارانە. لە راستیدا ئەوە دووکەڵێک بوو کە دەبوا ڕۆژێک بگەڕێتەوە نێو چاوی خۆیان.
کورتە ئاوڕێک لە سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە خۆی بە ناوەندی هەموو شیعەکانی جیهان دەزانێ لە ئاستی نیوخۆیی و دەرەکیدا سەلمێنەری ئەم بۆچوونهیه. لە ئاستی نێوخۆییدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پێی قانوونه بنەڕەتییەکەی رێژیمێکی شیعەگەرایە و تەنیا تەشەییوع بە مەزهەبی رەسمی دەناسێ. بەو پێیە هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانییەوە سەرەڕای کۆمەڵێک دروشمی ڕواڵەتی لەمەڕ یەکیەتیی ئایینزاکانی تەشەییوع و تەسەننون لە ڕاستیدا درێژەدەرێکی بەتەواو مانای قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانەی مێژوویی ئەم دوو ئایینزایە بووە و لە هیچ چەشنە هەڵاواردن و جیاوازیدانان و سەرکوتکارییەک بەرانبەر ناشیعەکان خۆی نەبواردوە.
لە پەنا ئەم سیاسەتە فەرمییەدا دەسەڵاتدارانی تاران بۆ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا له هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ناکۆکیی مەزهەبی لە نێوان پێڕەوانی ئەم دوو ئایینزایەدا، سیاسەتێکی زۆر جیاوازتریان بەرانبەر دەستە و تاقمە بناژۆخوازە سونییەکاندا گرتۆتەبەر. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە تاقم و گڕووپە بناژۆخوازانە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ جۆرێک دەستئاوڵایی بانگەشە و رێکخستنیان پێدراوە. بەڕادەیەک کە تریبوونی ژمارەیەک لە مزگەوتەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە ئاشکرا کەوتۆتە دەست کەسانی سەلەفی و جیهادی.
ڕوونە ئەم جۆرە مەیداندانە بە گرووپە توندرۆ سوننیەکان نە لەگەڵ نێوەرۆکی ئەم رێژیمە و نە لەگەڵ سیاسەتەکانی بەرانبەر لایەنگرانی ئایین و ئایینزا ناشیعەکان یەکناگرێتەوە. رێژیمی تاران لە پێناوی دوو ئامانجی نێوخۆیی و دەرەکیدا ئەم سیاسەتەی بەرانبەر ئەم گرووپانە گرتۆتەبەر، بە بێ ئەوەی پێی وابێ یان لە راستیدا بۆی گرنگ بێ کە رۆژێک لە رۆژان لەگەڵ ئاکامە زیانبارەکانی ئەم سیاسەتە ئامرازیانەیەی بەرانبەر پەرەگرتنی بونیادگەرایی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕوو دەبێتەوە. چونکە هەر وەک لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی پشتگیریی رێژیمی تاران لە گرووپگەلێکی تایبەتی بونیادگەرای سوننی لە وڵاتانی ناوچەدا ئاماژەی پێدەکرێ، ئەم سیاسەتە تەنیا سیاسەتێکی کاتی، ئامرازگەرایانە و بەرژەوەندخوازانەیە کە بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەل دوژمنێکی هاوبەش گیراوەتەبەر. سیاسەتێک کە دیارە پیادەکردنەکەی تەنیا لە دەست وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران دایە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم سیاسەتە پەرەپێدانی ئیسلامی سیاسی و بناژۆخوازە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ئەویش لەسەر ئەم بنەمایە کە بە کەلکی خراپ وەرگرتن لە هەستی ئایینیی خەڵک، خەنیم و بەدیلێکی ئایینی ئەویش لە چەشنە هەرە دزێوەکەی بۆ بزووتنەوەی هەردەم پەرەئەستێنی نەتەوەیی کوردستان دروست بکەن. سیاسەتێک کە رێژیمی ئێستای ئێران پێشتریش هەوڵی بۆ دابوو، بەڵام تێیدا ناکام مابۆوە.
لە ئاستی دەرەکیدا سیاسەتی سەرەکیی رێژیمی مەزهەبیی تاران بریتی بوە لە هەناردەکردنی بەقسهی خۆیان «شۆڕش» یان لە ڕاستیدا شیعەگەرایی. لە سەر ئەم بنەمایە رێژیمی تاران خۆی لە کاروباری هەموو ئەم وڵاتانە هەڵقورتاندوە کە بەشێک لە دانیشتوانیان شیعەن. سیاسەتێک کە خۆی لە قووڵکردنەوەی کێشە و ململانەکانی ئەم وڵاتانە و یارمەتیی ماددی، نیزامی، ئابووری و سیاسیی شیعەکانی ئەم وڵاتانەدا نیشان داوە. لەم پێوەندییەدا دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کێشە و شەڕە نێوخۆیییەکانی عێڕاق، سووریە، لوبنان، یەمەن و… لە ئاستێک دایە کە ڕێبەرانی رێژیم بە هیچ شێوەیەک نەک نایشارنەوە، بەڵکوو شانازیشی پێوە دەکەن.
سیاسەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرانبەر دەستە و تاقمە سوننیە توندرۆ و بونیادگەراکان لە دەرەوەی وڵاتیش سیاسەتێکی جیاواز و ئامرازیانەیە. لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونە دەکەین. رێژیمی تاران بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناتەبایی و دژوازییە ئایینزایی و ئیدیۆلۆژیکییەکانی لە دەیەی هەشتاوە هەوڵی داوە یارمەتی بە حیزب و گرووپە سوننە توندرۆیەکان وەک بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی جوندولئیسلام و… لە باشووری کوردستان بکا. ئەم گرووپانە لە خاکی ئێران وەک پەناگە و شوێنی خۆتەیارکردن کەلکیان وەرگرتوە. لێرەشدا ئامانجی سەرەکیی رێژیمی تاران بریتی بووە لە بەکارهێنانی ئەم لایەنانە لە دژی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لایەک و لەلایەکی دیکەوە حیزب و ڕێکخراوەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی باشووری کوردستان. لە پێوەندی لەگەڵ خزمەتەکانی ئەم لایەنانە نموونەگەلێکی وەک سیخوری، تیرۆر و رفاندن و رادەستکردنەوەی کادرو پێشمەرگەکانی سەر بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ لە باشووری کوردستان بەرچاو دەکەون.
لە عێڕاقی دوای رڕووخانی حکومەتی بەعس کە سوننییە توندڕۆکانی عێراق لە ژێر چەتری ئەلقاعیدەدا لە دژی سوپای ئەمریکا لە شەڕدا بوون، رێژیمی تاران لە باری دەرەتانی هاتوچۆ و گواستنەوە لە نێوان پاکستان و ئەفغانستان _ عێراق و چەک و تەقەمەنییەوە یارمەتیی دەکردن. هەر لەم قۆناخە کە تالیبان و ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان لە دژی هیزە بیانییەکان و دەوڵهتی ناوەندیی ئەم وڵاتە لە شەڕ دابوون، بە پێی ئەو بەڵگە ڕوونانەی ئاشکرابوون ریژیمی ئیسلامیی ئێران لە داڵدەدان و یارمەتیی ئەواندا دەستی باڵای هەبوە. ئامانج و تەوەری هاوکاریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەم لایەنانەش بریتی بوە لە تێکشکاندنی ستراتژیی دوژمنی هاوبەش واتە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
لە کاتێکدا ڕێژیمی تاران لە هەموو قوژبنێکی ناوچەدا خەریکی ئاژاوەنانەوە و دژایەتیی سوننە مەزهەبەکانە شتێکی ئاساییە لەگەڵ پەرچەکرداری گرووپە توندرۆیە سوننییەکانەوە بەرەوڕوو بێتەوە. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەتوانێ لە شێوەی لق و پۆپەکانی هەمان ئەو هێزە بناژۆخواز و تیرۆیستییانەدا خۆی دەربخا کە له وڵاتانی ناوچەدا چالاکن. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە بۆ وا بەدرەنگەوە دووکەڵی ئەم شەڕە فیرقەییانەی تاران لە هەڵگیرساندن و ئاگرخۆشکردنیاندا دەستی باڵای هەیە، گەڕاوەتەوە چاوی کاربەدەستانی تاران؟ وهڵامی ئەم پرسیارە زۆر بەکورتی دەتوانێ ئەوە بێ کە سیاسەتی تاکتیکیی رێژیمی تاران لە پێوەندی لەگەڵ داعشدا کۆتایی پێهاتوە. ئەگینا چۆنە هێزێکی تیرۆریستیی وەک داعش کە بە تایبەتی لە عێڕاق هیچ بەزەییەکی بە شیعەکاندا نایەتەوە لە کاتێکدا لەوپەڕی دەسەڵاتی خۆی دابوو، رێژیمی ئێرانیش هەم لە عێراق و هەم لە سووریە بە هەموو تواناوە پشتیوانیی نیزامیی و ماددی شیعەکانی ئەم وڵاتەی دەکرد و … هیچ دژکردەوەیەکی بە دژی تاران نهبوو؟… ل7
بەڵگەیەکی دیکە کە دەیسەلمێنێ هاوکاریی بەرژەوەندخوازانەی داعش و رێژیمی ئیسلامیی ئێران کۆتایی هاتوە ئەوەیە کە لە دوای ڕووداوە تیرۆریستییەکانی تارانەوە وەزارەتی ئیتلاعات ئیدیعا دەکا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی گرووپە سەلەفی و داعشییەکانیان دەستبەسەرکردوە یان کوشتوویانن. ئیدیعای دەستبەسەر کردن و لەنێوبردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە تیمەکانی داعش لە چەند رۆژی رابردوودا دەتوانێ سەلمێنەری ئەم راستییە بێ کە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەتییەکانی ئێران لە نزیکەوە ئاگایان لە جموجۆڵ و هەڵسووڕانی لایەنگرانی داعش بوە و تا دوای کردەوە تیرۆریستییەکەی تاران لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ڕێگایان بە جموجۆڵی ئەوان داوە.
رێبەران و میدیاکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە پیشتر بەشداریی ڕاستەوخۆی سوپای قودسی سوپای پاسدارانیان لە شەڕە نێوخۆیییەکانی وڵاتانی ناوچەدا وەک پێویستییەکی تەناهیی وڵات پاساو دەدا و دەیانگوت «ئەگەر ئەوان هێڵی پێشەوەی بەرگرییان نەبردبایە دەرەوەی سنوورەکان داعش دەیتوانی بگاتە تاران»، لە دوای رووداوەکانی ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی تارانەوە نەک قسەکانی پێشووتری خۆیان لەبیر نەماوە، بەڵکوو پاساو بۆ ئەم داماوییەش دێننەوە کە دەزگا هەواڵگری و تەناهییەکانیان تووشی هاتوون. لەم نێوەدا ئەوان بە قۆستنەوەی کوردبوونی تیرۆریستەکان هەوڵیان داوە بە دنەدانی هەستی پانئێرانیستیی نەتەوەی باڵادەست هێرشێکی ناڕەوا بکەنە سەر نەتەوەی کورد.
لەم نێوەدا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد کە لانیکەم لە زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا قوربانیی سەرەکیی سیاسەتی تیرۆری دەوڵەتیی ئەم رێژیمە بوون و لەم چەند ساڵەی دواییشدا بە شایەدیی بیروڕای گشتیی خەڵکی جیهان لە ڕێزی هەرە پێشەوەی بەرەی دژبەتیرۆر دابوون و هەن و شانازیی گەورە و جیهانیان تۆمار کردوە، پێویستە زیاتر لە هەر کات بە وشیاری و یەکگرتوویی بەرپەرچی ئەم پیلانە نوێیەی دەسەڵاتدارانی تاران بدەنەوە. لەم پێوەندییەدا پێویستە:
یەکەم، بەشیوەیەکی بەڵگەمەند سیاسەتی دووڕوویانەی رێژیم بەرانبەر گرووپە توندڕۆ و بناژۆخوازەکان لە کوردستان لەقاو بدرێ.
دووەم، زانیاریی ورد لەسەر هەڵسوورانی ئەم گرووپانە کۆبکرێتەوە و بڵاو بکرێتەوە.
سێیەم، بەشێوەیەکی هەمەلایەنە لە پیناو وشیارکردنەوەی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە داوی ئەم گرووپانەوە، هەوڵ بدرێ؛ چونکە پەرەگرتنی گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.