سه‌ختی و به‌ڕێژ نه‌بوونی هه‌لومه‌رجی ئێستای خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رهه‌می بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌ت و پیلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی و نالێکییه نێوخۆییه‌کانی کورد له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستانه. ئه‌وه‌ش کوردی رۆژهه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ پرسیار و چالێنجی گه‌وره له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئامانج و ئاقار و شێوه‌کانی خه‌باتی ئێستا و ئایندهی خۆی بهرهوڕووکردۆتهوه. حیزبێكی سیاسی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ رووداوه‌کان و کۆمه‌ڵگای خۆی بژی و به ئه‌رکی خۆیشی وه‌ک پێشه‌نگ و رێکخه‌ری کاری سیاسی له‌نێو خه‌ڵکی خۆیدا ئاگادار بێ، خۆی له پرسیاره‌کان نادزێته‌وه و تێده‌کۆشێ له قه‌ده‌ر بڕست و توانای خۆی و‌ڵامیان بۆ بدۆزێته‌وه. ته‌نیا کاتێک حیزبێک به باشی له ئاست ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌دا ده‌بێ که خۆی له بازنه‌یه‌کی سیاسیی داخراو و دیاریکراودا چه‌قبه‌ستوو نه‌کا و به‌ستراوه به ته‌نیا چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان تاقه توێژێكی فیکری نه‌بێ.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئه‌و حیزبه‌یه که ئه‌م خسڵه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به روونی تێدایه. له به‌ستێنی مێژوویی‌دا حیزبی دێموکڕات هه‌م به‌هۆی خه‌ڵکی بوونی و هه‌م به‌هۆی هه‌وڵی به‌رده‌وامی بۆ سیاسه‌تکردن له‌سه‌ر عه‌رزی واقیع، به‌رده‌وام ریسکی ئه‌وه‌ی کردووه که له‌پێناوی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و نوێکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌کانی خه‌بات به‌تایبه‌ت له‌ڕووی گوتاری و هزرییه‌وه خۆی تووشی چالێنجی ته‌شکیلاتی و سیاسی بکا. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ده ساڵی رابردوودا که ئه‌م حیزبه به‌شێوه‌یه‌کی روونتر له رابردووش، ده گژ پرسیاره سه‌خت و ناخۆشه‌کانه‌وه راچووه، بهرجهستهتریش بووەته‌وه.
پلینۆمی شه‌شه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی شازده‌هه‌می حیزب) نموونه‌یه‌کی نوێ و یه‌کجار به‌رچاوی ئه‌و حاڵه‌تانه بوو که له‌و شوێنه‌دا که ئه‌و حیزبه لێ ده‌گه‌ڕێ جیاوازییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ره‌نگدانه‌وه‌یان له بیرکردنه‌وه‌ی نێو ریزه‌کانی و سیاسهتسازییهکانی ئه‌و حیزبه‌دا هه‌بێ، به هه‌موو ریسکه ده‌ره‌کی و نێوخۆییه‌کانی ئه‌م جۆره زهرفییهتسازییانهش، ئه‌و حیزبه ئه‌وه‌ندەی زه‌رفییه‌ت و توانایی هەیه که به قه‌ولی ئینگلیسی «له کۆتایی رۆژدا»به هه‌ستکردن به به‌رپرسیاری و ئیراده‌ی به‌خۆداچوونه‌وه، نه‌ک هه‌ر به‌رگه‌ی جیاوازیی روانینه‌كان بگرێ، به‌ڵکوو به سه‌نتێزی مه‌عقوول بگا و جیاوازییه‌كان بکاته ده‌رفه‌ت و بوارێک بۆ لێک حاڵی بوون و کاری سیاسیی بنیاتنه‌ری زیاتر له ئاینده‌دا. له‌هه‌رحاڵدا حیزبێک که له‌ودا بیرکردنه‌وه‌ی زاڵ و فه‌رهه‌نگی جێکه‌وتوو هه‌ستی به‌رپرسیاری و هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له لۆژیکی به‌رامبه‌ر بێ، جیاوازیی بیروڕا نه‌ک هه‌ر مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌رمان و پێکه‌وه بوونی پێکهاته گشتییه‌که‌ی لێ ناکه‌وێته‌وه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و «چیکڵدانه سیاسییه» ده‌توانێ باشترین ده‌سته‌به‌ری گه‌شه‌کردن و پێشوه‌چوون و له ئاکامدا سه‌رکه‌وتنی بێ.
وه‌ک له راگه‌یاندراوی کۆتایی پلینۆمی شه‌شه‌مدا هاتبوو، ده‌ستووری کاری ئه‌و پلینۆمه زۆر باس و خواسی سیاسیی به‌تایبه‌تی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران و فشاره نوێیه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ سه‌ر ئێران و هێرشه‌کانی تاران و ریفراندۆمی باشووری کوردستان گرتبووه خۆی.هه‌روه‌ها ده‌زانین ئه‌م پلینۆمه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی نێوان دێموکڕاته‌کان و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکڕات له ئارادان به‌و په‌ڕی هه‌ستی به‌رپرسیاری و شێلگیرییه‌وه چوارچێوه‌یه‌کی کاریی که هه‌م ئاماده‌یی مایه لهخۆدانانی حیزبی ئێمه و هه‌م بنه‌ماکانی یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ی تێدا هاتووه، بۆ ده‌فته‌ری سیاسی له‌پێناوی سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه دیاری کردوه.
په‌سندکراوێکی گرینگی دیکه‌ی ئه‌م پلینۆمه بریتی بوو له پلان و کۆمه‌ڵه پره‌نسیپێك بۆ تێکۆشان و کاروباری له‌مه‌ودوای حیزب. ئه‌م دۆکومێنته زۆرتر به‌رنامه‌ی کاریی حیزبی ئێمه له بواره جیاجیاکان و ئوسوڵی پێویست بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ختییه‌کانی سه‌رده‌می ئێستای خه‌بات و گوڕوتین به‌خشین به تێکۆشان و باشترکردنی کاروباری حیزبی ده‌گرێته خۆی.له ده‌قه‌دا ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باشترکردنی کارکردی رێبه‌ریی حیزب له نێوخۆی حیزب و رووبه‌ده‌ره‌وه و پێوه‌ندیی نێوان ئاسته جیا جیاکانی ئیداره‌ی حیزب پێویستە ره‌چاو بکرێن؛ مێکانیزمه‌کانی سه‌رنجدانی زیاتر به بۆچوونی به‌ده‌نه‌ی حیزب و خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به گشتی (چ له رێگای ئامرازه‌کانی نێو ئه‌ساسنامه‌ی حیزب و چ له که‌ناڵی دیکه‌ی ته‌با له‌گه‌ڵ ئه‌ساسنامه)؛ پرس و گیروگرفته‌کانی تایبه‌ت به فه‌زای مه‌جازی؛ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی کار و تێکۆشانی ئێستای حیزب (بۆ نموونه: گشتگیرترکردنی کار و ئه‌رکی ئه‌ندامانی حیزب و راکێشانه‌وه‌ی بژارده‌کانی ده‌وروبه‌ری حیزب، ئامانجدارترکردنی کاری ته‌شکیلاتی له نێوخۆی وڵات، په‌ره‌پێدان به توانا و تهیارییهکانی هێزی پێشمه‌رگه، گوڕ و تین به‌خشینه‌وه به دینامیزمی پێوه‌ندییه‌کانی حیزب له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا، وڵامدهرترکردنی راگه‌یاندنی حیزب له سه‌رده‌می ئێستادا و حزووری مێدیایی حیزب، نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده له حیزب‌دا، پێدانی نه‌خشی زیاتر به ژنان و هێنانه پێشی لاوان، و …) له‌و به‌رنامه کارییه‌دا دیاری کراون.
شێوازی تێکۆشان و خسڵه‌تی ته‌شکیلاتیی هه‌ر حیزبێک به‌رهه‌می راسته‌وخۆی جۆری گوتار و ناسنامه‌ی سیاسیی حیزبه‌که‌یه. هه‌ربۆیه له‌م دۆکومێنتهدا له‌پاڵ به‌رنامه‌ی کار و مه‌سایلی ته‌شکیلاتیی حیزب و وێڕای وه‌بیرخستنه‌وه و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی په‌سندکراو و بڕیارنامه‌کانی کۆنگره‌ی شازده، به‌پێی زه‌رفییه‌ت و پێویستییه‌کانی ئه‌م دۆکومێنته ئاماژه به کۆمه‌ڵێک مه‌سایلی سیاسی و گوتارییش کراوه که له‌نێو وان‌دا لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند خاڵێک به‌جێیه.
یه‌کێک له‌و پرسانه بایه‌خێکه که حیزبی ئێمه بۆ نێوخۆی وڵاتی داده‌نێ. له‌و پێوه‌ندییه‌دا، له‌و دۆکومێنتهدا باسی ئه‌وه کراوه که حیزبی ئێمه هه‌ر له‌و کاته‌دا که حیزبێکی شۆڕشگێڕه و ئاگاداری جێگه و پێگه و ریساڵهتی خۆی له بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندایه، «به مه‌به‌ستی به‌جه‌ماوه‌ری کردنی زیاتری خه‌بات و ئه‌رکدارکردنی خه‌ڵک وه‌ک پێشوو گرینگیی پله یه‌ک به به‌ستێنی ناوخۆ که چالاکانی مه‌ده‌نی به‌شی بنه‌ڕه‌تیی پێک دێنن، ده‌دا». له‌و پێناوه‌دا و له چوارچێوه‌ی باوه‌ڕی حیزبی ئێمه به خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ند، په‌سندکراوه‌که وێڕای ئاماژه به گرینگیی پته‌وکردن و په‌ره‌پێدانی ئه‌و رێکارانه‌ی خه‌باتی ئێمه له واقعییاتی نێوخۆی وڵات نزیکتر ده‌کاته‌وه، دانانی کاریگه‌ریی زیاتر له‌سه‌ر ئاقار و ناوه‌رۆکی هه‌وڵه‌کانی رووناکبیران و چالاکانی ناوخۆ له به‌ستێن و بۆنه‌ی جۆراوجۆردا ده‌خاته نێو به‌رنامه‌ی کاری به‌شه پێوه‌ندیداره‌کانی کار و تێکۆشانی حیزب.
دیاره ئه‌و په‌سندکراوه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب له‌و راستییه‌ش غافڵ نیه که گرینگی دان به‌و بواره زۆر جار (بۆ نموونه له ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا) ئێمه تووشی ته‌عامول له‌گه‌ڵ پرۆسه سیاسییه‌کانی ئێرانی ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامی ده‌کا (رێک ئه‌و شته که هێندێک جار له کۆمه‌ڵگای سیاسیی رۆژهه‌ڵاتدا جیاوازیی بۆچوون و ته‌نانه‌ت گرژیی فیکری لێ ده‌که‌وێته‌وه). هه‌ربۆیه به‌پێی ئه‌و دۆکومێنته پێویسته لێره‌دا دوو شت لێک جیا بکرێنه‌وه: یه‌که‌م، روانینی ئێمه بۆ رێژیم؛ دووه‌م، تێگه‌یشتنی ئێمه له خه‌باتی خه‌ڵك. به‌پێی پلانه کارییه‌که، تا ئه‌و کاته‌ی ماهیه‌ت و سیاسه‌تی رێژیم هه‌ر ئه‌وه‌یه که تا ئێستا دیتوومانه، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وه‌ک حیزبێکی شۆڕشگێڕ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ته‌نانه‌ت له ته‌عامول له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا به‌شێوه‌ی خه‌تی و تهکبوعدی سیاسه‌ت ناکا، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئه‌و حیزبه پێش هه‌موو شتێک خه‌باتی خه‌ڵکه. «ئێمه به پێڕه‌وی له روانینێکی کراوه بۆ دۆخی ئێستای ناوخۆ، له هه‌ر رێکار و که‌ناڵێکی مه‌عقولی تێکۆشان که ببێته هۆی هاتنه مه‌یدانی زیاتری خه‌ڵک و به چالش کێشرانی زیاتری رێژیم پێشوازی ده‌که‌ین. له هه‌مان کاتدا له هه‌ر بڕگه‌یه‌کدا ئه‌و تاکتیکه ده‌گرینه به‌ر که تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و بڕگه‌یه و هه‌ڵسه‌نگاندنی گشتیی دۆخه‌که لێمان ده‌خوازێ».
نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی بابه‌ته سیاسییه‌كانی نێو ئه‌م په‌سندکراوه‌ی پلینۆمی شه‌شه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بریتییه لە ئوسووڵ و ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی پێوه‌ندییه سیاسییه‌کانی حیزب. له‌بواری پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، له پلانه کارییهکهدا باس له چۆنیه‌تیی به‌رنامه‌ڕێژی بۆ دیپڵۆماسییه‌کی ئامانجدار و به‌به‌رهه‌م کراوه که زیاتر پشت به پۆتانسیه‌لی هێزی لێزان و پێشگه‌یشتووی ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ببه‌ستێ. له‌بواری پێوه‌ندییه ئێرانییه‌کانیشدا، وێڕای ئاماژه به هێندێک ئه‌سڵ و چوارچێوه‌ی کاری، له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌خت کراوه که گوتاری نه‌ته‌وایه‌تیی ئێمه له‌و به‌ستێنه‌دا پێویسته ته‌واو راشکاو و باوه‌ڕبه‌خۆ بێ و تابۆ مهعموولهكانی ئه‌و بواره بشکێنێ.
له ئاستی گشتیی کوردستاندا دۆکومێنته‌که له‌سه‌ر درێژه‌دانی «ئه‌و سیاسه‌ته هاوسه‌نگ و مه‌عقووله» پێدا ده‌گرێ که پێشتر ئه‌و حیزبه له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پارچه‌كانی دیکه‌ی کوردستان ره‌چاوی کردوه. هاوکات له‌وێدا نووسراوه که «له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا به باوه‌ڕه‌وه کار بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌رچی زیاتری پره‌نسیپی رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری ده‌که‌ین و پێشمان وایه هێزه‌کانی هیچ پارچه‌یه‌ک نابێ ده‌ست له کاروباری پارچه‌یه‌کی دیکه وه‌ربده‌ن، به‌ڵام له هاوپێوه‌ندیی نێوان پارچه‌کانی کوردستان و پێویستیی جێ خستنی هێندێک پره‌نسیپ و رێکاری هاوبه‌شی نێوان هه‌موو کورد غافڵ نابین». له هه‌مووی به‌رجه‌سته‌تر له‌و به‌شه‌دا پێوه‌ندیی نێوان هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات ده‌گرێته‌وه. لێره‌دا دۆکومێنته‌که له زمان کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه‌وه وێڕای ئاماژه به پێویستیی پاراستنی ئه‌و فه‌زایه له هاوفکری و هاوههڵوێستیکه له مانگه‌کانی رابردوودا له‌نێو هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتدا دروست بووه، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کا که پێویسته کار بۆ ئه‌وه بکرێ که ئه‌و فازه نوێیه به‌رهه‌می به‌کرده‌وه‌ی وه‌ک دروستکردنی چوارچێوه یا بنه‌مایه‌ک بۆ کاری هاوبه‌ش لێ بکه‌وێته‌وه. هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ڵام کۆمیته‌ی ناوه‌ندی خۆی له‌و راستییه نه‌دزیوه‌ته‌وه که یه‌کگرتنی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات کۆمه‌ڵێک ئاسته‌نگی له‌سه‌ر رێیه که تا ئێستاش هه‌موو لایه‌ک وه‌ک یه‌ک حازر به لابردنیان نین. له‌ولاشه‌وه حیزبی ئێمه ده‌زانێ له‌پێناوی هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كگرتندا هێندێک جار پێویستی به له خۆبوردوویی و پێکه‌وه سازان هه‌یه. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که روانینه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ کۆمه‌ڵێك پرسی سیاسی هه‌ڵگری هێندێک تایبه‌تمه‌ندییه که حیزبی ئێمه بۆ ئێستا و ئایندهی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان به پێویستی ده‌زانێ، په‌سندکراوه‌که‌ی پلینۆمی شه‌شه‌م تایبه‌تمه‌ندیی سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به خیسڵهتێک ده‌زانێ که ناکرێ به ئاسانی لێی گوزه‌ر بکا. هه‌ربۆیه له‌وێدا به روونی گوتراوه که «له‌و شوێنه‌دا که ببینین یه‌كبوونی نێوان هێزه‌کان راسته‌قینه یان به‌رهه‌مدار نیه، له‌نێوان هاوهه‌ڵوێستی و پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیی سیاسیی خۆمان دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرین».
به گشتی و به‌کورتی، هه‌م ئاکامه تهشکیلاتییهكانی پلینۆمی شه‌شه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و هه‌م رێكار و هێڵه سیاسیه فۆرموولهکراوهکانی ئه‌و پلینۆمه نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که ئه‌و حیزبه هه‌ر له‌و کاته‌دا که هه‌روا سوور و وه‌فادار له‌سه‌ر ره‌گ و ریشه و لاسکی مێژوویی خۆی راوه‌ستاوه، به‌ڵام زۆرترین قابلییهتیشی بۆ سیاسه‌تکردن له ئه‌مڕۆدا و به‌پێی واقعییه‌ته‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای خۆی هه‌یه. له‌و رێگایه‌شدا ئه‌گه‌ر جار و باریش تووشی جیاوازیی بۆچوون له ریزه‌کانی خۆیدا بێ، ریساله‌تی سیاسی و خه‌باتگێڕیی ئه‌و حیزبه و پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رپرسیاری بژارده‌کانی ئه‌و حیزبه شانسی ئه‌وه‌ی لێ ناستێننهوه که له‌پێناو پاراستن و په‌ره‌پێدانی جێگه و پێگه‌ی ئه‌و حیزبه و پێشخستنی خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵاتدا له باری سیاسییه‌وه هه‌رده‌م به سه‌نتێز بگا و له بواری رێکخراوهییشدا به‌رده‌وام خۆی رێك و توندوتۆڵ بکاته‌وه.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.