نازانم کێ تاوانباره: خۆم، زه‌مان، مه‌ودا، ڕاسپارده، ده‌وروبه‌ر، دوکتۆر و ده‌رمان، ئه‌جه‌ل یان خودا؟ من نازانم. ڕه‌نگه خۆم له‌هه‌موان تاوانبارتر بم که سستی و ته‌مبه‌ڵی بڕستیان لێ بڕیم و له کارێک که ده‌بوو له مێژ بایه کرابا وهپاشیان دام. قه‌ت ناتوانم داخی ئه‌وه نه‌خۆم که بۆ ئه‌و کاره‌م نه‌کرد و له قیسم دا؟ بۆ په‌له‌م نه‌کرد و زوو وه‌خۆ نه‌که‌وتم؟ بۆ ههرهوهزم ساز نه‌کرد و ئه‌رکم پێ نه‌سپاردن؟ بۆ په‌نام بۆ که‌سانی ده‌وروبه‌ر نه‌برد و داوای هاوکاریم لێ نه‌کردن؟ ئەو کەسەی دەبوو ناوی بەرزی لەڕیزی ناودارانی مێژووی زیندوو بایە، بەداخەوە زووتر جێی هێشتین و مێژووی زیندووی بە سەغیری هێشتەوە.
تێکۆشه‌ری ماندوویی نه‌ناس، پێشمه‌رگه‌ی خۆشه‌ویست و کار لێهاتوو، فه‌رمانده‌ی به‌وه‌ج و قابیل، کادری وشیار وجێ بڕوا، که‌سایه‌تیی ناسراوی کورد و ئه‌ندامی چالاکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، کاک عه‌بدوڵا شێنانی له یه‌که‌م که‌سانی جێ مه‌به‌ستی من بۆ به‌شداری له مێژووی زیندوودا بوو. زۆر ئۆگری ئه‌وه بووم بتوانم په‌ی به ڕازی توانایی و کارناسی و مودیرییه‌تی ئه‌و ئینسانه به‌رم. یه‌کجار دڵم پێوه بوو قه‌ڵه‌مم به وه‌سفی ئه‌و زاته‌دا بێته خوار و خاڵ به خاڵی شاکاره‌کانی تۆمار بکا. دنیایه‌ک ئاواتم بوو زمانی گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربورده و ژیانی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌م هه‌بێ. خۆزگه‌م ده‌خواست له‌زمان خۆیه‌وه گوێبیستی قاره‌مانه‌تی و فیداکارییه‌کانی بام و ئینجا بۆ ئێوه‌شم گێڕابانه‌وه. هیوام وابوو ده‌گه‌ڵ شێنانی شاخ و داخی کوردستانم کردبا، سه‌رم له‌شار و گوندان دابا، له‌سه‌نگه‌ردا مابامه‌وه و ده‌ستم له‌سه‌ر په‌لاپیتکه‌ی تفه‌نگ ڕاگرتبا، پێشمه‌رگه‌م رێنوێنی کردبا و ته‌رح و به‌رنامه‌م بۆ داڕشتبان، هاوسه‌نگه‌ری بریندارم ده‌باوه‌ش گرتبا و بۆ مه‌رگی قاره‌مانان فرمێسکم ڕشتبا، هه‌ڵم کوتابایهته سه‌رسوپای دوژمن و ڕاوم نابان. به‌کورتی مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو به‌شێک له‌مێژووی خه‌باتی سه‌ختی پێشمه‌رگه‌م له‌زمان ئه‌و خه‌باتکاره‌وه تۆمار کردبا و وه‌ک دیارییه‌کی گرانمایه پێشکه‌شی ئۆگرانیم کردبا.
شێنانی به جه‌سته به‌جێی هێشتین و ڕووحی سووکی بۆ ئاسمان فڕی. ئێستا له‌شێک که ده‌ورانێک به‌زمی ده‌گێڕا و نه‌زمی پێک دێنا، سارد و بێ جووڵه ڕاکشاوه. دڵێک که زه‌مانێک بۆ خه‌بات و تێکۆشان لێی ده‌دا، ئێستا کڕو مات لێی خه‌وتوه. ئینسانێک که سه‌رده‌مانێک شێری مه‌یدان و سه‌رقافڵه‌ی کاروان و سوارچاکی هه‌ڵسووڕان بوو، بێ هه‌ست و خوست له‌نێو تەنگەبەرایی گۆڕێک بۆی ڕاکشاوە. شێنانی به هه‌موو فیداکاری و خۆماندوو کردن و هه‌ڵسووڕانی چه‌ندین ساڵه‌یه‌وه ڕۆیشت و ماڵ ئاوایی له ئۆگرانی کرد. ئه‌و هات، ده‌ستی دایه چه‌ک، پێی نایه مه‌یدان، ده‌وری گێڕا و قۆناغ به‌قۆناغ چوە پێشێ. ئه‌و کاری کرد، تێکۆشا، زه‌حمه‌تی کێشا و ئاره‌قه‌ی ڕشت. هه‌ستا، ڕابوو، له‌دوژمن چۆ پێشێ و سه‌نگه‌ری لێ گرت و هه‌تا یه‌ک هه‌نگاویی مه‌رگ ڕۆیشت. ئه‌و هیچ نه‌ما بۆ ئازادیی گه‌له‌که‌ی نه‌یکا و هه‌رچی له‌ده‌ستی هات و بۆی کرا خالیسانه و بێ چاوه‌ڕوانی نایه خزمه‌ت ئامانجه‌کانی. ئه‌و خه‌ڵکی ویست و خۆی نه‌ویست. ئێستا جه‌سته‌ی شێنانیمان لێ ونه و ڕووحییشی فڕیوه. ئه‌وه‌ی له‌و ئینسانه بۆمان ماوه‌ته‌وه دنیایه‌ک رێز و خۆشه‌ویستی و قه‌درزانی و ئه‌مه‌گدارییه.
شێنانی لەو فەرماندەرانە بوو کە بە باشی خۆی پێ گەیاند. پلە بە پلە و بە لیاقەت و کارلێهاتوویی خۆی چوە سەرتر. لە پێشمەرگایەتی ڕا دەستی پێ کرد و هەتا فەرماندەیی هێز هەڵکشا. زۆر ناوچەی کوردستان گەڕا و لەزۆر شوێن بەرەنگاری سوپای دوژمن بۆوە. سەری بە هەزاران ماڵدا کرد و لەسەدان گوند قسەی بۆ خەڵک کرد. سەدان پێشمەرگەی بار هێنان و فێری کردن چۆن خزمەت بە گەل و نیشتمان بکەن. ئەو نەمرە ناوێکی ئاشنا بۆ خەڵک، فەرماندەرێکی وشیار بۆ پێشمەرگە و کادرێکی زانا بۆ حیزبەکەی بوو.
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه له‌مێژ بوو هه‌وڵی ئه‌وه‌م بوو بتوانم به‌شی تێکۆشه‌ر عه‌بدوڵا شێنانی ده‌مێژووی زیندوو بخه‌م. له‌و باره‌وه هانام بۆ دۆستێکی به‌ڕێزیش برد و ته‌نانه‌ت به ته‌له‌فۆن ده‌گه‌ڵ خودی کاک عه‌بدوڵا و هاوسه‌ری بهوهفاشی قسه‌م کرد و قه‌راری وه‌ده‌ستهێنانی زانیارییه‌کانیمان دا. به‌ڵام شته‌که وه‌دوایه که‌وت و سروشتی به‌دفه‌ڕ ئه‌و مه‌جاله‌ی پێ نه‌داین له‌و زانیارییانه که‌ڵک وه‌رگرین. له‌و باره‌وه من خۆم زۆری خه‌فه‌ت لێ ده‌خۆم و ده‌زانم «مێژووی زیندوو» به ناته‌واوی درێژه‌ی پێ ده‌درێ. من داوای لێبووردن له‌ڕووحی پاکی ئه‌و ئینسانه شۆڕشگێڕه ده‌که‌م که نه‌متوانی له کاتی خۆیدا وه‌خۆ بێم و هه‌وڵه‌که به ئه‌نجام بگه‌یه‌نم. له‌لای من تێکۆشه‌ڕ شێنانی هه‌ر ماوه و له‌به‌رچاوه. ئەو تاجی قارەمانەتی لەسەر ناوە و وەک ئەستێرەیەکی گەش لەئاسمانی خەباتی ڕزگاریخوازیدا دەمێنێتەوە.
ئای چەند خۆشە لە تەنیشت ئەو جۆرە مرۆڤانە خەبات بکەی. هەموو ئەو ڕۆژ و حەفتە و مانگ و ساڵانەی کاک عەوڵا بۆ نەتەوە و خەباتەکەی تەرخانی کردن پڕن لە بەهرە و دەسکەوتی لەبیر نەکراو. بۆیە ناوی شێنانی لەڕیزی نەمران دایە و مێژووی زیندوو بە شانازییەوە یادی دەکاتەوە.
یادت به‌خێر کاک عه‌بدوڵا که ئازادانه ژیای و ئازایانه تێکۆشای. سڵاوت لێ بێ کاک عه‌بدوڵا که هه‌تا بووی چاک بووی و به هه‌یبه‌ت بووی. سوپاس بۆ خزمه‌ته‌کانت و هه‌زاران سلاو له گه‌وره‌یی و خۆڕاگریت.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.