دوای ئەوەیکە دەرکەوت کە تێرۆریستەکانی پێوەندیدار بە رووداوەکانی ١٧ی جۆزەردان لە تارانی پایتەختی ئێران کوردبوون، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و نەیارانی دیکەی کوردو بزووتنەوە ئاشتیخوازانەکەی ویستیان ئەم هەلە بقۆزنەوە دژ بە بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بەکاری بهێنن. بەرجەستەکردنەوەی “کوردبوون”ی ئەم تاقمە تێرۆریستە کە لە دوو کردەوەی جیاوازدا هێرشیان کردە سەر پارلمانی ئێران و شوینی گۆڕی خومەینی، هەر زوو لە لایەن دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی سپاو بەسیج و دەزگا چەواشەکارەکەی “دەنگ و رەنگ”ی رێژیمەوە زۆر زەق کرایەوە کە بێگومان لەم کارەیان دوو مەبەستی سەرەکییان هەیە؛ یەکەم ئەوەیکە دەیانهەوێ بزووتنەوەی مافخوازو ئاشتیخوازانەی نەتەوەی کورد بە جەریانێکی تێرۆریستی پێناسە بکەن و لەم رێگایەوە لە “رەوایی” ئەم بزووتنەوە ئینسانی و مافخوازانەیە بدەن و، دووهەم ئەوەیکە بیانهەوێ لەم رێگایەوە ئەفکارو زەیینی خەڵکی ئێران بە نیسبەت کوردو کوردستان و خەباتەکەیەوە بشێوێنن.
رێژیم زۆر باش دەزانێ کە هەر بە نیسبەت بەربەرەکانی لە گەڵ دیاردەیەکی مەترسیدارو توندرەوی وەک داعشەوە، کورد و پێشمەرگەی کوردستان چ پێگەو ناوبانگێکی بەرزی خەباتکارانەی ئینسانی هەیە، ئەوان باش دەزانن کە تەنیا هێزێک کە بە شێوەی مەیدانی بەرەنگاری ئەم تاقمە جاهیلە بۆتەوە و بە هەزاران رۆڵەی قارەمانی بۆ قوربانی کردوە، هەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانن. کاربەدەستانی ئەم رێژیمە باش ئاگاداری ئەو حەقیقەتەن کە کوردو پێشمەرگەی کوردستان لە سۆنگەی بەرەبەرەکانێ لە گەڵ چەکدارە رەشەکانی داعشەوە چەندە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا جێی رێزو خۆشەویستن، بۆیە لەم مەوقعیەتەی کوردو بزووتنەوە رەواکەی لە نێو خەڵک و تەنانەت دەوڵەتان و میللەتاندا دەترسن و دەیانهەوێ بەم پیلانە لەو ئێعتبارە بدەن.
ئەوان پێیان وایە بە زەقکردنەوەی “کوردبوون”ی تاقمێکی تێرۆریست کە پێوەندییان بە رووداوەکانی تارانەوە هەیە، دەتوانن زەینی خەڵکی ئێران بە نیسبەت خەڵکی کورستان و بزووتنەوە رەواکەی و پێشمەرگەکانی ئەم میللەتەوە، بشێوێنن. بەڵام ئەوەی راستی بێت هەموو لایەک بە خەڵکی هوشیارو تێگەیشتووی ئێرانیشەوە دەزانن کە نەتەوەی کوردو خەباتە رەواکەی چەندە ئاشتیخوازن. هەموو دونیا دەزانێ کە میللەتی کوردو بزووتنەوە رەواکەی تا ئێستایشی لە گەڵدا بێت ئەسڵیترین قوربانیانی تێرۆر و رەشەکوژین و بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئازادیخوازی ئەم گەل و نیشتمانە بە دەستی رەشی تێرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران و تاقم و گرووپ و دەوڵەتە رەشەکانی دیکە بوونەتە قوربانی.
ئاوڕدانەوە لە مێژووی پرشنگداری ئینسانی و دێموکراتیکی ئاشتیخوازانەی میللەتی کورد و هێزە سیاسییەکانی ئەم نەتەوەیەو هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەریدەخات کە کوردو هێزە خەباتکارەکانی قەت بۆ رۆژێک لە رۆژان پەنایان بۆ تێرۆرو رەشەکوژی نەبردووە. بەڵکوو ئەوە دوژمنانی دڵ رەش و قین لە دڵی ئەم نەتەوەیە بوون کە بە پەلاماردانی شارو ئاواییەکانی ئەم نیشتمانەو شەڕ پێ فرۆشتن بە هێزی پێشمەگەی کوردستان و لە کۆتاییدا تێرۆری رێبەرانی بزووتنەوە لە سەر مێزی وتووێژ، هەوڵی سڕینەوەی خەباتێکی ئاشتیخوازانەیان داوە.
هەموو لایەک دەزانن کە رێژیم دەیهەوێ لەم رووداوانەی تاران کەڵک وەربگرێت و هاوکات لە گەڵ وەڕێخستنی شەپۆلێک لە گرتن و راوەدوونانی خەڵکانێکی تێکۆشەر و ئازادیخواز بە ناوی پێوەندییان بە لایەنە توندرەوە مەزهەبییەکانەوە، روخساری کوردو بزووتنەوە رەواکەی بڕووشینێ. بەڵام دڵنیان کە نە خەڵکی ئێران باوەڕ بەم ئیدیعایانەی رێژیم دەکەن و نە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە رەواکەی هەڵگری ئەم ناوناتۆرانەن.