بۆ هاسانکاری و ئاوڕدانەوەی خێرا لە نێوان دوو هەڵبژاردنی ١٢ی ژووئەنی ٢٠١١ و ٧ی ژووئەنی ٢٠١٥ دا، گۆڕانکاری و ڕووداوەکان تورکیە بە نێوخۆیی و دەرەکیی دابەش دەکەین؛
نێوخۆیی؛ شەوی ٢٧ی سپتامبری ٢٠١٢ ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان – ئەوکات سەرۆک وەزیران- لە بەرنامەیەکی تەلویزیۆنیدا پەردەی لە سەر چاوپێکەوتن لە نێوان دەزگای میتی وڵاتەکەی و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کڕێکارانی کوردستان، هەڵدایەوە. ئەوە، وەڵام دانەوە و بەرهەمی مانگرتنی چالاکانی سیاسی باکووری کوردستان لە نێو گرتووخانەکانی تورکیە دابوو. ئەو مانگرتنە، بەرینترین مانگرتن لە مێژووی تورکیە و تەنانەت ڕەنگە لە هەموو دنیاش دابێ زیاتر لە دە هەزار گیراوی سیاسی مانیان لە خواردن گرت و ٦٦ ڕۆژی ڕەبەقی خایاند. ئامانج و ویستەکانی ئەو مانگرتنە سێ خاڵی سەرەکیی بوون؛ یەکەم، ئازاد کردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. دوو، مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک لە تورکیە. سێ، مافی بەرگری کردن لە خۆ لە دادگاکانی تورکیەدا. ئەو مانگرتنە مێژووییە، بە پەیامی ئۆجەڵان لە ڕێگەی براکەی، محەممەد ئۆجەلان، کۆتایی هات. گۆڕانەکانی ٢٨ مانگەی ڕابردووی پڕۆسەی ئاشتی! و هەروەوەها ئەوانی پێشتریش دەری دەخەن، بە ئەگەری زۆر خودی مانگرتنە بە ڕێنوێنی و چرای سەوزی بەڕێز ئۆجەڵان دەستی پێ کرابێ تاکوو ببیتە پاساوێکی گونجاو دە دەستی دەوڵەت دا بۆ ئاشکرا کردن چاوپێکەوتنەکان و شکاندنی بێ دەنگی سەر «ئیمڕاڵی». جیا لەوە، تورکیە لە دوو بەرەدا لە ژێر تەوژمی شۆڕشی ئازادیخوازانەی کورد دابوو؛ تەوژمی یەکەم، هێڕشی پەیتای پەیتا و بەربڵاوی پەکەکە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی لە کوردستان و گرتنی ڕووبەرێکی بڵاو لە ناوچەکانی حەکاری و شەمزینان. بەڕێز دەمیرتاش- ئەو کات هاوسەرۆکی بەدەپە- گوتی ٤٠٠ کیلۆمیتر لە شەمژینان و حەکاری دە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە دایە. ٤٠٠ کم ئەگەرچی ڕووبەرێکی کەم نییە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە دەوڵەتی تورک بە دانی کوژراو و برینداری زۆر و هەروەها لە باری بیروڕای گشتی وڵاتەکەشیەوە دە ژێر تەوژم دابوو. دووهەم، خۆپێشاندان و پشتیوانی کوردەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگیی بەدەپە و دەتەپە و ، لە پاڵ ئەویش دا بۆ شکاندنی بێ دەنگیی سەر «ئیمڕاڵی» زۆر شاری باکووری کوردستانی تەنیبۆوە، بۆ دەوڵەتی تورکیە زۆر ئاستەم بوو دەرقەتی تەوژمی خۆپێشاندەرانی چەق و تەختایی شارەکان و هێرشی بڵاوی هێزەکانی پەکەکە بێ. هەمووی ئەوانە دەرگای چاوپێکەوتنەکانی خستە سەر پشت و پرۆسەیەک بە نێوی « پڕوسەی ئاشتی و چارەسەری» دەستی پێکرد. هەروەها ئەوە، هاوکات بوو لە گەڵ یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی ٣٤ کاروانچی لە « ڕۆبۆسکی».
هەر لە دەستپێکەوە، لە منداڵدانی پرۆسەکەوە کۆمەڵێک ڕووداو و ئاڵوگۆڕ گووران. ترۆری سێ ژنە خەباتگێڕی ڕیزەکانی پەکەکە، سەکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز لە ڕۆژەکانی یەکەمی پرۆسەکە لە پاریس پێتەختی فەرانسە، پەیامی جۆراوجۆری ئاڕاستەی پڕۆسەکە کرد. بە دووی ئەودا، پەیامی نەورۆزیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ نەورۆزی میلیۆنی خوێندرایەوە. نەورۆزی ئەمساڵ – نەورۆزی ٢٠١٥- بۆ سێهەم نەورۆز پەیامی ناوبراو دەخوێندرێتەوە. نێوەرۆکی هەموو پەیامەکان، پێداگرتنەوە لە سەر « وەلانانی چەک و خەباتی سیاسیی»یە بێ ئەوەی نێوێک لە دایکی کێشە و خاوەن کێشەکە « کورد» و کوردستان» بهێنرێ. ٨ی ئاپریل، سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل لە سەر ڕاسپاردەی ئۆجەڵان ڕایگەیاند هێزە پارتیزانەکانی لە خاکی تورکیە! دەکشێنێتەوە، کشانەوەیەک ئێستاش کە ئێستایە بە نیوەچڵی ماوەتەوە.
ڕووداو و گۆڕانکارییەکان تەنیا بە کوردستان و خەڵکە شۆڕشگێڕەکەی قەتیس نەمانەوە، بەڵکو ناوەندی شارە گەورەکانی تورکیەشی گرتەوە. سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی « پارکی گەزی» لە کۆتایی مانگی مەی تا نیوەی مانگی ژوئەن لە ئیستانبوڵ و تەشەکردنی بۆ زۆر شاری گەورەی دیکە، کوژران و بریندار بوون و گرتنی هەزاران خۆپشاندەر و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی سەرکوتی دەوڵەت بە خەراپترین شێوە، ڕووداوێک بوو کە نە دەوڵەتەکەی ئەردۆغان چاوەڕوانی بوو و نە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تێیدا بە ئامانجەکانی خۆیان گەیشتن، هاوکات ڕوانگەی بیروڕای گشتی نێونەتەوەیی بەرامبەر بەو دەسەڵاتە نیمچە دێموکراسییەی ئەردۆغان و پارتەکەی ئیدعایان دەکرد، گۆڕدرا.
لە ١٧-٢٥ی سپتامبری ٢٠١٣ تەشکیلات و هێزی نیوە ئاشکرا و نیوە نەهێنی فەتحوڵڵا گولەن کە بە کارکتەری « دەوڵەتی تەریب» و « دەوڵەتی قووڵ یان شاراوە» نێوی دەرکردوە و هەتا ئەو کات شەریکی دەسەڵات و هاوپەیمانی دەوڵەتی ئەردۆغان و پارتەکەی بوون، بە لەقاودانی گەندەڵییەکان زۆر شتی بن بەڕەی هێنایە سەر بەڕە. کێشە و لە هەڵڵادانی گەندەڵی و بەرتیل خۆری نیزیکەکانی ئەردۆغان و تێوەگلانی چوار وەزیری کابینەکەی، لە پاش ناڕازیەتییەکانی پارکی گەزی بە دووهەم شەپۆلی بەرینی تێک گیرسانی جەمسەرە شاراوە و ئاشکراکانی نێو تورکیە دادەنرێ. شەڕی لە ئاشتی نەهاتووی ئەردۆغان و جەماعەتی گولەن، زەبرێکی گورج و بڕی لە ئێعتباری ئەردۆغان و سیاسەتەکانی وەشاند. ناخۆش ئەوەیە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر دوو ئەو شەڕەی بە کودەتا ناو برد و وەک هەڕەشە بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی نێودێر کرد، کەچی بە دووی هەموو ڕووداوەکان هەتا ماوەیەکی چاک، پرۆسەکە وەستاوە و بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
دە مەودای نێوان ئەو چوار ساڵەدا، تورکیە دوو هەڵبژاردنیشی تێدا بەڕێوە چوون؛ یەکەم، هەڵبژرادنی شارەوانییەکان لە ٣٠ی مارتی ٢٠١٤بوو. ئاکەپە، بە بەراورد لە گەڵ هەڵبژاردنی شاڕەوانییەکان لە ٢٠٠٩دا نیزیکەی ٧٪ زیادی کرد، هەدەپە (پارتی دێموکراتی گەلان) – بەدەپەی ئەو کات- نیزیکەی ٠٥٪ دەنگەکانی زیادی کرد هەروەها شارەوانی شارە گەورەکانی بتلیسم ئاگری و باتمان لە ئاکەپە ئەستاندن. هەڵبژرادنی سەرۆککۆماری دووهەم هەڵبژرادن بوو. لە ١٠ی ئاگوست. ئەو هەڵبژرادنە یەکەم هەڵبژرادنی سەرۆک کۆماری بوو کە بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵبژێردرا. ئەردۆغان هەڵبژرادنەکەی لە دوو ڕکابەرەکەی، سەلاحەدین دەمیرتاش بەربژێری بەدەپە و ئەکمەلەدین ئیحسان ئۆغلو بەربژێری هاوبەشی مەهەپە و جەهەپە بردوە و بوو بە ١٢هەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکەی.
٨-٦ی نوامبر، کوردەکان، چەند شارێکی کوردستانیان کرد بە مەیدانی تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزەکانی دەوڵەت. مەبەستی سەرەکیی کوردەکان دژکردوە بە قسەکانی ئەردۆگان بوو کە گوتی:» کوبانی کەوتووە ، دەکەوێ. پەیەدە وەک داعش ترۆریستە». ئەو خۆپێشاندانە بە پەیامی ئۆجەڵان نیشتنەوە.
لەو دوو ساڵ نیوەی پڕۆسەی چارەسەری دا، هەڵکەوتووە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پەکەکە و ئەرتەشی ئەو وڵاتە بێتە گۆڕێ. شەڕی سەیرانگایەکی» ئاگری» لە مانگی ڕابردوودا بەرچاوترینی ئەو شەڕانەیە کە چوار پێشمەرگەی پەکەکە شەهید بوون.
گوڕینی نێوی بەدەپە(پارتی ئاشتی و دێموکڕاسی) بۆ هەدەپە و دامەزرانی پارتی هەرێمەکانی دێموکراتیک ( دەبەپە) گۆڕانە بەرچاوەکانە. هەدەپە، پارتێکی نیمچە چەپە، نەخشی پارتێکی سەراسەری و لەویش زیاتر نەخشی بە تورکیە بوون دەگێڕێ.
دەرەکیی؛ ڕادان و وەلانانی برایانی موسلمان و محەممەد مورسی لە میسر بە دەستی عەبدوڵڵا فەتاح سیسی سەرۆکی ئەرتەشی ئەو وڵاتە، کە تێکەڵی شەپۆل و دۆخی خۆپشاندنەکانی پارکی گەزی بوو، مزگێنکی ناخۆش بۆ ئەردۆگان و پارتەکەی بوون، چونکە محەممەد مورسی و ئیخوان و ئەردۆغان خۆیان بە ئاوەڵ دەسەڵات و مەڕام دادەنا جێی سەرسوڕمان نەبوو کە ناوبراو بە ڕووداوە نێوخۆییەکانی میسر بڵێ کۆدەتا و پێوەندەییەکانی لە گەڵ میسر بەوپەڕی خەراپی بەرێ.
شەڕی نێوخۆیی سووریە، پێشکەوتنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، داڵدەدانی ئۆپۆزسیۆنی سووریە لە وڵاتەکەی و هەڕەشە لە بەشار ئەسەد دیکتاتۆری سووری و، پشتیوانی و هاوکاری هەمەجۆر لە گرووپە توند ڕەوەکانی نێو سووریە وەک بەرەی نوسرە و داعش، جیا لەوەی ڕەخنەی زۆر و نیگەرانی زۆری هێناوەتەوە سەر تورکیە، بەڵکو هیچ خێر و بێرێکیشی بۆ ئەو وڵاتە لێ نەکەوتۆتەوە.
زنجیرە ڕووداو و پێشهاتەکانی تورکیە کە بێگومان کێشەی ڕەوای نەتەوەی ٢٥ میلیۆنی کورد کڕۆک و هەوێنی هەموویانە، قەت تێیدا ڕووی کێشەکان و نێوەرۆکیان بەو جۆرە کە هەن دەرناکەون. ڕاست ئەو کاتەی دەبێ کێشەی کورد ئازایانە ئاوڕی لێ بدرێتەوە و ڕێ بۆ خەباتی سیاسی کورد خۆش بێ و کوردیش لە سەر ئامانجەکانی خۆی سوور بێ، لە لایەن هەمان دەست کە زیاتر لە دە ساڵ هاوپەیمانی پارتی دەسەڵات دار بووە، پەردە لە سەر گەندەڵی و بەرتیلی چەندین ساڵەی دەوڵەت هەڵدەدرێتەوە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە، خۆبورادن لە نێو هینانی دایک و خاوەنی کێشەکە، کورد و کوردستان لە لایەن رێبەری شۆڕشی کوردەوە وایکردوە ڕێچکە پرۆسەکە بە لێڵی و تاریکی بچیتە پێش بۆیە بە دەسەڵاتی خودی پارتی دەسەڵاتدار و سەرۆککۆمارەکەی بە دوور نییە، هەتا ٧ی ژووئەن گۆنگەڵ و ڕووداوی دیکە نەیەنە پێش. ئەمە سرووشتی سیاسەت دە دەوڵەتی تورکیە دایە کە ئەگەر « پاکەتی دێموکراسی» سیاسەتی پێ دەکرێ لە بەرامبەری دا « پاکەتی ئاسایشی نێوخۆ» دەچەسپێندرێ.
لە ژماره ٦٥٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه