کاتێک له بهرزایی لووتکهڕا شۆڕ بوونهوه، خۆر خهریک بوو له کهلهپۆ ئاوابێ. ههتا دههات نووری ڕۆژ کز و کزتر دهبوو و بهرگێکی مهیلهو ڕهشی به لهشی ئاسمان دا دهکرد. باریکه رێگای داگهڕانیان گرت و بهڕیز شۆڕ بوونهوه. قورس و قایم، توند و تۆڵ و دڵ پڕ له هیوا بوون. ئهوان رێبواری رێگایهیکی سهخت و پڕ ههڵهمووت، بهڵام پر له سهروهری بوون. دڵیان بۆ خهڵکێک لێی دهدا که چاوی لهوان بوو. ئهوان بڕیاری ههدا نهدان ههتا سهرکهوتنیان دابوو. له پێناوی حهقدا به دژی ناحهق ڕاپهریبوون و بۆ گهیشتن به ڕۆژی ڕوون، شهقیان له شهوی تار ههڵدابوو. دهگهڵ ههڵێنانهوهی ههر ههنگاوێک، دڵیان به داهاتوو هیوادارتر دهبوو، ههر بۆیه جار دهگهڵ جار باوی لاقیان خۆشتر و ڕێگای رۆیشتنیان ئاسانتر دهبوو. ئەوان نەدەخەوتن بۆ ئەوەی خەڵکەکەیان خەوی خۆشی لێ نەشێوێ. ئەوان مۆمێک بوون دەسووتان بۆ ئەوەی شەوی تاریکی گەل ڕووناک راگرن. ئەواند دەستەیەک پێشمەرگەی گیان فیدا بوون کە خۆیان گەیانبووە نێو جەرگی دوژمن و دەیانەویست خەوی لێ بتارێنن.
هەرکات باس لە پێشمەرگە دەکرێ سیمای مرۆڤێک دێتە بەر چاوم کە لە پۆڵا سەختتر، لە چیا بەرزتر و لە هەڵۆ تیژباڵترە. هەتا ناوی پێشمەرگە دەبیسم موچوڕکم بە لەشدا دێ و لە ڕەمز و ڕازی چۆن ژیان و چۆن مردنی سەرم سوڕ دەمێنێ. ئەوەندی بە باسی پێشمەرگە ورە دەگرم و دەحەسێمەوە، بە هیچ باسێکی دیکە ئارام ناگرم. خۆزگە باس و خواسی پێوەندیدار بە چۆنیەتیی خەبات و شێوەی بەرەنگاری و هەڵسوکەوتی پێشمەرگە دەبوو بە دابێکی کوردانە و وەک مەجلیسی حەکایەت گێڕانەوەکانی قەدیم حەماسە خوێنی تایبەتی بۆ پەیدا دەبوو. بریا ناوی پێشمەرگە و داستانە لە بن نەهاتووەکانی خەباتی پێشمەرگە دەبوو بە کولتووری گشتی. ئای چەندە حەز دەکەم بەدگۆیی لە پێشمەرگە و خەبەتەکەی ببێتە تاوان و خەتێکی سووری بۆ دابندرێ. ئەگەر ئاڵا رەمزی بوونی وڵاتمانە، زمان نیشانەی بوونی نەتەوەمانە، خەباتی پێشمەرگەش هۆی ڕاوەستان و خۆڕاگریمانە. کەوابوو هەموویان وەک یەک پیرۆزن.
*****
بەشداری بەڕێزی ئەمجارەی مێژووی زیندوو سیمای ناسراوی زیاتر لە سێ دەیە خەبات و خۆماندوو کردنە. ئەو کۆڵێک خەمی نەتەوەکەی لە شان کردوە و بڕیاری داوە هەتا سەر مەنزڵی ئاوات دای نەنێ. ئەمجار تێکۆشەری ناسراو، فەرماندەی ڕۆژە سەختەکانی خەباتی پێشمەرگە و کادری لێزانی بواری تەشکیلات و چەند جار ئەندامی رێبەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کاک کەریم سەقزی بۆمان دەدوێ و قەترەیەک لە دەریای پڕ شەپۆلی خۆراگرییەکانی خۆی و هاوسەنگەرانیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
کاک کەریم هەرچەند بە دڵخواز خەباتی چەکداری هەل نەبژارد
بەڵام کاتێک ناچار بوو ئەو ڕێگایە بگرێتە بەر، چاکی دەست پێ کرد و لێبڕاوانە درێژەی دا. ناوبراو بە تەمەنی کەمی شازدە ساڵیەوە پێی نایە نێو مەیدانی خەبات و هەتا ئێستاش لێی ماندوو نەبووە و بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی هەروا هیوادارە. ئەو ڕێگایەکی گەلێک سەخت و ناهەمواری بڕیوە، لە زۆر هەڵدێران بازی داوە و زۆر جار هەتا سنووری مەرگ هەنگاوی هەڵێناوە. با بزانین بۆ خۆی چۆنمان بۆ باس دەکا:
” غەیری گیانی خۆم و ئینڕێژی و تەمەنی جەوانیی خۆم هیچی دیکەم شک نەبردوە بۆ خزمەت. ئەمن لە ڕێی شۆڕش دا ئامادە بووم گیانیشم ببەخشم بە شەرتێک نەتەوەکەم ئاسودە بێ. ئەمن پێنج جار لە پیشمەرگایەتی دا بریندار بووم کە سێ جاریان بە شاهیدیی ڕەفیقەکانم و ئەگەر کەسانێکیش ئەو بەسەر هاتەی من بخوێننەوە دەزانن کە لە مەرگی حەتمی گەڕاومەتەوە”.
کە دەڵێم پێشمەرگە لە پۆڵا سەختترە لۆمەم مەکەن. کە دەڵێم ناوی پێشمەرگە ورەم پێ دەبەخشێ درۆ ناکەم. چاو لی بکەن بزانن ئەو مرۆڤە، ئەو کوڕە کوردە، ئەو تێکۆشەرە چ ماوە بۆ کورد و کوردستانی بکا؟ پێنج جار لەشت کون کون بێ و سێ جاریان مەرگ لە یەک هەنگاویی ژیانت چاوەڕێ بێ چۆن تاریف دەکرێ؟ زیاتر لە سی ساڵی باشترین کاتەکانی تەمەنت بۆ خزمەت بە شۆرشی کورد تەرخان بکەی ئیدی چ دەمێنێ بیدەی؟ ئەمنێکی کڵۆڵ کە ئەو بەسەراهاتانە دەخوێنمەوە دەبێ چ هەستێک دام بگرێ و چ ڕێزێک بۆ ئەو ئینسانە دابنێم؟ بەڵێ کەم نەبوون کەریم سەقزییەکان کە لووتکە و دۆڵ و پیدەشتی ئەم وڵاتەیان تەخت کرد، برسی و تینوو مانەوە، هیلاک و شەکەت بە ڕێگاوە چاویان چوو دەخەوەوە، بە ڕۆژ و شەو دەسەنگەر دا مانەوە و تەکانیان نەخوارد، مەرگی هاوسەنگەر و ڕەفیقی خۆشەوستیان بە چاو دیت و ناچار بوون تەحەمولی بکەن.
داستانی ئەوانەی بوونەتە پێشمەرگە و لە جەنگەی خەبات دا ئەزموونیان وەسەر یەک ناوە و دوایە گەیشتوونەتە پلەی بەرزی فەرماندەری جێگای لێ فێر بوونە. تێکۆشەر کەریم سەقزی لەو کوڕە بە جەرگ و ئازایانەی کوردە کە لە سیفرەوە دەستی پێ کرد و بوو بە فەرماندەیەکی بەناو بانگی هێزی پێشمەرگە.
کەریم سەقزی خەڵکی ناوچەی کوردپەرەوەری سەقزە. سەقز و دێهاتی دەور و بەری زۆرترین قوربانییان پێشکەشی بارەگای کۆماری کوردستان کرد و هەر لەو کاتەشەوە قەت تێکۆشان بۆ ئازادی لەو مەڵبەندە ڕانەوەستاوە. با بزانین کاک کەریم لەو بارەوە دەڵێ چی: ” خەڵکی ناوچەی سەقز چ پێش ئینقلابی ئێران و چ لە جەڕەیانی ئینقلاب دا و تەنانەت لە دەورانی کۆماری کوردستانیش دا زۆر تێکۆشەر و چالاک بوون. زۆربەی قوربانییەکانی دەورانی کۆمار خەڵکی ئەم ناوچەیە بوون. یانی ئەگەر ئێمە ئەوکاتی لە کوردستان بیست شەهیدمان دابێ، لەوانەیە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی سەقز بن”.
گرینگیی ژیان و هەڵدانی کەریم سەقزی دەوەدایە بە تەمەنی کەم و خوێندەواریی کەمترەوە ڕووی کردۆتە مەیدانی خەبات، بەڵام ئەو مەیدانەی کردۆتە قوتابخانە و خۆی تێدا بار هێناوە. گرینگیی خەباتی کەریم سەقزی دەوەدایە کە ئەزموونی باشی لێ وەرگرتووە و لەو باخە ڕەنگاوڕەنگەی پێیدا تێپەڕ بووە گوڵی بۆنخۆشی زۆری چنیون. ئەو، تەنیا شەڕکەرێکی چاو نەترس نەبووە، بەڵکوو خوێندکارێکی چاو کراوەی مێشک ئاوەڵاش بووە کە ویستوویەتی ئەزموونەکانی ژیان و خەبات هەرچی زیاتر وەسەر یەک بنێ. هەربۆیەش ئەو کەریم سەقزییەی ساڵی ٥٨ کە پێی ناوەتە نێو مەیدانی خەبات پاش چەند ساڵ دەبێتە فەرماندە و ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە ڕێنوێنی و سەرپەرستی دەکا. لە کاک کەریم دەپرسم لە چەند شوێنی کوردستان خزمەتی کردوە کە وەڵام دەداتەوە:
” ئەمن سەرەتای پێشمەرگایەتیم لە ناوچەی سەقز دەست پێ کرد. با بڵێین پێش شەڕی سێ مانگە و بەشێک لە شەڕی سێ مانگە. ناوچەی دووهەم کە کاری پێشمەرگایەتیم تێدا کرد شارستانی سەردەشت بوو. نیزیک بە ساڵێک و یەک، دوو مانگ لە ناوچەی سەردەشت بووم. دوای ئەوە ناوچەی بانە بوو کە کاری پیشمەرگایەتیم تێدا کرد. دەتوانم بڵێم نیزیک بە دە ساڵ لە ناوچەی بانە ماومەتەوە. ناوچەی چوارەم ئەگەر حیساب بکەین، ناوچەی بۆکان بوو کە دیارە دووبارە جارێکی دیکە چوومەتەوە ناوچەی سەقز و لەوێ کاری پێشمەرگایەتیم کردوە”. کاک کەریم جگە لە فەرماندەریی هێزی پێشمەرگە، بەرپرسیاەتیی سیاسیی کۆمیتە شارستان و کاری ماڵی و دیپڵۆماسییشی پێ ئەسپێردراوە و بە گشتی هەموو توانا و ئیمکانی خۆی بۆ خزمەت بە خەبات و شۆڕش تەرخان کردوە کە ئێستاش بەردەوامە.
تێکۆشەر کەریم سەقزی بە ئەزموونی دەیان ساڵ خەباتی بێ وچان و وەسەر یەک نانی خەرمانێک دەرسی فەرامۆش نەکراو، ئێستا کە پێی ناوەتە چلەکانی تەمەنی بە شیوەیەکی دیکە هەوڵی ڕزگاریی گەلەکەی دەدا. ئەو وێڕای سەدان هاوخەباتی خۆی قەڵای دێمۆکڕاتی کردۆتە ناوەندی تێکۆشان و لەوێوە بەرنامەی کاری دواڕۆژی دادەرێژێ. کاک کەریم ئێستا لە ناوەندی کارە دیپڵۆماسییەکانی حیزبەکەی دایە و خەریکی کۆکردنەوەی دەنگی زیاترە بۆ پشتیوانی لە خەباتە ڕەواکەی. هەروەک خۆی دەڵێ بێگومان هەرکات حیزبەکەی پێویستی پێی هەبێ دیسان ئامادەیە لە مەیدانی خەباتی ڕوودەر ڕوودا بەرگری لە گەل و وڵاتەکەی بکا.
ژیان چیە؟ هاتنێک و گەشتێک بە نێو دنیای دەوروبەردا و پاشان چوونێکی ئەبەدی. ئەوانەی ژیان دەکەنە کەرەسەی خزمەت و ئەو گەشتەی خۆیان بۆ کاری باش و خزمەتی زۆر تەرخان دەکەن، ناویان بەرزە و یادیان بەڕێزە. پیشمەرگە لە پیشەوەی ئەو ناوانەیە کە بە بەرزی دەمێننەوە چونکە گیان لە سەر دەستە. بێگومان ناوی کەریم سەقزی لەو ناوانەیە کە بە چاکی یاد دەکرێ و بەڕیزەوە بە زمان دا دێ. تەمەنی درێژ و ژیانی خۆش و لە خزمەت بە گەل و وڵاتەکەی دا بەردەوام بێ.