بەرهەمهێنان و هەڵسووڕانی چەرخی پیشەسازی لە ئێران یەک لەو باس و قەیران و بابەتانەیە کە هەم لە بانگەشەکانی کاندیداکان و هەم لە باس و پێکهەڵپڕژانەکان لە دیبەیتەکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی‌دا ڕەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
ئەگەرچی دروشم و سیاسەتی سەرەکیی حەسەن ڕوحانی ئاشتکردنەوەی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی و ڕاکێشانی متمانە و سەرمایە بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە بوو، بەڵام ئامارەکان دەڵێن ناوبراو سەرەڕای ئەوەی هەموو قورسایی خۆی بۆ ئەو بەشە دانا، کەچی لەو چوار ساڵەدا دۆخەکەی پێ باشتر نەبوو.
وەزارەتی سەنعەت و کانزا و بازرگانیی کۆماری ئیسلامی پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی سەرۆک کۆماریی حەسەن ڕوحانی‌دا 5100 یەکەی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی دیکە داخراون. ئەو ئامارە کاتێک بڵاو کرایەوە کە ئیبڕاهیم ڕەئیسی، ڕکەبەری سەرەکیی حەسەن ڕووحانی بۆ سەرۆککۆماریی داهاتووی ئێران ڕایگەیاند کە لە ماوەی سەرکۆماریی ڕوحانی‌دا 17 هەزار کارگە و یەکەی بەرهەمهێنان داخراون، بەڵام دەوڵەت یەک لە سێی ئەو ئامارە بەڕاست دەزانێ.
بانگەشە و لێکلەهەڵڵادانی کاندیداکان لەو ماوەیەدا دەلاقەیەکی باش بۆ وێناکردنی بارودۆخی ئابووریی تێکتەپیوی ئێران بوون، هەڵبەت بارودۆخی پیشەسازی لە ئێران دوو ساڵە بۆتە چەقی هەڵڵاکانی نێوان دەوڵەتی ڕوحانی و ڕەوتی دژبەری.
وەزارەتی سەنعەت و کانزا و بازرگانیی ئێران پاییزی ساڵی 94 ڕایگەیاند کە 7500 کارگە و کارخانە کە لەکاروەستاون دەکرێ بە 16 هەزار میلیارد تمەن زۆریان وەگەڕ بخرێنەوە، بەڵام کاتی ناونووسی بۆ وەرگرتنی نەغدینەیی و ئاسانکارییە بانکییەکان ڕێک 12 هەزار و 500 کارگە و یەکەی لەکاروەستاوی بەرهەمهێنان ناونووسیان کرد و دەستی یارمەتییان بۆ دەوڵەت درێژ کرد. ئەوە کە دەوڵەت چەندە توانی هەناسەیەک بەبەری ئەو بەشەدا بکاتەوە و چەند لەو کارگە و کارخانە لەگەڕکەوتووانە ببووژێنێتەوە باسێکی دیکەی جێی ناکۆکییەکانە. دەوڵەت دەڵێ توانیویەتی کە ژیان و جووڵە بۆ نیزیک بە 5000 کارگە و کارخانە بگەڕێنێتەوە، بەڵام ڕەخنەگرانی دەوڵەتی ڕوحانی دەڵێن ئەم ئامارە ڕاست نییە و دەوڵەت نەیتوانیوە لەو بوارەدا کارێکی ئەوتۆ بکا.
ئێستا با بزانین دۆخی پیشەسازی و بەرهەمهێنان لە کوردستان چۆنە و بۆ ئەوەش هەر پشت بە ئامارە ڕەسمییەکان و قسەی زاری کاربەدەستان دەبەستین.
سه‌رۆكی ڕێكخراوی پیشه‌سازی، سامانه‌كان و بازرگانیی سنه بە ئاشکرا دەڵێ کە له‌م پارێزگایه هیچ سه‌رمایه‌گوزارییه‌ك نه‌كراوه. محه‌ممه‌د ده‌ره‌وزمی وێڕای ئاماژه به‌ه‌وه‌ی كه له‌م پارێزگایه‌دا ٧٥٨ یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی له به‌شی پیشه‌سازیدا هه‌یه و گوتی لەوەندە ١٢٨ یه‌كه‌ی بەرهەمهێن بە تەواوی داخراون و ٢٤٢ یهكەش نیوه چالاكن و بەرەو ڕاگیرانی کارەکانیان دەچن.
قاسم جاسمی، نوێنەری كرماشان لە مەجلیسیش دەڵێ سەدی ٨٥ ی كۆمەڵە پیشەسازی و بازرگانییەكانی پارێزگای كرماشان وه‌رشکسته بوون و داخراون.
جاسمی دەڵی تەنیا سەدی ١٠ تا سەدی ١٥ی كۆمەڵە پیشەسازی و بازرگانییەكانی پارێزگای كرماشان خەریكی چالاکین و ئەم یەكە چالاكانەش تەنیا به زه‌رفییه‌تی سەدی ٤٠ تا سەدا ٤٥ی سەرەكیی خۆیان كار دەكەن.
جەعفەر سادق ئەسكەندەری، سەرۆكی ڕێكخراوی پیشەسازی، سامانەكان و بازرگانیی ورمێ‌ش دەڵێ ٢ هەزارو ٩٨٤ کارگه و یه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنان لە ئاستی پارێزگای ورمێ‌دا هەن که نیزیک به نیوه‌ی تەواویان داخراون.
وەک ئەو باسی دەکا لە 2 هەزارو ٩٨٤ کارگه و یه‌که‌ی به‌رهه‌مهێنان لە ئاستی پارێزگای ورمێ‌دا هەزار و ٦٨٠ یەكەیان چالاك و نیوە چالاكن، ٣٦٣ یەكە و کارگه کۆیان کردۆته‌وه و ٩٠١ کارگا و یه‌که‌ی دیكەی ئەم پارێزگایە له‌کار که‌وتوون و هیچ چالاكییەكیان نییە.
ئەحمەد شەوهانی، نوێنەری ئیلام لە مەجلیس بە ڕاشاوی باس لە قەیرانی بەرهەمهێنان لە پارێزگای ئیلام‌دا دەکا. ئه‌و نایشارێته‌وه که سه‌دی 90ی کارگه و یه‌که‌کانی بەرهەمهێنان لە ئیلام له کار وه‌ستاون و تەنیا سه‌دی 10ی ئه‌وان ئەویش بە کەمترین توانیانەوە کار دەکەن.
پارێزگای ئیلام که سه‌دی ١١ی هه‌موو پاشکه‌وتی نهوتو گازی ئێرانی هه‌یه، له بێبه‌شترین و په‌راوێزخراوترین ناوچه‌کانی ئێرانه لە بواری بەرهەمهێناندا. عه‌لیڕه‌زا ڕه‌مه‌زانی، کارناسی ئابووری له ئیلام ده‌ڵێ تا ئێستا پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری له ئیلام وه‌ڕێ نه‌خراوه و چه‌ند کارخانه‌یه‌کی بچووکی وه‌ک پێترۆشیمیی ئیلام، پاڵاوگه‌ی گاز و کارخانه‌ی سیمانی دێهلۆران بارته‌قای ڕێژه‌ی زۆری بی‌کاری له‌و پارێزگایه نییه. ئه‌و ده‌ڵێ زیاتر له نیوه‌ی پڕۆژه‌کانی به‌رهه‌مهێن له پارێزگای ئیلام به‌هۆی که‌میی بودجه‌و نه‌بوونی سه‌رمایه ڕاوه‌ستاون و نه ده‌وڵه‌ت و نه بانکه‌کان که‌س ئاوڕیان لێ ناداته‌وه.
ئەم داتا و ئامارانە دەریدەخەن قەیرانە ئابوورییەکان و په‌ره‌نه‌سه‌ندنی کوردستان له جوغرافیای سیاسیی ئێران‌دا ئەگەر لەلایەک تابعێکە لە بارودۆخی گشتیی وڵات، لەلایەکی دیکەش لە ڕووی چەندی و چۆنایەتییەوە به‌رهه‌می سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن و ڕوانینی ئه‌منیه‌تی بۆ کوردستانه. له‌و نێوه‌دا فه‌ڕق ناکا پێکهاته‌ی پارێزگاکانی کوردستان له ئێران، واته ئیلام، سنه‌م کرماشان و ورمێ چین و شیعه‌ن یان سووننه‌ن؛ به‌ڵکوو کوردستان و کوردبوون به‌گشتی هۆکاری سه‌ره‌کیی ئه‌و په‌راوێزخرانه‌یه که ئامار و داتا ڕه‌سمی و حکومه‌تییه‌کان به باشی ده‌یسه‌لمێنن.