حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کاروانی ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا خاوەن ڕۆڵ و جێگە و پێگەیەکی تایبەتە. ئەم حیزبە هەر وا کە لە ڕووی سیاسییەوە شوێنی دیاری هەبووە لە ژیانی سیاسی و خەباتگێڕانەی نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە ڕووی ڕۆژنامەنووسییشەوە، ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاوی بووە. دیارە ئەم ڕۆژنامەنووسییە ، ڕۆژنامەنووسیی حیزبی بووە بەڵام لە هەر حاڵدا ئەم ڕۆژنامەنووسییە حیزبییەش بەشێکە لە کاروانی ڕۆژنامەنووسیی کوردی.
١- قۆناغی دەسپێک:
ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، چەند قۆناغ دەگرێتە خۆ. یەکەم قۆناغ ئەو کاتەیە کە ئەم حیزبە دادەمەزرێ و دوایەش کۆماری کوردستان پێک دێنێ. ئەمە قۆناغی یەکەمی کاروانی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکراتە کە وەک قۆناغی دەسپێک ناوی دەبەین. دیارە بەر لە دامەزرانی ئەو حیزبە، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان هەبووە و کۆمەڵەی ناوبراویش، گۆڤاری” نیشتمان”ی بڵاو کردوەتەوە. بەڵام بە دامەزرانی ئەم حیزبە و چەند مانگ دواتریش بە دامەزرانی کۆماری کوردستان، قۆناغێکی زێڕێن لە مێژووی ڕۆژنامەنوسیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پی دەکا.
تایبەتمەندییەکانی قۆناغی دەسپێکی ئەم کاروانە بریتین لە:
– حیزبی دیموکرات لە دەسەڵات دایە و بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا و بە زمانی کوردی کاری ڕۆژنامەنووسی دەکا. ئیمکاناتی حکوومەتییش لە خزمەت ڕۆژنامەنووسییەکە دایە.
– جۆراوجۆری لە کارو هەنگاوە ڕۆژنامەنووسییەکاندا هەیە. لە لایەکەوە ڕۆژنامە هەیە کە چەند ڕۆژ جارێک دەرچووە، هەر لەو کاتەدا گۆڤاری جۆراوجۆریش بڵاو بوونەتەوە و توێژی جیاوازی کۆمەڵ، بەردەنگیان بوون.
هێندێک لە چاپەمەنیی ئەو سەردەمە بریتی بوون لە: ڕۆژنامەی “کوردستان”، گۆڤاری “کوردستان”، گۆڤاری “هەڵاڵە” کە لە بۆکان دەرچووە، “گڕوگاڵی منداڵانی کورد”، گۆڤاری “ئاوات”، گۆڤاری “هاواری نیشتمان”. هەر لەو سەردەمەشدا، حیزبی دیموکراتی کوردستان، بڵاوکردنەوەی بەرنامەی رادیۆیی بە زمانی کوردی لە ئاستی پێتەختی کۆماردا، ئەزموون دەکا. ئەم قۆناغە بە ڕووخانی کۆماری کوردستان لە کۆتایی پاییزی ١٣٢٥، کۆتایی پێ دێ.
٢- قۆناغی هەژاریی خەرمانی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکرات:
لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە هەتا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ١٣٥٧، خەرمانی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکرات هەژارییەکی نەخوازراو بە خۆیەوە دەبینێ. هۆکاری ئەم هەژارییە، گیران و شەهیدکرانی سەرانی کۆمار، ڕاکردن و دەربەدەری یا گیران و دەسبەسەریی بەڕێوەبەران و تێکۆشەرانی حیزب و کۆمار، قەدەغە بوونی تێکۆشانی حیزب و بەرەوڕووبوونی ناوەندی ڕێبەریی حیزب لە گەڵ دوورخراوەیی لە وڵات و ناکۆکیی نێوخۆیی بووە. تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵی خایاندوە بریتییە لە:
– لە ڕووی چەندێتی، ئەو هەوڵە ڕۆژنامەنووسیانەی لەو قۆناغەدا دراون، کەم بوون.
جگە لە ڕۆژنامەی “کوردستان” کە ئۆرگانی حیزب بووە و چەند جار هەوڵی بەردەوامیی و دووبارە بڵاوبوونەوەی دراوە، دوو ناوی دیکە لە ڕیزی چاپەمەنیی حیزبدا دەبیندرێن. یەکەمیان بڵاوکراوەیەکی دەستنووس بە ناوی “تیشک ” بووە کە کاک سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی دوو- سێ نوسخەی دەستنووسیان لە نێو بنکە حیزبییەکاندا لێ ئامادە کردوە و هەر لە نێو هاوڕێیانی حیزبیی دانیشتووی ئەو بنکانەدا بڵاو بوونەتەوە. دووهەمیان بڵاوبوونەوەی نامیلکەی نێوخۆیی ” تێکۆشەر” لە دوای کۆنگرەی سێهەمی حیزبەوە بووە.
– هەوڵە ڕۆژنامەنووسییەکان بە نهێنی یا لە دوورەولاتیدا بوون و، پچڕان و نارێکوپێکی و وەستان لە بڵاوبوونەوەیاندا هەبووە.
قۆناغی سێهەم:
بە ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی و دەست پێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، قۆناغێکی نوێ لە کاروانی ڕۆژنامەنووسیی ئەم حیزبەدا دەست پێدەکاتەوە. ئەم قۆناغە هەتا ئەو کاتەی کاناڵی ئاسمانیی تەلەڤیزیۆنی و ئەنترنێت دێنە نیو راگەیەنی کوردییەوە، واتە هەتا سەرەتا و ناوەندیەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی، (دەیەی حەفتای هەتاوی) دەخایەنێ.
لە بەرەکەتی کەشوهەوای سیاسیی دوای ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕۆژنامەنووسی لە سەرانسەری ئێران، ئازادی و گەشەیەکی سیاسیی کاتی بە خۆوە دەبینێ. لە کوردستانیش، حیزبی دیموکرات کە ئەزموونی دوو قۆناغی پێشووی هەیە، سوود لە هەلومەرجی سیاسیی نوێ وەردەگرێ و گەشە بە چاپەمەنیی خۆی دەدا. تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەنووسیی حیزب لەم دەورەیە دا ئەمانەن:
– وەک سەردەمی کۆمار و زیاتریش، جۆراوجۆری لە هەوڵ و هەنگاوە ڕۆژنامەنووسییەکاندا سەر هەڵ دەداتەوە. ڕۆژنامەی “کوردستان” دووبارە بە ئاشکراو لە زیدی خۆی کە مەهاباد پێتەختی کۆماری کوردستانە، بۆ ماوەیەک لە لاپەڕەی گەورە دا بڵاو دەبێتەوە. کۆمەڵێک گۆڤار و بڵاوکراوەی نوێ، بە بەردەنگی جیاوازەوە لە لایەن دامەزراوە و رێکخراوەکانی ئەو حیزبە بڵاو دەبنەوە.
– نەک هەر ناوەندی حیزب و ڕێکخراوە سینفییەکانی سەر بە حیزب بەڵکوو ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمیتە شارستانەکان و بەڕێوەبەرییە ناوچەیەکانیش، دەبن بە خاوەنی بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆیان( کە مانگانە یا چەند مانگ جارێک دەردەچوون).
بۆ وەبیرهێنانەوە ناوی هێندێکیان ئەمانە بوون:”خەبەرنامە” کە لە کۆمیتەی شارستانی مەهاباد و زۆر لە کۆمیتە شارستانەکانی دیکەش شتی لەم چەشنەیان بڵاو دەکردەوە،”گەلاوێژ”(یەکیەتیی لاوانی دیموکرات- مەهاباد)، “دەنگی لاوان”(یەکیەتیی لاوانی مەهاباد”، “پێشەوا” کە ٢٦ ژمارەی لێ بڵاو بوەوە و لە لایەن کۆمیتەی شارستانی مەهاباد دەردەچوو. “دەنگی کورد” بڵاوکراوەی کۆمیتەی حیزبی دیموکرات لە تاران، “کێلەشین”(کۆمیتەی شارستانی شنۆ)، “یەکێتی”(کۆمیتەی شارستانی نەغەدە)، پڵێنگ(هەاڵنامەی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار)، “دەنگی ژنان” لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دیموکرات، “شەهید”(کۆمیتەی شارستانی بانە)، “نەکەرۆز”(کۆمیتەی شارستانی سەقز)، “زانیاریی پێشمەرگە”(کۆمیتەی شارستانی سنە)، بڵاوکراوەی “ئاوارە” لە لایەن کۆمیتەی شارستانی سەردەشتەوە، “ڕوانگەی لاوان”(ئۆرگانی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات لە بانە)، گۆڤاری “لاوان” ئۆرگانی ناوەندیی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات کە تا ئێستاش بەردەوامە. گۆڤاری ٢٦”ی سەرماوەز” کە لە لایەن کۆمیسیۆنی سیاسی – نیزامی بڵاو دەبوەوە. بڵاوکراوەی “کۆمەڵ” کە لە لایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی بڵاو دەبوەوە،”ئارارات” بڵاوکراوەی کۆمیتەی ئاراراتی حیزبی دیموکرات. هێندێک لەو بڵاوکراوانە( ڕۆژنامەی “کوردستان”، گۆڤاری ٢٦ی سەرماوەز و “روانگەی لاوان” دواتر لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ، دەورەیەکی نوێیان لێ بڵاو دەکرێتەوە.
– زۆربەی بڵاوکراوەکانی ئەم قۆناغە بە تایبەتی ئەوانەی لە کۆمیتە شارستانەکان و بەڕیوەبەریی شار و ناوچەکان دەر دەچوون، بە هۆی داسەپانی شەڕ بە سەر خەڵکی کوردستان و گیرانەوەی ناوچەکان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، تەمەنێکی کورتیان هەیە.
– ڕادیۆ(ی دەنگی کوردستانی ئێران) دێتە نێو تێکۆشانی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکرات و دەکرێ بڵێین ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ لە گەیاندنی هەواڵ و پەیامی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و خەباتی حیزبی دیموکرات بە کۆمەڵانی خەڵک. ڕادیۆ سەرەرای پارازێتی بە هێز و بەردەوام کە لە لایەن دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی دەخرایە سەری، دەیتوانی سەر بە هەر ماڵێک و مووچە و مەزرایەک لە هەر شوێنێکی کوردستاندا بکا.
قۆناغی چوارەم:
ئەم قۆناغە لە دەیەی ٩٠ی زایینی(٧٠ی هەتاوی) بە هاتنی کاناڵی ماهوارەیی تەلەڤیزیۆنی و هاتنی ئەنترنێت بۆ نیو کار و چالاکیی ڕۆژنامەنووسی کوردی دەست پێ دەکا. ئەم گۆڕان و پێشکەوتنەی نێو دنیای ڕۆژنامەنووسی، ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکراتیش- ئەگەر چی بە درەنگەوە- دەگرێتەوە. دەتوانین بڵێین ئەم قۆناغە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغەی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکرات بریتین لە:
– لە سەرەتای قۆناغەکەدا، بڵاوکراوەی کاغەزی بایەخی خۆی هەر پاراستوە. هەر بۆیە کۆمەڵێک بڵاوکراوەی نوێ دێنە ڕیزی چاپەمەنیی حیزب. بڵاوبوونەوەی دووبارەی گۆڤاری “لاوان”، لە دایکبوونی گۆڤاری “ژنان”، لە دایکبوونی “دنیای مندالان”وەک پاشکۆی ڕۆژنامەی ” کوردستان”، لە دایکبوونی گۆڤاری تیشک” وەک بڵاوکراوەی سیاسی و فکریی کۆمیسیۆنی فێرکردنی حیزب، لە ڕووداوەکانی ئەم قۆناغەن.
– ژمارەیەک ماڵپەڕی ئەنترنێتیی سەر بە حیزبی دیموکرات دەست بە کار دەکەن و بەم جۆرە چاپەمەنیی حیزبی دیموکراتیش لە تۆڕی جیهانیی ئەنترنێت سوود وەردەگرن.
– ڕادیۆ بەرەبەرە لە بایەخی کەم دەبێتەوە و هەتا دێ خوازیاری کەناڵی ئاسمانی پەرە دەستێنێ. لەم قۆناغە دایە کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەبێتە خاوەنی کاناڵی ئاسمانی و تەلەڤیزیۆنی “تیشک”لە دایک دەبێ. دواتر کاناڵی ئاسمانیی “کورد کاناڵ” بە پشتیوانیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پەخشی بەرنامەکانی دەست پێ دەکا.
– لە گەڵ ئەوەی بەربەست و کۆسپەکانی سەر ڕێگای ڕۆژنامەنووسیی ئازاد لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەر وا درێژەیان هەیە، بەڵام بە هۆی پێشکەوتنی ئامێرەکانی پێوەندی، دەنگ و رەنگی میدیاکانمان هاسانتر لە پێشوو دەگەنە بەردەنگی خۆیان. هەوڵێشمان ئەوە بووە کە پێوەندییەکە یەک لایەنە نەبێ، و بەردەنگی ئێمەش ڕەخنە و چاوەروانیی خۆی بگەیەنێتە ئێمە و تەنانەت بۆشی بڵاو بکەینەوە.
– تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا دێ پتر گەشە دەکەن و خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش وەک بەر دەنگی ئەم حیزبە لەو تۆڕانەدا چالاکتر دەبن.
نیوەرۆکی پەیامی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکرات:
ناوەرۆکی بابەت و پەیامەکانی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکرات، تیشک خستنە سەر بێ مافی و بندەستیی نەتەوەی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، هاندانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ نەهێشتنی ژێردەستی و بێ مافی بووە. وەخەبەرهێنانی هەست و بیری نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی سیاسییان بووە، ڕێنوێنی کردنیان بووە بۆ خەبات لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی و هەر وەها کۆتایی هێنان بە زۆرلێکراوی لە ڕووی نەتەوەییەوە.
ئەرکە هەنووکەییەکانمان:
زنجیرەیەک کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ خەسارناسیی لاوازی و کەموکورتییەکانی کاری میدیایی و ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا پێک بێنین بۆ ئەوەی لە بەر رووناکایی باسەکاندا، پلان و بەرنامە بۆ داهاتووی تێکۆشانی ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان دابنێین.
– هەتا دێ، بەردەوامبوونمان لە ڕۆژنامەی کاغەزیدا بە هۆی تێچووی ماڵیی ئەم جۆرە ڕۆژنامەنووسییە دژوارتر دەبێ، هەر بۆیە پێویستە وێڕای کەمکردنەوەی ئەو جۆرە تێکۆشانە لە ڕووی چەندایەتییەوە، گرنگی بە جۆر و چۆنایەتی و ڕاکێشەربوونی میدیای ئەم سەردەمە و گەیاندنی پەیامەکەی بە بەردەنگی خۆی بدەین.
– لە پەخشی بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیدا پێویستمان بە بەخۆداچوونەوە هەیە. بەردەوام راگرتنی کەناڵی ئاسمانی، کە تێچوویەکی بەرچاو لە ئێمە دەخوازێ، ئەو کاتە دەتوانێ بە سوود بێ، کە باشترین کەلکی لێ وەربگرین. پێویستە لاوازییەکانمان لە ڕووی بەرهەمهێنانی بەرنامە، چارەسەر بکەین.
– توانای مەعنەوی(هێزی مرۆیی) و توانای ماددیی خۆمان لەو میدیا و بوارانەدا چڕ بکەینەوە کە بەردەنگی زیاتریان هەیە. گرنگیدان بە تەلەڤیزیۆن و چالاکتربوونمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی ئەو تۆڕانەی لە ئێران ڕێگە پێدراون و خەڵک سوودیان لێ وەدەگرن، زۆر پێویستە.
– ئەو سامانە ڕۆژنامەنووسییە دەوڵەمەندەی لە قۆناغەکانی پێشوو بۆمان ماوەتەوە، لە دوو بارەوە کاریان لە سەر بکەین. لە لایەکەوە گۆڤار و بڵاوکراوەکانی پێشوو کە لەوانەیە لە ئارشیوی حیزبیشدا بە ناتەواوی هەمان بن، سکان بکەین و بیان کەینە فایلی” پی. دی. ئێف” و لە ماڵپەڕی ناوەندیی حیزب و یا لە شوێنی تایبەتدا، لە تۆڕی جیهانیی ئەنترنێتدا دایان بنێین بۆ ئەوەی هەم لە مەترسیی فەوتان رزگاریان بکەین و هەم بیانخەینە بەرچاوی هۆگران و خوازیاران. هەر لەو کاتەدا توێژەران بە تایبەتی ئەوانەی هۆگری حیزبی دیموکرات و مێژووەکەین هان بدەین بۆ ئەوەی توێژینەوە لە سەر گۆڤار و بڵاوکراوە لە بیرچۆوەکان بکەن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣.