دەنگدانی خەڵک چەکێک
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ١١ دەورە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، ١٠ دەورە هەڵبژاردنی مەجلیس، ٣ دەورە هەڵبژاردنی شووڕای شارو گوندەکانو چەند دەورە هەڵبژاردن بۆ چەند ئۆڕگانیزمێکی حکومەتیی وەک “مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری” کراوە، بەڵام دەکرێ بڵێین بەپێی ئەو پێودانگە کۆماری ئیسلامیی ئێران نیزامێکی دێموکراتیکە؟ لە جێدا هەڵبژاردنەکان لە ئێران ئازادو دێموکراتیک بەڕێوەدەچن؟ بێگومان نا. چونکە لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا ئەسڵێکی بنەڕەتی ونە، ئەویش ئەوەی کەسێک کە هەڵدەبژێرێ خۆی مافی هەڵبژێرانی نییە.
ئەوەی کە هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا موهەندیسی دەکرێن، ئەوەی کە شووڕای چاوەدێری سەر بە وەزارەتی نێوخۆ و شووڕای نیگابان بەهۆی قانوونی “نظارت ئیستصوابی” پاڵێوراوەکان لە بێژنگ دەدەن، ئەوەی کە سندووقەکانی دەنگدان لە ئێران بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا بۆ خوگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجە سیاسییەکانی ناوچەو جیهان بەکاردەبرێنو ئاکامی پێشوەختە و دیاریکراو لەو هەڵبژاردنانە وەردەگیرێن، هەموو لەجێی خۆیدا بەڵگەو پێوەری حاشاهەڵنەگر بۆ بەتاڵبوونەوەی هەڵبژاردنەکانە لە مانای خۆی لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئەوەی لە هەمووان زیندووترو جێی بایەخی زیاترە دروستبوونی ئەو پرسیارەیە کە لە هەڵبژاردنێكدا مافی هەڵبژێران بۆ ئەو کەسەی دەنگ دەدا نەبێ، ئەو بۆ دەبێ هەڵبژێرێ؟ یان ئەگەر بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکا، چۆن دەتوانێ بە “دەنگ”ەکەی خۆی شوێن لە سەر بڕیارەکان دابنێو کەمایسییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێستا نەهێلێ؟
لە ئێرانێکدا کە پێکهاتەیەکی فرەئایینو فرە نەتەوەی هەیە، ڕێبەرو سەرۆک کۆمارو جێگرەکانیو وەزیرو گزیرو پارێزگارەکان هەر دەبێ شیعە بن، ئەوە لە حاڵێکدایە یەک لە چواری حەشیمەتی موسوڵمانی ئەو وڵاتە سوننە مەزهەبن. لە ئێران هیچ شوێنکەوتوویەکی ئایینی زەردوشتی، کەلیمی، مەسیحی، یارسان، بەهاییو …مافی هەڵبژێران بە سەرۆک کۆماریو پلەو پایە بەرزە ئیداریو دەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتەیان نییە کە لێی لەدایک بوونو تێیدا دەژین، ئەوە لە حاڵێکدایە کە حەشیمەتیان سەرجەم زیاتر لە چەند میلیۆن کەسە.
لە ئێران هیچ ژنێک بۆی نییە ببێتە ڕێبەرو سەرۆککۆمار. بە زمانێکی دی زیاتر لە نیوەی ڕاستی حەشیمەتی ئەو وڵاتە لەو مافەی هەڵبژێران بێبەش کراونو هەر دەبێ پیاوێک بە سەرۆکایەتیی خۆیان هەڵبژێرن.
بۆیە ئەو پرسیارە لەجێی خۆی دایە کە کوردو عەرەبو سوننەو ژنو کەمایەتییە ئاینییەکان لە ئێران لەبەرچی دەبێ بەشداری هەڵبژاردنێک بن کە بۆ خۆیان لە مافی هەڵبژێران لەو هەڵبژاردنانەدا بێبەش کراون؟ یان ئەگەر بەشداری ئەو هەڵبژاردنانە دەبن بۆ نابێ دەنگەکانیان لە جیاتی سەرخستنی ئاکامی موهەندیسیکراوی هەڵبژاردنو ڕەواییدان بەو قانوونەی ئەوانی لەو مافانە بێبەش کردوە، بکەنە کارتێکی بەهێز بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە؟
دیسان پرسیارە کە ئاخۆ ئەم بەشە لە خەڵکی ئێران کە لەو مافە مەدەنیو سیاسیو کۆمەڵایەتیو ڕەوایەی خۆیان بێبەش کراونو حەشیمەتیان یەک لە چواری خەڵکی ئەو وڵاتە دەبێ، ملیان بۆ ئەو چارەنووسە هەمیشەییە ڕاکێشاوە کە دەبێ لە وڵاتی خۆیاندا تا هەتایە هاووڵاتیی پلە دووهەم بن، چونکی شیعە نین؟ گریمان نەک شیعەو سوننیو شوێنکەوتووی ئایینێکی دیکە، هەر موسوڵمانو باوەڕمەندی ئایینی نین، بەڵام خۆ مرۆڤنو خەڵکی ئەو نیشتمانەن، کەواتە چۆن دەتوانن لە وڵاتی خۆیاندا مل بۆ ئەو فەڕقو جوداخستنە ڕاکێشنو بۆ دەبێ وابکەن؟
یەکێک لە مکانیزمەکانی کاردانەوەی خەڵکی سوننی لە ئێران بەو بێمافییە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا دەنگنەدان بەو کاندیدە بووە کە سەر بە حکومەتیان زانیوەو پێیان وابووە حاکمییەت نایهەوێ بێتە سەرێ، یان ئەو کاندیدانەی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندان لانیکەمی وادەو بەڵێنیان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنە ئاینییەکان داوە.
سەرخستنی خاتەمی لە بەرامبەر ناتق نووری، پشتیوانی لە کاندیداتۆریی کەڕوبیو موسەوی لە بەرامبەر ئەحمەدینژادو، سەرخستنی حەسەن ڕوحانی لە بەرامبەر قالیبافو جلیلیدا میکانیزمەکانی کاردانەوەی وشیارانەو ئامانجداری بەشداریی سوننیو کەمایەتییە ئایینیو تەنانەت کوردەکان لە ئێران بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بوون. لەوەشدا پرسیار ئەمەیە کە دەسکەوتەکانی ئەو جۆرە کاردانەوەیەو ئەم چەشنە “نا”گوتنانە بە حاکمییەت چی بووە؟ ئەوانەی سەریان خستوون وەک سەرکۆمار، چەندە پێبەندی بەڵێنەکانی پێش هەڵبژێرانیان بوون؟
سەنگو قورسایی ژنانیش بەپێی رێژەی زۆری دەنگەکانیان لەجێی خۆی، کە تا ئێستا نەیانتوانیوە لە پێناو لابردنی کۆسپەکانی بەردەوام بەشداری یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەو هێنانەدی مافو داخوازەکانیان بەکاری بێنن.
ڕوونو ئاشکرایە کە هۆکاری بنەڕەتیی ئەو بێمافییەو کۆسپو لەمپەری سەرەکیی بەردەم مانەوەی ئەو هەڵاواردنە قانوونە نووسراو و نەنووسراوەکانی کۆماری ئیسلامییە. بابەتێک کە کاندیداکانی سەرۆک کۆماری پێش هەموو شتێک دەبێ ئیلتزامیان بۆیان هەبێ، لەوەش بترازێ وەدیهاتنی مافو داوای نەتەوەکانو کەمە ئاینییەکان لە ئێران نەک بە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرکۆماری، بەڵکوو لە گرەوی ڕێگەپێدانی زۆر دەزگاو لایەنی ئەمنیەتیو لە سەروو هەموویانەوە بەیتی ڕەهبەرییەوە هەیە؛ لەم ڕووەوە دەنگدانو بەشداریی یەکلایەنە لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەو لایەنانەی لەو هاوکێشەیەدا بێماف کراون غەدرێکە کە بۆخۆیان لە خۆیانی دەکەن. ئەوان کاتێک دەبێ دەنگ بدەن کە دڵنیا بن لەوەی دەنگەکانیان دەبێتە هۆی سەرەکیی گۆڕینی قانوونەکانو ئاڵوگۆڕ لە جێگەو پێگەی یەکسانیان لە وڵاتدا.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣.