هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شووڕای شار و دێ لە ئیراندا لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێ، هەڵبژاردنەکان لە ئیراندا ئەگەر بە پێوەرە جیهانیەکان هەڵبسەنگێندرێ، هیچ کامیان ناچێتە خانەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیکەوە.
دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێران بە ئامانج و بەئەنقەست رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شوورای شار و گوندەکانیان پێکەوە داناوە. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە بەشداریی خەڵک لەسەر سندوقەکانی دەنگدان زیاد بکەن و وا نیشان بدەن کە حکومەتەکەیان شەرعیەتی لە خەڵکی ئێران وەرگرتووە!. ئەوان بەشداریی خەڵکیان لە سەر سندوقەکان بە میلاکی شەرعیەتی خۆیان دادەنێن! بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر جار بەشداریی زۆرینەی خەڵک لە دەنگداندا بەمانای قەبووڵکردن نیە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیی بەو راستییەوە هەیە کە لە ناو واقیعی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتەدا زاڵە!
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا ئەگەر بە هەڵبژاردنێکی سیاسی دابنێین، ئەوا هەڵبژاردنی شووڕای شار و گوندەکان پێوەندیی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە، راستەوخۆ پێوەندیی بە ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە هەیە! بوونی کەسانی شارەزا و بەتوانا لە ریزی شوورای شار و گوندەکان دەتوانێ گۆرانێکی باش ساز بکات لە خۆبەرێوەبردنی خەڵک بە دەستی خۆی! هەربۆیە دوو هەڵبژاردن لە یەک رۆژدا لە بنچینەدا لێک ناچن تا پێوەندییان پێکەوە هەبێت!
لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییدا کەسێک دەردەچێت کە چەندین فیلتێری ئەمنیەتی و وەفاداربوون بە نیزامی تێپەڕاندبێ و لەو نێوەشدا تەنها یەک کەس بۆی هەیە ئەو پۆستە سیاسی و ئیجرائیە وەربگرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە هەڵبژاردنی شوورای شار و گوندەکان دا خەڵکانی زۆر بەشدار دەبن و تەئید دەکرێن و تەنیا ئەوە دەمێنێتەوە کە ئەو کەسانەی دەردەچن و متمانەی خەڵک وەردەگرن چەندە باوەڕیان بە خۆیانە و ئەو متمانەی خەڵک پێیداون دەپارێزن.
بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، “ههموو کهسێک مافی ئهوهی ههیه که له کاروباری بهرێوەبهرایهتی گشتی وڵاتی خۆی، بهشێوهی راستهوخۆ یان له رێگهی ههڵبژاردنی نوێنهرانێک که ئازادانه ههلبژێردراون بهشداری بکات”.
خۆ بەربژێرکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بە پێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان مافی تاک بە تاکی هەموو کەسێکە و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ ئەو مافە لە کەس زەوت بکات، بۆیە کەسی دەنگدەر لە وڵاتی دێموکراتیک و هەڵبژاردنێکی ئازاددا مافی هەڵبژاردنی هەیە و هیچ لایەنێک ناتوانێ ئەو مافە لە تاک وەربگرێت! لە نیزامی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیشدا کە بەربژێربوون ئازاد نیە، لەلایەکی دیکەوە، دەنگدەران بە کەڵکوەرگرتن لە مافی ئازادانەی خۆیان زۆرجار هەڵوێستی شیاویان بەرامبەر ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە گرتوە.”
بە دەرککردنی ئەو راستییەیە کە حیزبی دێموکراتی کورستان لە ماوەی١٠ ساڵی رابردوودا لەگەڵ واقعیەتی کۆمەلگەی رۆژهەڵاتی کوردستان جووڵاوەتەوە، هەر بەهۆی رەچاوکردنی رەفتاری واقعگەرایانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە کە رەوتێکی نوێ لە خەبات و تێگەیشتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا بێتەکایەوە!
حیزبی سیاسی لە مەیداندا هەمیشە پێویستە بە دەرکی دروست لە واقعییەتەکان لەگەڵ حەقیقەتی مەسەلەکە بەرەوڕووبێ و هەمیشە لە ڕۆچنەی واقعیەتەوە هەوڵ بدات لە حەقیقەت نزیک ببێتەوە. کاتێک دەبینرێت کە بەستێنی هەڵبژاردن لە ئێراندا کەند و کۆسپی زۆرە، بەڵام ئەو راستییە نابێ لەبەر چاو ون بێ کە حیزبی سیاسی دەبێ لە دەڵاقەی واقعیەتەوە بڕوانێتە هەڵبژاردنێک نەک حەقیقەت!
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٠ ساڵی رابردوودا لە چەندین هەڵبژاردن دا هەوڵیدا لە فەزای دروست بوو لە هەڵبژاردنەکان وەک دەرفەت بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی پەیامەکانی کە هەڵگری ویست و داخوازەکانی خەڵک بوو کەڵک وەربگرێت! و رێنوێنی بە خەڵک دەدا لەسەر چۆنیەتی روانینیان بۆ هەڵبژاردنەکان و هێنانە ئارای ویست و داخوازییەکانیان؛ هەڵبەت ئەو هەڵوێستەی حدک لەگەڵ دژکردەوەی زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات بەرەوڕوو بۆوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ پێشوازیی خەڵک و چالاکانی ناخۆ بەرەوڕوو بوو! هەر ئەو جۆرە هەڵوێست گرتنەش بوو کە حدک جیاواز دەربکەوێت!
لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا، لەلایەک ئەگەر وەزعی سیاسیی ئیستا و نائومێدی خەڵک لە رەوتی دیاریکردنی بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری بیری خەڵکی لە هەڵبژاردن و مەیدانی هەڵبژاردن دوورخستۆتەوە، لەلایەکی دیکەوە مەسەلەی هەڵبژاردنی شووراکان و روانینی خەڵک بۆ ئەو بەشە لە هەڵبژاردنەکان دیسانیش جێی سەرنجە. بەڵام بابەتێکی گرینکی دیکە داوای حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ هاوهەڵوێستی حیزبی دیموکرات لەگەڵ ئەوان، وایکرد ئەم حیزبە لە پێناو هاودەنگیدا چاوپۆشی لە بەشێک لە روانینە سیاسیەکانی خۆی بکات. لە ١٠ ساڵی رابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هیچ بەستێنێک خافل نەبووە بۆ ئەوەی یەکگرتوویی و هاودەنگیی لەناو ریزەکانی لایەن و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکات!. لە هەڵبژاردنەکانی ئەو جارەدا لەگەڵ ئەوەیدا حیزبی دێموکراتی کوردستان تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی شووڕای شار و دێ هەبوو، بەڵام گرینگی زیاتریدا بۆ ئەوەی بەستێنی هاوکاری و هاوپەیوەندیی لە نێوان لایەنەکانی رۆژهەڵات زیاتر خۆش بکرێ.
حیزبێک کە لەگەڵ واقعیەتی سەردەم هەوڵ دەدات خۆی بگونجێنێ و لە حەقیقەت نزیک بێتەوە!