(بۆ کوڕیادی نەمر کاک فەتاحی کاویان ئامادە کراوە)
زۆر سەختە کە دەبینین کاک فەتاح کاویان کە مایەی گەرمی و ئاوەدانی و دەوڵەمەندیی کۆڕ و کۆبوونەوەکانمان بوو، ئەمڕۆ لە نیومان دا نیە و بە جەستە ماڵاوایی لێ کردووین. لە کاتێک دا سڵاوی وەفا و ئەمەگناسی بۆ گیانی پاکی کاک فەتاح دەنێرم، لەو باوەرە دام و دڵنیام ئێوەش هەر پێتان وایە کاک فەتاح وەک هەموو کەسایەتییە دیار و پڕ خزمەتەکانی مێژووی ئەم حیزبە، بەو کاریگەرییە فرە رەهەندەی لە سەر چەند نەسل لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات بوویەتی، بەو سامانە مەعنەوییە دەوڵەمەندەی لە پاش خۆی بە جێی هێشتوە، ناو و یادی بە درەوشاوەیی لە حیزبەکەی و لە نیو درێژەدەرانی ڕێگاکەی دا دەمێنێتەوە و نەک لە بیر ئێمەی قوتابی و هاوڕێ و هاوسەنگەری چەندین سالەی، بەڵکوو لە بیر تێکۆشەرانی داهاتووی حیزب و نەتەوەکە شی ناچێتەوە.
کاک فەتاح هەم رابردوویەکی درێژی لە خزمەتی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کوردستان دا هەبوو، هەم بوارەکانی خزمەتی بەو حیزبە و بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جۆراوجۆر بوون. لە توانای من دا نیە بپڕژێمە سەر هەموو بوارەکانی خزمەت و تێکۆشانی کاک فەتاح. هیوادارم بەشدارانی دیکەی ئەم کۆڕ یادە تیشک بخەنە سەر رەهەند و لایەنەکانی دیکەی نزیک بە ٦٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە. ئەوەی من لەم کۆڕیادە دا لە خۆم گرتوە، ئاوڕدانەوەیەکە لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو مرۆڤە بە توانایە لە بەستێنی نووسین و وەرگێران بە گشتی و نووسینە ئەدەبییەکانی بە تایبەتی. لەم بارەیەشەوە ئەوەی دەیخەمە ڕوو، بە هیچ جۆر لە ئاستی خەرمانی دەوڵەمەندی کارو بەرهەمەکانی کاک فەتاح دا نیە.
کاک فەتاح، لە نووسین و وەرگێران و کاری فەرهەنگی لە پێناوی حیزبەکەی و نەتەوەکەی دا، ماندوویی نەناس بوو. زۆربەی هەرە زۆری نووسین و وەرگێڕدراوەکانیشی بە ناوی خۆی بڵاو نەبوونەوە و بوون بە مڵکی حیزبی دیموکرات و ڕاگەیەنەکانی. ئەگەر بمانەوێ ناحەقی لە کاک فەتاح نەکەین، حەق وایە بەشێک لەو سامانە دەوڵەمەندەی ئەو کەسایەتییە لە توێی نووسین و وەرگێراندا پێشکەشی حیزبەکەی کردوە، بگەڕێنینەوە بۆ خۆی. کاک فەتاح هەر وەک لە ژیانی شەخسی و شۆڕشگێڕانەی خۆی دا، بەخشەندە و دەست بڵاو و دڵ ئاوەڵا بوو، و هیچ کات بیری لە کۆکردنەوەی سامان و ماڵی دنیایە بۆ خۆی نەکردەوە، هەر بەو جۆرە کەمترین بایەخی بە کۆکردنەوە و بە خاوەنکردن و بە چاپ گەیاندنی نووسین و وەرگێڕدراوەکانی خۆشی دەدا. ئەگەر بڵێم بە سەدان نووسین و وەرگێڕانی کاک فەتاح لە رادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی حیزبی دیموکرات دا بڵاو بوونەوتەوە، کە کاک فەتاح نوسخەیەکی لەوان لە لای خۆی نەپاراستوە، درۆم نەکردوە . بەشێک لەو بابەتانە، بایەخی ئەدەبییان هەیە و دەچنە خانەی ئەو بەرهەمانەی کە حەق وایە لەکارنامەی نووسەر و وەرگێڕی خۆیان دا تۆمار بکرێن. جگە لەمەش کاک فەتاح نامەنووسی و نامەگۆڕینەوەی لە گەڵ زۆر کەسایەتی و کەسی دیار دا هەبووە. وەک عادەتیشی بوو، نامەکانی ئاوێتەیەک بوون لە قسەی خۆش و دەربڕینی ئەدەبی. لەم کۆڕە دا دەمەوێ ئەم داوایە بخەمە بەر سەرنجی هۆگران و دڵسۆزانی کاک فەتاح کە پێویستە ژمارەیەکمان لە سەر خۆمانی بکەین بە ئەرک کە قٶل لە کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی کاک فەتاح هەڵماڵین، هەم خەم لەو نووسین و یادداشتانەی بخۆین کە تا ئێستا چاپ نەبوون، هەم ئەوانەی لەم یا ئەو گۆڤار و ڕۆژنامە و رادیۆ لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو دا بڵاو بوونەتەوە و بۆ ئێستاش بایەخیان هەیە، کۆ بکەیەنەوە. ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە کاک فەتاح بۆ خۆی گەنجینەیەک بوو لە نوکتە و قسەی خۆش کە زۆر حەیف دەبێ کۆ نەکرێنەوە. خۆ ئەگەر ئیمکانی چاپی هەموو ئەو شتانەش نەبێ، دەکرێ ئەم شتانە وێڕای کتێبەکانی لە ماڵپەڕێکی تایبەت دا هەبن..
ئێستا کە قەرارە باس لە رەهەندی نووسین وەرگێڕان لە خزمەت و تێکۆشانی کاک فەتاح دا بکەم ، بۆ وەبیرهێنانەوە و یادکردنەوەش بێ حەز دەکەم هێندێک لەو کتێب و نامیلکانە ناوبەرم کە کاک فەتاح کاویان نووسیونی یا وەری گێراون و ئامادەی کردوون:
١- “جهان بینی ارتجاع “کە لە ساڵانی سەرەتای دەیەی ٦٠ هەتاوی دا بە ناوی “کامران خۆشناو” ئامادەی کرد و بڵاو بۆوە.
٢- “پولپوتیسم در عمل” کە وام لە بیرە ساڵی ١٣٦٤ وەک پاشکۆی گۆڤاری تێکۆشەر” بڵاو بۆوە.
٣- وەرگێرانی بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی لیمای ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست بۆ سەر زمانی فارسی(ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی).
٤- نامیلکەیەک لە بارەی سۆسیالیزمی دیموکراتیک کە وەرگێڕدراوی قسە یا نووسینی “میشل رووکار” بوو،
٥- “قانون خودمختاری کاتالون” کە باس لە چۆنیەتی چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە ئیسپانیا دەکا.
٦- فەرهەنگی ئینگلیسی، کوردی و فارسیی “حەوتەوانە” کە هەر لەم کۆڕە دا بە جیا باسی لی کر.
٧- وەرگێرانی کتێبی ” خولیا و مەرگی قاسملووی کورد” لە نووسینی کارۆڵ پرۆنهوبێر کە لە ٢٠ سالەی تیرۆری د.قاسملوو دا بڵاو بۆوە.
٨- “آدمکشان قصر فیروزەای” کە لە ئینگلیزییەوە هاوکات دەیکرد بە فارسی و کوردی،بەڵام فارسییەکەی بڵاو نەبووەتەوە.
٩-ماوەیەکی باشیش لە سەر وەرگێڕانی هاوکاتی کتێبەکەی دێیڤید مەک داوڵ کاری کرد، هاوکات هەم دەیکرد بە فارسی و هەم بە کوردی بەڵام نازانم دوایە کارەکەی بە کوێ گەیاند.
١٠- هەڵبژاردەیەک لە فەرهەنگی “دێهخودا” کە پێوەندیی بە کورد و کوردستانەوە هەیە، لە توێی کتێبێک دا ئامادەی کردوە و لە لایەن دەزگای موکوریانییەوە چاپو بڵاو بووەتەوە.
١٠- بە سەدان و لەوانەیە بڵێم بە هەزاران وتار و بابەتی سیاسی، فەرهەنگی،کۆمەڵایەتی و جۆراوجۆری دیکە کە بێ ئەوەی ناوی ئەویان لە سەر بێ، لە چاپەمەنی و ڕاگەیەنەکانی حیزب دا چاپ و بڵاو بوونەوە.
لەم بەشەی باسەکەم دا ئیزنتان لی دەخوازم لایەک لە چەند ڕەگەزێکی کاری ئەدەبی لە نووسین و وەرگێرانی کاک فەتاحی کاویان دا بکەمەوە. بۆ ئەوەش زۆر لە کاتتان نەگرم لە هەر کام لە ڕەگەزەکان، نموونەیەک دەهێنمەوە. ئەو رەگەزانەش بریتین لە: گێڕانەوەی رووداو و بیرەوەری لە فۆڕمێکی ئەدەبی دا، شێعر و پەخشانی لاواندنەوە، وەرگێڕانی شێعر، شێعر بۆ پێکەنین و گاڵتە و گەپ، شێعری تەنز و پەخشانی ئەدەبی.
ئەمەش یەکێک لە شێعرەکانی نەمر کاویان کە بە ئیلهام لە شێعری فریدون توللی نووسراوە:
سەری دانابوو لە سەر سینەم و زولفی رەسەنی
پەخش و ئەفشان بوو وەکوو باوەشێ گوڵ یاسەمەنی
هەر وەکوو پەلکی گوڵی مەریەمی بەر مانگەشەوێ
مەم و سینەی دەتروسکاوە لە ژێر پیرەهەنی
سەری دانابوو لە سەر شانم و لیوی خامۆش
دڵ هەموو ویست و تەمەننا و بە چاو پێدەکەنی
دڵی ئاگر بوو سەراپا و منیش گڕگرتوو
دەست لە ناو دەست و دەسووتام لە گڕکانی تەنی
شین و بێڕەنگ دەبوو چەشنی گوڵی یاسی کەوگ
کە بە ئەسپایی سەری پەنجەمی گەیبایە بەدەنی
دامە بەر لووزەوی ماچان و مژینی لێوی
پاشی چل ساڵ لە سەر لێومە شەهدی دەهەنی.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.