کەمتر لە یەک مانگی دیکەو لە یەک ڕۆژدا، رۆژی ٢٩ی بانەمەڕ دوازدەیەمین دەورەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریو پێنجەمین دەورەی هەڵبژاردنەکانی شۆرای ئیسلامیی شارو گوندەکان لە ئێراندا بەڕێوە دەچێ.
ماوەی چەند ساڵێکە چوار هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری، مەجلیسی شۆرای ئیسلامیو سەرکۆماریو شۆرای شارو گوندەکان وا ڕێکخراوە کە ئەو چوار هەڵبژاردنە لە جیاتی ئەوەی لە چوار کاتی جیاجیادا بەڕێوەبچن، کراوەتە دوو رۆژ. واتە هەر دوو هەڵبژاردنی خوبرەگانو مەجلیس پێکەوە لە یەک رۆژداو هەڵبژاردنی سەرکۆمارو شۆراکانیش لە یەک رۆژدا دەکرێن. هۆکاری ئەوەش هەرچی بێ دیارە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ بەو کارە رێژەی زیاتری خەڵکی ئێران ڕەکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکا. چونکە لە هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا زۆرێک لە خەڵک بە چاوی بێ متمانەییو بە بێمەیلییەکی زۆرەوە لە هەڵبژاردنەکانو ئاکامەکانی دەڕوانن. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگە بە هەڵبژاردنێکی ئازاد کە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکاندا بگونجێ ناداو، حیزبو رێکخراوەکانی دەرەوەی بازنەی کۆماری ئیسلامی ڕێگایان پێ نادرێ کە بەشداریی لەو هەڵبژاردنانەدا بکەنو تەنانەت لە نێوخۆی بازنەی دەسەڵاتیشدا کۆمەڵێک لە بەربژێرەکان لە لایەن شۆرای نیگابانەوە رەدی سەلاحیەت دەکرێنو ئیزنی بەشدارییان پێنادرێ. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە دووی جۆزەردانی ١٣٧٦ بەملاوەو زەقبوونەوەی کێشەو ململانێکانی نێو باڵەکانی حکوومەت، دەرکەوت کە دەکرێ هەر لەو کێشەو ململانێیانەی نێو باڵەکانی دەسەڵات بە تایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کەڵک وەربگیردرێو ڕێگە نەدرێ کە حکوومەت چۆنی پێ باشە هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بەرێ و ئەنجامەکەش دڵخوازی خۆی بێ. لەوەها حاڵەتێکدا ئەو دەرەنجامە تەنیا بە بەشداریی خەڵک دەکرێ، وەک ئەوەی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ساڵی ١٣٨٨دا کراو خەڵک ئیزنیان نەدا کە براوەی درۆیینو ساختەی رێبەر واتە ئەحمەدی نژاد بە بێدەنگی ببێتە سەرکۆمارو براوەی هەڵبژاردنەکە.
لە ڕاستیدا ڕووداوەکانی دوای ئەو هەڵبژاردنە تێچوویەکی قورسی بۆ دەسەڵاتو خامنەیی هەبوو کە تا ئێستاش کۆتایییان پێنەهاتوە. ئەگەرچی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک کە لەو کاتدا بە بزووتنەوەی سەوز ناوی دەرکرد توانرا بە سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیەوە کۆنترۆڵ بکرێ بەڵام نەیانتوانیوە تا ئێستاش بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکو کۆمەڵگە لە نێو بەرن. هەڵبەت لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەم ساڵدا وەدینەهاتنی ئەو بەڵێنانەی کە حەسەن رووحانی بە خەڵکی دابوو و بە تایبەتی بێبەڵێنیی ناوبراو لە گەڵ خەڵکی کوردستان لە مەڕ جێبەجێکردنی بەیاننامە دە خاڵییەکەداو کاندیداتۆریی کەسێکی وەک ئیبراهیم رەئیسی کە پاشکۆیەک لە خراپەکاریو جینایەت بە دووی خۆیدا رادەکێشێ؛ پێمان دەڵێ کەسندووقەکانی رەئیدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە گەڵ بێمەیلیی خەڵک رووبەڕوو دەبێتەوە، ئەوەی لەو نێوەدا دەکرێ گرینگیو بایەخێکی تایبەتیی هەبێ ئەو لەقاودانو لێفە لەسەر یەکتر هەڵدانەوەی کاربەدەستانی ڕێژیم بێ کە لە ململانێی هەڵبژاردنەکاندا لەسەر یەکتری دەڵێن، ئەوەش دەتوانێ باشتر ڕوخسارو نێوەرۆکی ئەوان پیشانی خەڵکی بداو لەسەر قەزاوەتو بیرکردنەوەی ئەوان شوێنکاری خۆی هەبێ.
هەر لەم رۆژەداو هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، هەڵبژاردنەکانی شۆرای شارو گوندەکان بەڕێوەدەچێ کە سەرەڕای هەموو ئەو لەمپەرو کێشانەی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازادو ستاندارد لە ئێراندا هەیە، چیرۆکێکی دیکەی هەیە. ئەویش جیاوازیی شۆراکان لەگەڵ هەڵبژاردنی دوو مەجلیسەکەو سەرکۆمارییە. شۆرای شار و گوندەکان لە راستیدا دەرفەتێکو بەستێنیکی جیاوازە کە، پێوەندیی ڕاستەوخۆتری لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتیو فەرهەنگیدا هەیە. شۆڕای شارو گوندەکان ئەزموونێکی باشە بۆ ئەوەی خەڵک لە بەڕێوەبردنی راستەوخۆی شارو گوندەکانیاندا بەشدارییان هەبێو لەو ئەزموونە بۆ باشترکردنی دۆخی ناوچەکەیان لە ئێستاو داهاتوودا کەڵکی لێ وەربگرن. ئەگەرچی شۆراکان بە گشتی لەم چەند دەورەیەدا نەیانتوانیوە ئەوە بن کە چاوەڕوانییان لێدەکرا و وەک پێوست بەرعۆدەی ئەو ئەرکو بەرپرسایەتییانە بن کە دەکرێ بەشێک لە هۆکارەکانی ئەمانە بن:
یەکەم ئەوەی کە وەکوو هەموو هەڵبژاردنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی حیزبەکانی دەرەوەی بازنەی دەسەڵات ئیزنی بەشدارییان پێ نادرێو خەڵک هەروا بە شێوەیەکی ڕەمەکی خۆیان بۆ ئەو بەرپرسایەتییانە کاندیدا دەکەنو ئەوەش ناتوانێ وڵامدەری ئەو چاوەڕوانییانە بێ کە لە شۆراکان دەکرێ. چونکە ئەگەر رێگە بە حیزبەکان درابا ئەوان دەیانتوانی بە بەرنامەی دیاریکراوەوە و بە لیستی دیاری خۆیان کە بێ گومان لە کەسە شارەزاکانی بوارەکانی بەڕێوەبردنی شارو گوندەکان پێکدەهات بەشداری بکەن. بەڵام لە نەبوونی حیزبەکاندا وای لێدێ کە هەموو کەسێ خۆی کاندیدا بکا و لە نێوەشدا کەسانی وا کاندیدا دەبنو ڕەنگە بە چەند هۆکارێک بە شۆرا هەڵبژێردرێن کە هیچ شارەزایییەکیان لە بواری ئەرکەکانی شوڕادا نەبێ.
لەوەها حاڵەتێکدا هێزو لایەنە جۆربەجۆرەکانی نێو بازنەی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن کە کەسانی گوێڕایەڵی خۆیان بخزێننە نێو شۆراکانەوە کە ئەوەش ئاکامەکەی شۆرایەکی ناکارامەیە کە ئەنجامەکەی دەبێتە ئیختلاسو دزیو ڕانتخۆریو چەندین جۆری دیکەی گەندەڵی.
نموونەی ئەوانەش لە دەورەکانی پێشوو و پێشووتری شۆرای شارەکانی کرماشان، سنە، جوانڕۆ و مهابادو چەند شارێکی دیکەدا بە زەقی دیار بوون. هەرچەند لە هەندێ شارو ناوچەی دیکەشدا هەڵبژاردنی هەندێ کەسی باشو شارەزا بە کاروباری بەڕێوەبردنی شارو خەڵک توانرا کە ئەزموونێکی باش لە کاری خۆیان بخەنە بەرچاو.
لە کۆتاییدا سەرەڕای هەمووی ئەوانەی کە باس کرا دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردنی شۆرای شارو گوندەکان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کە ئەگەر بە هۆکاری بنەماڵەیی یا هەر هۆکارێکی دیکە خەڵک بەشداری هەڵبژاردن دەکەن لە کەسانی شارەزاو دڵسۆزی خەڵکو کۆمەڵگە بێننە مەیدانو چەندی پێیان دەکرێ هەوڵ بۆ گەشەو پێشووەچوونی شارو ناوچەکەیان بدەنو رێگە بە کەسانی راسپێردراوی دەسەڵات نەدەن کە ئەو بوارەش لە خەڵكی باش قۆرخ بکەن. خەڵکیش پێویستە بە دوور لە هەرچەشنە رکەبەرایەتییەکی دەستەییو عەشیرەییو خانەوادەیی کەسانێک هەڵبژێرن کە شارەزای بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووریو ئاوەدانکردنەوەو فەرهەنگیی خەڵک بن نەک دزیو ئیختلاسو داگیرکردنی زەویو زاری خەڵکو گەندەڵی.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.