خامنەیی لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا بۆ جارێکی دیکەش ساڵی ١٣٩٦ی بە ناوی ساڵی ئابووری بەرەنگاریی “اقتصاد مقاومتی” ناودێر کرد. ناودێر کردنێک کە لە پەیامی نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ی ئەودا هاتبوو! ئەو بە پێ داگریی لە سەر “بەرهەمهێنان” و “کار” دوبارە هەوڵیدا کە ئابووری قەیران لێدراویی ئێران بشارێتەوە!
ئەو بەو شوعارە دانی بەوەدانا کە کێشەکانی ئابووری ئێران نەک هەر وەک خۆی ماونەتەوە و هیچ گۆرانێکیان تێدا نەکراوە بەڵکوو بیلانی سیستەمی ئیسلامی بۆ ئابووری ئێران لە دوو بەشی بەرهەم و کار پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەدیتوە! خامنەیی بەو شوعارە بۆ چوارەمین ساڵ ئابووری کردە ئامانجی قسەکانی و لە کۆڵ شوعارە کۆنەکانی وەک هێرشی فەرهەنگی و پیلانی خاریجیەکان بوەوە!
خامنەیی زۆر بە روونی هێرشی کردە سەر حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی حەسەن روحانی و هەروەها هەموو بەرپرسیارەیەتییەکانی قەیرانەکانی ئابووری و .. خستە ئەستۆی ئەو! وتەکانی خامنەیی راستەخۆ دژایەتی بوو لەبەرامبەر هەڵوێستی حەسەن روحانی کە لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا لافی ئەوەی لێدا کە لەگەڵ ئەوەیدا توانیویەتی هەڵاوسانی ئابووری “تورم” کۆنترۆل بکات و بیکاتە یەک رەقەمی، بەڵكوو گەشەی ئابووری ئێرانی لە ساڵی ١٣٩٥ بە ٨% راگەیاند کە ئامانجی روحانی ئەوە بوو بلێ بەرنامەی گەشەی ئابووری سەرکەوتوو بووە! بەڵام ئایەتووڵا خامنەیی بە پەیامیی نەورۆزیەکی خۆی پەیامی حەسەن روحانی بە چالیش کێشا!
قەیرانی ئابووری لە ئێراندا بەستراوەتەوە بە شێوەی پەیوەندی ئەمریکاوە، ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە سەرەتاکانی رەشەمەی ساڵی رابردوودا بێ پەردە ئاشکرای کرد کە، ساڵانە یەک میلیۆن نەفەر لە زانکۆکانی ئێران خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام بازاری کاری ئێران ناتوانێ ئەو رێژە لاوە خوێندەوارە جێگا بکاتەوە، ئەو گوتی کە بیلانی حکومەت بۆ دابین کردنی کار شکستی هێناوە، جەهانگیری باسی لەوەشکرد کە لە دوو ساڵی رابردوو دا هەموو ساڵیک ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس بە رێژی ئەوانەی داخوازی کاریان هەیە زیاد دەبێ. جەهانگیری پێی لەوەنا کە نەبوونی سەرمایە و بە تایبەتی سەرمایەگوزاری خاریجی یەکێکە لە سەبەبەکانی ئەوەی کە رێژەی بێکاری زیاد بکات و قەیرانی ئابووری دروست ببێ.
ئیسحاق جەهانگیری ئەوەی خستەوە بەرچاو کە لە ماوەی ٨ ساڵی دەسەڵاتی ئەحمەدی نژاد کە داهاتی نەوتی ئێران بە ٧٠٠ میلیارد دۆلار گەیشتبوو ، بەڵام لەبەرامبەردا تاقە یەک شوغل لە ئێراندا دروست نەبوە.
لێکۆلەرەوانی ئابووری ئێران دەلێن کە مەحمودی ئەحمەدی نژاد کە بە نزیکترین کەس دادەنرێت لە روانگەی عەلی خامنەیی لە ئابووری، لە دوای خۆی جگە لە زەویەکی سوتا و وشک هیچی لەدوای خۆی بەجێ نەهێشت! لێکۆلەرەوان بەردەوامی لە خەراپی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بەیەکێک لە هۆکارەکانی شکان و قەیراناویی بوونی ئابووری ئێران دەزانن! ئەوان دەلێن کە عەلی خامنەیی و سپای پاسداران بەرپرسیاری یەکەمی خراپی وەزعی خەڵکی ئێرانن چونکە ئەوان بەردەوام موخالیفی عادیی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەمریکادان و ئەمریکاش بەردەوام زەختەکانی یەکتەرەفەی خۆی دژی ئێران زیاد کردوە کە بووهۆکارێکی کاریگەرە بۆ بەردەوامی قەیرانی قەیرانی ئابووری لە ئێران دا!
ئەو بۆچوونە تایبەت نیە بەو کەسانەی کە دژبەری کۆماری ئێسلامی ئیرانن بەڵکو هەتا ئیستا بەرپرسانی حکومەتی ئێران بەدەیان جار ئەو راستیەیان ئاشکرا کردوە کە بەستنی رێگا لە سەرمایەگوزاری خاریجی جگە لە قەیران هیچی تری بۆ ئێران بە دیاری ناهێنێت!
دەوری سوپایی پاسدارن لە قەیرانی ئابووریدا
عەباسی ئاخوندنی، وەزیری رێگا و شارسازی دەلێ ئەگەر سەرمایەگوزارانی خاریجیش لە ئێران کار بکەن کێشەی ئابووری وبێ کاری چارەسەر نابێت، لەگەڵ ئەوەش عەباسی ئاخوندنی دەلێ بەهۆی مایەپووچی بانک و بونیادە ئابوورییەکانی ئێران و هەروەها دەسەڵاتی ناوەندە نیزامییەکان و سپای پاسدارن بەسەر ئابووری ئێراندا وایکردوە کە گەشە لە ئابووری ئێراندا روونەدات و قەیران بەردەوام بێت.
ئاخوندی دەلێ قەرزەکانی حکومەت بە ئابووری ئیران نزیک بە ٥٥% لە بەرهەمی نا خالیسی میللیە یانی (٧٥٠ هەزار میلیارد تمەن)، ئەوە لە حالێک دایە کە بانکەکانی ئێران تا ئێستا بە شێوەی رێک و پێک بیلان و داتاکانی خۆیان بڵاونەکردوەتەوە، چونکە بەپێی وتەکانی ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆککۆمار ئەگەر بێت و بانک و بنیادە ماڵیەکانی ئێران داتا و بیلانی راستی خۆیان بڵاوبکەنەوە، کارەسات روودەدات و حکومەت توانایی کۆنترۆل کردنی نامێنێ!
بەپێ ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەست دایە لەکاتی ئێستادا کە بودجەی حکومەت هەموو بۆ مووچەی کارمەندەکانی خەرج دەکرێ حکومەت دەبێ ١٠٠% مووچەی هێزە چەکدارەکانیش بدات و هەروەها ٧٥% بودجەی سندوقی خانەنشینی ئێرانیش بدات، هەربۆیە حکومەتی روحانی ناتوانێ چارەسەری کێشە ئابووریەکانی ئێران بکات چونکە بیلان و بەرنامەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری شکستی هێناوە! لەلایەکی ترەوە ناوەندە بەهێز و دەسەڵاتدارەکانی ئابووری ئێران وەک قەرارگایی خاتەم ئەلئەنبیایی سوپا و هەروەها ناوەندەکانی سەر بەرێبەری و ئاستانی قودسی رەزەویی و دەیانی تر لە پێدانی باج بە حـکومەت بەخشراون و ساڵانە تەنها یەک ریالیش نادەن بە حکومەت ، هەموو تەرح و بەرنامەیەکی ئابووری کە ئەوانی تێدا نەبن لەسەرەتاوە شکستی هێناوە!
بەبڕوای کارناسانی ئابووری لەبەر ئەوەی کە حکومەت لەئێران ناتوانێ دەسەڵاتی بەسەر ناوەندەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیدا هەبێت و هەموو دەسەڵات و بەرنامەیەک سپێردراوە بە ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتیەکان و ئەوانیش بەگشتی لەژێر دەستی رەهبەری دان بۆیە وەزعیەتی ئابووری ئێران بەرەو باشتر بوون ناچێت. هەر بۆیە خامنەیی و رێبەرانی سپای پاسدارن باس لە ئابووری بەرەنگاری “اقتصادی مقاومتی” دەکەن کە مەعلووم نیە چە بەرنامەیەک بۆ ئابووری بەڵا لێدراوی ئێران دەخاتە روو.
دەسەڵاتەکانی هێزە نیزامیەکان “سپای پاسداران” لە ئێران بەشێوەیەکە کە جگە لە ناوخۆی ئێراندا دەستیان گرتووە بەسەر ئابووری ئێراندا، بەڵکو کۆنترۆلی هەموو سنورە ئابووریەکانی ئێرانیان کردوە. بەپێی ئامارەکان سپای پاسدارن گەورەترین هۆکارە بۆ قاچاغی کەل و پەل بۆ ناو ئێران. سپای پاسدارن کۆنترۆلی تەواوی بەسەر بەندەر و فرۆکەخانەکانیشدا هەیە هەربۆیە دەتوانرێ بگوترێ کە سپا حکومەتی سێبەری کۆماری ئێسلامیە لە ئێراندا!
زیادبوونی رێژەی بێکاری لە ٢١ پارێزگای ئێران
حەسەن روحانی لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا گوتی کە لە دەورانی دەوڵەتی ١١دا، حکومەت ٧٠٠ هەزار فورسەتی کاری دروست کردوە. روحانی هەروەها گوتی لە ساڵی رابردوودا ٢٤ هەزار ناوەندی پیشەسازی نیوەتەواو و لەکار کەوتوو دوبارە وەکار کەوتوونەتەوە و گەشەی ئابووری ئێران گەیشتۆتە ٨%. هەڵبەتە تەنها دوو رۆژ دواتر لە پەیامی روحانی، ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆک کۆمار گوتی، کە ناوەنجی بێکاری لە ساڵی ١٣٨٤ تا ١٣٩٤ سیفرە.
جەهانگیری گوتی راستە کە ٧٠٠ هەزار کاری تازە لە ئیران دروست بووە بەڵام ٦٠٠ هەزار بێکار بە حەشیمەتی بێکارانی ئێران زیادی کردوە! بە پێ ئامارەکان رێژەی بێکاری لە ٢١ پارێزگا زیادی کردوە بەنیسبەتی ساڵی ١٣٩٤ ، بەپێ ئامارەکانی حکومەت رێژەی بێکاری ١،٤% زیادی کردوە واتە لە ١١% لەساڵی ١٣٩٤ بوەتە ١٢،٤% لە ساڵی ١٣٩٥ و لەو نێوەدا ١٣ پارێزگا بەرزترین ئاستیان هەیە، کە پارێزگاکانی کوردستان لەسەرەوەی لیستەکەدان.
هەر بەپێ ئامارەکان لە بەشی پیشەسازیدا فورسەتی کار لە ٣٢،٥% لە ساڵی ١٣٩٤ کەمبوەتەوە بۆ ٣١،٩% لە ساڵی ١٣٩٥ . هەر بەپێی زانیاریەکان پارێزگا سەنعەتیەکان وەک تاران و ئازەربایجان (تەورێز) بێکاری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە لە تاران ٣،٥% زیاد کردوە ولە ٨،١% بوەتە ١١،٦% و هەروەها لە تەورێز لە ٧،٣% بوەتە ١٠،٨% لەساڵی ١٣٩٥دا.
بەرزترین رێژەی بێکاری لە ئێران تایبەت بە پارێزگای کرمانشانە کە بە ٣،٤% زیادی کردوە واتە لە ٢٠،٢% لەساڵی ١٣٩٤ بوەتە ٢٢% لە ساڵی ١٣٩٥ دواتر چوار محال بەختیاری بوەتە ٢٠،٢، و لە ئەردەبیل ١٥،٣ و پارێزگایی سنە ١٥،٢% رێژەی بێکاری زیادیی کردوە!
بەپێ ئەو ژمارانەی سەرەوە دەبینین کە اقتصادی مقاومتی خامنەیی نەک سەرکەوتوو نەبووە بەڵکو نیشاندەری ئەوەیە کە قەیرانی ئابووری لە ئیراندا رۆژ لەگەڵ رۆژ خەراپتر بووە.
*ئابووری بەرەنگاری “اقتصاد مقاومتی ( Resilient Economy یا Resistive economy)”
دەتوانین بلێن شێوەیەکە بۆ بەرەنگاری دژی گەمارۆی ئابووری لەسەر ناوچەیەک یاخود وڵاتێکی بایکۆت کراو، کە هەوڵ دەدات کە کەمترین گرێرێدراوی بە دەرەوە هەبێت و پێداویستە ئەساسیەکانی لەناخۆدا بەرهەم بهێنێت! لەکاتێک دا هەناردەو هاوردە بۆ ناوچەیەک یان وڵاتێک ئیجازەی پێ نادرێت! بەگشتی وڵاتانی لاواز لە دێموکراسی و لە نەزەری ئابووری و دارایەوە گیرۆدەی تەنها کالایەکن وەک نەفت، دوای ئەوەی کە توشی بایکۆت و گەمارۆ دەبنەوە بەلای ئابووری بەرەنگاری “اقتصاد مقاومتی دا دەرۆن، نەزەری ئەوان وایە کە دەتوانن لەبەرامبەر تەهیدی دەرەوەدا لەسەر لاقی خۆیان راوەستن! لە ئێران دوای ئەوەی کە گەمارۆکانی سەر ئێران توندربوون ، ئایەتووڵڵا خامنەیی لە ساڵی ١٣٨٩ بۆیەکەم جار ئەو دەستەواژی هێنا نێو ئابووری ئێران بەو هیوایە بتوانێ کە ئێران لە قەیران ئابووری رزگار بکات، بەڵام دوای ٦ ساڵ ئێستاش نەتوانراوە بەشێکی بچووک جێ بەجێ بکرێت.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.