گەورەبوونەوەی ڕۆژنامە و بایەخدران بە مانشێت
ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ژمارە٣٣١ەوە، (سەرماوەزی ١٣٨٠، دیسامبری٢٠٠١) حەجمەکەی گەورە بوەوە. دیارە هەر لەم دەورەیەدا، پێشتریش دوو جار، پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو کاتەی لە بەغدا دەرچووە و هەروەها دوای سەرکەوتنی شۆڕش ئەو کاتەی لە مەهاباد دەردەچوو، بە حەجمی گەورە، “کوردستان” بڵاو ببوەوە.
گەورەبوونەوەی لاپەڕەکان و دەرچوونی “کوردستان” لە فۆڕمی ڕۆژنامەکانی دیکەدا، لە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژنامەیەی دەخواست کە پتر بایەخ بە رواڵەتی رۆژنامە و چۆنیەتی بەکار هێنانی مانشێت و تیتر و وێنە بدەن. بۆیە دەتوانین گەورەبوونەوەی لاپەڕەکانی “کوردستان” وەک سەرەتای قۆناغی بەکارهێنانی مانشێت بە مانا ڕۆژنامەنووسییەکەی دابنێین. هەر چەند ئەم قۆناغەش کاریگەریی نەریتی قۆناغەکانی پێشووی هەر پێوە ماوە، بەڵام وردە وردە مانشێت لە ڕۆژنامە دا جێی خۆی دەکاتەوە و بۆ ئەرکی خۆشی کە خۆ تەرخانکردنە بۆ ڕاگەیاندنی ڕووداو و هەڵوێستی گرنگ، بە کار دەهێنرێ.
ئەگەر مانشێتەکانی ژمارەکانی ئەو دەورەیە کە زیاتر لە ٣٥٠ژمارە دەگرێتەوە و ١٦ ساڵیشی خایاندوە، لە گەڵ یەک بەراورد بکەین، ژمارەی ئەوانەی کە لە چەشنی دروشمەکانی پێشوو نین و بە لای مانشێت بە مانا رۆژنامەنووسییەکەیدا کەوتوون، زیاترە.
هۆکاری شوێندانەر لە چۆنیەتیی گەڵالەبوونی مانشێتەکانی “کوردستان”دا:
کۆمەڵێک هۆکار بە تەنیا یا پێکەوە، دەبنە هۆی لە دایکبوونی مانشێتێک. ئەوە کە ڕۆژنامەکە ڕۆژانە بێ یا حەوتووانە یا مانگانە، ڕۆڵی هەیە لە تەبیعەتی مانشێتەکانی دا. بۆ خۆم لە ماوەی بەرپرسایەتیم لە ئامادەکردنی ئەو ڕۆژنامەیە دا، لەو گۆشەنیگایەشەوە مانشێتم دیاری کردوە کە پێم وابووە هەتا ماوەی نیوان دەرچوونی دووژمارەی ڕۆژنامەکە زیاتر بێ، پێویستە مانشێتەکەش بورد(کاریگەری)ی زەمانیی زیاتری هەبێ. بەڵام فاکتەری دیکەش دەوریان لە دیاریکردنی مانشێت دا هەبووە. بۆنەیەکی حیزبی و نەتەوەیی و گشتی کە ژمارەی تازەی ڕۆژنامەکەی تێدا دەرچووە، یا گرنگیی بەیاننامەو ڕاگەیەندراوێکی حیزبی کە لە ژمارەی تازە دا بڵاو بووەتەوە، هەر وەها ڕووداوێکی خۆش یا ناخۆش کە لە ماوەی دەرچوونی دوو ژمارە دا بە سەر حیزب هاتوون، مانشێتی گونجاو لە گەڵ خۆیان بە سەر ڕۆژنامەکەدا فەرز کردوە. جاری واش بووە لە سەروبەندی دەرچوونی ڕۆژنامەکە، یا لە ماوەی دەرچوونی ژمارەی تازە و ژمارەی کۆن دا، ڕووداوێکی سیاسی، نەتەوەیی یا تەنانەت کارەساتی ئینسانی و سروشتی روویان داوە. ئەمەش وای کردوە “کوردستان” بە ساددەیی بە لای ڕووداوەکە دا ڕانەبرێ و مانشێت و یەکێک لە بابەتەکانی لاپەرەی یەکەمی خۆی بۆ تەرخان بکا.
دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ کە “کوردستان” بڵاوکراوەی ئۆرگانە، واتە زمانحاڵی حیزبی دیموکراتە. ئەمەش وای کردوە لە زۆربەی قۆناغ و سەردەمەکان دا، ئەرکە حیزبییەکەی خۆی بخاتە پێش ئەرکە حیرفەییەکەی. واتە بایەخدان بە ئاراستەکردنی خوێنەرەکانی لە ڕووی بیروباوەڕ و پەرەپیدانی گیانی شۆڕشگێڕی و بەرگریخوازی و خۆراگری و، پیداگری لە سەر ئامانج و سیاسەتەکانی حیزب، لە پێشەوەی تەعامولێکی حیرفەییانە لە گەڵ ئەرکەکانی خۆی وەک ڕۆژنامەیەک بووە. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بوونی خاسیەتی شوعاری لە زۆربەی مانشێتەکانی “کوردستان”دا، ئەم ڕاستییە بووە.
لە نێو ئەو هۆکارانەی کە ڕۆڵیان هەبووە لە سەر فەرزکردنی جۆری مانشێتەکان بە سەر “کوردستان” دا، پیویستە ئاماژە بە دوو راستیی دیکەش بکرێ. یەکەمیان سەلیقە و تیگەیشتن و توانای ڕۆژنامەنووسانەی کەسانێکە کە ئەرکی سەرنووسەری و بەڕیوەبەری و ئامادەکردنی “کوردستان”یان لە قۆناغ و بڕگە جیاوازەکان دا لە سەرشان بووە، دووهەم بایەخدانی زیاتر بە ڕووداوەکان و کەشوهەوای سیاسیی شوێنی دەرچوونی(کە هەرێمی کوردستان بووە)و هەر وەها چوونە ژێر کاریگەریی ئەو ژمارە زۆرەی ڕۆژنامە کە لە هەرێمی کوردستان دەرچوون. “کوردستان” بە تایبەتی لەو کاتەوە کە سایزەکەی گەورە بووەتەوە، لە هەرێمی کوردستان ئامادە و چاپ دەکرێ. “هەرێمی کوردستان”یش، لە سیاسەتی دەوڵەتان و لەئاستی نیودەوڵەتی دا بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حوسێنەوە، جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەبووە. ئەگەر گرنگیی سیاسیی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە هەرێمی کوردستان وەک ڕەنگدانەوە لە مانشێت و بابەتەکانی دیکەی “کوردستان” دا ڕۆڵی هەبووە، روخسارو مانشێتسازیی ئەو دەیان ڕۆژنامەی ڕۆژانە و حەوتووانەی لەم هەرێمە دا دەرچوون و هەر ئێستاش دەردەچن، لە سەر “کوردستان” بێ تەئسیر نەبوون. لە نێو ئەو هەمووە رۆژنامە ڕەنگی و ڕازاوەدا ، “کوردستان”یش ناچار بووە بە قەدەر توانا و ئیمکانی هەژارانەی خۆی و خاوەنەکەی، گرنگی بە ڕواڵەت و ڕوخساری خۆی بدا. ئەم کاریگەری وەرگرتنە هەر تەنیا لە بەکارهێنانی رەنگی جۆراوجۆر و وێنەی ڕەنگی لە لاپەرەی یەکەم و دوالاپەرەی دا نەبووە، بەڵکوو لەوەش دا هەستی پێ دەکرێ کەزیاتر لە پێشوو، پشتی بە بەکارهێنانی مانشێت بەستووە. لە جۆری داڕشتنی مانشیت و رەنگ پێدانەوەی رووداوەکان لە مانشێتیش دا، “کوردستان” هەوڵی داوە نەک بە شێوەی لاساییکردنەوە بەڵکوو وەک سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەوانی دیکە، مانشێتەکانی خۆی بەرێتە ئاستێکی باشتر.
پۆلێنکردنێک بۆ مانشێتەکانی “کوردستان”:
بە شێوەیەکی گشتی مانشێتەکانی کوردستان یا دروشمو هەڵوێست و ڕوانینی حیزبییان گرتووەتە خۆ، یا لایەنی هەواڵ(خەبەری)یان هەبووە. بەڵام ئەگەر ئەمانیش لە ڕووی ناوەرۆکیانەوە ورد بکەینەوە، دەکرێنە چەن دەستە:
١- ئەو مانشێتانەی لە دروشمە حیزبی و سیاسیە هەمیشەییەکان پێک هاتوون:
“کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکا”(ژمارە ٣٥١، ٣٠ ڕەزبەری ١٣٨١، ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٠٣)
“بیرەوەریی کۆماری کوردستان، پاشی ٥٩ ساڵ هەر وا گوڕ و تینمان پێ دەبەخشێ” (ژمارە ٤٠٦، ٥ی ڕێبەندانی ١٣٨٣، ٣ی فێورییەی ٢٠٠٥)
“٢٠١٣ی ڕێبەندان و کۆماری کوردستان، هەر وا ڕێنوێن و ئیلهامدەری حیزبی دیموکراتی کوردستانن” (ژمارە ٦٢٤، دووشەمە ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٢، ٢٠ی ژانویەی )
٢- ئەو مانشێتانەی سیاسەت و هەڵویستی ڕۆژی حیزبی دیموکرات لە بارەی ڕووداو و ئاڵوگۆڕە گرنگەکان دەگەیەنن:
“ئومێد بەستن بەم و بەو لە نێو حاکمییەت دا، ناگاتە هیچ جێیەک، بۆیە دەبێ هەموومان دەگەڵ هەموو حاکمییەتی جمهوریی ئیسلامی تەرەف بین” (ژمارە ٣٥٠ ،١٥ی رەزبەری ١٣٨١، ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٠٢)
” کۆنگرەی ١٤ی حیزبی دیموکراتی کوردستان: پێی لە سەر ستراتژییەکی هاوبەش بۆ بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان داگرت” (ژمارە ٤٨٢، چوارشەمە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٨٦، ١٩ی مارسی ٢٠٠٨)
“خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حدک لە وتووێژێکی تایبەت لە گەڵ کوردکاناڵ دا: لە سەر هەڵوێستی یەکیەتیخوازانەمان بەردەوام دەمێنینەوە”(ژمارە ٥٧٣، ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٠ ، ٢١ی دیسامبری ٢٠١١)
“چوار حیزب و ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە و بە هاودەنگی: ١٢ی ڕەشەمە بکەن بە ڕۆژی بەربەرەکانیی نەتەوەیی دژی کۆماری ئیسلامی” ( ژمارە ٥٧٧، یەکشەمە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٩،١٣٩٠ی فێوریەی ٢٠١٢)
٣- ئەومانشێتانەی پێوەندییان بە تێکۆشان وچالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی حیزبی دیموکرات، یا پیلان لە دژی ئەو حیزبەوە هەیە:
” پارڵمانی فەرانسە جارێکی دیکە بوەوە بە نوێنگەی هاوپێوەندیی ڕاشکاوانە و گەرم و گوڕی حیزب و کەسایەتییە دیموکرات و مرۆڤدۆستەکان لە گەڵ حیزبی دیموکرات و گەلی کورد” (ژمارە ٣٥٣، ١٥ی خەزەڵوەری١٣٨١، ٦ی نوامبری ٢٠٠٣)
” سەرئەنجام کۆماری ئیسلامی دانی بە کوشتنی ٦ تێکۆشەری دیموکراتدا نا کە بزووتنەوەی ئیسلامی، حەوت ساڵ و نیو لەمەوبەر پێی فرۆشت”(ژمارە ٣٧٨، ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٨٢، ١٩ی ئاوریلی ٢٠٠٤)
“کۆنگرەی ١٤: کۆنگرەی ریفۆرم و قووڵایی بەخشین بە ستراتیژیی نەتەوەیی” (ژمارە ٤٨١، چوارشەمە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٨٦، ٥ی مارسی ٢٠٠٨)
” لە ساڵڕۆژی تێرۆری وییەندا ڕۆژهەڵات مانی گرت”( ژمارە ٤٩٠،دووشەمە ٣١ی پووشپەڕی ١٣٨٧، ٢١ی ژوئیەی ٢٠٠٨)
“پێداگریی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە سەر: قۆزتنەوەی ژیرانەی دەرفەتەکان، دروستکردنی دەرفەتی نوێ و ڕەخساندنی کەشێک بە قازانجی کورد” (ژمارە٦٠١، دووشەمە١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩١، ١ی فێوریەی ٢٠١٣)
٤- ئەو مانشێتانەی پێوەندییان بۆ ڕووداو و گۆڕانەکانی پێوەندیدار بە کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان یا خەڵک و ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە:
“شەپۆلی مانگرتن و خۆپێشاندانی خوێندکاران زانستگەکانی سەرانسەری وڵاتی گرتەوە” (ژمارە ٣٥٤، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٨١، ٢١ی نوامبری ٢٠٠٣)
” بە یەکیەتی و هاوپشتی، گەلی کورد لە عێراق دەتوانێ دەسکەوتی لەمە زیاتریش وەدەست بێنێ” (ژمارە ٤١١، ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٨٤، ٢٠ی ئاوریلی ٢٠٠٥)
” تێکبەربوونی گورگەکان، سەرەتای تێکقرمانی کۆڵەکەکانی دیکتاتۆری”( ژمارە ٦٠٢، ٣٠ی ڕێبەندانی١٣٩١، ١٨ی فێوریەی ٢٠١٣)
” لە هەڵبژاردنی سەرتاسەریی عێراق دا، لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی پلەی دووهەمی وەدەست هێنا” (ژمارە٤٠٧، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٨٣، ١٨ی فێوریەی ٢٠٠٥)
“بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان، کارەساتێکی مرۆیی و نەتەوەیی، دەبێ شینی چلۆن بێ مەرگی شارێ؟” (ژمارە ٥٧٠، یەکشەمە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٠، ٦ی نوامبری ٢٠١١)
” هەرێمی کوردستان لە سێبەری دیموکراسی دا چوارەم هەڵبژاردنی پارڵمانیی بەڕێوە برد”(ژمارە ٦١٦، یەک شەمە ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٢، ١١ی سیپتامبری ٢٠١٣)
دواوتە:
چۆنیەتیی ئامادەکردنی مانشێتی ڕۆژنامەی “کوردستان” و ئەو کەشوهەوا و بارودۆخەی ڕۆژنامەکە بە گشتی و لاپەرەی یەکەم و دوالاپەڕە و مانشێتی لە قۆناغ و بڕگە جیاوازەکان تێدا ئامادەکراوە، نووسینێکی لەمە تێر و تەسەلتر هەڵ دەگرێ کە دەشێ بە دۆکیۆمێنتی پێوەندیدار، دەوڵەمەند بکرێ. جێبەجێ کردنی ئەم بیرۆکەیە لە توێی توێژینەوەیەک دا هەڵ دەگرم بۆ دەرفەتێکی دیکە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١.