کاتێک لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی سیستمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی سیاسی و بەرێوەبەری وڵاتی ئێرانی گرتە دەست، بۆ جیهان و بەتایبەتی بۆ دەوڵەتان و سیاسەتمەداران و دیپلۆماتکاران سیستمێکی نامۆ و نائاشنا بوو و نەیاندەزانی چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن. چونکە لە لایەک ئۆرگانیزمێک بە ناوی دەوڵەت و پارلەمان هەبوو و لە لایەکی دیکە کەسێک بە ناوی ئیمام و رێبەر و خاوەن دەسەڵات، و بڕیاڕدەر هەبوو. ئەوە جۆرێک سەرلێشێواوی دیپلۆماسی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا دروست کرد کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ ئەو شێوازە لە کاری سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتان و رێکخراوە جیهانییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەر بەڕێوە دەچێ.
کۆمەڵگای جیهانی لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە سەر کۆمەڵێک رێکاری گشتی و هەمەلایەن بو پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە چوارچێوەی رێکخراوو بونیادی جۆراوجۆری نێونەتەوەییدا بە رێکەوتنێکی هاوبەش گەیشتوون. ئەو رێکەوتنە لەسەر ئەو ئەساسە دامەزراوە کە هەموو دەوڵەتانی جیهان هەر جۆرە سیاسەت و ئەندیشە و تێروانینیان بۆ مەسەلە جۆراوجۆرەکان هەبێ لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئوسول و پرنسیپەکانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەکانی سەر بەو رێکخراوەیە بەرپرسیارن. بەو مانایە دەوڵەتەکان سەرەڕای جیاوازی بیر و بۆچوون و شێوەی تێروانین بۆ مەسەلە جیهانی و ناوچەیەکان، دەبێ پابەند بن بەو مەسەلانەی کە تەوافوقی جیهانیان لەسەرە و لە هەمان کاتدا مافی ئەویان هەیە لە سەتحی جیهانی و ناوچەییدا بۆ چەسپاندنی روانگەی خۆیان هەوڵ بدەن. بەڵام هەتا ئەو کاتە کە ئاڵوگۆڕ لە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووکاندا دێتە پێش، دەبێ بە هەموو رێکارە نێونەتەوەیەکان پابەند بن.
بەڵام نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران هەتا ئێستا دەیان ئوسول و پڕنسیبی نێونەتەوەیی لە راستای بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ژێر پێ ناوە و ئەوە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا و چ لەسەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی ئێستای کۆماری ئیسلامی دا ئیمزایان لە ژێر دەیان بەڵگەنامە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی کردوە. بە پێی مادەی 9ی قانوونی مەدەنی ئێران دەڵێ: “هەموو ئەو رێکەوتننامانەی لە نێوان دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتانی دیکە لە چوارچیوەی قانوونی ئەساسی دا ئیمزا کراون، حوکمی قانوونیان هەیە”. واتە هەر رێکەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی چ پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ و پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان کە دەوڵەتی ئێران ئیمزایان لە سەر دەکا، لە نێوخۆی وڵات حوکمی قانوونیان هەیە. بەڵام دەبینین رۆژانە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناوەرۆکی ئەوە رێکەوتننامەیە و پەیماننەمە نێونەتەوەیانە بە بەربڵاوی وبە ئاشکراپێشێل دەکەن.
لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا لە سەرەتای دامەزرانیەوە دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران رووداوێکی مێژوویی گرینگە کە دەتوانێ ببێتە نموونەیەکی گونجاو بۆ خەڵکی ناڕازی وڵاتانی دیکە بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی و دراوسێی ئێران. هەر بۆیە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بوو بە شوعاری سەرەکی سیاسەتی خاریجی کۆماری ئیسلامی و لە قانوونی ئەساسی ئێران دا بە روونی رەنگی دایەوە. لە پێشەکی قانوونی ئەساسیدا لە ژێر سەر دێری “شێوەی حکومەت لە ئیسلام” دا بەو شێوەیە باس لەو بابەتە دەکا : “قانوونی ئەساسی بە سەرنجدان بە ناوەڕۆکی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە جووڵانەوەیەک بوو بۆ سەرکەوتنی هەموو زوڵم لێکراوان بە سەر زاڵماندا. بەستێنی درێژەکێشانی ئەو شۆڕشە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات پێک دێنێ. لە پەرەپێدانی پێوەندیەکانی نێونەتەوەی بە تایبەت لەگەڵ جووڵانەوەکانی ئیسلامی و خەڵکی تێدەکۆشێ هەتا رێگای پێک هێنانی ئۆمەتی واحید جیهانی خۆش بکا” و ئەو سیاسەتە هەر زوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کەوتە خانەی جێبەجێکردن کە لە کارنامەی٣٨سالەی کۆماری ئیسلامیدا بە روونی و بە ئاشکرا دیار و بەرچاوە. رووداوەکانی وەک “داگیرکردنی سەفارەتی ئامریکا لە تاران، درێژە پێدانی شەڕی ئێرانـ عێراق لە ژێر ناوی ئازادکردنی قودس، تێرۆری دژبەرانی نیزام لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بە تایبەتی لە ئورووپا، بۆمب دانانەوە لە ناوەندی یەهوودییەکانی ئارژانتین، هێنانە کایەی بەرنامی ناوەکی، شوعاردان بە دژی ئامریکا و ئیسرائیل و هەڕەشەی لە نیوبردنی ئیسرائیل، پچرانی پێوەندییەکان لە گەڵ عەرەبستان دوای رووداوی حەجی ١٣٦٦ و لە حاڵی ئێستا دا دوای رووداوەکانی یەمەن و حەجی ١٣٩٤، ناکۆکی لە گەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە سەر سێ دوورگەی تومبی گەورە ، تۆمبی بچووک و ئەبووموسا، ئاڵۆزی دروست کردن و دەست تێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە و هاندانی شیعەکان، دەست تێوەردان لە کار و باری نێوخۆیی وڵاتی یەمەن، عێراق و لوبنان و پشتگیری لە شیعەکان لەووڵاتانە، دەست تێوەردان و هاندانی شیعەکانی لایەنگری ئێران، حزووری فەعال و چالاکی مادی و ئینسانی لە قەیرانی سووریە و پشتگیری لە بەشار ئەسەد و دەوڵەتەکەی، ئەوانە و دەیان نموونەی دیکە دەتوانرێ لەسەر بە عەمەلی کردنی شوعاری “هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی ئیران” باسیان بکەین.
بەڵام بە تێپەربوونی زەمان دەبینین هەنارەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکان رۆژ بە رۆژ هەزینەی سیاسی و ئابووری لە سەر شانی خەڵکی ئیران قورس تر دەبێ. لە لایەک تەریک کەوتنەوەی سیاسی و دیپلۆماسی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی بۆ دەوڵەتی ئێران بە دواوە بووە و لە لایەکی دیکەوە هەزینەی قورسی ئابووری کەوتۆتە سەر شانی خەڵکی ئێران و دەبینین بەهۆی ئەو سیاستەوە رۆژ بە رۆژ رێژەی بێکاری و هەژاری و نەخۆشی کۆمەڵایەتیەکان لە نێو خۆی ئێران لە پەرە ئەستاندن دایە و سەبارەت بە تەریک کەوتنەوەی ئێران دەتوانین دوا هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی کە لە کۆبوونەوەی “سەرانی وڵاتانی عەرەبی” لە سەر دەریای مردوو لە وڵاتی ئوردۆن بەسترا بە نمونە بێنبنەوە کە هەموویان لە سەر ئەوە کۆکن کە ئیران دەست لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی وەردەداو بۆتە هۆکاری سەرەکی بۆ درێژە کێشانی کێشەکان و پێویستە سنوورێک بۆ دەست تێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی دیاری بکرێ و ئێرانیش پابەند بێت بە ئوسوول و پرنسیپە نێونەتەوەیی و ناوچەیەکان وئەگەر ئێران ئەو پابەندیە تێدا دورست نەبێ، وڵاتانی عەرەبی ناچار دەبن هەڵوسیتی توندیان بەرانبەری هەبێ .
لە وەڵامی ئەو هەڵوێستەی وڵاتانی عەرەبیدا چەند رۆژ لەوە پێش بەهرام قاسمی، وتەبێژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند کە
کۆماری ئیسلامی هەمووکات رایگەیاندووە هێچ پێویست نییە دەست لە کاروباری وڵاتانی دەراوسێ وەربداو هەموو کات بوونی پێوەندی باش لەگەڵ دراوسێکان وحورمەتدانان بە مافی حاکمیەت دەوڵەتەکان و دەست تێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە بە عینوانی ئوسوول و بنەماییەك بووە کە لەگەڵ قانوونی بنەرەتی وڵات وتەواوی رێ و شوێنەکانی نێونەتەوەیی تەبا بێت” .
ئەگەر هەڵویستەیەك لەسەرئەو کورتە وەڵامەی ئاغای قاسمی بکەین و کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ساڵی رابردوو دا لەبەر چاو بگرین و ئەو نموونانەی لە سەرەوە باسمان کردن بە پێوانە دابنێین، دەبینین کە ئەو قسانە ناوبراو لە ئەساس دا درۆودەلەسەی بێ بنەمان وتەنیا ئەوەندەی راستەکە ئاغای قاسمی لەقەسەکانی خۆی دا ئیشارە بەو ئوسوول و بنەمایانە دەکا کە لە قانوونی بنەڕەتی ئێرانداهاتوون کە باسی هەناردەکردنی شۆڕش دەکا و تەنیا ئەو کارانە بەدەستێوەردان لەکاروباری وڵاتان دادەنی لە لەگەڵ ئەو ئوسووڵانە یەك نەگرنەوە .
واتا لە روانگەی وتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە هەموو ئەو کارانەی لە ماوەی تەمەنی ئەم رێژیمەدا لە دەرەوی سنوورکانی ئێراندا ئەنجامی داوە بەدەستێوەردان نازانێ .
ئاکامی ئەو سیاسەتە ئەگەر هەتا ئێستا بۆ مانەوەی کۆماری ئێسلامی بەرهەم و سوودی هەبووبێ بە پێیرەوتی رووداوەکان لەوە بە دواوە بەزیانی تەواو دەبێ چونکە لە لایەك دەست درێژی و دەست تێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە گەیشتۆتە سنووریەك کە رەنگە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و دنیای دەرەوە چیدیکە قابیلی تەحموول بێ ولە لایەکی دیکەوە زیادبوونی حەشیمەتی ئێران و نیاز و پێداویستی جیلی نۆی و پەرەئەستاندنی رایڵکەی پێوەندیە جیهانییەکان لەرێگای ئینترنێت و چۆنە سەری ویستی خەڵک بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر کۆسپی گرینگ و رێگرن لەسەر رێگای ئیدامەدانی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش و خەونی بە “ام القرا”یی کردنی ئێران ئیسلامی. هەر بۆیە دەبینین دەسەڵاتدارانی ئێران لە کێشەی ناوەکی بێ ئەوەی دەسکەوتیان هەبێ بە ناوی (نرمش قهرمانانە) لەبەرنامەی ناوەکی دەستیان کێشاوە ولە سووریە، عیراق، لوبنان و یەمندا لە فورسەتێک دەگەرێن کەبەشێوەیە پاشەکشە بکەن کە هەم بیروڕای گشتیی ئیران رازی بکەن و هەم بیروڕای نێودەوڵەتی و بۆرزگار بوون لەو دۆخە رەنگە رێگای سەخت لە بەردەم دەسەڵاتدارانی ئێران بێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١.