ناڕەزایەتیی و توڕەبوونێکی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوایی دا دەبیندری، کە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان خوازیارن بارگاوی بکەن و لە پێناوی سەرکەوتنی خۆیاندا بەکاری بێنن. دواڕۆژ پڕە لە گومان و لە ژێر ناوی هەڵبژاردن و دێموکراسیدا خەریکە تەوژمێکی خۆسەپێن باڵا دەکا و رەگ دادەکوتێ. لە رۆژئاوا پۆپۆلیست و راستگەراکان دەبووژێنەوە و لە ژێر ناوی پاراستنی ئاسایش، دژایەتی ئیسلام و کۆچبەران، سۆزی بەشێک لە خەڵکیان بۆ لای خۆیان راکێشاوە. ئەوان لەوە زیاتر پێیان لە بەڕەی خۆیان راکێشاوە و باس لە چوونەدەری وڵاتەکانیان لە یەکێتی ئورووپا دەکەن. هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی ئورووپایی و هەروەها ئەنجامدانی رێفراندۆم لە سەر سیستمی سیاسی وڵات لە تورکیە دەرخەر و سەلمێنەری ئەو بارودۆخەن. باڵ و تاقمە رادیکاڵ و دەسەڵاتخوازەکان لە تورکیە و رۆژئاوا بارودۆخەکە بە لەبار دەزانن و تێدەکۆشن خەڵکێکی زیاتر بە گژیەکتردا بکەن.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کەمتر بینراوە، کە کاربەدەست و سیاسەتکارەکانی ژمارەیەک وڵاتی ئورووپایی و تورکیە بەوجۆرە توند و رەقە لە گەڵ یەکتر بدوێن. رەنگە ئەو هەنگامەیە بەشێکی بۆ گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردنەکانی تورکیە ودەوڵەتە ئورووپاییەکان قازانجی هەبێ، بەڵام سروشتی پێوەندی ئورووپاییەکان و تورکیە زۆر لەوە ئاڵۆزترە. بەشێک لە دەسەڵاتدار و کاربەدەستانی تورکیە خوازیارن سیستمی سەرۆکایەتی بە یاسایی بکەن و بۆ ئەو مەبەستە لە دەرەوەی سنوورەکان و لە جەرگەی ئورووپادا بۆ راکێشانی دەنگی تورکەکانی ئەو وڵاتانە پڕوپاگەندە دەکەن. سیاسەتکار و پارتە سیاسییەکانی رۆژئاوا و بە تایبەت بەرەی راست لەو کارەی کاربەدەستانی تورک توڕەن و لە بەشێک لە وڵاتان بەربەستیان بۆ نوێنەر و کاربەدەستانی تورک دروست کردوە. بوونی چەند ملیون تورک لە رۆژئاوا و بەکارهێنانیان لە پرسە نێوخۆییەکانی تورکیە بوەتە باسێکی سیاسی و رەنگە لە دوارۆژدا ئەو پرسە زیاتر تەتەڵە بکرێ.
تورکیە وەک وڵاتێکی دیار و پاشماوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەکان بۆ رۆژئاواییەکان و بە تایبەت یەکێتی ئورووپا پڕە لە خاڵی ئەرێنی و نەرێنی. مێژوو لەو پێوەندییەدا حوکمی خۆی داوە و لە بەشی ناوشیاری مێشکی دیپلۆماسی، سیاسەت و کولتوریی هەموو لایەنەکاندا ئەو فاکتانە ئامادە و راوەستاون. چیرۆکی رووداوەکانی چەند سەدەی رابردوو لێرە و لەوێ دەگەشێنەوە و هەستی سیاسەتکار و پارتە رادیکاڵەکان ختۆکە دەدەن. ئابڵوقەدرانی شاری ڤییەن ، لە لایەن عوسمانییەکان ٥ سەدە لەمەوبەر لە بیروزەینی رادیکاڵە ئایینیی و سیاسییەکانی ئورووپا نەچوەتەوە. دژایەتیکردنی ئیسلام و موسڵمانە رادیکاڵەکان لە هەناوی کردە و دژکردەوەی بەشێکی زۆر لە سیاسەتکار و ئایدۆلۆژیستە کولتورییە رۆژئاواییەکاندا پەنگی خواردوەتەوە. بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لە هولەند، ئاڵمان و ئۆستریا (نەمسا یان ئوتریش) و هتد، بەرامبەر بە سیاسەتی کاربەدەستانی ئەمڕۆی تورکیە، بەشێک لەو چیرۆکە دوور و درێژەی پێوەندی نێوان عوسمانیی و رۆژئاواییەکان لە ماوەی چەند سەدەی رابردوو دەخاتەڕوو. ئەمڕۆ لە رۆژئاوا کۆچبەران و بە تایبەت کۆچبەرە موسڵمانەکان و دوارۆژی ئاسایشی رۆژئاواییەکان کراوەتە کەرەستەی سیاسەت و دەنگ وەرگرتن و ئەوان لە خەراپیی دۆخە ئابوریەکەشدا تۆمەتبار دەکرێن.
تورکەکان و تورکیە وەک پاشماوەی عوسمانی لە بیریانە، کە چەندە و چۆن لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا کەوتنە بەر دەستی زلهێزە رۆژئاواییەکان و بە نەخشەی پێشوەخت و سیاسەتی رۆژئاواییەکان خاکەکەیان دابەشکرا. بە واتایەکی دیکە، بیرەوەریە تاڵ و ناخۆشەکانی دوێنێ لە بیروزەینی رۆژئاوایی و تورکەکان و بەشێکی دیکە لە گەلانی دوو کەرتی ئاسیا و ئورووپادا هێشتا پێگە و جێگەی خۆیان هەیە. ئاشکرایە، کە دامەزرێنەر و زۆربەی سیاسەتکارانی تورکیە تێکۆشاون وڵاتەکەیان لە رۆژئاوا نیزیک کەنەوە و هاوشێوەی رۆژئاوا رەنگ و روخساریان دەرخەن. بڕیار و سیاسەتەکانی کەماڵ ئاتاتۆرک لە گۆڕینی شێوازی نووسینی زمانی عوسمانی بۆ ئەلفوبێی لاتین و هەروەها قەدەغەکردنی پۆشاکی ئیسلامی دەیسەلمێنن، کە سیاسەتکار و دەسەڵاتدارە تورکەکان بۆ پڕاکتیزەکردنی پڕۆژەی خۆبەڕۆژئاوایی کردن چەندە کارا و هەڵسووڕ بوون. بناخەدانەر و دامەزرێنەرانی تورکیە بۆ تێپەڕاندنی پاشکەوتوویی و هەروەها بڕینی پلەکانی پێشکەوتن گرتنەبەری رێچکەی رۆژئاوایان بە دەرمان و چارەسەر زانیوە. شایانی باسە،ئاڵوگۆڕەکان و رەوتی چوون بەرەو فۆڕمی رۆژئاوایی بە نیوەچڵی دەستیان پێکرد. رێفۆرم و ئاڵوگۆڕەکان هەمەلایەنە و گرێدراوی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا نەبوون. ئەوان لە پڕاکتیزەکردنی گەڵاڵە و پلانەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە خوازیاربوون سیاسەتی گوڵبژێر لە پێوەندی لە گەڵ پرۆسەی رێفۆرم و گەشەکردندا بەکاربێنن. تورکەکان لە دەستەبەرکردنی متمانەی رۆژئاواییەکان و تەنانەت هاووڵاتیانی نێوخۆدا سەرکەوتوو نەبوون. ئەوان تێکۆشاون لە رواڵەت و رووکاردا لاسای رۆژئاواییەکان بکەنەوە و بەکردەوە و لە سیاسەتی رۆژانەدا خۆیان لە کڕۆکی ئاڵوگۆڕەکان بپارێزن. داڕێژەرانی سیاسەت لە تورکیە خۆیان لە پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەت ئازادیی و مافی مرۆڤ دزیوەتەوە و ویستوویانە خۆیان و رۆژئاواییەکان بە جوانکردنی سەرخان و رووکار سەرقاڵ بکەن.
دەوڵەتە رۆژئاواییەکان و بە تایبەت بەشێک لە ئەندامانی یەکێتی ئورووپا نەیانشاردوەتەوە، کە تورکیە لە بواری کولتور، مێژوو، ژینگە و بایەخەکانەوە لە گەڵ رۆژئاواییەکان یەکانگیر نییە. بەشێک لە گومانی رۆژئاواییەکان بەرامبەر بە پڕۆسەی بەرۆژئاوایی کردنی تورکیە لە تێڕوانین و دەربڕینی گۆڤار و نووسینەکانی دەیەی ١٩٢٠دا دەردەکەوێ، کە باس لە نامۆبوونی کولتوری ئەو مەڵبەندە لە گەڵ رۆژئاوا دەکەن. لە دەیەکانی دواتردا بە روونی باس لەوە کراوە، کە دێموکراسی و ئیسلام لە گەڵ یەکتردا ناتەبان و ئەو کۆسپە گەورەیە بە ئاسانی لە سەر رێگای خۆبەرۆژئاوایی کردندا لاناچێ. رۆژئاواییەکان لە بەرەی سیاسەت و کولتوردا رەخنەیان لە پاشخانی بیروبۆچوون و شێوازی سیاسەت و دەربڕینی خەڵک لە تورکیە گرتوە. ئەوان لە سەر بناخەی فاکتە مێژووییەکان رایانگەیاندوە، کە پراکتیزەکردنی پڕۆژەی بە رۆژئاوایی بوون بۆ تورکیە کارێکی ئەستەمە. لە بیرۆکە و دەربڕینی راستەقینەی خەڵک و بەشێک لە چاوەدێر و شارەزایان دەردەکەوێ، کە تورکیە و رۆژئاوا لە یەک چوارچێوەدا ناحەوێنەوە و ئەستەمە جیاوازییەکانیان تيپەڕێنن.
تورکیە لە ساڵی ١٩٤٩ی زایینی بوەتە ئەندامی رێکخراوی ناتۆ. لە ساڵی ١٩٦٣ لە گەڵ کۆمەڵەی ئابووری ئورووپادا رێککەوتننامەی لێک تێگەیشتنیان مۆر کرد و ساڵی دواتر کەوتە بواری جێبەجێکردن. لە ساڵی ١٩٨٧ داوای ئەندامەتی لە یەکيتی ئابووری ئورووپا کرد، کە ساڵی ١٩٩٠ لە سەر جیاوازی بناخەی ئابووریی و سیاسی رەتکرایەوە. تورکیە، لە قۆناغی شەڕی سارددا پێگەی باشتری لە جەرگەی رۆژئاوا و بە تایبەت لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستەبەر کرد. ئەو نیزیکایەتییە پانتایی سیاسەت و کولتوری نەدەگرتەوە و تورکەکان و رۆژئاواییەکان پێکەوە وەک یاسایەکی نەنووسراو رەچاوی دۆخەکەیان دەکرد. لە کۆتایی شەڕی سارددا، تورکیە بە ئەندامی رێکخراوی ئابووری هاوبەشی ئورووپا وەرنەگیرا و ئەو بڕیارەی ئورووپاییەکان شوێنەواری نەرێنی لە سەر بەڕێوەبەران و سیاسییەکانی تورکیە بەجێهێشت. دوای ئەو رەوتە، یەکێتی ئورووپا و تورکیە قۆناغێکی دیکەیان لە کارکردن بۆ گەیشتن بە یەکتر دەست پێکرد. لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئورووپا لە شاری هێلسینکی (١٩٩٩) تورکیە وەک بەربژێری ئەندامەتی یەکێتی ئورووپا وەرگیرا. دیالۆگ و وتووێژی ئەندامەتی نێوان دوو لایەن لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی دەستی پێکرد. ئەگەرچی ئەو کات یەکێتی ئورووپا لە لوتکەی گەشەکردن و پەلهاویشتندا بوو، بەڵام زۆربەی شارەزایان بە گومانەوە لە پرسی ئەندامەتی تورکیە لە یەکێتی ئورووپایان دەڕوانی. بەشێک لە چاوەدێران نەکەوتنە ژێر کارتێکەری کفوکوڵی کورتماوە و رووداوە مێژووییەکانیان لە بیر نەکرد و باسیان لەوە کرد، کە قۆناخیکی ٢٠ ساڵە بۆ پراکتیزەکردنی ئەو پرسە پێویستە. درێژەکێشانی ئەو پڕۆسەیە تورکەکانی ماندوو کرد و روانگەی بەشێک لە شارەزایانی لە مەڕ دژواربوونی ئەو پڕۆسەیە سەلماند.
ماوەی چەند ساڵێکە، جیهان شایەتی ئاڵوگۆڕ و ژانی شکڵگرتنی سیستمێکی تازەیە، بەڵام بە ئاسانی جێناکەوێ. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت لە ئەمریکا و ئورووپادا قەیرانی جیاواز قوت دەبنەوە. بە گوێرەی لێکدانەوە پەرتەوازەکان دۆخەکە خەریکە گرژ دەبێ و شەپۆلێکی تازە لە گەڕانەوە بەرەو ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم خەریکە وڵاتانی تەنانەت دێموکراتیک دەتەنێتەوە. ئەو تەوژمە تازە، دژی کراوەیی سنوورەکان، گەشەکردنی زیاتری یەکێتی ئورووپا و هاتنی کۆچبەرانە. لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە باس لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی و سنوورەکانیان دەکەن و پڕن لە گومان و ترس بەرامبەر بە دواڕۆژی خۆیان و وڵاتەکەیان. یەکێتی ئورووپا کە رۆژانێک بە لوتکەی گیانی هاوکاریی نێوان ئەندامەکانی دەژمێردرا و لە ئاستی جیهاندا بە رێکخراوێکی کاریگەر دەناسرا، لە گەڵ زۆر ئاستەنگ و کێشە رووبەڕوو بوەتەوە. کێشەکان جیاوازن و لایەنە ئەرێنیەکانی ئەو رێکخراوە گرینگەیان خستۆتە ژێر سێبەری خۆیان و بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتانە بە چاوی گومانەوە دەڕواننە دوارۆژی یەکێتی ئورووپا.
لەو سەردەمەدا پێوەندییەکانی تورکیە و یەکێتی ئورووپا زیاتر لە جاران ئاڵۆز بوون و رق و کینەی پەنگخواردووی سیاسیی و ئایدۆلۆژیستەکانی دوو لایەن زیاتر خۆیان دەردەخەن. پێوەندییە دوو لایەنەکانی نێوان یەکێتی ئورووپا و تورکیە پاشخانێکی نەرێنی و بەستێنێکی رەق و دژواری هەیە. ئەوان لە سیاسەتی خۆیاندا هێشتا وازیان لە رەمز و سەمبولەکانیان نەهێناوە و بە تەواوەتی لە رابردوو دانەبڕاون. هێشتا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە رۆژئاوا دەورووژێندرێ و هەرجارە و لە وڵاتێک ئەو بابەتە سەر لە ناوەند و دەزگایەکی ئیداریی یان سیاسی دەردێنێ. تورکەکان ئامادە نین دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا بنێن و بە هەموو توانایانەوە تێکۆشاون خۆیان لەو پرسە مێژووییانە بدزنەوە و رووداوەکان بە جۆرێکی دیکە پێشان بدەن. لە سەر پرسی کورد و چارەسەرکردنی ئەو هاوکێشە کۆنە و باشترکردنی دۆخی کوردەکان جیاوازی بیرکردنەوەی نێوان تورکەکان و رۆژئاواییەکان زۆرە. ئەردۆغان و پارتەکەی لە پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە نێوخۆییەکانی وڵات سوودیان وەرگرتوە و بە تاکتیک و سیاسەتی جیاواز ئەوانیان لە یەکتر دوور راگرتوە. توندترکردنی کایەی سیاسەت و راگەیاندن لە نێوخۆی وڵات، قوڵترکردنی قەیرانی کوردان، داخستنی ناوەند و دەزگای راگەیاندنی ئازاد و گرتن و دەرپەڕاندنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی تورک دوای کودەتای ساڵی رابردوو، چاوەکانی لە سەر ئەردۆغان و هاوڕێکانی تیژ کردوە. زۆر لایەن و دەوڵەت لە کاڵبوونەوەی پێگەی دێموکیاسی لە تورکیەدا و هەروەها گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی تاکە کەس نیگەرانن و شەڕی ئاکەپە و سەرکۆمار بۆ پڕاکتیزەکردنی خەونەکانیان بە وروژێنەر پێناسە دەکەن.
لە ساڵانی رابردوودا نەوەیەک لە رۆژاوادا ئیدارەی کاروبارەکانی دەکرد، کە بە رێژەیەک خوازیاری پێشاندانی نییەت چاکی بەرامبەر بە تورکیە بوون. ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە و ئەو دەنگانە لە ئورووپا کەمن و روخسارە نەرێنیەکە زیاتر لە جاران باڵی بە سەر پێوەندییەکاندا کێشاوە. لە روانگەی سیاسەتکارە ئورووپاییەکان قەوارەی دەوڵەت، کولتوری ئیدارەی کۆمەڵگا و سیاسەت و هەروەها مافی مرۆڤ و بایەخە مرۆییەکان لە تورکیەدا ناکەونە چوارچێوەی نۆڕمە رۆژئاواییەکان و بەو شێوەیە بە کەڵکی ئەندامەتی یەکێتیەکەیان نایەت. رۆژئاواییەکان وەک دەوڵەتێکی خاوەن پێگە لە تورکیە دەڕوانن، کە دەتوانن لە بواری جیاوازدا درێژە بە هاوکارییەکانیان بدەن، بەڵام ئۆگریان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش نییە. تورکیە خاوەنی بازاڕێکی گەورەی فرۆشی کاڵا، پێگەی جۆغرافیایی پڕ بایەخ و هەروەها سەنعەتی توریزمە، بەڵام ئابووریەکەی لە نەبوونی ئاسایش و سیاسەتی هاوسەنگ لە گەڵ رۆژئاوا و دەوروبەردا، زەبری گەورەی بەردەکەوێ.
لەو ماوەیەدا سیاسەتکارە تورک و رۆژئاواییەکان لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی و راگەیاندندا بە تووندی بەرەنگاری یەکتر بوونەتەوە. رۆژئاواییەکان تێکۆشاون ئارامتر بن و وەک کاربەدەستانی تورک هەناسەسوار نەبن و خۆیان لە دژکردەوەی خێرا پاراستوە. دەسەڵاتدارانی ئانکارا چەند جارێک رایانگەیاندوە، کە لەوە زیاتر سووکایەتی رۆژئاواییەکان قبوڵ ناکەن و رێککەوتننامەی مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی لە گەڵ ئورووپاییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە. بە گوێرەی ئەو رێککەوتننامەیە، تورکیە رێگا لە رۆیشتنی بەربڵاوی کۆچبەران بۆ یۆنان دەگرێ و دێپۆرتکراوەکانی یۆنان رادەگرێتەوە. ئەو وڵاتە لە بەرامبەردا یارمەتی ماڵی بۆ کۆچبەرە سورییەکان وەردەگرێ و دەوڵەتە پەنابەر وەرگرەکان تێدەکۆشن راستەوخۆ لە کەمپەکانی نێوخۆی تورکیە کۆچبەرە سورییەکان وەرگرن و رایانگوازن. بەرپرسانی ئورووپایی هەروەها لەو رێککەوتننامەیەدا بەڵێنیان داوە، کە گەشە بە پرسی ئەندامەتی تورکیە لە یەکێتی ئورووپادا بدەن و بابەتی هاتووچۆی هاووڵاتیانی تورک بۆ ئورووپا چارەسەر بکەن. کاربەدەستانی تورک لە هەستیاری پرسی کۆچبەران تێدەگەن و دەزانن کە وەک پرسێکی جیهانی بە ئاسانی دەتوانێ رۆژئاواییەکان بهەژێنێ. لە ئاکامی ئەو رێککەوتنەدا، لە رێژەی کۆچبەرە سوریی و عێراقیەکان بۆ ئورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوەتەوە.
بە باوەڕی دەسەڵاتدارانی ئانکارا، رۆژئاواییەکان لە پرسی ئەندامەتی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئورووپا راستگۆ نەبوون و دووڕوو دەرکەوتوون. ئەوان داوا دەکەن، کە لانی کەم هاوڵاتیانی تورکیە بتوانن لە سنووری دەوڵەتەکانی ئەندامی ئەو ریکخراوەدا ئازادانە هاتووچۆ بکەن و پێویستیان بە وەرگرتنی ویزای سەفەر نەبێ. بە گوێرەی دەربڕین و لێدوانی بەرپرسانی تورکیە، خاڵەکانی رێککەوتننامەکە لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە جێبەجێ نەکراون و بۆیە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەکەن. شایانی باسە، کە دوای کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ ی زایینی، تورکیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەفەسەرە تورکە هەڵاتووەکان لە یۆنان هەڕەشەی پاشگەزبوونەوە لەو گرێبەستەی کرد. تورکەکان بەو دۆخە تووڕەن و لە نێوان دوو بەرداشدا ماونەتەوە، چونکە هەڵوێستی بەشێک لە دەوڵەتە ئورووپاییەکان بۆ ئەوان شکێنەرە. کاتێک وەزیرەکانیان لە هولەند، ئاڵمان و ئۆستریا ناتوانن بۆ پرسە نێوخۆییەکانیان لە گەڵ هاوڵاتیانی خۆیان کۆبوونەوە پێکبێنن، بە زمانی کردار تێدەگەن کە ویستی مەزنخوازی ئەردۆغان و پارتەکەی بە ئاسانی لێرە و لەوێ قووت نادرێ. ئەوان لە دژکردەوەدا ئورووپاییەکان بە ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆر بانگ دەکەن و هەروەها ئاڵمان بە پشتگیری کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار دەکەن.
بۆ رۆژئاواییەکان دژوارە، کە کاربەدەستە تورکەکان بە مەبەستی بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی سەرکۆمار و گۆڕینی سیستم بۆ سەرۆکایەتی لە شەقام و شارەکانی ئورووپادا تەراتێن بکەن. بە واتایەکی دیکە، ئەوان لەو سیاسەتەی تورکیە تووڕەن و دڵگرانی خۆیان لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەو دواییانەی تورکیە نەشاردوەتەوە. لە سەر بابەتی کردنەوەی سنوورەکان بۆ هاتنی کۆچبەری زیاتر بۆ ئورووپا، کەم و زۆر هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ لە تورکیە کراوە. کاربەدەستانی تورک دەزانن، کە لەو کێبەرکێیەدا ناتوانن بە سەر رۆژئاواییەکاندا سەرکەون و تێدەکۆشن خۆیان تێکەڵ بە شەڕی راگەیاندنی رۆژئاواییەکان نەکەن. گێراڵد کناوس کە یەکەمین پلانی راگرتنی شەپۆلی کۆچبەران لە رێگای تورکیە و یۆنانی داڕشتوە، لە سەر ئەو باوەڕەیە، کە تورکەکان سوودی زۆر لە رێککەوتننامەکە دەبینن و هەڕەشەکانیان تەنیا تاکتیکین. تورکەکان لە ماوەی سەدەیەکدا بە دۆست و نەیارانی خۆیان سەلماندوە، کە لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا و پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەیاندا هێندێک هێڵی سووریان هەیە، بەڵام چاویان لە سەر بارودۆخەکە کراوەیە و دەزانن لە جۆلانەی سیاسەت و دیپلۆماسیدا پاش و پێش بکەن.
تاقیکارییەکانی نێوان تورکیە و یەکێتی ئورووپا دەخوازێ، کە لەوە زیاتر هەست و تێڕوانینیان بە زمانی شاراوە دەرنەبڕن. ئەوان ئێستا پاش زیاتر لە نیوسەدە هاوکاریی و کاری هاوبەش لاقیان لە سەر زەوییە و دەزانن، کە وتە و بەڵێنەکان لەوە زیاتر بڕناکەن. سیاسەتی پڕاگماتیسم لەو گۆڕەپانەدا دەریخستوە، کە نە رۆژئاواییەکان باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە تورکیە هەیە و نە تورکەکان لەوە زیاتر حەز بە درێژەدان بە سیاسەتی خۆهەڵواسین بە پڕۆژەی بەرۆژئاوایی بوون دەکەن. ئێستا و لە داهاتوودا دوو لایەن تێدەکۆشن لە سەر بناخەی تێگەیشتنی خۆیان لە گەڵ یەکتردا هاوکاری بکەن و پرسی ئەندامەتی تورکیە بە کردەوە بە دواڕۆژێکی ناڕوون بسپێرن. تورکەکان لەو چاوەڕوانییە دوور و درێژە ماندوو و شەکەت بوون و بە کردەوە دەبینن، کە یەکێتی ئورووپا لەو رۆژە دژوارانەی تەمەنیدا هێشتا ئامادە نییە پرسی ئەو وڵاتە یەکلا بکاتەوە. ئەوە سرووشتی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، کە دەوڵەتەکان ناچارن بە رێژەیەک دەرگاکان بخەنە سەر پشت و بە شێوازێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن. توڕەبوونە سیاسییەکان خاو دەبنەوە و تورک و رۆژئاواییەکان لە سەر پرسەکانی نێوانیان ناچارن رێککەون، بەڵام جیاوازییەکانی نێوانیان و روانگەکانیان لە سەر یەکتر بە ئاسانی ناگۆڕێن. سروشتی سیاسەت لە وڵاتان بە ئاسانی ناگۆڕێ و دروشم و پلانەکان ناتوانن بە تەنیا ببنە مایەی ئاڵوگۆڕ. بەرژەوەندییەکان لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕەکاندا دەگۆڕێن و دەوڵەتەکان وەک ئەکتەری کارای سیاسەت و ئیدارە لە کۆنەوە ئاشنای یاسای گەمەکانن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١.