رۆژی دووشەممە ٧ی خاکەلێوەی ، حەسەنی رووحانی سەرۆککۆماری رێژیم بە سەرپەرستی هەیئەتێکی حکوومەتی سەردانی رووسیەی کرد و لەگەڵ دیمیتری مێدوێدوڤ سەرۆک وەزیر و وێلادێمیر پۆتین سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دیدار و گفتوگۆی کرد. لە کۆتایی ئەو سەفەرەدا بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاو کرایەوە کە لەودا بە پێی نەخشە ڕێگایەک لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەکانی دوولایەن لە هەموو بوارە ئابوریی و سیاسی و فەرهەنگییەکان هەتا ساڵی ٢٠٢٠ پێداگری کرابوو. لەو دیدارەدا چەند رێککەوتنی ئابووریی گرینگ مۆر کران کە گرینگترینیان دامەزراندنی دوو وێستگەی ناووکی دیکە لە پارێزگای بووشێهر و وێستگەی گەرمایی لە بەندەرعەباس و پەرەپێدانی رێگای ئاسن و … بوون.
دیداری رووحانی لە رووسیە و پەرەپێدانی پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لە کاتێکدایە کە لەلایەک کۆماری ئیسلامی هیچ کات وەک ئێستا دەرکی بە گرینگی و پێویستی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی لەگەڵ رووسیە نەکردووە و لەلایەکی دیکەش دوولایەن بەدەگمەن وەک ئێستا لە مەیدانی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا وەها هاوهەڵوێست و هاوتەریب بوون. دیارە هەریەک لە رێژیمی زاڵ بەسەر ئێراندا و رووسەکان لە سۆنگە و قازانج و بەرژەوەندی خۆیانەوە ئەو پێوەندییانە هەڵدەسەنگێنن و تێدەکۆشن لە کورتخایەن و ئەگەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەردەوام بوون لە درێژخایەندا لەو پێوەندییانە، بۆ قازانجی تایبەتی خۆیان کەڵک وەرگرن. بەڵام شک لەوەدانییە ئەوەی ئەو دوو رێژیمەی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە کە دەبێ پێوەندییەکانیان هەرچی زیاتر پەرە پێبدەن، جگە لە قازانج و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، کە خۆی لە خۆیدا گرینگە و بایەخی زۆری بۆ هەردوولایەن هەیە؛ پێویستی هاوبەندی سیاسی ناوچەیییە. بەتایبەت بۆ کۆماری ئیسلامی دژکردەوەی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداوی فارس لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی مووشەکی ئەو رێژیمە و ئەگەری داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری زیاتر بەسەریدا و هەروەها قەیرانی سووریە و داهاتووی ئەو وڵاتە شەڕلێدراوە گرینگی تایبەتی هەیە و دەیهەوێ هەرچۆنێک بێت لە لایەک لە کێشەکانی نێوان رووسەکان و ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپایییەکانی بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ و لەلایەکی دیکەش لە ئەگەری هەرچەشنە هاوبەندیییەکی ناوچەیی بە دژی خۆی، پشتیوانێکی بەهێزی وەک رووسیەی هەبێ کە لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا مافی ڤێتۆی هەیە و دەتوانی کاریگەری هەبێ لەسەر هەر چەشنە سێناریۆیەکی ناوچەیی و جیهانیدا.
ئەگەر بروانینە دوایین کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس و ئەو هەڵوێستە توندەی بەرانبەر بە سیاسەت و کردەوەکانی ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نواندیان، بۆمان دەردەکەوێ، سەفەری رووحانی بۆ مۆسکۆ و مۆرکردنی چەندین رێککەوتننامەی ئابووری کە گومانی تێدایە بە قازانجی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بێت، زۆرتر مەبەستی رێککەوتنی سیاسی و راکێشانی پشتیوانی سیاسی رووسەکانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران؛ ئەگینا هەموو لایەک بە دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامیشەوە باش دەزانن رووسەکان لە گرێبەستە ئابوورییەکانیشدا زۆر سەرڕاست نەبوون؛ بۆ نموونە وێستگەی ناووکی بووشێهر زیاتر لە ١٦ ساڵی خایاند کە لەلایەن رووسەکانەوە ڕادەستی ئەو ڕێژیمە کرایەوە! بەوحالەش وادیارە کۆماری ئیسلامی بەتەمایە بە دانی ئیمتیازگەلێکی وەک، ئەگەری چاوپۆشی لە بیست لەسەدی مافی ئێران لە دەریای خەزەر و رازی بوون بە پشکی سێزدە لەسەد و هەروەها کڕینی فڕۆکەی سۆخۆ و ئیزن دان بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی رووسەکان بۆ کەڵک وەرگرتن لە پێگەی ئاسمانییەکانی لە ئێران و چەند ئیمتیازێکی دیکە، ئەو زلهێزە لەخۆی رازی، و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆخۆی دەستەبەر بکات.
جگەلەوەش کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەوە بۆ شەش سال دەچێت بە هەموو توانا ماڵی و سەربازییەکانییەوە پشتیوانی لە رێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە دەکات و تا ئێستا بە هەزاران پاسدار و بەسیجی بۆ پاراستنی ئەو ڕێژیمە کە هۆکاری ماڵوێرانی میلیۆنها کەس لە خەڵکی وڵاتەکەیەتی، بە کۆشتن داوە، نیگەرانە لە هەڵوێستی داهاتووی رووسەکان لەو وڵاتەدا؛ بەتایبەت کە رووسەکان لەلایەک ئێستا سەرەکیترین یاریزانی ئەو قەیرانە خوێناوییەن و دەتوانن بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەدا(تورکیە) رێڕەو و داهاتووی سووریە بە ئاقارێکدا بەرن کە جێی رەزامەندی کۆماری ئیسلامی نەبێ و لەلایەکی دیکەش رووسەکان نیشانیان داوە لە سات و سەودا کردندا هیچ بایەخێک بە دۆستەکانیان نادەن و ئامادەن بۆ بەرژەوەندی باڵای خۆیان چاوپۆشی لە زۆرێک لە رێکەوتنەکانیان، تەنانەت لەگەڵ بەناو دۆستە لەمێژینەکانیشان بکەن.
رووسەکان لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندییەکانیان باشە و ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، بێنیامین ناتانیاهوو سەردانی کرێملینی کرد و زۆر بەڵێنی لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە رووسیە وەرگرت کە هەر لەجێدا پێناخۆش بوونی دەمڕاستەکانی ئەو رێژیمەی لێکەوتەوە. ئەو زلهێزە لەگەڵ بەرەی عەرەبستانی سعوودیش بەینی خۆشە و لە رێکخراوی نەوتی ئۆپێکدا هاوکاری باشیان هەیە و عەرەبستانی سعوودی بۆ پەکخستنی پێوەندی رووسەکان و کۆماری ئیسلامی ئامادەیە بە هەزاران میلیارد دۆڵار رێککەوتنی ئابووری لەگەڵ مۆر بکات. رووسەکان سەرەڕای درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی لە پێوەندی لەگەڵ لکاندنی شێوە دوورگەی کریمە بە خاکی خۆیان و ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین، ئێستاش ئامادەن لەگەڵ ئەو بەرەیە وەک گەورەترین شەریکی ئابووری خۆیان تەعامول بکەن و لەو رێیەدا قەت دەرگای سات و سەودایان گاڵە نەداوە.
سەیر ئەوەیە مێژوو زۆر جاران دووپات بوونەوەی هەڵەکانە و رێژیمە دیکتاتۆرەکان بۆ مانەوەی خۆیان زۆر جاران هەڵەی رابردوویان دووپات دەکەنەوە. ئەو راستییانە ئەوە دەردەخەن کە پشت ئەستوور بوون بە رووسەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە رێک وەک گرەو کردن لەسەر ئەسپی دۆڕاوە؛! کەس نییە نەزانێ لە پێوەندییە درێژخایەنەکان، رووسەکان نەک هەر ناخوازن لە لایەن ئەمریکا و ئورووپاوە پشت گوێ بخرێن، بەڵکوو رووسەکان ناتوانن رۆڵ و جێگە و پێگەی ئابووری و سیاسی و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانە ناوچەیی و جیهانییەکانی نادیدە بگرن. رووسەکان دەزانن کە ناتوانن چەند سەرەداوی دژ بە یەک بە دەستەوە بگرن و یاری بە بووکەڵەکان بکەن و لە هەمان کاتیشدا خۆیان بێلایەن نیشان بدەن! هەر بۆیەشە چ لە ئاست بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و چ لە هەر چەشنە بەرەنگار بوونەوەی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و چ لە قەیرانی خوێناوی سووریەدا، بێگومان هەڵوێستی درێژخایەنیان لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هاوتەریب نابێ و ئەو زلهێزە لە کۆتایی و لە ئەگەری هەڵبژاردنی لایەنێکدا، ئەوە وەدوای بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی دەکەوێ و کۆماری ئیسلامی دەکاتە قۆچی قوربانی خۆی. رێژیمێک کە سەرەڕای مۆرکرانی رێککەوتنی “بەرجام” هێشتا لە ئاستی جیهانیدا هەر تەریک ماوەتەوە و لە ئاستی نێوخۆییشدا لەگەڵ هەرەس هێنانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوویە و دۆشداماوە لە چارەسەری قەیرانەکان و سەرلێشێواوە لە خۆ دەرباز کردن لە باروودۆخە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١.