ماوه‌یه‌کی باش بوو ڕه‌نگ وڕووی ئاوایییان نه‌دیبوو. هه‌موو، تێک قرماوی سیس ههڵگەڕاوی زگ به پشته‌وه نووساوی لێو ویشک هه‌ڵاتوو بوون. ئه‌وه‌نده خۆیان بێرو به‌وێدا کردبوو که‌وش و لیباسی ساغیان بۆ نهمابوەوه. به‌ڕاده‌یه‌ک به‌ده‌وری خۆیاندا خولابوونهوه هه‌موو به‌ری پێیان قه‌ڵشی دابوو. به‌جۆرێک که‌وتبوونه به‌رپه‌لاماری بێ به‌زه‌ییانه‌ی نه‌هامه‌تی خه‌ریک بوو به ته‌واوی بڕستیان لێ ببڕێ. له‌نێو جه‌غزێکی وا ته‌نگه‌به‌ردا گیریان کردبوو که هێنده‌ی نه‌مابوو به‌پانه‌وه تێدا بچن. له‌و ماوه بهردرێژهدا هه‌رکات و سات شانۆی مه‌رگ و ژیان ده‌هاته سه‌رپه‌رده و شانۆکارانی قاڵبووی ئه‌و هونه‌ره به‌رزه هه‌موو جارێ سوپای مه‌رگیان تێک ده‌شکاند. ئه‌وان که هاتبوون ژیان ببه‌خشن و خۆشی بۆ گه‌ل بکڕن، ئێستا له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگدا و بۆ به‌رده‌وامیی ژیان ڕۆحیان له‌سروشت قه‌رز ده‌کرد و نه‌فه‌سیان له‌هه‌وا به ئه‌مانه‌ت وه‌رده‌گرت. ئه‌وان خوازیاری ئه‌وه بوون زیاتر بژین بۆ ئه‌وه‌ی باشتر خزمه‌ت بکه‌ن و زیاتر لە ئامانج نزیک بنەوە. یه‌ک چرکه زیاتر ژیان، مانای زه‌مانێکی بێ ئینتیهای ده‌به‌خشی و هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌وه چوون و، ده‌روازه‌ی جیهانێکی دیکه‌ی به‌ڕوودا ده‌کردنه‌وه. ئه‌وان پۆلێک هه‌ڵۆی تیژباڵ بوون که داوی نه‌یار و هه‌ڵکه‌وتی سروشت خه‌ریک بوو ڕاویان بکا و له هه‌ورازی ژیان دایانگێڕێته خوارێ. ئه‌وان ده‌سته‌یه‌ک هه‌ڵوه‌دای بیرێکی به‌رین بوون که له‌درێژه‌ی گه‌ڕان به‌دووی لێ ونبوودا خه‌ریک بوو بۆخۆیان ون بن و له‌دنیای بوون بێ به‌ش. شانازی بۆ ئه‌وان که ئه‌مجاره‌ش گره‌وی کێبه‌رکێیان برده‌وه و چۆکیان به هه‌ڕه‌شه دادا و پشتی نه‌هامه‌تییان شکاند. ئاخرین په‌رده‌ی شانۆی مه‌رگ و ژیان له‌دوا ئێواره دره‌نگانی یه‌که‌مین ڕۆژی دووهه‌مین حه‌وتووی سێهه‌مین مانگی دووهه‌مین وه‌رزی ساڵی بێ ئه‌ژماری خه‌بات دا، به‌رێژه‌ی به‌ڕیز وه‌سه‌ر که‌وتنی ئه‌و پۆله شانۆکاره پڕکاره و به‌جێ هێشتنی مه‌یدانێکی پان و به‌رین له گۆشت و ئێسک و خوێن کۆتایی هات. هه‌رکه زه‌رده‌ی خۆر ڕه‌نگی نه‌ما، گوندییه‌کان گوێیان لهزایهڵهی ده‌نگێکی هاوئاهه‌نگ و ڕیتمێکی به نه‌زم بوو که سروودی قه‌ت نه‌وه‌ستانی ده‌چڕی….
هه‌تا ئێستاش، نه‌که‌س له‌مانای ژیان ده‌گا و نه‌که‌س بۆی هه‌یه له‌ڕازی مه‌رگ حاڵی بێ. هه‌رکه‌س به که‌یفی خۆی لێکیان ده‌داته‌وه و له‌و مانایانه ده‌گه‌ڕێ که بۆحاڵ و وه‌زعی خۆی ده‌گونجێن. ڕه‌نگه حاڵی بوونی پێشمه‌رگه له‌ماناکانی مه‌رگ و ژیان ده‌وڵه‌مه‌ندترین و قووڵترینی ئه‌و مانایانه بن که هه‌تا ئێستا به‌ده‌سته‌وه دراون. پێشمه‌رگه ده‌یه‌وێ له داری ژیان ئه‌وه‌نده میوه به‌رهه‌م بێنێ که‌به‌شی هه‌موان بکا و بۆ ئه‌وه‌ش به‌و مه‌رامه‌ی بگا خۆی زۆر ماندوو ده‌کا. کاتێکیش زانی داری ژیان میوه‌ی هه‌موان نادا و ته‌نیا بۆ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتانه، به‌ربینگی پێ ده‌گرێ و له‌به‌رامبه‌ری دا ڕاده‌وه‌ستێ. پێشمه‌رگه پێی وایه مردن ئه‌وه‌نده شتێکی به‌سام نیه که ئینسان نه‌وێرێ خۆی لێ بدا. هه‌ر بۆیه هه‌رچه‌ند دڵی زۆر به ژیان خۆشه و وه‌دووی کامه‌رانیی گه‌ل ده‌که‌وێ، به‌ڵام هه‌رکات زانی پێویسته له‌پێناو ژیاندا بمرێ لێی ناسڵه‌مێته‌وه. ئه‌وه فه‌له‌سه‌فه‌ی ژیان وخه‌باتی پێشمه‌رگه‌یه. بۆ تاریفی ئه‌و وشانه، پێشمه‌رگه پێویستی به نووسینی کتێب و لێکدانه‌وه‌ی فه‌له‌سه‌فه نیه، ئه‌و له‌سه‌ر عه‌رزی واقیع ڕاستیی ئه‌و مانایانه ده‌سه‌لمێنێ.
******
“من له‌دایک بووی شاری نه‌غه‌ده‌م. له‌م شاره به‌داخه‌وه هه‌میشه کێشه‌ی نێوان ئازه‌ری و کورد هه‌بوو. ئه‌وجار من که زۆرم پێخۆش بوو به پانتۆڵی کوردی بچمه مه‌دره‌سه، هه‌موو جارێ به چاوی تهحقیرهوه چاویان لێ ده‌کردم و بانگیان ده‌کردمه ده‌فته‌ر و وه‌ک دادگایی دادگایی‌یان ده‌کردم که بۆ پانتۆلی کوردیت له به‌رکردوه؟. زۆرجاران لێیان ده‌دام تا ماندوو ده‌بوون یا شولکهیان تێدا ده‌شکاندم وزۆر جارانیش له مه‌دره‌سه ده‌ریان ده‌کردم. ئه‌وه زۆری کاری تێ‌کردم و منیش به‌ڕق داچووبووم و زۆرتر به پانتۆلهوه ده‌چوومه مه‌دره‌سه. شتێکی دیکه که زۆری کار تێ‌کردم له ته‌مه‌نی مێرمنداڵیمدا که ئه‌ویش ساڵی ١٣٥٣ی هه‌تاوی بوو. له‌م ڕۆژه‌دا سێ جه‌نازه‌یان هێنابووه نه‌غه‌ده و به‌گوریس له نێردیوانیان به‌ستبوونه‌وه و هێنابوویانه ژاندارمه‌ری ئه‌وشاره و له‌وێش ڕا به‌گه‌ڕه‌کی کورده‌کاندا به ماشێن ده‌یان گێران. ئه‌وانیش مراد شیرێژ و دوو هاوڕێی دیکه‌ی بوون که له‌ناوچه‌ی پیرانشار شه‌هید کرابوون. من زۆر ناڕه‌حه‌ت بووم به‌دیتنی ئه‌م دیمه‌نه….”. ئەوە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی فەرماندە “مراد ئەحمەدی”یە کە مێژووی زیندووی ئەمجارە بەسەری کردوەتەوە.
کورد بوون و له‌شاری پڕ کێشه‌ی نه‌غه‌ده دا ژیان کردن، به لیباسی کوردی چوونه قوتابخانه و به‌و تاوانه وه‌به‌ر لێدان و تێهه‌ڵدان که‌وتن، ده‌گه‌ڵ کوڕه عه‌جه‌مان ڕق به‌رقه و له شه‌ڕه گه‌ڕه‌ک دا له‌شکر ساز کردن ، دیتنی ته‌رمی تێکۆشه‌رانی رێی ئازادیی کورد که چۆن بێ رێزییان پێ ده‌کرێ، و زۆر شتی دیکه‌ش مه‌علوومه تۆفانێکی به‌هێزت له‌ده‌روون دا به‌رپا ده‌که‌ن که هه‌ر کات و سات ئیمکانی خۆده‌رخستنی هه‌یه. هه‌ربۆیه مرادی کوڕه کوردی بزۆزی چاونه‌ترسی شایی به‌خۆ له ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕا هه‌تا بێته مه‌یدان و ئه‌وه‌ی بۆ ساڵان و به‌ناحه‌ق لێی قه‌ده‌غه کرابوو وه‌ده‌ستی بێنێ. مراد له دایک بووی شاری نه‌غه‌ده‌یه. هه‌ر له‌منداڵییه‌وه هه‌ستی به نابه‌رابه‌ری و ئازاری میللی و مه‌زهه‌بی کردوه. ئه‌و کوڕێکی وشیار و چاو نه‌ترس و شایی به‌خۆ بووه. قه‌ت مانای ترسی نه‌زانیوه و له پێناو دیفاع له حه‌ق، مایه‌ی زۆر له خۆی داناوه. بزۆزی و عه‌جوولی و شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌ک و ڕاوه‌ستان له به‌رامبه‌ر منداڵه عه‌جه‌مه‌کان له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بوون و له‌و هه‌ڵڵا و گرمانه دا زیاتر وه‌ک سه‌ر ده‌سته‌ی لایه‌نی کوردی نه‌خشی گێڕاوه.
مرادی خوێنده‌وار کە به‌زانیارییه‌وه خۆی تێکه‌ڵی خه‌باتکاران کرد، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بڕیاری دا چه‌ند شت بکاته پڕه‌نسیپ بۆ هه‌ڵس و که‌وت و تێکۆشانی خۆی: نه‌زم وه‌ک جه‌وهه‌ری کار و چالاکی حیساب بکا وله هیچ هەلومەرجێکدا له‌بیری نه‌کا. به‌رنامه‌رێژی و دیققه‌ت له‌هه‌ڵبژاردنی رێگا وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگی سه‌رکه‌وتن به حیساب بێنێ و دایم له‌بیری بێ. رێزگرتن له خه‌ڵک و بایه‌خه‌کانی کۆمه‌ڵ وه‌ک ئوسوولی پێشمه‌رگایه‌تی ببینێ و بیپارێزێ. له‌و بواره‌دا به‌تایبه‌ت گرینگیی زۆر به‌ڕێزگرتن له‌و شته داوه که پێی ده‌گوترێ “نامووس”. مراد هه‌روه‌ها له جه‌نگه‌ی کار و تێکۆشانی به‌رده‌وامیدا ته‌نیا گرینگیی به بواری سیاسی و نیزامیی مه‌سه‌له‌ی کورد نه‌داوه و ویستوویه‌تی بواره کۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری و سروشتییه‌کانیشی بخاته به‌ر دید و شتیان لێ فێر بێ. ئه‌وانه‌ی مراد ئه‌حمه‌دی بناسن ده‌زانن له‌جه‌نگه‌ی خه‌باتی زۆر سه‌ختی چه‌کداریدا ناوبراو هه‌میشه دووربین به شانه‌وه ئاماده‌ی وێنه‌گرتن له‌سروشتی کوردستان و ڕووداوه سه‌یر و ده‌گمه‌نه‌کان بوو. وای لێ هاتبوو که وێنه‌کانی ببوونه سه‌رچاوه‌یه‌کی زانیاری و له ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبه‌که‌ی ڕا داوای لێ ده‌کرا رێگا بدا بکرێنه پۆستێر و بڵاو بکرێنه‌وه.
له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌یره‌کانی کاک مراد له‌بواری کار و چالاکی و چۆنیه‌تیی هه‌واڵ وه‌رگرتن و به‌دوادا چووندا ئه‌وه بوو که وه‌ک هی که‌س نه‌ده‌چوون. بۆ وێنه ئه‌و شتانه‌ی بۆ ئه‌و زۆر گرینگ بوون له لای خه‌ڵکی دیکه به هێند وه‌رنه‌ده‌گیران. با بزانین خۆێ له‌و بارەوە چێمان پێ ده‌ڵی:
“ده‌بێ به ڕاشکاوی بڵێم شێوه‌کاری من ده‌گه‌ڵ گشت کادر و فه‌رمانده‌کانی حیزب جیاواز بوو که ڕه‌نگه پێت سه‌یر بێ. ئه‌وکات خه‌ڵک و ئه‌ندامان وابار هاتبوون که هه‌موو شتێکیان ده شه‌ڕ دا ده‌دی. بۆ وێنه هه‌رکه‌سێکت ده‌دی و لێت ده‌پرسی خه‌به‌ر چییه، پێی ده‌وتی دۆێنێ یا فلان ڕۆژێ له فڵان شۆێنه‌وه شه‌ڕ بووه. من هه‌موو جارێ ده‌مگوت بابه بۆ خۆمان دهشهڕهکه دابووین و ده‌زانین ده‌سکه‌وت و زیانه‌کانمان چ بوون خه‌به‌ری دیکه‌م پێ بڵێ. ده‌یان گوت وه‌ڵا هیچ خه‌به‌ری دیکه‌م نییه. یانی وا بار هاتبوون هه‌ر شه‌ڕ بۆ وان خه‌به‌ر بوو. من هه‌واڵم له که‌سانێک وه‌رده‌گرت که کارم له گه‌ڵ ده‌کردن و بارم هێنابوون. هه‌رشتێک ڕووی دابا ده‌بوو به وردی ئاگادارم که‌نه‌وه. فه‌ڕزه‌ن له شار بۆ من ئه‌وه خه‌به‌ر بوو که ئه‌وڕۆ فه‌رماندار چی گوت یا ئیمام جومعه و که‌سایه‌تێکانی دیکه‌ی حکوومه‌تی چیان وت، ده‌نگۆ چ بوو ده‌ناو شاردا، له مه‌دره‌سه‌کان و داموده‌زگاکانی حکوومه‌تی چی ڕووی داوه و چ ئاڵ‌وگۆڕێک کراون. هێزه‌کانی ڕێژیم حه‌ره‌که‌تیان و ئاڵ‌وگۆڕیان چ بووه و به‌ره‌و چ مه‌سیرێک چوون و چه‌ندی و چۆنییان. یا کێ منداڵی بووه وکوڕه یا کچه، تهسادوفات و ئاگر که‌وتنه‌وه چ بووه و هۆی چ بوو. شهڕوناکۆکیی ناو خه‌ڵک و ئاواییه‌کان و زۆر شتی دیکه بۆ من خه‌به‌ر بوون. یا بۆ کاری نیزامی هه‌میشه هه‌وڵم ئه‌وه بوه که هه‌ڵسه‌نگێنم که له چ شۆێنێک و چ کاتێک عه‌مه‌لیات بکرێن که ده‌نگدانه‌وه‌ی سیاسیی زۆرتر ده‌بێ و دوژمن زیاتری پێوه هه‌راسانه و غافلگیره….”
به‌و هه‌موو حیساب و کتێبه پاکه و ئه‌و گشت تایبه‌تمه‌ندییه به‌هێزه، دیاره تێکۆشه‌رێکی وه‌ک مراد ئه‌حمه‌دی هه‌ر ده‌بوو پله‌ی بچێته سه‌ر و نه‌خشی کلیلی له کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکاندا هه‌بێ. تێکۆشه‌ر ئه‌حمه‌دی له ماوه‌ی ده‌یان ساڵ خه‌بات و خۆڕاگریی خۆیدا به‌رپرسایه‌تیی جۆراوجۆری له ناوچه جیاوازه‌کانی کوردستان هه‌بوون:
ئەندامەتیی یەکیەتیی لاوان، ئەندامەتیی کۆمیتە شارستان هەیئەتی ئیجرایی لە پیرانشار، فەرماندەری لک، فەرماندەری هێز و بەرپرسایەتیی کۆمیتە شارستان. جگە لەوانە کاک مراد بۆ مەئموورییەتی تەشکیلاتی و نیزامی بۆ زۆر ناوچەی کوردستان سەفەری کردوە و ئەزموونێکی زۆری وەسەر یەک ناوە،
هه‌تا تیشکی خۆر بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر شه‌وه‌زه‌نگی تاردا به‌ڕێوه‌یه، مادام هاتنی به‌هار مزگێنیی زاڵبوون به‌سه‌ر سه‌خڵه‌تیی زستانمان ده‌داتێ، چونکه شه‌پۆل له ده‌ریا نابڕێ و هه‌وریش بێ باران نابێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دار بێ گه‌ڵا و گوڵ بێ بۆن و گڵ بێ پێز مانای نییه، هه‌تا کاتێک که‌وتن هه‌یه و هه‌ستانه‌وه‌ش به دوویه‌وه، مادام ژیان به‌ڕێوه‌یه و هه‌نگاوه‌کان بۆ پێشه‌وه رێگا ده‌بڕن… شک نیه خه‌بات بۆ ئازادییش درێژه‌ی ده‌بێ و خه‌باتکارانی زیاتریش دێنه ئه‌و مه‌یدانی پڕ له‌شانازییه. ده‌با مراد ئه‌حمه‌دییه‌کان تاوێک بحه‌سێنه‌وه چونکه رێگایان درێژه‌ی هه‌یه.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١.