عەمەلیاتی نیزامیی “گەردەلوولی بەهێز” بە رێبەرایەتی عەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانانی لە ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و بە پشتگیری وڵاتانی تورکیە و پاکستان، بۆ پاشەکشەپێکردن بە هێزەکانی حوسی، گەڕاندنەوەی”عەبد رەبا مەنسور هادی”، سەرۆکی لەسەر کار لادراوی یەمەن و کارتێکەری لەسەر رەوتی سیاسی ئەو وڵاتە، پاش ٢٧ رۆژ و دوای بەجێهێشتنی وێرانکارییەکی بەرفراوان کۆتایی پێهات. ئەو شێوە عەمەلیاتە، لە مێژووی سیاسی هاوچەرخدا بێ نمونە نییە. دوایین جار کە وڵاتانی عەرەبی بە هێزێکی نیزامی یەکگرتوو، بە دژی دوژمنێکی هاوبەش کردەوەیان ئەنجام داوە، بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر واتا شەڕی ٦ رۆژەی ساڵی ١٩٦٧ دەگەڕێتەوە کە تێیدا زۆرینەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی عەرەب؛ بە دژی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی نیزامییان بەڕێوەبرد کە شکستێکی هەمەلایەنەی بۆ ئەو وڵاتانە لێکەوتەوە و لە دەرەنجامدا نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە تەواوێتی گۆڕی.
گەردەلوولی بەهێز، بە خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێ. ئەو عەمەلیاتە لە حاڵێکدا بەڕێوە چوو کە ئێستا، نزیک بە تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست – جگە لە عەممان- بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ؛ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکانیان تێوەگلاوی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی نیزامین، و لەسەر وێرانەکانی شەڕ بلوکبەندی سیاسی و مەزهەبی کارا فۆڕمیان گرتووە. ئەو ناوچە هیچکات لەڕووی سیاسییەوە ئارام و سەقامگیر نەبووە و بەردەوام مەیدانی ململانێ و رکەبەری بووە؛ بەڵام فاکتەری کاریگەر لە چالاکبوونی ئەو بلوکە سیاسی و مەزهەبییانە شۆڕشەکانی “بەهاری عەرەبی”ین کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەرەو سەردەمێک برد کە کارناسانی سیاسی بە سەردەمی “شۆڕشی بێ گۆڕانکاری” ناودێریان کردووە؛ ئەو شۆڕشانە یان شەڕی ناوخۆیییان لێکەوتەوە یان وەکوو نمونەی میسر، گەڕانەوە سەر خاڵی سیفر. دەرەنجامەکانی نەخوازراوی بەهاری عەرەبی، دەرفەت و بەرژەوەندی نوێیان بۆ سیاسەتی دەستدرێژکارانەی وڵاتانێک پیناسە کرد کە گەشە، مانەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە شەڕ و ئاڵۆزی دا دەبیننەوە.
بیرمەندانی سیاسی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچە، بە گشتی لە چوارچیوەی دوو پلاتفۆرمی سەرەکیدا دەبینن؛ بەشێکیان باس لە “بێ نەزمی خەللاق” دەکەن و بەشێکی دیکەشیان پێیان وایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرەبەرەی بەدنیا هێنانی نەزمێکی نوێیە و باس لە “نەزمی نوێی جیهانی” دەکەن.
بێ نەزمی خەللاق، رەوتی گەشەکردنی بلوکەکان دەخاتە بەر سەرنج. ئەو لایەنە گرینگی بۆ هۆکاری دەرونی و چونیەتی تەعامولی نێوان بلوکەکان دادەنێ و دەستێوەردانی دەرەکی زۆر بە هەند وەرناگرێ. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش گۆڕانی ناوەڕۆکی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی بۆ شەڕی ناوخۆیی، سنووری سیاسی ئێران و عەرەبستان لە لوبنان و فەلەستین بۆ سوریە، عێراق، بەحرەین و یەمەن بەربەرین بوو و مەیدانی چالاکی زیاتری بۆ ئەو دوو وڵاتە کە خۆیان بە جەمسەری شیعە و سوننی پێناسە دەکەن، خوڵقاند. ئێران کار بۆ ستراتێژی “کەوانەی شیعە” دەکات و عەرەبستان بە مەبەستی بەرفراوان کردنی بازنەی نفوزی خۆی، کار بۆ هێزێکی هاوشێوەی “ناتۆ” بۆ وڵاتانی عەرەبی دەکا تا بەربەست بۆ سیاسەتوەرزی ئەکتەری نوێی وەکوو ئێران لە خاکی وڵاتانی عەرەبی بێ؛ و هەر دەستێوەردانێکی ئیحتمالی لەلایەن هەموو وڵاتانی عەرەبییەوە وڵام بدرێتەوە.
ئەو لێڕوانینە پێی وایە کە ئەمریکا لەو ناوەدا “دیپلۆماسی و سیاسەتی تەعامول” بەکار دێنێ، لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی تەعامول لەگەڵ هەر دوو لایەن دەکا. لەگەڵ ئێران، لەسەر پرسی ناوکی رێکدەکەوێ بەڵام بە شێوەی پێویست رەچاوی نیگەرانییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ناکا؛ و لە عێراق، هاوکاری ئێران و بوونی نیزامی ئەو وڵاتە بۆ رووبەڕوونەوەی داعش بە ئەرێنی دادەنێ. لە بەرامبەریشدا لە سوریە، بە دژی رێژیمی بەشار ئەسەد، کە راستەوخۆ لەلایەن ئێران هاوکاری نیزامی دەکرێ، هاوکاری وڵاتانی عەرەبی دەکا و لە یەمەنیش هاوکاری لۆجێستیکی و راوێژکاری لە عەمەلیاتی گەردەلوولی بەهێز بکا. لە بێ نەزمی خەللاقدا، چەند جەمسەری هاوئاهەنگ یان “ژاندارمی ناوچەیی”، کۆنترۆڵی دۆخی سیاسی ناوچەکانی ژێر رکێفی خۆیان دەکەن و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش لەبەر چاو دەگرن.
لە لایەکی دیکە بیرمەندان، نیشانە و فاکت بۆ نەزمی نوێی جیهانی دەبیننەوە. تیۆرییەک کە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی شووڕەوی پێشوو بۆ فۆڕمپێدانی جیهانی تاکجەمسەری هاتە ئاراوە. نوسخەیەکی تایبەتی ئەو تیۆرییە دواتر لە سەردەمی جۆرج بووشی کوڕدا هاوکات لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان ، لەژێر ناوی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” گەڵاڵە کراوە. لایەنگرانی ئەو تیۆرییە، هەموو رووداو و ئاڵوگۆڕە کەلانەکان بۆ رۆڵگێڕانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە و هەر دوو بلوکی شیعە و سوننی و تەنانەت هێزێکی تیرۆریستی وەکوو داعشیش لەناو سیستمێک دا کۆ دەکەنەوە کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە کۆنترۆڵ دەکرێ. ئەمریکا لەو لێڕوانینەدا، نەوتی ناوچە بە تاڵان دەبا، چەکوچۆڵ و تەسلیحاتەکانی لەو ناوچە لەرێگەی دروستکردنی شەڕی نمایشی نێوان دۆست و دوژمنی جیا دەفرۆشێ و لەو رێگەیەوە بودجەی وەزارەتی بەرگری خۆی کە هاوتای کۆی بودجەی سی و دوو وڵاتی پاش خۆیەتی، دابین دەکا. ئەو لێڕوانینە، تەنیا قایل بە رۆڵی “ژاندارمی جیهانی” دەبێ.
واقعییەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ “بێ نەزمی” تیۆریزەی بکا و چ “نەزمی نوێ”؛ پێکهاتەیەکی جوغرافیایی بیست وڵاتییە کە یان شەڕ دەکەن یان شەڕیان تێدا دەکرێ. دۆخێک کە بەرهەمی مێژووی ئاڵۆزی ناوچەکەیە و لە سەردەمی ئێستادا لەژێر رەهەندەکانی سیاسەتی دەرەکی پاشکەوتووانە و گرژێ خوڵقێنی دوو جەمسەری شیعە و سوننی، واتا ئێران و عەرەبستانی سعودی کۆمەڵێک گروپی تێرۆریستی و میلیشیای چەکداری حاکم بەسەر بارودۆخەکەدا کردووە کە هیچ پرەنسیپێک لەبەر چاو ناگرن و تەنیا رۆڵی “جوخەی مەرگ” دەگێڕن.
ئاکامی راستەوخۆی ئەو دۆخە، پێداگری لەسەر سیاسەتێکی ناعەقڵانییە کە بەرژەوەندی راستەقینەی وڵاتەکان لەبەر چاو ناگرێ، کەشی ناوخۆی وڵاتەکان بۆ پێشگرتن لە هەر شێوە دەستێوەردانی دەرەکی دوژمنی ئیحتمالی داخراوتر دەکا، سەرچاوە دارایییەکانی وڵات و بژێوی خەڵک دەکاتە بودجەی شەڕ و لە کۆتاییشدا جگە لە وێرانی و کوشت و کوشتار هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە. پێ دەچێ ئەمریکاش، بە هەمان شێوە کە چرچیل، سیاسەتمەداری بیرتیژی ئینگلیسی باسی دەکا:” لە کۆتایی دا ئەو بژاردە هەڵبژێرێ، کە دەبوو یەکەم بژاردەی بێ”؛ واتا کۆتاییهێنان بە سەرچاوە سەرەکییەکانی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچە.