ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە تێپەڕی. ساڵێک پڕ لە رووداوی گرینگ کە هەرکام بە نۆبەی خۆی شوێنەواری باش و خراپیان لەسەر خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان بەجێهێشتووە.
ئەگەر ئاوڕێک لە رووداوە ناخۆشەکانی ساڵ بدەینەوە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خەسارانەی، کە بەهۆی گرتن و گیانلەدەستدان و بەتایبەت شەهیدبوونی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان، کە خەم و پەژارەیەکی زۆری بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا. هەرچەند ئەم رووداوانە هەرگیز نەبوونە هۆی دەستبەردانەوە و نائومێدی خەڵکی خەباتگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەر خەڵکی کوردستان لەلایەک خەمیان لەم تێچووانە دەخوارد، لەلایەکیدیکەوە ئەم خەسارانەیان دەکردە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هاوپێوەندی و دروستکردنی هاودەنگی لە نێوانیاندا، بۆ دەرخستنی سیمای یەکڕنگی کوردستان لە بەرابەر دوژمنی هاوبەشیاندا.
سەرەڕای هەموو ئەو رووداوە تاڵانە، گەلیك بەرەوپێش چوون لە رەوتی سیاسی و تێکۆشاندا چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە دەرەوە لەم یەک ساڵەدا بینراون کە دەبێ وەک دەسکەوتێک چاوی لێبکرێ و بێگومان بوونەتە هۆی دڵخۆشی و ئومێدواربوونی زیاتری خەڵک بە داهاتووی خەباتە رەواکەیان لە پێناو وەدیهاتنی ئامانجەکانیاندا.
سەرەتای ساڵی ١٣٩٥ کاک خالیدی عەزیزی سکرتێری ئەو کاتی حیزب، لە پەیامێکدا دووبارەی کردەوە و، لەگەڵ ئەوەی داوای پێویستی لێک نیزیکبوونەوەی زیاتری لە حیزبەکانی رۆژهەڵات کرد، داوایەکی گشتی رووبەڕووی هەموو لایەک لە دەرەوە و نێوخۆی رۆژهەڵات کردەوە کە سالی نوێ بکەین بە ساڵی چالاکی هەمەلایەنە و دوورکەوتنەوە لە بێتەفاوەتی و هەوڵدانی زیاتر بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا.
ئەم پەیامەی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە پێشتریش بە گوێی خەڵکدا درابوو،سنوورێکی بۆ جۆری چالاکییەکان و شوێنی ئەو چالاکییانە دانەنابوو. پەیامی چەند ساڵەی حیزبی دیموکرات ئەوەبووە، ئەگەر نەورۆز جێژنێکی نەتەوەیی کوردە، دەبێ بە هەمووان لە هەمووشوێنێک و بە هێماکانی نەورۆزی کوردەوارییەوە یادی بەرز رابگیرێ و دیتمان لە چەند حەوتووی پێش و پاشی نەورۆزی ساڵی ٩٥دا، چلۆن رۆژهەڵاتییەکان سەرەڕای هەڕەشە و فشاری زۆری دەزگا ئەمنییەتیەکانی رێژیم شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتیان، بە جلی کوردی و ئاهەنگی کوردانە و ئاگر و ئاڵای کوردستان رازاندەوە. پەیامی نەورۆزی خەڵک لەلایەک بۆ بەرزراگرتنی رۆژێکی نەتەوەیی و لەلایەکیدیکەشەوە نیشاندانی یەکدەنگی و یەکرەنگی ئەوان بوو بەرانبەر بە دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ کە بایەخ بەهیچ ماف و ئەرزشێکی نەتەوەیی ئەو خەڵکە نادا.
دیارە ئەمە تەنیابوار نەبوو بۆ کەڵکوەرگرتن لەو فرسەتانەی کە دەستکەوتوون. چالاکانی مەدەنی، بەوەگەڕخستنی تواناکانی خۆیان لە کاری ئەدەبی و فەرهەنگیدا، لە درێژەی زەحمەتی چەندساڵی پێشکیسوەتەکانیان، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەتایبەت لە گۆندەکاندا بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی کەمترین یارمەتی دەوڵەتی بن و سەرەڕای هێندێک پێشگیریکردنیشیان، قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵی و تەنیا بە ماندووکردنی خۆیان هەزاران منداڵی کوردی رۆژهەڵاتییان فێری خوێندن و نووسین بە زمانی شیرینی زگماگییان کردن و لەم رێگەوە نەتەنیا بەرامبەر بە هەوڵی پەکخستنی ئەو جۆرە کارانەی رێژیم و دەوڵەتەکەی بێتەفاوەت دانەنیشتن و چاوەڕوانی جێبەجێبوونی یاساکەیان نەمانەوە، بەڵکوو بە هیممەتی هەمەلایەنەیان ئەم ئەرکە نیشتمانییەیان بەڕێوەبرد کە لە مێژووی خەبات بۆ پاراستنی زمانی نەتەوەییماندا لاپەڕەیەکی پڕشنگدار بۆ خۆی تۆمار دەکا.
لەپاڵ ئەو تێکۆشەرانەدا، سەرەڕای بەرپێگرتنیان، گەرمراگرتنی کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان لە سەروو هەتا خوارووی ئەم وڵاتە زیاتر و گەرم و گوڕتر لە جاران بە هۆی کۆڕە ئەدەبییەکان و بەشداری ئەدیبان و شاعیرانی دەروەستی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵات، بە نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە بەنرخەکانیان لە بواری ئەدەبیدا، کە پڕ لە مانای خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوەکەیان بووە، چەتری سانسۆڕی رێژیمی لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی دادڕدادڕکرد و بەهۆی ئەوانەوە هۆگری بە ئەدەب و زمانی کوردی پەرەگرتووتر بوو.
لایەنێکیدیکەی ئەم تێکۆشانە نیشتمانییە پەرەئەستاندنی خەباتی ژینگەپارێزی لە کوردستان بوو کە، بە هەزاران و زیاتریش لە چالاکانی ژینگەپارێزی لە زۆر شوێنی کوردستانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و بە پەیامی سەوزڕاگرتنی کوردستان، لە ئاگرکوژانەوە بەردەوامەکان و نەمامچاندنەوە بگرە هەتا خاوێنکردنەوەی شار و دەشتودەر و هەوڵدان بۆ هاندانی خەڵک بە تایبەتی تازەپێگەیشتوانی وڵات، بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی گەورەیان لەسەر شانی خۆیان دانا و بەمجۆرە سەروەرییەکیان بۆ خۆیان تۆمار کرد.
ئەمساڵەی بەم خۆشی و دەسکاوتانەوە دەستمان پێکرد، ساڵێکبوو کە جارێکیدیکەش لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگایەتیدا، بە مەبەستی بەیەکەوەبوون و ئاوێتەکردنی خەباتی پێشمەرگە لەگەڵ حەز و ویستی خەڵکی کوردستان، پێشمەرگەکەنی دیموکرات خۆیان گەیاندەوە نێو کۆڕی پشتیوانانیان لە نێو خۆی وڵات. ئەرکێک کە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، سەرەڕای ماندووبوون و بەخشینی خۆێنی هاوڕێیانیان، لە لایەن پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بەڕێوەدەچوو، ئەمساڵیش بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بەشێکی دیکەش لە پێشمەرگەکانی کوردستانی لەخۆگرت.
حوزووری بەردەوامی پێشمەرگە لە نێو خۆی وڵات و لە نێو باوەشی گەرمی خەڵکی کوردستان بوو کە لە سەرەتای ساڵەوە، فەرماندەرانی سپای پاسدارانی هێنایە دەنگ و دەستیاندایە هەڕەشەکردن. بەڵام سەرەڕای ئەو هەڕەشانە و زیادکردنی بەرچاوی هێزەکانیان لە کوردستان و بەکارهێنانی هەموو ئیمکاناتی نیزامی و ئەمنییەتییان، پێشمەرگە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە پیرۆزە نەوەستاو لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، بە دەرکەوتنیان و چوونە نێو خەڵک و رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ پیلان و پەلامارەکانی سەرکوتکاران، ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بەسەر دوژمندا سەپاند.
ئەوەی جێگەی داخ بوو، ئەمساڵ بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بۆ ئەم ئەرکە شۆڕشگێڕانەیە تێچووی زۆری دا و ژمارەیەک لە باشترین پێشمەرگەکانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی زۆر فیداکارانە رووبەڕووی هێزی سەرکوتکەری رێژیم کۆماری ئیسلامی بوونەوە شەهیدبوون و گیانی پیرۆزی خۆیان بۆ بەرزڕاگرتنی ئامانجەکانی گەلەکەیان فیداکرد کە کۆتایی کاروانی شەهیدانی ئەمساڵ، شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوەکانی ئەمیر نستانی و ئازاد ئاڵی بوو.
دیارە ئەم رووبەڕووبوونەوانە لەگەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەڕەشەکانی سەرکردەکانی رێژیم و سپای پاسداران، تەنیا تێکهەڵچوونی راستەوخۆی نەگرتەوە. بەڵکوو پیلانەکانی رێژیم دژی حیزبەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەت لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەرینتر لەوە بوو. جێبەجێبوونی پیلانی تەقینەوەی دوو بۆمبی دەستکردی رێژیم لە شەوی یەڵدا و لە بەردەم قەڵای دیموکرات، کە بەداخەوە بوو بە هۆی شەهیدبوونی پێنج رۆڵەی تێکۆشەری حیزبی دیموکرات و دوو پێشمەرگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کارەساتێکی ناخۆش و دڵتەزێنی ساڵ بوو بۆ سەرجەم خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پەڵەیەکی رەشیدیکە لەسەر کارنامەی پڕ لە جینایەتی کۆماری ئیسلامی.
بە دوای ئەم کارە جینایەتکارانەدا ئەوەی دڵی خەڵکی کوردستانی خۆش کرد و خەمی ئەو رووداوە و شەهیدەکانی لەسەر دڵیان رەواندەوە، هاوپێوەندی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بەدەنگەوە هاتنی حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو کە بە سەردان و بە ناردنی پەیامی هاوسۆزییان لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ئەم کردەوە تێرۆریستییەیان مەحکووم کرد و رێژیمی کۆماری ئیسلامییان وەک عامیلی ئەو جینایەتە ریسوا کرد.
بەشداری نوێنەری زۆربەی حیزبەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەک کە لەسەر داوای حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوەچوو، و بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوی هاوبەشی ئەو حیزبانە لەسەر مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە و پشتگیری حیزبی دیموکرات لە بەرامبەر پیلانەکانی دۆژمنان،هەنگاوێکی جیددی و جێی تێڕامان بوو کە لە لایەک نیشانەی هاوسۆزی نەتەوەیی نێوان هەموو بەشەکانی کوردستان و لە لایەکی دیکەوە دەرخەری ئیرادەی هاوبەشی کورد بوو بۆ وەدەنگهاتن لەسەر ئەو جینایەتانەی دژ بە نەتەوەکەمان لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان دەکرێ.
هەر ئەم رووداوە و هەست بە بەرپرسایەتی هەموو لایەک بوو کە بوو بەسەرەتایەکی باش بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ و بۆ بیرکردنەوەیەکی مەنتیقی و پێویست سەبارەت بە جۆری پێوەندی نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات و دەسپێکێکی باشتر بۆ کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر و هەوڵدان بۆ دیتنەوەی رێگەی هاوکاری زیاتر و کردەییتر. کە بە خۆشییەوە بێ ئاکام نەبووە و هیوای ئاکامی باشی کردەیی لێ دەبیندرێ.
لەپاڵ هەموو ئەو رووداوانەدا، ئەمساڵیش وەک تەواوی ساڵانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی، خەبەری گرتن، ئەشکەنجە، لە زینداندا راگرتن و ئیعدامی خەڵکی بێ تاوانی کوردستان بەشێک بوو لە خەمی رۆژانەی خەڵکی کوردستان و نیشانەیەک لە بەردەوامی سیاسەتی سەرکوتی بێبەزەیییانەی کۆماری ئیسلامی. لەم ساڵەدا بە پێی ئەو ئامارەی «ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان» بڵاوی کردوەتەوە، لە لایەن هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی رێژیمەوە ٢٨٢ بە تاوانی پێوەندی بە حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتەوە گیراون کە ١٠٥ کەسیان تا ئیستا لە لایەن دەزگای قەزایی دەسەڵاتەوە حوکم دراون. هەروەها لە بەندیخانەکانی ئێراندا ٦١ زیندانی کورد لە سێدارە دراون و بە هۆی تەقینەوەی مین لە دەوری مۆڵگەکانی رێژیم ١٣ کەس کوژراون و ٩ کەسی دیکەش بریندار بوون. لەگەڵ ئەوانە بە هۆی ئەو رووداوانەی بەداخەوە لە ناوچە سنوورییەکاندا رۆژانە دووبارە دەبوونەوە،و لە رێگەی تەقەکردنی راستەوخۆی چەکدارانی رێژیم لەو کاسبکارە بێدەرەتانانەی بە ناچاری و بۆ پەێداکردنی ژەمە نانێک بۆ منداڵەکانیان روویان لە سەرسنوورەکان دەکرد، ٥٥ کۆڵبەر کوژراون یا بەهۆی هەوڵی خۆدەربازکردن لە چنگ هێزەکانی رێژیم و تووشبوون لەگەڵ هەڵدێران و بەفر و سەرما ٩ کەسی دیکە گیانیان لە دەستداوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمووی ئەم تاڵی و ناخۆشییانی ژیانی خەڵکی کوردستان کە بێگومان بە شێوازی جۆراوجۆر هەموو بەشەکانی دیکەی ئێرانیشی گرتوەتەوە ، لە سایەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی «تدبیروامید»ی رۆحانیدا بەسەریاندا رژاوە کە دوای چوار ساڵ لە دەسەڵاتداری دەوڵەتەکەی و بە پێچەوانەی هەموو ئیدیعاکانی نە تەنیا هەنگاوێکی بچووکی بۆ باشتر کردنی ژیانی خەڵک هەڵنەهێنایەوە بەڵکوو بە سازانی ئاشکرای لە سەر بەرژەوەندییە ئابووریەکانیان لە گەڵ سپای پاسداران رێگەی بەڕێوەچوونی هەموو جینایەتێکی لە کوردستان بۆ هێزەکانی رێژیم کردوەتەوە. هەر بۆیە خەڵکی کوردستان کۆتایی تەمەنی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی بە سەرەتای گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەزانن و بۆ ئەم مەبەستەش تێدەکۆشن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.