حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی مودێڕن وسەردەمیانە لە هەلومەرجێکدا پێک هات کە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان تووشی شکان وکپکردن ببوون ودوژمنانی نەتەوەی کورد بە مەیل وکەیفی خۆیان لە کوردستاندا حوکمرانیان دەکرد وخەڵکیان دەچەوساندەوە وسامانی ژێر زەوی وسەر زەوی کوردستانیان بە تاڵان دەبرد. لەو هەلومەرجەدا رۆڵە خەباتگێڕ ونیشتمانپەروەرەکانی کوردستان بە ئەزموون وەرگرتن لە شۆڕش وخەباتەکانی پێش خۆیان کەوتنە خۆ بۆ قۆستنەوەی بارودۆخێک کە بە هۆی شەڕی جیهانی و بوونی هێزەکانی رووس و بریتانیا لە ناوچەکە دا خوڵقابوو. بوونی ئەو هێزانە ببوە هۆی ئەوە کە لەو بەشە لە کوردستان بە تایبەتی ناوچەی موکریان بەتاڵایی دەسەڵات وبەڕێوەبەری دروست ببێ و دام ودەزگای حکوومەتی لە لایەن خەڵکەوە تێکەوە بپێچرێ ودەسەڵات وبەڕێوەبەری ناوچەکە بکەوێتە دەستی خەڵک. لەو هەلومەرجەدا کۆمەڵێک لە دڵسۆزانی گەل ونیشتمان کەوتنە خۆ و لە سەر بنەمای کۆمەڵەی ژێ کاف رێکخراوێکیان بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزراند بۆ ئەوەی رێبەری جووڵانەوەی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکا و لە هەمان کاتدا پشتیوانێکی بەهێزبێ بۆ جووڵانەوەی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
فەلسەفەی وجوودی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە وهەیە ورێبەرانی ئەو حیزبە بە ئەزموون وەرگرتن لە جووڵانەوەکانی پێش خۆیان بە باشی دەیانزانی کە بەڕێوەبردنی جووڵانەوەیەکی نەتەوایەتی وگەیاندنی دەنگی ئەو جووڵانەوەیە بە گوێی خەڵکی کوردستان وگەلانی دەوروبەر ودەوڵەتان پێویستی بە کەرەسەی راگەیاندن وتەبلیغات هەیە وبە پێی هەلومەرجی ئەو کات رۆژنامە یەکیک لە کەرەسە گرینگەکانی سەردەم بوو. هەر بۆیە حیزبی دیموکرات لە ماوەیەکی کورتی زەمەنی دوای پێکهاتن ودەست بە کار بوونی یەکەم کاری کە کردی ئەوە بووکە سیاست وبۆچوونەکانی خۆی لە دووتوێی لاپەڕەکانی رۆژنامەیەک دا بڵاو کردەوە .
یەکەم ژمارەی رۆژنامە کە لە رێکەوتی ٢٠-١٠-١٣٢٤بە ناوی کوردستان زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان چاپ و بڵاوبووەوە کە هەتا هێرشی ئەرتەشی ئێران بۆ سەر مەهاباد پێتەختی کۆمار ١١٣ژمارەی لێ بڵاوبوەوە، و بەداخەوە دوای کۆتایی تەمەنی کۆمار رۆژنامەی کوردستانێش لە چاپ وبڵاوبوونەوە کەوت. بەڵام رۆڵە خەباتکارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ هەموو توند وتیژی وترس وتۆقاندن کە لە لایەن دەزگای ئەمنییەتی پاشایەتیەوە لە سەریان بوو بە چەند جارێک هەوڵیان دا بۆ جارێکی دیکەش کوردستان چاپ وبڵاوبکەنەوە و ئەو هەوڵانە پچرپچر ئیدامەی هەبووە هەتا رێبەندانی ١٣٤٩کە بۆ جارێکی دیکە یەکەم رۆژنامەی کوردستان وەک ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان چاپ وبڵاوبووەتەوە کە هەتا ئیستا کە ژمارەی حەوت سەدی چاپ وبڵاو دەبێتەوە، درێژی هەیە. هەر وەک لە سەرەوە ئیشارەی پێکرا رۆژنامەی کوردستان لە گەڵ مێژووی پڕ لە هەورازونشێو و سەرکەوتن و شکانی حیزبی دیموکرات دا هاتووە و گەڵێک جاران بە پێی هەلومەرجی ژیانی خەباتگێڕانی حیزب بۆ ماوەیەک هەر دەرنەچووە ، بەڵام هەر کە بارودۆخەکە تەنیا فەراغێکی تێدا دروست بووبێ دڵسۆزانی حیزب و جووڵانەوە کەوتوونەتە خۆ بۆ ئامادە کردن وچاپ وبڵاوکردەنەوەی کوردستان و لە هەر کام لەو قۆناغانەشدا هەرکات رۆژنامەی کوردستان دەستی بە کار کردوەتەوە بە پێی ریسالەتی خۆی زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە و بەو ئامانجە وفادار ماوەتەوە کە وەک ئەرک خستوویەتە سەر شانی خۆی . بۆ باشتر روونکردنەوەی ئەو مەسەلەیە دووبابەت لە یەکەم ژمارەکانی ساڵەکانی ١٣٢٤ و١٣٤٩لێرەدا وەک نمونە باس دەکەین .
لە یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان سالی ١٣٢٤لە وتارێکدا لە ژێر ناوی «ئامانجی ئێمە»دا ئاوا دەنووسێ کە بەشێکی لێرەدا ئیشارە پێدەکەین، (…..ئیمە کە بە دڵمان دا نەدەهات خاوەنی چاپخانە وئینتشارات بین ،ئەوا بە یارمەتی خوا نامەی کوردستان داندرا وهەوەڵ ژمارەی بڵاوکراوە ،ئەم نامەیە کە لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بڵاو دەبێتەوە، دەیەوی قەڵایەکی ئاسنین لە ئیتحاد و برایەتی بێنێتە بەرهەم کە بناخەکەی بە زانست وهونەر ولەش ساغی داندرابێ وبتوانێ دەگەڵ سێڵاوی دووبەرەکی وبێ دینی وهەموو جۆرە رەوشتێک کە بۆ سەربەستی زەرەربێت، بەربەرەکانی بکا.هیوامان وایە ئەم قەڵایەی کە خەریکین قایمی بکەین ،وەها قائیم و بەهێزبێت کە هیچ هێزێک نەتوانێ بەربەرەکانی لە گەڵا بکا.) ولە یەکەم ژمارەی دەوری دووهەم کە لە رێبەندانی ١٣٤٩دا دەرچووە لە بابەتێکی کورتدا لە ژێر سەردێڕی «دیسان کوردستان»باس لە ئەرک وئامانجی رۆژنامەی کوردستان دەکا کە بەشێکی بابەتەکە لیرەدا وەک خۆی دەنوسینەوە، (…..کوردستان ئەرکی زۆر گرانە، ئاگادارە کە گەلەکەمان چەندە تینووی رێنوێنی سیاسی وفکرییە وچۆن چاوەڕوانی ئەوەیە کە کوردستان رێی خەباتی رووناک بکاتەوە … کوردستان رۆژنامەی هەمووگەلی کوردە، رۆژنامەی کرێکار و جووتیار و رووناکبیرانی شۆڕشگێر و پێشەسازان و بازاڕیان وعەشیرەتەکانی نیشتمانپەروەرە…). ئەو دوو نموونەی سەرەوە ئەگەر لە تەنیشت یەکتر دابنێین وجیاوازی زەمەنی بە مەودای ٢٥سال لە دەرچوونی یەکەم ژمارەی هەر کام لە قۆناغەکانی ژیانی رۆژنامەی کوردستان وەبەرچاو بگرین ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە بەڕێوەبەرانی رۆژنامەی کوردستان چەندە پابەندبوون بەو ئامانجانەی حیزبی دیموکراتی لە سەر دامەزراوە . ئەوەتا لە ژمارەی ١ی قۆناغی یەکەمدا باس لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک دەکا کە بناخەکەی لە سەر «ئیتحاد وبرایەتی» دامەزرابێ و ئەو بناخەیە بە زانست و هونەر و لەشساغی دارێژرابێ و لە ژمارەی ١ی قۆناغی دووهەمیدا هەر ئەو ئامانجە دووپات دەکاتەوە، بەڵام بە زمانێکی دیکە کە دەڵێ «کوردستان ئەرکی زۆرگرانە» واتا لە گواستنەوەی سیاسەتەکانی حیزب بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک بەرپرسایەتی گرینگی لە ئەستۆیە و بە روونکردنەوە و شیکردنەوەی بابەتە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکان بۆ ئەوە رێی خەبات بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری رووناک بکاتەوە و هەر لەوبابەتەدا پێداگری لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە کوردستان رۆژنامەی «هەموو گەلی کوردە» واتا رۆژنامەی کوردستان وەک ئەرک لە سەریەتی هەموو ئەو بابەتانەی کە پێوەندییان بە چارەنووسی کوردەوە هەیە، دەبێ خاوەنی هەڵویست ورێنوێنی بێت. لەو دوو نموونەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوی کە رۆژنامەی کوردستان ئاوێنەی باڵانوێنی حیزبی دیموکراتی کوردستانە و پابەند و وەفادارە بەو ئەساسەی لە سەری دامەزراوە.
هەر وەک پێشترش باسکرا مێژووی رۆژنامەی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەستراوەتەوە بە مێژووی جووڵانەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان، واتا ژیان وحەیاتی رۆژنامەی کوردستان بە پێی بارودۆخی ژیانی خەباتگێڕانەی حیزبی دیموکرات لە ئاڵوگۆر دابووە. بەو واتا هەر کاتێک حیزب مجال ودەرفەتی هەبووبێ کە بە ئازادی کار وتێکۆشان بکا رۆژنامەی کوردستانیش بە هەوڵ و هیمەتی بەڕێوەبەرانی چاپ و بڵاوبوەتەوە و هەوڵیداوە رۆژنامەی هەمووچین وتوێژەکانی نێوکۆمەڵگە بێت .
خاڵێکی دیکەی جێگەی سرنج کە پێویستە بە کورتیش بێ باسی بکەین ئەوەیە کە لە ماوەی ٧١ساڵی رابردوودا رۆژنامەی کوردستان وەک میدیای چاپیی لە هەموو کاتێکدا ئاوێنەی باڵا نوێنی سیاسەتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان بووە وهەوڵی داوە بابەتەکانی هەڵگری هەموو رەهەندەکانی نێو ژیانی کۆمەلگەی کوردستان بێ و لە هەمان کاتدا وەک سەرچاوەیەکی گرینگ وجێگای باوەڕ و متمانە چ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا کە زانیارییەکانی نێو دەزگای حکوومەت وحیزبی دیموکراتی وەک سەرچاوەی قانوون دانان و بەڕێوەبەری دەخستە بەر چاوی خەڵک و چ لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانی خەباتکارانەی حیزبدا، کە چالاکی سیاسی و تەشکیلاتی و پێشمەرگانەی بۆ نێو خەڵک دەگواستەوە، هەمووکات هەڵگری ئەو پرنسیپە راستگۆیانە بووە کە ببێتە جیگای متمانەی خەڵک وهەر ئەوە وای کردوە کە رۆژنامەی کوردستان رۆڵی ئاڵقەیەکی گرینگ لە ئاڵقەکانی پێوەندی نێوان خەڵک وحیزبی دیموکرات بگێرێ .
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.