یەکێک لە پێناسەکانی چەمکی دیپلۆماسی بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتنە لە کەرەستەگەلی جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی، کولتووری و تەکنۆلۆژیا بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سیاسەتی دەرەوەدا. ڕەوتی پەیوەندیگرتن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی بنەمایەکی سەرەکی دیپلۆماسییە و لە کۆمەڵگەی ئێستەدا کە دان و وەرگرتنی زانیاریی بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا زۆر خێرا بووە، دیپلۆماسیش ئاڵوگۆڕیکی گەورەی بەخۆوە دیتوە. لە سەرەتای سەدەی سێهەمدا دیپلۆماسی میدیایی ئەو لقەی دیپلۆماسییە کە لە دامودەزگەی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەدا خوێندنەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و بێگومان لەم نێوەندەشدا میدیا وەکو تەکنۆلۆژییەکی سەردەمیانە کە لە هەموو بوارێکەوە بەردەوام ڕوو لە گەشە و فراوانبوونە، کەرەستەیەکی گرنگە کە لە بەشی دیپلۆماسیی گشتییدا جێگە و پێگە تایبەتییەکەی دیارە و هەرگیز نکوولی لێ ناکرێت.
لە «دیپلۆماسی ئاشکرا» دا هەموو هەوڵەکان لەسەر ئەوەیە کە بیروڕای گشتیی بتوانێت کاریگەریی خۆی لەسەر دەسەڵات، حیزبەکان، کۆمەڵگەی نێوخۆ و هەروەها وڵاتانی تریش دابنێت و لەم بوارەدا ئەوە میدیایە کە دەتوانێ ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەر بگێڕێت. میدیا بەهەمان شێوە کە کەرەستەیەکی کارایە بۆ سیاسەتوان و دیپلۆمات بەڵام نابێ فەرامۆشیش بکرێت هەر ئەم میدیایە دەتوانێت گرفتی گەورەی بۆ بنێتەوە؛ چونکە میدیا چاوی خەڵکە و لە ڕێی گەیاندنی دەنگی خەڵکەوە ناهێڵێت دەسەڵات بەپێی خواستی خۆی پلانەکانی جێبەجێ بکات بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە دەسەڵاتێکی دیموکرات بوونی نییە میدیای حیزبێکی بەرهەڵستکار ڕۆڵی خەباتێکی دیپلۆماسییانە، بەرامبەر دەسەڵات و نەتەوەکانی تر دەگێڕێت.
حیزبی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تەنانەت ئەگەر بمانەوێ وردتریش بۆی بڕوانین هەر لە سەردەمی چالاکی نهێنی ژێکافەوە لە کاتێکدا ئەو سەردەمە، ئاستی خوێندەواری لە نیشتمانەکەماندا بەرچاو نەبووە؛ زۆر گرنگی بە کاری میدیایی داوە و بەگوێرەی توانای کۆمارێکی کەم تەمەن و حیزبێکی بەرهەڵستکار لە ناوچەیەکی لە بواری ئابوورییەوە لاواز بەڵام لە بواری فیکرییەوە دەوڵەمەند، هەوڵی داوە خواستە نەتەوەییەکەی بە زمانێکی سەردەمیانە و دیپلۆماسییانە بگەیەنێتە نەتەوەکانیتر و پێیان ڕابگەیەنێت کە خواستی نەتەوەیی کورد واتای ڕەشکردنەوەی نەتەوەکانی دراوسێی نییە و هەروەها لە درێژایی ئەو ساڵانەی ئەرکی ڕاگەیاندنیشیدا ئەو پەیڤەی بە دەسەڵاتی تاران گەیاندووە کە بەکارهێنانی زمانی توند و زبر، لە مرۆڤایەتی و کولتووری نەتەوەیەکی ئازادیخواز، بەدوورە .
ئەگەر بمانەوێت لە چوارچێوەی تیۆری ڕێئالیزم و کۆنستراکتیڤیزمەوە بڕوانینە چەمکی دیپلۆماسی میدیایی؛ ڕێئالیزمەکان کاریگەرییدانان لەسەر بیروڕای گشتیی لە ڕێی دیپلۆماسیی میدیاییەوە بە ئەرکی دەوڵەت دەزانن و کۆنستراکتیڤیزمەکان پێداگریی لەسەر لایەنە مادییەکەی پەیوەندی نێودەوڵەتی دەکەنەوە و دەڵێن مادییەتی سەرزەوینێک وەکو یەکێک لە توخمەکانی دەوڵەت، گرنگ نییە بەڵکو بیرکردنەوەی خەڵکی ئەو سەرزەوینەیە کە گرنگە. ئەوان ڕوانگەیەکی نۆرماتیڤیان بۆ ڕووداوەکان هەیە و دیپلۆماسیی میدیایی چوارچێوەیەک بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی مێشکی خەڵک، دەزانن.
دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لە هەر دوو سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا لە کەرەستەکانی ڕاگەیاندنی میدیایی وەکو ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و… هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە ناتەبایی و دوژمنی بخاتە نێو نەتەوەکانەوە و وەها سەرقاڵی کێشەی لاوەکییان بکات کە وزەیان بەخەسار بچێت. دەسەڵاتی تاران هەمیشە ویستوویەتی کە نەتەوەکان بە دژایەتیکردن لەگەڵ یەکتر بخڵافێندرێن و کەمتر بیر لە دوژمنی سەرەکی و پیلانەکانی داگیرکەر بکەنەوە. دەسەڵاتی ناوەند کە لە داهات و سامانی نەتەوەیی، پارە و هەزینەیەکی خەیاڵی بۆ ڕاگەیەندنە بێ ئەژمارەکەی کە بە دەیان زمان پەخش و بڵاوکردنەوەی هەیە، سەرف دەکات؛ کاتێک دەڕوانیتە بیلانی ئەم دامودەزگە ڕاگەیاندنە زەبەلاحە دەوڵەتییە کە دەیان هەزار کارمەندی هەیە، بۆت ئاشکرا دەبێت کە حکوومەتی ئێران، ڕاگەیاندنی وەکو ئامرازێک بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری تەمەنی ئاژاوە و تیرۆر و ستەمکاریی بەکار هێناوە و هەتا پێی کراوە لە ڕاگەیاندنەوە سووکایەتی بە فیکر و داب و نەریت و سیمبولەکانی نەتەوەیی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی و ئەدیبانی نەتەوەکەمانی کردووە. هەروەها ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی ئێران بەتێچوویەکی خەیاڵییەوە کە پسپۆڕترین شارەزایانی بوارە جۆراوجۆرەکانی لەخۆ کۆکردوەتەوە لە جەنگێکی سۆفتوێرییدا بەهێمنی بیرکردنەوە و مێشک و بڕیاردانی خەڵکی ژێردەستەی خۆی، بەمەبەستی دەستەمۆکردنێکی حکوومەتییانە کردووەتە ئامانج.
پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، کوردفۆبیایەکی وەهای بەدژی نەتەوەکەمان جێبەجێ کردوە کە ڤایرۆسەکەی خۆی لە ڕاگەیەندنەکانی غەیرە کوردزمانی دەرەوەی وڵاتیشدا دیتوەتەوە. ئەم کوردفۆبیایەی کە ڕاگەیاندنی حکوومەتیی ئێران ساڵەهایە هەمەجۆرە بانگەشەی بۆ دەکات: بە دەیان فیلمی سینەمایی، فیلمی تەلەفزیۆنی، ئەڵقەی تەلەفزیۆنی، شانۆگەریی و هەروەها بە سەدانیش گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و وێبلاگی بۆ دروست کردوە و لە ڕاستیدا کەرستەی خاوی بەدەست بەشێک لە بەناو ئۆپۆزسیۆنیش داوە کە گوێ بە داواکاریی ڕەوای کورد نەدەن و لە هەندێ بواردا لێکجیاکردنەوەی داگیرکەر و بەناو ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە بەرامبەر کێشەی کورد، گەلێک زەحمەتە. هەر لەمبارەوە جێی ئاماژەیە کە تەنانەت بەشی فارسی میدیای بیانی هەیە زۆر بەئاسانی دەسکاری وەرگێڕانی ڕاپۆرتێکی ئینگلیزی دەکات کە نێوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە بەجۆرێک باسێکی لە پشتگیری مافی ڕەوای کورد لە ئێران کردبێت. لە ڕاستیدا کاتێک بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەو دەسکارییە نابەجێ و نەرێنی و دوور لە کاری پرۆفێشناڵیی میدیایی لە وەها دامودەزگەیەکی ستاندارد و نێودەوڵەتیدا دەکەیت، دەزانی کە دەسکاریی یاخود سانسۆرەکە لەبەر ئەوەیە لای ئێدیتۆر وەها کوردفۆبیا بووەتە بەشێک لە باوەڕی نەگۆڕی کە هەرچەند وڵات و میدیاکەشی گۆڕیوە بەڵام ئەو کوردفۆبیایەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی درێژخایەن ستراتیژی کاری میدیاییان بووە، هەتا ئێستەش کاریگەریی نەرێنی بۆ کاری بێلایەن و پرۆفێشناڵی ڕۆژنامەگەریی لەسەر ئیدیتۆرێکی ئێرانی، لە دەرەوەی وڵاتیش داناوە.
دیپلۆماسی میدیایی لقێکی سەرەکی دامودەزگەی دیپلۆماسی بۆ هەر حیزب و حکوومەت و دەسەڵاتێکە کە توانیویەتی وەکو باڵێکی کارای سیاسەتی دەرەوە خۆ بنوێنێت و کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتیی خەڵک دابنێت. هەنووکە کەڵکوەرگرتن لە میدیا کەرستەیەکی گرنگە لە سیاسەت و پەیوەندیگرتن و ڕازیکردن و ڕاکیشانی بیر و هەستی بینەر و خوێنەر و بیسەر. بۆیە کە دەڕوانینە مێژووی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بابەتەکانی ڕۆژنامەی کوردستان هەر لە یەکەم ژمارەیەوە هەتا ئێستە پتر باوەڕ بەوە دێنین کە ئەم حیزبە و میدیاکەی هەوڵێکی چڕوپڕیان داوە کە بتوانن لەم دەرفەتە بۆ ڕاگەیاندنی سیاسەتەکانیان و نواندنی هەیبەت و توانای نەتەوەکەیان کەڵک وەربگرن. هەروەها سیاسەتوانان و ئەدیبانی ئۆگری خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیان داوە لەم ڕۆژنامەوە پردی نێوان حیزب و خەڵک و حکوومەتی ئێران بن و هەستیان بە قورسایی ئەم پێگە قایمە کردوە و هەوڵی گەشەکردن و زیاتر پێگەیاندنیان داوە.
خاڵی جێی شانازی کە پێویستە لە ٧٠٠مین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان باس بکرێت ئەوەیە کە ئەم ڕۆژنامەیە لەبەر ئەوەی کە ئۆرگانی فەرمی ڕاگەیاندنی حیزبەکەیەتی لە درێژایی مێژوویدا هەرگیز نەبووەتە مینبەری بانگەشە بۆ ئاژاوەی نێوان نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران و ئەگەریش حیزبێک یاخود دەسەڵات هەوڵی بەلاڕێدابردنی خەباتی کورد و شێواندنی ڕاستییەکانی داوە، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاردەران و نووسەرانی ئەم ڕۆژنامە نەبوونەتە لایەنێکی گرفتەکە، بەڵکو بەباوەڕێکی دیموکراسیخوازانەوە، پرێستیژی حیزب و نەتەوەکەیان بە زمانێکی سەردەمیانە و ئەدیبانە و دیپلۆماسییانە کە بە میرات لە ڕێبەرانی شەهیدیانەوە بۆیان ماوەتەوە، هێناوەتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی ورد و بێلایەنیان بۆ کردوە و بەدوای ڕێگەچارەدا گەڕاون نەک ئەوەی کە گرێکە بکەنە گرێپووچکە و یاخود کوێرەڕێیەک پێشانی خوێنەریان بدەن. کاتێ دەڕوانیتە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە بێگومان لە مێژووی ئەم ڕۆژنامەدا بۆت ڕوون دەبێتەوە کە هەمیشە بانگەشە بۆ ماف و ئازادییەکانی مرۆیی و جاڕنامەی مافی مرۆڤ و دیموکراسییەت و ژیانی تەبایی و یەکسانی و عەداڵەت بۆ کورد و نەتەوەکانیتر کراوە و ڕۆژنامە کوردستان سیاسەتی دەرەوەی حیزبەکەی بەرامبەر حیزبەکانیتری کوردستان و ئێران و وڵاتانیتری بە زمانێکی دیپلۆماسییانە هێناوەتە بەرباس و بۆ هەموو لایەنێکی پەیوەندیداری بە شەفافی و بەبێ دەمارگرژیی ڕاگەیاندووە.
پێگەی کاریگەریی ڕۆژنامەی کوردستان لە نێو چین و توێژەکانی نەتەوەکەیدا لە ئاستێکدایە کە هەمیشە وەکو دەربڕی هەڵوێست و سیاسەتی دەرەوەی حیزبەکەی سەیر کراوە و وتار و بابەت و هەڵوێستی ئەم ڕۆژنامەیە لەلایەن خەڵکی خۆی و پارتەکانی کوردستان و ئێران بەوردی سەرنجی دراوەتێ و خوێندنەوەی هەمەلایەنە و چڕوپڕی بۆ کراوە و ڕۆژنامەیەک نەبوە کە بابەت و هەڵوێستێکی لەلایەن جەماوەر و کەسایەتیگەلی سیاسی و شرۆڤەکارانی سیاسەت و ئەدیبانی کوردەوە، بەسووکی سەیری بکرێت یاخود قورساییەکەی لەبەرچاو نەگیرێت. لە خاڵەکانی شانازی ئەم ڕۆژنامەیە ئەوەیە کە گوشاری حکوومەت و لایەنێکی سیاسی کە تەنانەت یەک وشەش بەقازانجی داگیرکەری پارچەیەکی کوردستانی تێدا بنووسرێت، هەرگیز نەهاتووەتەدی. «کریس کوچرا» ڕۆژنامەنووس و نووسەری شارەزای فەڕەنسی کە کتێب و نووسینەکانی لە بواری کورد و کوردستانەوە دیار و بەرچاوە و بێلایەنییەکی بۆ هەموو لێکۆڵەرێک سەلمێنراوە، لەم بارەوە لە کتێبی «بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد» باسی گوشار بۆ سەر ڕێبەری شەهید دکتۆر قاسملوو لە سەردەمی حیزبی بەعسی عێراق دەکات کە حیزبی بەعس ڕازی بووە بەوەی کە بەس وشەی «خیانەت» لە ڕۆژنامەی کوردستان-ی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ پارتێکی باشوور بنووسرێت و گوشارەکانی سەر حیزبی دیموکراتی کوردستان ئیتر نەمێنێت، بەڵام ڕۆژنامەی کوردستان و حیزبەکەی زۆر سەربەخۆ تەعامولیان کردوە و وەڵامی «نا»یان بەو داوا نابەجێیەی بەغدا داوەتەوە و دیارە باجی نەنووسینی ئەو وشەشیان لەلایەن حیزبی بەعسەوە بەسەردا سەپێنراوە.
لە گۆڕەپانی ئەمڕۆی سیاسەتدا، دەوڵەتەکان و حیزبەکان بەدوای ئەوەوەن کە لە ڕێی میدیاوە کاریگەریی خۆیان بەسەر بیروڕای گشتییدا دابنێن و جۆرە ڕکابەرییەک لەم بارەوە لە نێوانیاندا هەیە و بە هاتنی ئینتەرنێت و ماڵپەڕ و کارابوونی سۆشیالمیدیا، هەر دەوڵەت و حیزبێک لە هەوڵی ئەوەدایە ئیمپراتۆرییەکی مەجازی دابنێت و لەم ڕێگەیەوە بگاتە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە جیهانی واقعیدا. بێگومان لەم پەیوەندییەدا زۆر پێویستە بە دوای دەرچوونی ٧٠٠مین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، ئەم ڕۆژنامەش کاراتر و چالاکتر هەروەکو جاران لە بوارەکانی ڕێنووس و نێوەڕۆک و راستگۆیی و هەوڵدان بۆ ژیانێکی ئاشتییانە پتر سەرنج و باوەڕی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و مینبەرێکی سەرکەوتوو بێت بۆ ڕاگەیاندنی سیاسەتی حیزبەکەی لە پێناو ئازادی و دیموکراسی بۆ نەتەوەی ستەملێکراوی کورد بەگشتیی و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.