خزمەتەکانی «کوردستان» بە درێژایی تەمەنی هەر ئەوە نەبووە کە دەنگ و هاواری خەباتی شاخ و شاری بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات بووە، یان مەتەرێزی پاراستنی زمانی کوردی و هاوکات فێرگەی ئەو زمانە دەلالە بۆ فێڕخوازانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بووە، بگرە ئەوەندەی توانیویەتی لە بوارەکانی دیکەی ئەدەبی و رۆژنامەنووسیدا هەنگاوی ناوە، کە باوەش گرتنەوە بۆ «دنیای منداڵان» یەک لەوانە.
ئەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ «کوردستان» کە لە قۆناغی سەختی خەباتی شاخدا منداڵانی کوردستانی لەبیر نەکردوە، لە خەمی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەی داهاتووی نیشتماندا بووە و ئەوەی لەو پێناوەشدا لە دەستی هاتووە بۆی کردوە.
«کوردستان» کە هەر لەبنیڕا پێی وابوو هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردەواری بەش و مافیان بەسەریەوە هەیە، ئەو بەشەی بۆ منداڵان بەخاوەن کرد و لە ژمارەی ٣٤٢ی خۆیدا وەک دیاریی رۆژی جیهانیی منداڵان، بە ناوی «دنیای منداڵان» بەوانی بەخشی. بەڵام ئەوە هەمووی نەبوو. «کوردستان» لێبڕابوو کە باوەشی خۆی بۆ منداڵان ئاواڵە بێڵێتەوە و هەموو مانگێک بەو دیارییە خنجیلانەیە منداڵانی کوردستان بەسەر کاتەوە. «دنیای منداڵان» کە ئێستا ببووە دڵخۆشییەکی گەورە بۆ منداڵان، ماوەی ٦ ساڵ و ٧١ ژمارە دیاریی مانگانەی «کوردستان» بوو کە ئێستا نەک هەر ئیدی وەک پاشکۆیەکی٨لاپەڕەیی رۆژنامە، بەڵکوو وەک رێکخراوێکی منداڵان کاری دەکرد و چالاکی و بەرنامەی پەروەردەیی، فێرکاری و کاتبەسەربەردنی بۆ منداڵان رێک دەخست، فستیڤاڵی بەڕێوە دەبرد و بەشداریی کۆڕ و کۆبوونەوەی منداڵان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی دەکرد.
«دنیای منداڵان» کە ئێستا ئیدی پێی گرتبوو، ماڵی خۆی جیا کردەوە و بەو هەگبە پڕ لە زانست و ئەزموونەی لە ماڵە باوانی لە «کوردستان» خستبوویە سەر یەک، لە «ناوەندی منداڵپارێزیی رۆژهەڵاتی کوردستان»دا کە ئەویش هەر بەشێک لە خەرمانلۆغەی کوردستان بوو، درێژەی بە وەشان و کار و تێکۆشان بۆ خزمەتکردنی زیاتری منداڵان دا.
«دنیای منداڵان» و «کوردستان» لە بیرۆکەوە هەتا بەردەوامی
مانگی جۆزەردانی ١٣٨١ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ژمارە ٣٤٢ی رۆژنامە کوردستاندا کاک قادر وریا پێشنیاری کرد بەبۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵان، «کوردستان» دیارییەک بە منداڵان بدا و ئەو دیارییەش با پاشکۆی رۆژنامە و تایبەتنامەیەکی منداڵانە بە ناوی «دنیای منداڵان» بێ. بڵاوبوونەوەی ئەو پاشکۆیە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی منداڵان و خوێنەرانی «کوردستان» بەرەوڕوو بوەوە. ئەوەش وایکرد کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بڕیار بدا رۆژنامەی «کوردستان» هەموو مانگێک «دنیای منداڵان»ی لەگەڵ بێ.
خوێنەرانی دنیای منداڵان تەنیا منداڵانی نێو بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان نەبوون کە بە جیا پاشکۆی دنیای منداڵانیان بەسەردا دابەش دەکرا، بەڵکوو گەورەکانیش هەروەها هەموو ئەو کەسانەی رۆژنامە «کوردستان»یان بۆ دەچوو، یان هەموو ئەو کەسانەی لە ماڵپەڕی «کوردستان میدیا» و دواتر لە «کوردستان و کورد»دا سەیریان دەکرد یان دایاندەگرت؛ لە خوێنەرانی دنیای منداڵان بوون و بابەتیان بۆ دەنارد و لەگەڵی بەردەوام بوون.
«دنیای منداڵان» لە بەردەوامیی کاری خۆیدا توانی کۆمەڵێک نوێقەڵەم و کەسانی هۆگر بە نووسین و دنیای ئەدەب هەر لەنێو منداڵاندا بدۆزێتەوە کە دوای چەند ساڵ ژمارەیەکی زۆر لەوان خۆیان لە دەستەی نووسەرانی دنیای منداڵاندا دیتەوە، هەروەها توانی سنوورە تەسکەکانی پاشکۆیەتیی رۆژنامە ببەزێنێ و وەک رێکخراوە و ناوەندێکی منداڵپارێزی هەڵسوکەوت بکا و بەرنامە و پلانی پەروەردەیی و فێرکاری بۆ منداڵان دابنێ. «دنیای منداڵان» هەر لەو ماوەیەدا کە پاشکۆی «کوردستان» بوو، توانی لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٢ هەتا ١٣٨٦ی هەتاویدا چوار فستیڤاڵی هاوینە بەڕێوە ببا کە هەر کام لەو فستیڤاڵانە دەیان بڕگەی ئەدەبی، هونەری، وەرزشی، شانۆ و گۆرانی و سروود و چالاکیی منداڵانی تێدا جێ کرابوونەوە. بەڕێوەبردنی بۆنەکانی رۆژی جیهانیی منداڵان و کردنەوەی پیشانگای جۆراوجۆر بەڕێوەبردنی پێشبڕکێو فستیڤاڵە وەرزشییەکان بەشێکی دیکە لە چالاکییەکانی دنیای منداڵان بوو کە دواتریش، ئەو کاتەی «دنیای منداڵان» نەک وەک پاشکۆی «کوردستان»، بەڵکوو وەک گۆڤارێکی سەربەخۆ کاری دەکرد، درێژەیان پێدرا.
«کوردستان» بە وەشانی «دنیای منداڵان» هەر تەنیا جێژنانە و دیارییەکی بە منداڵان نەدا، بەڵکوو توانی بیانهێنێتە نێو کارێکی بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەیی و، هەستی متمانەبەخۆبوونیان تێدا بەهێزتر بکا. کاتێک کە چاو بە لاپەڕەکانی دنیای منداڵاندا دەخشێنین و، بەرهەمی نووسراو، وەرگێڕان و شێوەکاریی منداڵان دەبینین و سەیری ئەو چالاکییە هونەرییانەی وەک شانۆ و هەڵپەرکێ و پێشبڕکێیەکانیان دەکەین و دەبینین کە چۆن دنیای منداڵان توانیویەتی ببێتە چەترێک و منداڵان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە؛ ئەو کات بە بایەخی ئەو کارە گەورەیەی «کوردستان» دەزانین کە کردوویەتی.
ئێستا کە یادی ژمارە ٧٠٠ی ڕۆژنامەی کوردستان دەکەینەوە، بۆ یادکردنەوەش بێ جێی خۆیەتی ئاماژە بە چەند ناوێک بکەین کە وەک سەرنووسەری دنیای منداڵان و پاشان وەک بەرپرسی منداڵپارێزی کە سەرپەرستیی بڵاوبوونەوەی ئەو گۆڤارەی دەکرد، کاریان کردوە و بەپرسایەتیی ئەو کارەیان لە ئەستۆ بووە؛ وەک برایم جەهانگیری، عەلی بداغی، ناسر فەتحی، عوسمان بێورانی، فەڕشید محەممەدی، ئازاد عەباسیان و شیلان قوربانیفەڕ.
بێگومان ئەو خزمەتەی رۆژنامەی «کوردستان» بە دنیای رۆژنامەنووسیی منداڵان و ئەدەبی منداڵان کردی، خزمەتێکی شایان و بەبایەخ بوو، خزمەتێک کە شایانی ئەوەیە بە تایبەت، کاری توێژینەوەیی لەسەر بکرێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.