(بەشی یەکەم)
بە هۆی بەدەستەوە نەبوونی ژمارەکانی دەورەکانی پێشوولەم دەمو دەستە دا، نووسین لە بارەی چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرانی دەورەکانی پێشووی”کوردستان” لە گەڵ مانشێت، بۆ من ناگونجێ. بەڵام ژمارەکانی ئەم دەورەی “کوردستان”کە ئەوە پێی ناوەتە ژمارە٧٠٠، بە زەحمەت نیە. ئەگەر چی ژمارەکانی سالانی بەر لە شۆڕشی ئێران، بە زەحمەت دەست دەکەون و منیش بۆ ئەم باس نەمتوانی موجەلەدی ژمارە١-٦٩ وەدەست بخەم. بەم پێیە باسەکەی منیش لە بارەی مانشێت لە ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ژمارە ٧٠ بۆ دواوە (تا ئێستا)دەگرێتەوە.
با هەر لێرە دا ئەم زانیارییەش بدەمە خوێنەری ئەم باسە کە بۆ خۆم لە ژمارە ١٣٥ەوە(ڕەشەمەی ١٣٦٦، مارس١٩٨٨) بووم بە هاوکاری نزیکی ئەم ڕۆژنامەیە و کاری نووسین، وەرگێران، سەرنووسەری و بەڕێوەبەریم تێدا کردوەو لەو ساوە تائێستا لێی دانەبراوم. بۆیە ئەگەر لە لایەکەوە لاپەڕەکانی ژمارەکانی ڕۆژنامە بۆ خۆیان بەڵگە و سەرچاوەن بۆ زانیاریی ی پێویست بۆ ئەم باسە، بۆ خۆشم بە هۆی بوونم لە نێو ئالوگۆڕ و بڕیارەکانی پێوەندیدار بەم ڕۆژنامەیە، زانیاریی زۆرم لا هەیە کە لەم باسە دا کەم و زۆر پشتم پێیان بەستوە.
دروشم لە جیاتی مانشێت
بەو جۆرەی لە لاپەڕەکانی یەکەمی ژمارەکانی “کوردستان” دەردەکەوێ، لەسەد ژمارەی یەکەم دا، شتێک وەک مانشێت لە لاپەڕەی یەکەم دا نابیندرێ. ئەوەی لێرە بەدواوەش ، تاک و تەرا لە هێندێک ژمارە دا چاومان پیی دەکەوێ، دروشمێکی پێوەندیدار بە بۆنەیەکی حیزبییەوەیە کە ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەکە لە دەوروبەری دا دەرچووە. دروشم لە بارەی 25ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب، 2ی ڕیبەندان سالڕۆژی پێکهاتنی کۆماری کوردستان، ٢٦ی سەرماوەز کە بە ڕۆژی پێشمەرگە ناودێر کراوە و هەر وەها پێکهاتنی کۆنگرەکانی حیزب. ئەم ڕستانەی لەم بارەیەوە هاتوون، بە زۆری وەک دروشم هاتوون و باس لە ڕووداوێک ناکەن. زۆربەیان پیرۆزبایی بەم بۆنانەوەیان گرتووەتە خۆ، وەک:
“پیرۆز بێ ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب”،
“پیرۆز بێ ٢ی ڕیبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان”،
“پیرۆز بێ ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان” و هتد.
جاری وایە لە ماوەی یەک ساڵ دا کە 12 ژمارەی ڕۆژنامە دەرچوو، بۆ یەک جاریش ئەم جۆرە دروشمەش نابینی. دیارە دروشمی حیزبیی جێگیر(وەک دروشمی ستراتیژیک “دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” لە لاپەرەی یەکەم و لە دەوروبەری کلێشەی ناوی ڕۆژنامەکەدا،یا دروشم لە بارەی ڕێژیمێک کە حیزبی دیموکرات خەباتی لە دژی دەکا لە خوارەوەی دوا لاپەڕە دا) هەن. مەبەستی من ئەو ڕستە و دەستەواژانەیە کەلە نیو سەردێرەکانی لاپەرەی یەکەم دا، لە هەمووان دیارتر و سەرنجراکێشترن.
لە نیو ئەو هەمووە تیترانە دا – کە من پێم دروستە ناویان بنێم دروشمی حیزبی- تەنیا تیترێک کە وەک باسکردن لە ڕووداوێک هاتوە و دەکرێ پێی بڵێی مانشێت، هی ژمارە ١١٠ی ڕۆژنامەی “کوردستان”ە کە بەفرانباری ١٣٦٤(ژانویەی ١٩٨٦) دەرچووە. تیترەکە ئەمەیە: “کۆنگرەی حەوتەمی حیزب بە سەرکەوتنەوە تەواو بوو”. لە ژێر ئەم مانشێتەش، راگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بە بۆنەی تەواوبوونی کۆنگرەوە هاتوە کە سەردێڕی تایبەت بە خۆی لە گەڵ دایەو بەشێک لە دەقی راگەیەندراوەکەش (٢-٣ پاراگراف)هەر لەو لاپەڕەی یەکەم دا بەرچاو دەکەوێ. ئەم ڕەواڵە- هاتنی دروشمی حیزبی لە جیاتی مانشێت- بەردەوام دەبێ هەتا چەندین سالی دیکە.
هێندێک جار دەکرا لانیکەم ئەگەر مانشیتیش بە کار ناهێندرێ، هەر ئەم جۆرە دروشمە لە پێوەندی لە گەڵ رووداوە گرنگەکانی پێوەندیدار بە حیزب لە ڕۆژنامە دا دووپات ببنەوە. بۆ وێنە “کوردستان” لەو ژمارەیەی خۆی دا کە ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندی بە بۆنەی شەهید کرانی سکرتێری گشتیی حیزب، د.قاسملووی بڵاو کردوەتەوە(ژمارە١٥١، پووشپەڕی١٣٦، ژوئیەی ١٩٨٩)، نە مانشیتی بە کار هێناوە و نە دروشێکی پێوەندیدار بە رووداوەکە. بەڵام ساڵێک دواتر(پووشپەڕی ١٣٦٩، ژوئیەی ١٩٩٠) لە ژمارە ١٦٣ی خۆی دا، کە ژمارەی تایبەت بە یادی یەکسالەی شەهیدکرانی ئەو ڕێبەرەیە، دروشمێکی کردوە بە مانشێت کە بەم جۆرەیە: ” بەڕێز بێ یادی مامۆستای شەهید، دوکتور قاسملووی مەزن”. ئەم ڕەواڵە هەتا نێوەڕاستەکانی دەیەی 90ی زایینیییش هەر بەردەوام بووە. واتە ڕۆژنامە لە لاپەرەی یەکەمی دا بێجگە لە سەردێڕی وتارو بابەتەکان، یا تیترێکی گشتی و بەرچاوتر لەوانی نیە یا ئەگەر جارو بار تیترێک بە کار هاتوە بە شێوەی دروشم بووە. بۆ نموونە:
“دوکتور قاسملوو لە بیروباوەڕی دا زیندووە!” (کوردستان، ژمارە ٢١١، پووشپەڕی ١٣٧٣، ژوئیەی ١٩٩٤)
“بەڕێز بێ یادی شەهیدانی نەمر دوکتور ‘صادق شرفکندی’ و هاوڕێکانی” (کوردستان، ژمارە ٢١٣، خەرمانانی ١٣٧٣، سێپتامبری ١٩٩٤)
لە نێوان دروشم و مانشێت دا
لە ژمارە 221ی “کوردستان” کە بانەمەڕی ١٣٧٤ (مای ١٩٩٥)بڵاو بۆتەوە و تەرخان کراوە بۆ باس و بابەتەکانی پیوەندیدار بە کۆنگرەی دەیەمی حیزب،جاریکی دیکە هەواڵی تەواوبوونی کۆنگرە بە شێوەی مانشیت هاتوە. هەمان تیتر یا مانشیت کە “کوردستان” لە پێوەندی لە گەڵ کۆنگرەی حەوتەمیش دا بە کاری هێنابوو:
“کۆنگرەی دەیەمی حیزب بە سەرکەوتنەوە کۆتایی هات!”
لە لاپەڕەی یەکەمی ژمارە٢٣٦ی ئەم دەورەی ڕۆژنامەی “کوردستان” و هەر وەها لە لاپەرەی یەکەمی پاشکۆ36 لاپەڕەییەکەشی دا تیترێک هەیە کە لە ڕووی ناوەرۆکیشەوە دەکرێ پێیان بڵێین مانشێت، چونکە ناوەرۆکەکەیان تەعبیر لە ڕووداو و هەڵوێست دەکەن و هەر دروشمێکی ڕووت نین. ئەم ژمارەیە و پاشکۆکەی تەرخان کراون بۆ بابەتەکانی پێوەندیدار بە هێرشی مووشەکی و تۆپخانەیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکرات لە نزیک شاری کۆیە.(مانگی گەلاوێژی١٣٧٥- ئاگۆستی ١٩٩٦). مانشیتەکان ئەمانەن:
“کۆماری ئیسلامی لە هێرش بۆسەر حیزبی دیموکرات دا لە گەڵ ناکامی و ڕسوایی تەواو بەرەوروو بوو”
(مانشێتی “کوردستان” ژمارە٢٣٦، گەلاویژی ١٣٧٥،ئووتی ١٩٩٦)
“خەڵکی بە شەرەفی کوردستان و هیز و لایەنە ئازادیخوازو ئینساندۆستەکان ڕێگا نادەن حیزبەکەمان لە بەر پێی کۆماری ئیسلامی دا بکرێتە قوربانی”
(مانشێتی پاشکۆی “کوردستان” ژمارە٢٣٦، گەلاویژی ١٣٧٥، ئووتی ١٩٩٦)
لێرە بە دواوەش”کوردستان” یا بێ شاتیتر(تیتری لە هەموان دیارتر یا سەرەکیتر) بڵاو دەبێتەوە، یا دروشم و مانشێت لە گەڵ یەکتر لە ململانێ دان. جاری وایە هەر بە رەواڵی پێشوو بە گوێرەی ئەو بۆنەیەی کە ڕۆژنامەکەی تیی دا بڵاو دەبیێتەوە، دروشمێک لای هەرە سەرەوەی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکەی داگیر کردوە، هێندێک جاریش ئەوەی بە فۆنتیکی درشتتر یا رەنگێکی جیاواز لە لای سەرەوەی لاپەرەی یەکەم دەبیندرێ و وەسەرەوەی تیترو سەردێڕەکانی دیکە کەوتووە، دەتوانین بە مانشێت ناوی بەرین.
خەرمانانی ١٣٧٥(سێپتامبری ١٩٩٦)، ژمارە ٢٣٧ی “کوردستان” لە جیاتی وەرگیرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەندامی چاوەدێری ڕێکخراوی ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست کە ڕووداوێکی سیاسیی گرنگە بە نیسبەت حیزبێکی کوردییەوە، بە ناوەرۆکێکی هەواڵییەوە بکا بە مانشێت، لە فۆرمی دروشمێک دا بەم جۆرە داڕشتوە: ” وەرگیرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەندامی ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست لە تێکۆشەرانی حیزب، گەلی کورد و خەڵکی وڵاتەکەمان پیرۆز بێ”. دیارە ئەم دروشمەش لە جیاتی ڕاست و چەپی سەرەوەی لاپەرەی یەکەم دابگرێ، تەنیا لای راستی ئەو لاپەرەیەی کە راپۆرتی بیستەمین کۆنگرەی ئەنترناسیۆنالی تیدا بڵاو بۆتەوە، داگیر کردوە!
هەر ئەم ڕووداوەی سەرەوە لە کاتی ڕاگەیاندنی یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتیش دا دووپات بۆتەوە. “کوردستان” لە ژمارەی ٢٤١ی خۆی دا(بەفرانباری ١٣٧٥، ژانویەی ١٩٩٧) کە بەیاننامەی هاوبەش لە بارەی یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزب و راپۆرت و وتاری تایبەت لەم پیوەندییەی دا بڵاو کردوونەوە و هەر لە لاپەرەی یەکەمیش دا گرنگیی پێویستی بەو بابەتانە داوە، لە جیاتی ئەم ڕووداوە بە ناوەرۆکێکی هەواڵییەوە بکا بە مانشێت، بە شێوەی دروشم و بەم جۆرە هێناویەتی:
” پیرۆز بی یەکبوونەوەی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کورستانی ئێران”
“کوردستان” لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ رووداوێکی سیاسیی گرنگی دیکەی پێوەندیدار بە حیزبی دیموکرات کە دەرچوونی بڕیاری ئازایانەی دادگای بێرلین لە بارەی تیرۆری میکۆنووسەوەیە، هەر دوو رەویە ڕەچاو دەکا.لە ژمارە ٢٤٤ی “کوردستان” دا کە خاکەلێوەی ١٣٧٦(ئاوریلی ١٩٩٧) بڵاو بۆتەوە، وێڕای بڵاوکردنەوەی بەشێک لە بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە پێوەندی لە گەڵ حوکمی دادگای میکۆنووس دا، بە سیغەی پیرۆزبایی، دەرچوونی ئەم بڕیارە لە تیتری هەرە گەورەی لاپەرەی یەکەمی خۆی دا رادەگەیەنێ و راست و چەپی بەشی سەرەوەی لاپەرەی یەکەمی خۆی بۆ تەرخان دەکا:
“دەرچوونی بڕیاری ئازایانەی دادگای بێرلین پیرۆز بێ”.
لە ژمارەی دواتریشی دا (ژمارە ٢٤٥)کە کە ژمارەیەکی تایبەتە و لە ٣٦ لاپەڕ پێک هاتوە و هەمووشی تەرخان کراوە بۆ باس و بابەتی پێوەندیدار بەو بڕیارە گرنگەی دادگایەکی ئاڵمان لە بارەی تیرۆری رێبەرانی حیزبی دیموکرات بە هۆی کۆماری ئیسلامییەوە، مانشێتێکی لە دوو دێڕ، دێڕی یەکەم بە فۆنتی بچووک و دێڕی دووهەم بە فۆنتی گەورە بەم جۆرە بە کار هێناوە:
“بە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای بێرلین دا:
دەبێ بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دادگایەکی نیونەتەوەیی دا موحاکەمە بکرێن”
دەکرێ بڵێین لە دروشمەوە بەرەو مانشێت چوون، لە ڕۆژنامەی “کوردستان”دا ڕەوتێکی درێژخایەن بووە. ژمارە ٢٥٣ی “کوردستان”(بەفرانباری١٣٧٦،ژانویەی ١٩٩٨) لاپەڕەی یەکەمی خۆی تەرخان کردوە بۆ پێکهاتنی کۆنگرەی یازدەەمی حیزب. ئەم ژمارەیە لە جیاتی دووپاتکردنی دروشمە کلیشەییەکانی خۆی لە بارەی تەواو بوونی کۆنگرەکان، ئەمجارەیان دروشمی کۆنگرەکەی کردوە بە مانشێتی لاپەرەی یەکەم کە ئەگەر چی ئەمیش خۆی دروشمێکە بەلام نوێگەرێیەکی لە هەڵسوکەوتی ڕۆژنامە لە گەڵ تیتری پێوەندیدار بە هەواڵی کۆنگرەکانی حیزب لە لاپەرەی یەکەمی خۆی دا پێوە دیارە:
” پاراستن و پتەوکردنی یەکیەتیی ڕیزەکانی حیزب و خۆ ئامادەکردن بۆ بەرەورووبوونەوە لە گەڵ ئاڵوگۆڕەکانی قۆناغی دادێ”
ژمارە 257ی “کوردستان”(٢ی بانەمەڕی١٣٧٧، ٢٢ی ئاوریلی ١٩٩٨) کە تەرخان کراوە بۆ یادی ١٠٠ سالەی ڕۆژنامەنوسیی کوردی و راست لە ڕۆژی ڕۆژنامەنووسییش دا بڵاو بووەتەوە، ئەوەندەی گرنگی بە مانشێت داوە کە مانشیتی بردووەتە سەرەوەی کلێشەی ناوی ڕۆژنامەکەش. بەوحالەش ئەوەی وەک مانشێت هاتوە، دیسان دروشمێکە:
” شکۆدار بێ یادی سەد سالەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی”
نموونەکانی دیکەی دروشمی “ئەرک مانشێت” لەم ساڵانە دا:
بەڕێوەبەرانی کوشتاری هەزاران زیندانیی سیاسیی ئێران دەبێ موحاکەمە بکرێن و سزا بدرێن.
(“کوردستان” ژمارە ٢٦٢، خەرمانانی ١٣٧٧، سێپتامبری ١٩٩٨)
“هەموو ئینسانەکان بە ئازادی لە دایک دەبن و لە گەڵ یەک مافی بەرابەریان هەیە”
( “کوردستان” ژمارە ٢٦٥، سەرماوەزی ١٣٧٧، دیسامبری ١٩٩٨)
“تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی قاسملوو دەست لە خەبات و تیکۆشان هەڵ ناگرین”
(“کوردستان”، ژمارە ٢٧٢، ژمارەی تایبەت بە ١٠ سالەی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٧٨، ١٣ی ژوئیەی ١٩٩٩)
” کۆنگرەی دوازدەهەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرکەوتنەوە کۆتایی هات”
(“کوردستان”، ژمارە ٢٩٨،١٥ی سەرماوەزی ١٣٧٩، ٥ی دیسامبری ٢٠٠٠)
“ئاڵای ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەتا وەدیهاتنیان لە کوردستان هەر دەشەکێتەوە”
(ژمارە ٣٠٢، ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٧٩، ٣ی فێورییەی٢٠٠١)
“جێژنی نەورۆز لە کوردستانی ئێران بە شکۆیەکی کەم وێنەوە بەڕیوە چوو”
(ژمارە ٣٠٦، ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٨٠،٣٠ی مارسی ٢٠٠١)
“ڕزگاریی کوردستان و بەختیاریی کوردان، ئامانجی 103سالەی کاروانی ڕۆژنامەنووسیی کوردی”
(ژمارە٣٠٩، ١١ی بانەمەڕی ١٣٨٠،١ی مای ٢٠٠١)
“پیرۆز بێ ٥٦ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران”
(ژمارە ٣٢٠،٣١ی گەلاوێژی ١٣٨٠، ٢٢ی ئوتی٢٠٠١)
بەشی دووهەمی ئەم وتارە کە باس لە مانشێت دوای گەورەبوونەوەی لاپەرەکانی “کوردستان”دەکا،لە ژمارەی داهاتوو دا بڵاو دەبێتەوە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.