لە ماوەی لانیکەم یەک دەیەی رابردوودا قسەکردن لە کۆمەڵگای مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوەتە باس و خواسی کۆڕ و کۆبوونەوەکان، میدیاکان و تەنانەت ژووری فکری و بریاری هێزو لایەنە سیاسییەکانیش. ئەم بزاڤە نوێیە لە خەبات، تا ئێستا خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ کراوەو تەنانەت هێندێک جاریش ئیدیعای ئەوە کراوە کە ئەم بزاڤە چەند قۆناغێکی لە بوون و تێکۆشانی خۆی تێپەڕاندووە. لە بەرانبەریشدا بۆچوون و خوێندنەوەوەیتر هەیە کە پێی وایە ناکرێ باس لە بوونی “بزاڤ”ێک لە ژێرناوی “مەدەنی”دا بکرێ و لەو باوەڕەدایە کە ئەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، جارێ “کۆمەڵە جووڵەیەکی بڵاو”ە کە تا گەیشتن بە “بزاڤی مەدەنی” چەند قۆناغێکی ماوە.
لە هەر حاڵدا چ “بزاڤ” بێت یان “جموجۆڵ”، کە بێگومان لە رووی قۆناغبەندی و رەفتارناسی و نیشانەناسییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی بنەمایی و ساختارییان پێکەوە نیە، ماوەی چەند ساڵێکە رەوتێک لە تێکۆشانی مەدەنی لە نێو توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە کە، لە مەرحەلەی یەکەم دا حاشا لێکردنی، ناتوانێ بە قازانجی پرسە گەورە نەتەوییەکە بێت.
خوێندنەوەو تێگەیشتن لە بەستێنەکانی ئەم جۆرە لە تێکۆشان، جموجۆڵ یان خەبات لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بێگومان دەکەوێتە سەر شانی چاودێرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هێزە سیاسییەکان، لە گەڵ ئەوەیکە ئاسان نیە، بەڵام ئەرکێکی پێویستە. خوێندنەوەو رویکەردێکی واقعگەرایانە لە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران و کوردستان بە دوور لە هەر دەمارگرژییەکی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی، دەتوانێ بەشێک لە دژوارییەکانی ئەم رێگایەمان بۆ ئاسان بکاتەوە کە، لێرەدا مەبەستی ئەو وتارە باسکردن لە خوێندنەوەو “ئازایەتی لە دەربڕین” نیە کە، شەرتی بنەڕەتی هەر هەڵسەنگاندنێک و گەیشتن بە هەر دەرەنجامێکە. بەڵکوو لێرەدا قسە لە جۆری مودیرییەتکردنی ئەم “بزاڤ” یان “جوڵە مەدەنی” یە دەکەین. کە قسە لە مودیرییەتکردنی کۆمەڵگای مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، سەرەتا دەبێ بزانین کێ یان چ لایەنگەلێک بۆیان هەیە یان دەکرێ ئەم ئەرکە وەئەستۆ بگرن یان دەکەوێتە سەر شانیان؟! بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە پێویستە لە رووی رەفتارو ناوەرۆکەوە کە تایبەت بە زانستی رەفتارشناسی و نیشانەشناسییە، لە ماهییەت و شوناسی ئەو چالاکی و جووڵەو خۆرێکخستنانە وردبینەوە کە لە چوارچێوەی پێناسەی مەدەنیدا جێ دەگرن و ئەمڕۆژانە لە شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادان. هەموو نیشانەکان و رەفتارەکان لەم جموجۆڵ و بزاوتانەدا دەرخەری ئەو واقعیەتەن کە “پرسە گەورەکە”، کە هەمان بزووتنەوەی مافخوازانەی “میللی _ دێموکراتیک”ی خەڵکی کوردستانە، سێبەری بە سەر جۆر و ناوەرۆک و شوناسی سەرجەم ئەم رەوتە مەدەنیانەدا کێشاوە. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین؛ جموجۆڵ و چالاکییە مەدەنییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک ناکرێ لە پرسە گەورەکە بە ناورۆکی نەتەوەیی، مافخوازانە، نیشتمانپەروەری و بەرەنگارییەوە جیا بکرێتەوە. هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان (ژینگەپارێزی) کە لە دەروەستبوونی تاکی کورد بە نیشتمانپەروەرییەوە سەرچاوە دەگرێ لە گەڵ هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی کە خەمخواردنە لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی تا دەگاتە هەوڵدان و کەمپەین سازکردن بۆ جێخستنی رۆحی لێبووردەیی لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا، کە هەمان ناوەرۆکی ئاشتیخوازبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە، کۆمەڵە چالاکیی و ئەرکێکن کە بە هیچ شێوەیەک نامۆ و غەریب بە بزووتنەوە گشتییە نەتەوەییەکە نین.
ئەگەر هێزە سیاسییە نەتەوەیییەکانی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تێکۆشانی سیاسی و بەرەنگارییەوە نزیک بە سێ چارەگە سەدەیە داکۆکی لە مان و مەوجوودیەتی نەتەوەیەکی مافخوازی سەرکوتکراو دەکەن، ئەوا ئەمڕۆژانە لە بەستێنێکی دیکەداو لە ناوخۆی وڵات، کوڕان و کچانی ئەو میللەتە بە پێکهێنانی دەیان ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی، فێرگەی زمانی کوردی، ئەمجوومەنی ئەدەبی و فەرهەنگی، وەرزشی و….. هەوڵی پاراستنی ژینگەو زمان و هۆوییەت و تەندرووستیی نەتەوەیی ئەم خاک و خەڵکە دەدەن.
کەوابوو زۆر روونە کە هەر دەبێ هێزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بیر لە مودیریەتکردنی بزاڤی مەدەنی لە ناوخۆی وڵات بکەنەوە. بەڵام پێش لەوەی باس لە چۆنیەتی ئەم مودیریەتە بکەین، دەبێ راشکاوانە و بە بێئەملاوئەولا بیرکردنەوە لە “بەحیزبیکردن”ی ئەم چالاکی و جووڵە و بزاوتە مەدەنیانە مەحکووم بکرێ. چونکی لە ئەگەری وەها حاڵەتێک دا، دەبێ وای دابنێین کە هەوڵی مراندن و لەنێوچوونیان دراوە. بۆیە روونە کە مەبەست لە مودیریەت لێرەدا “دەستێوەردان” و “رێکخستنی تەشکیلاتی” نیە. یان ئەگەر بکرێ بە زمانێکی زۆر سادەتر بیڵێین؛ بزووتنەوەی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە “رێبەریکردن” نیە!!. بەو مانایە کە لە شوێنێکەوە خەت و نیشانی بۆ دیاری بکرێ و ئەویش ئەرکدار بە بەجێگەیاندنی بکرێ. ئەوە یەکێک لە مەترسییەکانی سەر بزاڤی مەدەنییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە خودی سیستمی سیاسی _ ئەمنیەتی ئێران هەوڵی بەجێگەیاندنی دەدات، بۆ ئەوەی وەک بیانوویەک کار لە سەر فشارو سەرکوتی زیاتری ئەم بەستێنە لە خەباتی خەڵکیش بکات.
جۆری مودیریەتی ئەم خەباتە ئەوەندەی پێویستی بە دیسکۆرسی نزیک لە خۆی و “پشتوانی” هەیە، هەزار ئەوەندە، دەستێوەردان بە مەترسی بۆ سەر بەردەوامبوونی خۆی دەزانێ. دەربڕینی پشتیوانی و بەکارهێنانی گوتارو دیسکۆرسی مەدەنی بۆ قسەکردن لە سەر جموجۆڵ و چالاکیی چالاکان و تێکۆشەرانی ناوخۆ لەم بەستێنە مەدەنییەدا، دەتوانێ سەرکەوتووترین جۆری مودیریەت بێت.
بە ئاوڕدانەوە لە خوێندنەوەو جۆری تێگەیشتنی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چالاکیی تێکۆشەرانی مەدەنیی ناوخۆی وڵات، بە ئاشکرا دەبینین کە لەو پێوەندییەدا بەداخەوە خوێندنەوەو تێگەیشتنی هاوبەش بوونی نیە کە بێگومان ئەمە ناتوانێ بە قازانج بێت.
ئەوەندی پێوەندی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەبێت، بە بێ دەمارگرژی و بە دوور لە هەر تەعەسووبێک، دەتوانین بڵێین جیا لەوەیکە یەکەم لایەن بوو کە بە گرینگییەو سەرنجی خستە سەر جموجۆڵی چالاکانی ناوخۆی وڵات، بگرە مەسئولانە هەوڵیداوە سەرنجی خەڵکان و لایەنگەلێکی دیکەیش بۆ بزووتنەوەی مەدەنی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان رابکێشێ. هەر ئەو کاتانەی کە هێندێک کەس و لایەن پێوەبوون نامەسئولانە پرسیار لە سەر ئازایەتیی چالاکیی چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆی وڵات درووست بکەن، حیزبی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە، پشتیوانی لە کارو چالاکیی ئەوان دەکات و رایگەیاند کە ئەوان دەتوانن لە چووکەترین دەرفەتەکانیش بە قازانجی هێنانە ئارای ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن.
هەرچەند لەم پێوەندییەدا زۆر کەس و لایەن رەخنەیان لە خوێندنەوەو تێگەیشتنی حیزبی دیموکراتی کوردستان گرت، بەڵام لە کۆتاییدا درێژەدان بەم هەڵوێست و خوێندنەوانە توانی ببێتە پشتیوانەیەکی بەهێز بۆ چالاکانی ناوخۆی وڵات و جورئەتی پێ بەخشین کە لەبەرانبەر هیچ تانەو تەشەرێکی نامەسئولانەدا کۆڵ نەدەن. بۆیە دەبینین بە خۆشیەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان بە پانەوە زیاتر لە هەمیشە رێکخراوتر و چالاکانەتر لە رابردوو لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا حزووری بەرچاوی هەیە.
راستە حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دەربڕینی پشتیوانی خۆی لە چالاکانی مەدەنی توانیویەتی لە رووی گوتارەوە بەشیک لە ئەرکەکانی خۆی بە جێ بگەیەنێت، بەڵام ئەوە بەتەنیا بەس نیەو ناتوانێ مودیریەتێکی تەواو بێت. بۆیە پێویستە ئەم “پشتیوان”ییە گشتگیر بکرێت و حیزب وەک نەخشە رێگایەک بۆ جۆری ئەم مودیریەتە بیری لێ بکاتەوە و لە سەرجەم بوارەکانی میدیایی، دیپلۆماسی و هاندانی خەڵک بۆ پشتیوانی و لەگەڵدابوون، بیخاتە دەستووری کاری خۆیەوە.
سەرەڕای هەموو ئامانە، مودیریەتی کۆمەڵگای مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کاتە دەتوانێ مانای واقعی خۆی پەیدا بکات کە، سەرجەم هێزو و لایەن و کەسایەتییە نەتەوەیی و نیشمانییەکان لە سەر بنەمای “پشتیوانی”، خوێندنەوەو تێگەیشتنی هاوبەشیان لەم بەسێنە لە خەبات هەبێ و، بە بەشێک لە پرسە گەورەکە (بزووتنەوەی میللی _ دێموکراتیک خەڵکی کوردستان)ی بزانن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩