قانون ئەساسیی کۆماری ئیسلامی کە پایەوئەساسی نیزامیی سیاسی ئیستای ئێرانە کە لەسەر جهانبینی حکوومەتی ئیسلامی (ئیسلامی شیعەی باوردار بە ولایەتی فەقیهی رەها) داڕێژراوە، کە هەر ئەوە وایکردوە ببێتە سەر چاوەی گرفت وکێشەکان وقەیرانە دەرەکی ونێوخۆیییەکان. لە هەمان کاتدا بە راشکاوی دەتوانین بڵێین پێشێل کردنی مافی مرۆڤ سەرچاوە گرتوو لە یاسای بنەڕەتی ئێرانە، چونکە قانوونی ئەساسی پێوەندی دەسەڵاتی سیاسی واتە حکوومەت لە گەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە دیاری دەکا .قانووندانەری ئێرانی لە دارشتنی ئەسڵ وبڕگەکانی قانوونی ئەساسیدا قانوونە عورفییەکان کە سەرچاوەگرتوولە ویست ونیازی کۆمەڵگان وپایە وئەساسی دیموکراسین تێکەڵ بە کۆمەڵیک ئەسڵ وبڕگەی دینی ومەزهەبی کردوە کە لەگەڵ سەردەمی ئیستا ناگونجێن ورێگرن لە بەردەمی ویست وداخوازی خەڵک .دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای ئەوئەسڵانەی قانوونی ئەساسییەوە ماوەی ٣٨ساڵە بە سەر گەلانی ئێراندا حوکمڕانی دەکەن. بۆ زیاتر روون بوونەوەی ئەوبابەتە سەرنج دەخەینە سەر هێندێک لە ئەسڵەکانی قانوونی ئەساسی ئێران کە پێکەوە لە دژایەتی دان. قانووندانەر بۆ ئەوەی لە دنیای سەردەم دانەبرێ وبە کۆر وکۆمەڵە جیهانییەکان بڵێ کە پێوانەکانی دیموکرات بوونی لە سیستمی سیاسی وبەڕێوەبەری وڵاتدا رەچاوکردوە ئەو ئەسڵانەی کە باسی مافی مرۆڤ وئازادییە تاکەکەسیەکان دەکا هێناویەتی وهەتا رادەیەک لە قانوونی ئەساسیدا گونجاندوویەتی، بەڵام لە پاڵ ئەوەدا قەید وبەربەستی بۆ داناوە وەک ئەوە کە نابێ دژایەتی هەبێ لە گەڵ رێوشوێنی ئیسلام ویا مەزهەبی رەسمی وڵات. بۆ وێنە: ئەسڵی چوارلە قانوونی ئەساسیدا بە روونی لە سەر ئەو بابەتە پێداگری دەکا و دەڵێ :”تەواوی قانوونەکان ورێوشوێنی مەدەنی ،سزایی ،ماڵی ،ئابووری ،فەرهەنگی ،نیزامی، سیاسی وهتد، دەبێ لە سەر ئەساسی رێوشوێنی ئیسلامی بێت. ئەوئەسڵە بەسەر هەموو ئوسوولەکانی قانوونیی ئەساسی ویاسا ورێساکانی دیکەدا حاکمە ودیاری کردن وهەڵسەنگاندنی ئەوبابەتە لە ئەستۆی شوورای نیگەهبانە.”
لەو ئەسڵە دا بۆمان دەردەکەوێ کە قانوونی ئەساسی کۆماریی ئیسلامی وا دانەڕێژراوە کە پێوەندی نێوان خەڵک ودەسەڵات دیاری بکا. بەڵکوو لە سەر ئەو ئەساسە دامەزراوە کە خەڵک تەنیا ئەرکیان هەیە ودەبێ ئەرکەکانی خۆیان وا جێ بەجێ بکەن کە زیان بە دین وباوەڕەکانیان نەگەیەنێ کە ئەویش خزمەت کردنە بە کۆماری ئیسلامی ولە راستی داخاوەنی هیچ مافێک نین چونکە لە روانگەی ئەوانەوە، هەر مافێک لە سەردەمی ئیستادا دەبێتە دژایەتی کردن لە گەل دین ومەزهەبی رەسمی ئێران .
لە روانگەی کۆماری ئیسلامییەوە ئامانجی مرۆڤ عیبادەتی خودایەو لەسەر مرۆڤی دیندار واجبە کاری بە کاری دنیای فانی نەبێ وگوێڕایەڵی رێبەرودەسەڵاتداران بێ. عیبادەتی کامڵ وتەواو پێویستی بە ئوممەتێکی رێکخراوی باوەردارهەیە وئوممەتی ئاوا نیازمەندی حکوومەتە ویەکەم ئامانجی حکوومەت لە کۆمەڵگایەکی ئاوادا وەدەست هێنان ودابین کردنی ئیمکاناتی عیبادەتە کە بتوانێ ئەو ئوممەتە رێکخراوە بە دوای نیازەکانی خۆیدا رابکێشی وکەڵکی خۆیانی لێ وەربگرێ .واتە عیبادەت یانی هەمان گوێڕایەڵی وسەربەردانەوە وگوێ راگرتن لە گوفتاری دەسەڵاتداران کە بە ناوی دینەوە حکوومەت دەکەن.
ئەگەر لە قانوونی ئەساسیی ئێران باشتر وردبینەوە ئەو جیاوازییەمان چاکتربۆ دەردەکەوێ. ئەسڵی( ٥)لە قانوونی ئەساسیدا باس لە رێبەریی لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا دەکا ودەڵێ :”لە سەردەمی غەیبەتی ئیمام زمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا حوکمڕانی ورێبەری ئوممەت دەکەوێتە ئەستۆی “فقیە”یکی دادپەروەر……کە بەپێی ئەسڵی(١٠٧) بەرپرسیاریەتی وەردەگرێ” بەڵام هەر بە دوای ئەو ئەسڵەدا لەئەسڵی (٦ )دا باس لە ئیدارەی وڵات دەکا بە پشت بەستن بەدەنگی خەڵک لە رێگای هەڵبژاردن. لەئەسڵی ٦دا هاتووە:” لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا وڵات دەبێ بە پشت بەستن بە دەنگی گشتی لە رێگای هەلبژاردن ئیدارە بکرێ ….”. لەو ئەسڵە دا دەبینین کە قانووندانەر ویستوویەتی رەهابوونی ئەسڵی( ٥ )هەتا رادەیەک لە بەر چاوان ون بکاو بڵێ کە خەڵک لە رێگای هەڵبژاردن وسندووقی دەنگدانەوە چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن ولەرێگای نوێنەرانیانەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدارن ودەبێنین هەر لە سەرەتای قانوونی ئەساسیی ئیراندا دووئەسڵ کە باس لە شێوە بەڕێوەبردنی وڵات لە لایەن کەسێک یا دامەزراوەیەک دەکا چەندە لە گەڵ یەکتر لە ناتەبایی دان .
ئەسڵی (٥) باس لەوە دەکا کە لە غەیبەتی ئیمام زەماندا کەسێک دەبێ بە نوێنەرایەتی ئەو، رێبەریی ئوممەتی ئیسلام بکا و ئەوە ماناکەی ئەوەیە ئەوکەسە کە ئەو مەسئولییەتەی پێ دەسپێردرێ نوێنەرو جێنشینی ئیمام زەمانە وهەر گوفتار وکردارێکی بە مانای قانوونە ولەسەر خەڵک واجبە بێ ئەملاولا جێبەجێیان بکا. قبووڵی شەریعەت بە عینوانی چوارچێوەی دەزگای قەزایی وئیجرایی حکوومەت بەمانای ئەوەیە کەناتوانرێ لەو چوارچێوە کە شەریعەت دیاری کردوە لابدرێ ،بە واتایەکی دیکە سزای شەرعی کردارێکی مەزهەبییە وحکوومەت ناتوانێ لەو سزایە کەم وزیاد بکا. ئەوە لە لایەک ولە لایەکی دیکەوە شێوەی دیاریکردنی ئەوکەسەش واتە رێبەر ئەوەندەی دیکە رەهایی لە دەسەڵاتی پێ دەبەخشێ ولەسەرەوەی قانوونی جێگیر دەکا. بەپێی ئەسڵی (١٠٧) لە قانوونی ئەساسیدا رێبەر دەبێ لە لایەن مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری دیاری بکرێ .مەجلیسی خوبرەگانی رێبەریش بە پێی قانوون پێوێستە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردرێن .لێرەدا ناچینە سەر ئەوبابەتە کە دەبێ ئەوکەسانە چ تایبەتمەندییەکیان هەبێ بەڵکو دەچینە سەر شێوەی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا. بەپێی ئەسڵی ( ٩٩)لە قانوونی ئەساسیی ئێران، چاوەدێری “استصوابی”بە سەر هەڵبژاردنەکاندا لە ئەستۆی شوورای نیگەهبانە و بەپێی “تبصرە”ی ٣ لە قانوونی هەلبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان هەڵسەنگاندن وتەئیدی بەربژێرەکان لە ئەستۆی شوورای نیگەهبانە ولە ئەسڵی (٩١) لە قانوونی ئەساسیدا هاتووە کە دیاریکردنی “فقهای” شوورای نیگەهبان لە لایەن رێبەرییەوە دەکرێ ولە راستیدا لە و یاریە بە قانوونی کراوەدا، رێبەر لە لایەن کەسانێکەوە هەڵدەبژێردرێن کە خۆیان هەڵبژێردراوی رێبەرن .
لە لایکی دیکەوە ئەسڵی (٦) لە قانوونی ئەساسی باس لە دەنگی گشتی خەڵک دەکا ودەڵێ بۆ ئیدارەی وڵات دەبێ پشت بە دەنگی گشتی خەڵک ببەسترێ کە دەبینین ئەوە بە تەواوی لەگەڵ ئەسڵی (٥) لە ناتەبایی دایە چونکە هەر وەک باسمان کرد کەسێک بە عینوانی رێبەر لە کۆماری ئیسلامیدا ئیدارەی وڵات وئوممەتی ئیسلامیی لە ئەستۆیە وهێچ مەجالێکی بۆ دەنگی خەڵک و بەشداری لە دەسەڵات وبەرێوە بەری وڵات دانەهێشتوەتەوە .
یەکێکی دیکە لە ناتەبایییەکانی قانوونی ئەساسی چاوەدێری شوورای نیگەهبان بەسەر پەسند کراوەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامییە. بە پێی ئەسڵی( ٩٤) هەموو پەسندکراوەکانی مەجلیس دەبێ بنێردەرێتە شوورای نیگەهبان وهەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ کە ئایا لە گەڵ رێوشوینی ئیسلام ومەزهەبی رەسمی وڵات دژایەتی نییە ؟ ولە ئەسڵی (٩٣) لە قانوونی ئەساسیدا هاتووە کە، مەجلیسی شوورای ئیسلامی بێبوونی شوورای نیگەهبان ئیعتباری قانوونی نییە. لەو ئەسڵانەدا ئەوەی بەرچاو دەکەوێ ئەوەیە کە، لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا خەڵکودەنگی خەڵک هیچ ئیعتبار وبایەخێکی نییە وتەنیا باس کردنی لە ئەسڵی (٦) دا شتێکی رواڵەتی یە و بۆ جوان کردنی روخساری قانوونی ئەساسیی ئێرانە ،چونکە هەر وەک باسکرا دەزگای قانووندانان کە بە رواڵەت لە لایەن خەڵکەوە ئەندامەکانی هەڵبژێردراون لە رێگای شوورای نیگەهبانەوە کە هەڵبژێردراوی خەڵک نییە بە تەواوی لە ژێر چاوەدێری وکونترۆڵ دایە . لە پێوەندی دەزگای بەرێوەبەریش (دوڵەت)دا هەر بەو شێوەیە، چونکە بەربژێرەکانی سەرکۆماری دەبێ لە فیلتێری شوورای نیگەهبان تێپەر بن ،ئەوکات خەڵک ئیزنیان هەیە بۆ هەڵبژاردن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان وکاتێکیش کەسێک بۆ پۆستی سەرکۆماری دوای تێپەربوونی هەموو ئەو لەمپەرانە بوو بە سەرکۆمار، لە گەڵ دەسەڵاتەکانی رێبەر بەرەوڕوو دەبێ، بە تایبەت ئەوە کە رێبەر بە پێی ئەسلی(١١٠) ئیختیاری هەیە سەرکۆمار لە دەسەڵات لادا ودایبنێ وئیستیعفای لێ قەبووڵ بکا .لەحالێکدا سەرکۆمار بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە دەبوایە لە بەرامبەر مەجلیسدا کە ئەویش بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون بەرپرسیار بێ نەک لە بەرابەر کەسێک دا کە خەڵک بچووکترین کاریگەرییان نییە لە دیاری کردنیدا .
لە ئاکام دا بۆمان دەردەکەوێ ساختاری کۆماری ئیسلامی بە پێی قانوونی ئەساسی وا داڕێژراوە کە خۆی سەرچاوەی هەموو کێشەکان بێ. چونکە لە ئەساسدا رێبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆیان ناتوانن بیر وباوەرو قانوونەکانیان لەگەڵ نیازو پێداویستی خەڵک وسەردەمی ئیستا بگونجێنن. ئەوان هەر لە سەرەتاوە لە رێگای دین ومەزهەبەوە بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆیان هەوڵیان داوە کۆمەڵگایەکی داخراوو گوێرایەڵ لە خەڵکی ئێران بە دوور لە ویست وداخوازی سەردەم دروست بکەن .
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩