کەمتر لە سێ مانگی دیکە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شووڕاکانی شار و گوندەکان و هەروەها هەڵبژاردنی دەورەی دووهەمی مەجلیسی ئێستا لەو شارانەی بەهەر هۆیەک نوێنەرەکانیان لە مەجلیسدا نین دەسپێدەکات. ئەو هەڵبژاردنانە گۆڕەپانی ململانێی دوو باڵی سەرەکی رێژیمن و هەریەکەو گرینگی تایبەتیان هەیە بۆ هەدوو لایەنی دەسەڵات. هەربۆیەشە هەردوولایەن، بەتایبەت باڵی میانەڕەو و رێفۆرمیستەکان زۆر بەهەستیارییەوە باسیدەکەن. پرسی سەرەکی کە هەرلە ئێستاوە لە قسەکانی رووحانی و باڵی دەوڵەت و رێفۆرمیستەکان ورووژێندراوە، بریتییە لە ئەگەری دەستێوەردانی سپای پاسداران و ناوەندە بەهێزەکانی سەر بە خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکاندا و دووبارە بوونەوەی سێناریۆکەی ساڵی ٨٨ و بەلارێدابردن و موهەندیسی کردنی هەڵبژاردنەکان.
هەرچەند خامنەیی لەسەرەتای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە هەڵوێستەکانی روون و ئاشکرا بوون و لە دوای بوونی بە رێبەری رێژیمیش هەمیشە لە هەڵوێستەکانیدا بەلای باڵێکی نێو دەسەڵاتدا شکاوەتەوە و لە دەسەڵاتی رەها و سەرەوەری یاسای خۆی وەک”حووکمی حکوومەتی”بە دژی چاکسازیخوازانی حکوومەتی کەڵکی وەرگرتووە. بەو حاڵەش ئەگەر گومانێک لە بێلایەنی خامنەیی لە نێوان کێشەی باڵەکانی رێژیمدا هەتا ئێستاش مابووبێ، ئەوە ئیتر لە دوای هەڵوێستی دژبەرانەی ناوبراو بۆ ئاشتەوایی باڵەکانی ڕێژیم، ئەو گومانە نەماوە و هەموو لایەک، بە رووحانی و خاتەمی و موتەهەری وهەموو رێفۆرمخوازەکانەوە باش دەزانن، خامنەیی ئێستا ئیدی لەراستیدا رێبەری هەموو نیزام نییە، بەڵکوو رێبەری باڵی بەهێز و بەدەسەڵاتی نیزامە کە هەموو هێز و دەسەڵاتە نیزامی و دادوەری و ئابووریی و ئیداریی و … لە پاوانی خۆی و مافیای سپای پاسداراندا، داگرتووە. هەربۆیەشە دەبینین رووحانی و کەسایەتییە ناسراوەکانی رێفۆرمیستەکان، مەترسی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانیان رێنیشتووە و دووپاتی دەکەنەوە کە نابێ ئۆرگانە نیزامییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا کاریگەرییان هەبێ.
لەوبەینەدا چاوپێکەوتنی عەلی موتەهەری و ٥٠ نوێنەری مەجلیس لەگەڵ خاتەمی پاش ٨ ساڵان و قسەکانی لە پێوەندی لەگەڵ رۆڵی مەجلیس، نیشان دەدا ئەوان(رێفۆرمیستەکان) ئامادە نین لەوە زیاتر پێشێل کردنی یاسا، تەنانەت لە خامنەییش قەبووڵ بکەن. ئەوان ئێستا خامنەیی وەک رێخۆشکەرێک بۆ دژبەرەکانیان سەیر دەکەن و دەزانن هەر حوکم و فەرمان وبریارێک کە ناوبراو دەیدا، بەقازانجی خۆی و باڵی زاڵ بەسەر جوومگەکانی دەسەڵاتی راستەقینەی کۆماری ئیسلامییە.
دیداری موتەهەری و بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیس لەگەڵ خاتەمی، لەکاتێکدا کە ناوبراو چەند ساڵە پەراوێز خراوە و تەنانەت نیو بردن و بڵاوبوونەوەی وێنەکانیشی سزای بەدواوەیە و ئیزنی چوونەدەرەوەی وڵاتیشی پێنادرێ، لەلایەک رق و تووڕەیی باڵی پاوانخوازی لێکەوتەوە و موتەهەری کەوتەبەر هێرش و ناسەزا و لەلایەکی دیکەش ئەو پەیامەی بەگوێی خامەنەیی راگەیاند کە ئەگەر مەجلیس لە رابردوودا ئەرکەکانی خۆی باش بەڕێوە نەبردووە!، ئیستا دۆخەکە گۆڕاوە و کەس لە سەرووی یاساوە نییە. ئەوان پێبەندن بە بەرێوەبردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، تەنانەت ئەگەر پێشێل کردنەکە لەلایەن بەرزترین کاربەدەستەکانیشەوە بێ. جگەلەوەش باڵی چاکسازیخوازان لەو چاوپێکەوتنەدا مەبەستیان بوو بەکردەوە پەراوێز خستنی خاتەمی لەلایەن خامنەیییەوە پاش هشت ساڵان پێشێل بکەن و ئەوە بڵێن کە خاتەمی مۆرەیەکی سووتاو نییە و لە پێگەی ناوبراو لە نێو خەڵک و بەدەنەی رێژیمدا بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کەڵک وەربگرن و هەروەها بەشێوەیەکی نەزۆر درێژخایەن و لە پرۆسەیەکی زەمەنی دیاریکراودا، خاتەمی بۆ پڕ کردنەوەی شوێنی رەفسەنجانی کە لەو ساڵانەی کۆتایی ژیانی وەک باوکی مەعنەویی میانەڕەو و رێفۆرمیستەکان ناسرابوو، بناسێنن.
رەنگە زێدەڕۆیی نەبێ ئەگەر بڵێین کۆماری ئیسلامی، پاش تێپەڕینی ٣٨ ساڵ لە دەسەڵاتە دژیگەلییەکەی، ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک جێگە و پێگەی لەرزۆکە و رێبەران و دەمڕاستەکانی زیاتر لە پێشوو هەست بە مەترسیی تێکچوون و نەمانی دەسەڵاتەکەیان دەکەن. بێگومان باڵی رێفۆرمیستەکان زیاتر ئەو مەترسییەیان هەست پێکردوە و دەزانن بەردەوام بوون لەرێڕەوی خامنەیی و پشتگوێخستنی قەیرانەکان لە هەموو بوارەکاندا، گەورەترین هەڕەشەن بۆ مان و مەوجوودیەتی کۆماری ئیسلامی و هەرچەشنە راپەڕین و تەقینەوەیەکی جەماوەری، هەرهەموویان، بەهەموو باڵ و بۆچوونێکەوە رادەماڵێ.
هەربۆیەشە هەرکام لە کاربەدەستانی ئێستا و پێشووی ئەو رێژیمە بە شێوە و ئەدەبیات و زمانی تایبەت بە رەوتەکەیان ئەو ترسەی خۆیان دەردەبڕن. تەنانەت مۆرەکانی سەربە باڵی زاڵ بەسەردەسەڵاتیش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و نەیانشاردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا خەریکە وەک گەندەڵەدارێک هەڵۆڵ دەبێ و هەرەس دێنێ. هەرلەو پێوەندییەدا موحسینی رەزایی، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە تازەترین لێدوانیدا کە بە روونی ترس و دڵەڕاوکێی پێوەدیارە، کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی سەفەوی و قاجارەکان وەک یەک دەشوپهێنێ و دەڵێ “رەنگە دەسەڵاتێک لە دەرەوە بەهێز دیار بێ، بەڵام لە نێوخۆ لەحاڵی داڕزان و داڕماندا بێ”. تەنیا ئەو کۆنەپاسدارە نییە کە نیگەرانی خۆی لە داهاتووی رێژیم دەربڕیوە، بەڵکوو لەو ماوەیەدا زۆر لە کەسایەتییەکانی بێلایەن، یان نیزیک لە هەردوو باڵی رێژیم، هەریەکە و بەشێوەیەک مەترسی خۆیان لەو دۆخە دەربریوە و بەراشکاوی گوتوویانە ئەو وەزعە بەو شێوەیە زۆر ناخاێنێ و کۆماری ئیسلامیی لەمەترسیی جیدی دایە.
بەڵام لەبەرانبەردا خامنەیی و مافیای سپای پاسداران و زۆربەی هەرەزۆری دەمڕاستەکانی باڵی زاڵ بەسەردەسەڵاتدا نەک هەر وایان نیشانداوە کە هەست بەو مەترسییە ناکەن، بەلکوو خۆیان و نیزامەگەندەڵەکەیان لەوپەڕی هێزو توانادا دەبینن. دیارە ئەگەر هەست بە مەترسییەکیش بکەن، ئەوە وەک هەمیشە، دەڵێن، مەترسی لەسەر کۆماری ئیسلامی دەرەکییە و لە سەرەوەی هەمووشیانەوە ئامریکایە کە هەوڵ دەدا نیزامی کۆماری ئیسلامی برووخێنێ، دەنا لەنێوخۆدا نیزام لەوپەڕی هێز دایە! ئەگەر باس لە قەیران و ئاستەنگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەکەن کە تەنگی بە کۆمەڵانی هەژار و بێدەرەتانی خەڵکی ئێران هەڵچنیوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی رابردووی ئەو قەیران و تەنگەژانە و دەوری سیاسەتە ئابووریی و سیاسییەکانی خۆیان و دەسەڵاتی دوو دەورە دەوڵەتە باوەرپێکراوەکەیان،(دەوڵەتی ئەحمەدینەژاد) تاوانەکەی دەخەنە ئەستۆی رووحانی و دەوڵەتەکەی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا. هەرچەند رووحانیش وادەوبەڵێنەکانی لە خزمەتکردنی خەڵک بەجێنەگەیانووە، بەلام لەو چوارساڵەدا هەر هیچ نەبێ رێکەوتنی ناوەکیی “بەرجام”مۆر کراو بەشێک لە سەرمایە بلۆککراوەکان لەدەرەوە، رادەستی رێژیم کرانەوە و بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان کە کۆماری ئیسلامی و ئابووری ئێرانی، ئیفلیج و داماو کردبوو وەلانران. هەر لەو پێوەندییەدا جێی وەبیر هێنانەوەیە کە لە دوو دەورەی سەرۆک کۆماری ئەحمەدینەژاد، تەنیا لە بواری داهاتی نەوتدا کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٧٠٠ میلیارد دوڵار داهاتی هەبووە کە کەس نازانێ چیلێکراوە.
بەلەبەرچاوگرتنی راستییەکان، دەردەکەوێ کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خویدا لەگەڵ سێ قەیرانی سەرەکیی و چارەنووسساز بەرەوڕوویە.
یەکەمیان قەیرانی دەسەڵات و سیاسەت و خەتە گشتییەکان و چۆنیەتی پاراستنی کۆماری ئیسلامی و تەعامول کردن لەگەڵ دۆستان و نەیارانی ئەو رێژیمە لە نێوخۆ و دەرەوەیە. بە واتایەکی دیکە دوو روانین و بۆچوونی جیاواز و دژبەر بۆ مەبەستێک کە لە کۆتاییدا هەدوو لایەن لەسەری کۆکن؛ ئەویش پاراستنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لەلایەک رێفۆرمیست و میانەڕەوەکان لەگەڵ پاوان کردنی دەسەڵات لەلایەن خامنەیی و سپای پاسداران و سیاسەتی بەرتەسک کردنەوەی ئاڵقەی”خود”یەکاندا نین، هەرچەند تا ئێستا زاتیان نەکردوە باسی لێوەبکەن بەڵام لەگەڵ “موتڵەق” بوونی ویلایەتی فەقیهیشدا نین. وشەیەک کە لەدوای نەمانی خومەینی و بۆ پتەو کردنی ویلایەت و شوێن پێی خامنەیی بەو ئەسڵە کۆنەپەرستانەیە زیاد کرا. رێفۆرمیستەکان دەیانەوێ بەلەبەرچاوگرتنی سەنگ و ئیعتباریان لەدەسەڵاتدا بەشدار بن؛ لەهەڵبژاردنەکاندا شووڕای نیگەهبان کە بە نیهادێکی داپڵۆسێنەری رێبەری دەزانن شیاویی کاندیدا و بەربژێرەکانیان رەت نەکاتەوە و نەبێتە ئامرازێک بۆ لەمەیدان بەدەرکردنی ئەوان؛ بنکەو بونیاتە زۆر و زەبەلاحەکانی سەربە خامنەیی وەک مافیای سپای پاسداران کە چنگی بەسەر بەشێکی گەورەی ئابووری وڵاتدا گرتووە و کەس نازانێ چ سەرمایە و داهاتێکی هەیە، بەرتەسک بکرێتەوە و لە بەرانبەر دەوڵەتدا وڵامدەربن؛ سپا و بەسیج لق و پۆپەکانی دەست لەکاروباری ئەمنییەتی وەرنەدەن و نەبنە وەزارەتێکی هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات؛ دەزگای دادپەروەری بەشێوەی “جیناحی” هەڵسووکەوت نەکات؛ ئەوان باش دەزانن گەندەڵی ئابووریی وبەرتیلخۆری و دزی بە سەدان هەزار میلیارد تمەنی و سپی کردنەوەی پووڵ لە ئاستی بەرزی دەسەڵاتدایە و لە کۆماری ئیسلامیدا کەسایەتییە ناسراوەکان تێوەیگلاون و وەک هەڕەشەیەکی جیدی بۆ مان و مەوجوودیەتی رێژیمەکەیانی دەزانن؛ هەر بۆیەش خوازیاری بەرتەسک کردنەوەی ئەو دیاردەیەن. جیاوازی دید و بۆچوونی ئەو لایەنە لەگەڵ خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەردەسەڵاتدا بەوانە کورت ناکرێتەوە و لەهەموو بوارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و لەهەموو ئاستەکاندا دەبیندرێ. بەگشتی باش تێگەیشتوون پاوان کردنی دەسەڵات لەلایەن خامنەیی و باڵەکەی نەک هەر ناتوانێ قەیرانی نێو دەسەڵات چارەسەر بکات، بەڵکوو درێژەکێشانی ئەو دۆخە، دەسەڵات بەرەو نەمان دەبات، بەتایبەت کە ئەگەر ئێستا سپای پاسداران بە رواڵەت ملکەچی فەرمانەکانی خامنەییە، لەپاش مردنی ناوبراو، ئەو مافیایە بەهێزو زەبەلاحە، رەنگە بەتەواوی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ و وڵامی هیچ یاسا و بڕیار و بەرپرسێک لەئاستی سەرەوەتری خۆی نەداتەوە.
دووهەم قەیرانی سەرەکی کە کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆدا لەگەڵی بەرەوڕوویە، قەیرانی داماوی لە چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و…کانی کۆمەڵگای ئێستای ئێرانە. کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانییەوە کارنامەیەکی رەشی لە سەرکوتی گەلانی ئێران و ماف و ئازادییە سیاسییەکان و هەروەها بەرتەسک کردنەوەی ئازادییە کۆمەڵایەتی گشتی و تاکەکەسییەکاندا تۆمار کردوە. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگایەکی داخراوە لە لەودا کەس بۆی نیە رەخنە لە دەسەڵات، بەتایبەت لە خامنەیی و باڵی دەسڕۆیشتووی نێو دەسەڵات بگرێ و هەرچەشنە رەخنە و بۆچوونێکی دژ و تەنانەت موخالیفی خۆیان لەژێر ناوی دژایەتی لەگەل نیزام و رێبەریی سەرکوت دەکەن و چالاکانی بواری مەدەنی و سیاسیی و داکۆکیکار لە مافی مروڤ لە بەندیخانەکان دەکرێن. تەنانەت زۆر لەو کەسانەی کە پلەو پایەی بەرزیان لەو رێژیمەدا هەبوە لە زیندانەکاندان، یان وەک مووسەویی و رەهنەوەرد و کەڕووبی لە ماڵەوە لە دەسبەسەریدان.
لە بواری ئابوورییەوە، دۆخی کرێکاران و کارمەندان و چین و توێژە هەژارەکان لەڕادەبەدەر خراپە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەوپەری هەژاریدایە. دیارەی کارتۆن خەوەکان و گۆڕخەوەکان لە شارە گەورەکان بوەتە دیاردەیەکی ئاسایی و رێژەی هەژاری هەتا دێ بەرەو بەرز بوونەوە دەچێ. هەرئەوەندە کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە ژێر خەتی هەژاریدان، نیشاندەری دۆخی نالەباری ئابووریی و کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە. بەوتەی عەلی رەبیعی وزیر کار و ریفاهی کۆمەڵایەتی رێژیم “لەسەدا نەوەدی سەرچاوەکان لە دەستی لەسەدا دەی حەشیمەتی ئێران دایە”! لە ئێرانی ئێستا دا ئەگەر بنەماڵەیەکی مامناوەندی داهاتی مانگانەیان کەمتر لە یەک میلیون تمەن بێ، ئەوە لە هەژاری”موتلەق”دادەژین. بەپێی ئاماری لێژنەی کارگرووپی مەجلیسی رێژیم بۆ دابین کردنی “سەبەدی مەعیشەتی” بنەماڵەیەکی چوار کەسی دەبێ دوو میلیۆنو ٤٨٩ هەزار تمەن داهاتی مانگانەی هەبێ، ئەگینا لەژێر خەتی هەژاریدایە. هەژاری و کۆڵەواری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەحالێک دایە کە رێژیم لە گەندەڵی و بەرتیلخۆری و دزی و بەفیڕۆدانی داهاتەکانی ولاتدا نوقم بووە و رۆژ نییە هەواڵی ئاشکرا بوونی دزی دەیان هەزار میلیاردی لە راگەیێنە گشتییەکاندا بڵاو نەکرێتەوە. هەرلەو پێوەندییەدا رۆژنامەی “ئێران” بە پشتبەستن بە بوودجەی ساڵی ٩٦کە مەجلیس پەسندی کردوە دەڵێ دەوڵەتی ئەحمەدینەژاد لە فرۆشی نەوت ٦٧ هەزار میلیارد تمەنی “تخلف” کردوە.
لە باری کۆمەڵایەتییەوەش رێژیم نەیتوانیوە زۆر لە کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتییەکان وەک دیاردەی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانی پڕداهات لە پێوەندییەدا، سەرەرای لەسێدارەدانی بەربڵاوی ئەو کەسانەی سات و سەودای پێدەکەن، کەم بکاتەوە. هەروەها دیاردەی لەش فرۆشی، تەڵاق و هەڵوەشانەوەی بنەماڵەکان، فرۆشتنی ئەندامانی لەش و بازرگانی بە کۆرپە تازە لەدایک بووەکان… و دەیان دیاردەی دزێوی کۆمەڵاتی دیکە، بەشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە لە ژێر سایەی نیزامی رەشی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
سێهەم قەیران کە بەرۆکی کۆماری ئیسلامی گرتووە و خەریکە زیاتر لە هەمیشە لە کۆمەڵگای جیهانیدا تەریکی دەخاتەوە، قەیرانی سیاسەتی دەرەوەی رێژیم و دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. جگەلەوەش پەرەپێدان بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بوەتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ناوچە و ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی. هەربۆیەش لەدوای تاقی کردنەوەی مووشەکێک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، دەوڵەتی نوێی ئەمریکا، هەڵوێستی تووندی نواند و گەمارۆی خستە سەر ٢٥ کۆمپانی و کەسی پێوەندیدار لەگەڵ سپای پاسداران.
بێگومان کۆماری ئیسلامی وەک چۆن لە نێو دەسەڵات و لە شێوەی بەرێوە بردنی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکاندا تووشی پارادۆکس و دوو رەهەندی بووە، لە سیاسەتی دەرەوەشدا هەر بەو شێوەیەیە و لە دوو روانینی جیاواز هەڵسوکەوت لەگەڵ دونیای دەرەوە و لەگەڵ قەیرانە ناوچەییەکاندا دەکات. بەڵام ئەوەی هێڵە گشتییەکان دیاری دەکا و سیاسەتی راستەقینەی کۆماری ئیسلامییە، روانگەی خامنەیی و سپای پاسداران و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتە. سیاسەتیک کە لە سەر بەستێنی ئاژاوە نانەوە و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و یارمەتیدانی دەستەو تاقمە تێرۆریستییەکان دامەزراوە و بەڕێوەدەچی. بەوحاڵەش کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچە لە ئاست کردەوەکانی بێدەنگ نامێنن و بەرەنگاری هەرچەشنە هەڕەشەیەکی ئەو رێژیمە دەبنەوە، هەر بۆیەشە دەبینین بۆ وێنە، تاقی کردنەوە مووشەکییەکەی ١٠ بەفرانباری رابردووی بە نەهێنی ئەنجام دا و پاش لەقاو درانی لەلایەن ئەمریکاوە، سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە. هەروەها لەو ماوەی ئەو دوو مانگەدا کە پاپۆڕە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەکەنداودا هاتووچۆ دەکەن، بەلەمە تیژرەوەکانی سوپا وەک پێشوو لە نیزیکیان تەراتێن ناکەن و ناوێرن تخوونیان بن. خامنەیی و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەزانن هەر جموجۆڵێکی لەمچەشنە دەتوانێ کارەساتی گەورەی بۆ رێژیم لێبکەوێتەوە.
بەلەبەرچاو گرتنی ئەو راستییانەی باسیان لێوەکرا، بەدڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بەوشێوەیەی هەتا ئێستا هێناویەتی، درێژە بە بوونی خۆی بدات، چونکە نە لە نێو دەسەڵاتدا یەکگرتوو و یەکدەستە و بەدوور لە قەیرانە؛ نە توانای چارەسەری کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگای ئێرانی لە هەموو بوارەکاندا هەیە و نە لە کۆمەڵگای جیهانی و لە ناوچەی رۆژهەلاتی نێوەڕاستدا وەک حکوومەتێکی بەرپرس و جێی متمانە سەیر دەکرێ. ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ بەهەر لایەکدا بشکێتەوە؛ خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەردەسەلات دەستێوەردان لە ئاکامی هەڵبژاردنەکاندا بکەن یان ملکەچی دەنگدەران بن؛ هیچ لەو راستییە کەم ناکاتەوە کە” نەکۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەیانهەوێ وەک رابردوو بژین و نە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواویەتی خۆیدا دەتوانێ لە نێو خۆو دەرەوە سیاسەتەکانی برەوپێ بدا!
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩