لە بەرەبەری ساڵرۆژی سەرکەوتنی! شۆڕشی گەلانی ئێرانو دامەزرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، سەید محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران و رێبەری بەرەی رێفۆرمخواز، لە پەیامێکی کورتدا باسی لە راگەیاندنی «ئاشتی میللی» لە وڵات کردو وتی: «بۆ ئەوەی پێشگیری لە شەڕ بکرێ، پێویستیمان بە ئاشتی میللی هەیە». ئەم پەیامەی ناوبراو کۆمەڵێک هەڵوێست و بیڕوڕای جیاواز و دژبەیەکی لێ کەوتەوە کە گرینگترینیان، هەڵوێستی توندی رێبەری نیزام، عەلی خامنەیی بوو. ناوبرا لەم پێوەندییەدا رایگەیاند کە؛ «ئاشتی میللی هیچ واتایەکی نیە»!. عەلی خامنەیی رۆژی ٢٧ی رێبەندان لە کۆبوونەوەیەکیدا لە گەڵ بەشێک لە خەڵکی پارێزگای تەورێز لە جوابی خاتەمیدا وتی: «بۆ مەگەر خەڵک پێکەوە نەبانن کە پێویستییان بە ئاشتبوونەوە بێت؟!» پاشان وێڕای ئاماژەدان بە ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٨٨ لە ئاکامی کودەتا لە دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا، خامنەیی وتی؛ «هەڵبەت خەڵک لەو کەسانەی کە ئەو بارودۆخەیان پێک هێنا- کە مەبەستی لە کەسانی وەک خاتەمی، مووسەوی، کەڕووبی و زەهرا رەهنەوەردو… بوو- توڕەن و لە گەڵیشیان ئاشت نابنەوە»!!.
هەڵوێستەکان بەرانبەر بە ئاشتەوایییەکەی خاتەمی لە نێو تەیف و لایەنەکانی نێو دەسەڵات لە ئێراندا گەلێک جیاواز و هێندێکیان دژ بە یەکن. تەنانەت رێفۆرمخوازەکانیش خوێندنەوەو هەڵوێستی هاوبەشیان لەم پێوەندییەدا نیە. لە گەڵ ئەوەکە بەشێک لە رێفۆرمخوازان پێیان وایە خاتەمی بە پێی دەرکێک کە لە داهاتووی پڕمەترسیی ئێران هەیەتی، دەیهەوێ لە رێگای «ئاشتی میللی»یەوە پێش لە تووشبوونی ئێران بە شەڕێکی نەخوازروا بگرێ و، لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی نوێی ئامریکا دەکەن. بەڵام کەم نین ئەو کەسانەی کە هەر لە بەرەی رێفۆرمخوازدان و پێیان وایە، خاتەمی بە لەژێر پێنانی بەشێک لە پرنسیپەکانی رێفۆرمخوازی و پاشەکشە لە ئیدیعاکانی بەرانبەر بە باڵی بناژۆخوازو، بەتایبەت «رێبەری» نەرمکێشی دەکات و پێیان وایە ئەمە نەتەنیا بە قازانجی رێفۆرمخوازان نیە، بەڵکوو متمانەیان لە نێو بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانیان لاواز دەکات.
بە وردبوونەوە لە «مەبەست»ی راگەیاندراوی خاتەمی لە هێنانە بەرباسی «ئاشتەوایی میللی» و، ئەو «کات»ەی کە ناوبراو ئەم پەیامی تێدا رادەگەیەنێ، لە یەکەم سەرنجدا دەردەکەوێ کە ئاشتەوایەکەی خاتەمی «میللی» نیە. «میللی» بە مانا گشتگیرەکەی کە تەعبیر لە تەواوی خەڵکی وڵات بکات و بیهەوێ ئاشتبوونەوەیەک لە نێوان خەڵک و سیستەمی دەسەڵاتداریدا چێ بکات. بەڵکوو مەبەستی ناوبراو ئاشتبوونەوەی جەناحەکان و تەیفە جۆراوجۆرەکانی نێو بازنەی حاکمییەتە. خودی وڵامەکەی عەلی خامنەییش هەر راست ئەوە دەگەیەنێ. خامنەیی لە گەڵ ئەوەیکە راشکاوانە رادەگەیەنێ کە هیچ باوەڕی بە ئەسڵێک بە ناوی «ئاشتی میللی» نیە و بە «بێمانا»ی وەسف دەکات، بەڵام بە درووستی وڵامی مەبەستەکەی خاتەمی کە هەمان ئاشتبوونەوەی جەناحەکانە دەداتەوەو بێمنەتانە بەوان دەڵێ: خەڵک! لە گەڵتان ئاشت نابێتەوە و بەمجۆرە دەیەوێ خەڵک لەبەرامبەر ئەواندا رابگرێ و بە پشتیوانی خۆی لە قەڵەمیان بدا.
هەر وەک باسکرا بانگەوازەکەی خاتەمی بۆ ئاشتەوایی، بە هیچ شێوەیەک لە خانەی پرسی «میللی»دا جێ ناگرێ و هەر وەک بەشێک لە خودی رێفۆرمخوازانیش باس دەکەن؛ خاتەمی لەم هەلومەرجە گرینگەدا بۆ رێفۆرمخوازان کە هەڵبژاردنی خولی نوێی سەرکۆمارییان لە پێشە، تووشی هەڵەیەکی گەورە بوو و نەیتوانی لە کارتی «ئاشتی میللی» وەک پێویست کەڵک وەربگرێ.
راگەیاندنی «ئاشتی میللی»، لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە؛ ئاشتبوونەوەی کۆی سیستەمی بەڕێوەبەری، یاسایی و دادوەریی دەسەڵات لە گەڵ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی وڵات. لەم پرۆسەیەدا سەرەتا دەوڵەت و حاکمییەت بە راگەیاندنی لێبووردنی گشتی، دەزگاکانی بەڕێوەبەری، یاسایی و دادوەری ئەرکدار دەکات کە پێداچوونەوە بە تەواوی ئەو بڕیارو حوکم و سیاسەتانەدا بکەن کە خەڵکی وڵاتیان بە نیسبەت دەوڵەت و حاکمیەتەوە تووشی بێ متمانەیی کردوە. بە واتایەکی روونتر یەکەم هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتەوایی میللی، لە گەڕانەوەی متمانەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی وڵات و، دانی وادەو بەڵێنی بەرپرسانەو دەروەستانەی کۆی سیستم بە خەڵکەوە دەست پێ دەکات. دووهەم هەنگاو لە جیبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی نەتەوەییدا، ئامادەکاریی دام و دەزگا پێوەندیدارە یاسایییەکانی دەوڵەت و خۆئامادەکردنی هێزو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی وڵاتە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک بە مەبەستی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بە شێوەیەک کە هەموو لایەک بتوانن ئازادانە خۆ دەربخەن و چالاکییەکانیان بە رەسمی ناسرابێ. کە بەداخەوە لە ئێستای وڵاتی ئێراندا ئەمە تەنیا دەتوانێ ئارەزوویەک بێ.
کە بگەڕێینەوە سەر ئاشتەوایییەکەی خاتەمی، دەکرێ دەرک کردنی ئەو واقعییەتە ئاسان بێ کە بۆ ناوبراویش بە هیچ شێوەیەک نە دەکرێ و نە لە رووی پێگەو مەوقعیەتی تایبەتی خۆیەوە کە دەرکەوتنی بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە، دەتوانێ بانگەشەی وەها ئیدیعایەک بکات. بەڵام ئەوەی لە پێوەندی لە گەڵ جۆری بانگەشەکەی خاتەمیدا دەکرێ قسەی لە سەر بکرێ و بە جۆرێکیش رەخنەی رووبەروو بکرێتەوە، غایببوونی خەڵک و لانیکەم لایەنگرانیەتی لە دەربڕینەکانیدا. بە دیوەکەی دیکەدا دەکرێ بڵێین جۆرێک لە دڵخۆشبوونی ناوبراو بە «سازان» و رێکەوتن لە گەڵ باڵی بناژۆخواز و «رێبەری»دا دەبیندرێ کە، تەنانەت لایەنگرانیشی لەوە دڵنیگەران کردوە کە؛ «خاتەمی لە پاشەکشە دایە». خودی ئەم بەرداشت و تێگەیشتنە لە هەڵوێستەکانی خاتەمی وەک کەسێک کە تا ئێستایش بە رابەری بەرەی رێفۆرم و، پاڵپشتی بەرەی «ئێعتدال» دەناسرێ، دەتوانێ مەوقعیەتی ئەم دوو تەیفە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماریدا لاواز نیشان بدات. لە بەرانبەردا بەرەی بناژۆخواز بە هەموو تەیف و وردە باڵەکاننیەوە کە چاویان لە زاری عەلی خامنەیی بڕیوە، بەم هەڵوێستە توندانەی ناوبراو کە هەر گاڵتەی بە ئاشتەوایی دێت و خۆی لە جێی خەڵک دادەنێ و لە گەڵ کەس ئاشت نابێتەوە، زیاتر لێک کۆدەبنەوەو وێدەچێ یەکگرتووانەتر لە خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری بێنە مەیدان.
لە ژماره ٦٩٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه