لەو ماوەیەدا و لەپاش تاقیکردنەوەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی و کاردانەوەی توند و هەڕەشەئامێزی دۆناڵد ترامپ و کاربەدەستانی پایەبەرزی ئامریکا لەو پێوەندییەدا، محەممەدی خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووتری رێژیم لە لێدوانێکدا داوای ئاشتەوایی نیشتمانیی کرد و گوتی ئێستا باشترین هەلە کە دەتوانین بە یەکگرتووی هەموو هێزە و لایەنەکان قازانج و بەرژەوەندی نیشتمانیی شۆرش و کۆماری ئیسلامی بپارێزین. ئەو پەیام و لێدوانەی خاتەمی کە لە بەرەبەری شەشەمین ساڵڕۆژیی(٢٦ی رێبەندانی ١٣٨٩) “دەسبەسەرکردنی ” مەهدی کەڕووبی و میرحوسەینی مووسەویی و هاوسەرەکەی، زارا رەهنەوەرد، بڵاو کرایەوە، لەگەڵ دژکردەوەی توندی خامنەیی و کەسە ناسراوەکانی باڵی بەهێزی دەسەڵات بەرەوڕوو بووەوە. خامنەیی بەبێ ناوهێنانی خاتەمی، بە تووندی بەگژیدا هاتەوە و هەرچەشنە ئاشتبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەو رەوتە پراوێز خراوە لە دەسەڵاتدا کە لەلایەن ئەوانەوە بە “فیتنە” نێودێر کراوە، رەت کردەوە.
لەسەرەتای هاتنەسەرکاری ئەو رژیمەوە تا ئێستا، رەوتی کەڵەکە بوونی هێز و دەسەڵات لەلایەن باڵێک لە کۆماری ئیسلامیدا کە بە باڵی توندئاژۆ و پاوانخوازی ئەو رژیمە ناسراوە دەستی پێکردووە و بەرەبەرە دەسەڵات و هێز و جومگە ئابوورییەکان لەلایەن ئەو باڵەوە پاوان کراوە. لەو ماوەیەدا بەهەزاران کەس لە کاربەدەستانی ورد و درشتی ئەو رژیمە بەهوی دەربڕینی بۆچوونی جیاواز لە دید و روانگەی رێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، خومەینی و دواتر و هەنووکە، خامنەیی و “کاست” و مافیای بەهێزی دەسەڵاتی راستەقینە( سپای پاسداران و بونیاتە ئابوورییە زەبەلاحەکانی و ئیمام جوومعەکان و…) بە شێوەی ئاشکراو نەهێنی، کوژراون، لە گرتووخانەکاندا تەمەنیان بەسەرچووە، لەسەرکار لادراون، و لە ماڵەکانیان بەند کراون و بە گشتی ئەگەر زۆر توندیان لێنەگرتبن و بە پێی جێگە و پێگەی پێشوویان لە دەسەڵاتدا “رەعایەت” کرابن، وەک خاتەمی پەڕاوێز خراون.
پەیامی خاتەمی لە ژێر نێوی ئاشتەوایی نیشتمانیی، لەراستیدا پەیامێک بوو بۆ ئاشتبوونەوەی باڵەکانی رژیم و گەڕانەوەی خۆی و رێفۆرمیستەکانی دەورووبەری و ئەو کەسانەیە کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ساڵی ٨٨ لە زیندان کران و دواتر لە پەرواێز خران. ئەگەینا هەم خاتەمی کە لە دەقی پەیامەکەیدا باس لە پاراستنی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەکا و هەم خامنەیی، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتە سەرکوتکەر و دژی گەلییەکانی خۆیان و ئەو بەڵایەی لە ماوەی ٣٨ ساڵی رابردوودا بەسەر وڵات و کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیان لە هەموو بوارەکاندا هێناوە، باش دەزانن، ئەو رژیمە لە تەواویەتی خویدا و بە هەموو باڵەکانییەوە هیچ جێگە و پێگە و ئیعتبار و رەواییەکی نەماوە. ئەوش باش دەزانن ئەوەی کۆماری ئیسلامیی لەسەر پێ راگرتوە و نەیهێشتوە هەتا ئێستا برووخێ؛ لەلایەک سیاسەتی کوشت و بڕ و سەرکوت و زەبرو زەنگە کە تەنانەت سنوورەکانی گەیشتۆتە “خود”ییەکانی دوێینش و ئەوانیش ناپارێزێ؛ لەلایەکی دیکەش ئامادە نەبوونی بەشیک مەرجەکانی تەقینەوە و راپەڕینی کۆمەلانی خەڵکی ئێران و نەبوونی ئالتێرناتیڤ و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە کە بتوانێ شەپۆلی نارەزایەتییەکان لە بەستێنێکی کاریگەر و هەدەفمەند ودیاریکراودا کۆ بکاتەوە و بەگژ کۆماری ئیسلامی، وەک رێژیمێکی دژی گەلی و تۆتالیتردا بداتەوە.
دژکردەوەی خامنەیی لە هەمبەر پەیامی بەناو ئاشتەوایی نیشتمانیی خاتەمی و لێدوان وهەڕشە تووندەکانی دەمڕاستەکانی باڵی پاوانخوازی دەسەڵات لەو چەند رۆژەی رابردوودا پیشاندەری ئەو راستییەن کە چیتر خاتەمی لە “بازنەی ئەمنییەتی” دەرەوەی دەسەڵاتدا نەماوە و بەربەستی نێو نەهێنان و بڵاو نەبوونەوەی وێنەکانی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا و…، تەنیا بژاردە و رێگا بۆ دەمکوت کردنی ئەو نییە و بەدوورنازاندرێ مافیای دەسەڵات ئەویش وەک کەرووبی و مووسەوی و هاوسەرەکەی لە ماڵەوە دەسبەسەر بکات؛ بەتایبەت کە لە ئاستی سەرەوەی کەسایەتییە ناسراوەکانی کۆماری ئیسلامی، تەنیا خاتەمی بوو کە لە قسە و لێدوانەکانیدا، ئەگەر زاتی نەکرد راشکاوانە بەرگری لە کەرووبی و مووسەوی بکات، بە ناو”سەرانی فیتنە”ی محکووم نەکردن و هەڵوێستی نەگرت و بێدەنگ مایەوە.
بەڵام لەلایەکی دیکەوە خامنەیی و دەسەڵاتی راستەقینەی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی شەش سال دەسبەسەرکران لە ماڵەوەی کەرووبی و مووسەوی و زارا رەهنەوەرد، هیچکات وەک ئێستا تەنگەتاو نەبوون. لەلایەک کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ دەربڕێنی ڕق و توورەیی و نارەزایەتی خۆیان لە خامنەیی و رژیمە ئازادی خنکێن و دیکتاتۆرییەکەی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپەینی بەربڵاوی ئازادی ئەو دەسبەسەرکراوانەیان وەڕێخستوە کە لە شێوەی خۆی لەو شەش سالەدا بێوێنە بووە، لەلایەکی دیکەش کێشەی نێوخۆیی دەسبەسەرکرانی ئەو سێ کەسە لە ئاستی جیهانیدا نەک هەر لەگەڵ نارەزایەتی ناوەندەکانی داکۆکیکار و پارێزەری مافی مرۆڤ بەرەوروو بووە، بەڵکوو دەوڵەتی تازەی ئەمریکاشی هێناوەتە سەر خەت. لەو پیوەندییەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، وێڕای پشتیوانی لەو کەمپەینە و سەرکۆنە کردنی کردەوەی دەسبەسەرکران لەماڵەوە، داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە رێز لە رێککەوتنە نێونەتەوەییەکان لە پێوەندی لەگەل پاراستنی مافی مرۆڤ بگرێ و بە پێچەوانەی هەموو یاسا و رێساکان و بەبێ دیاریکردنی تاوان و دادگایی کردنی عادیلانە، چالاکوانانی سیاسی رەوانەی بەندیخانەکان نەکات. دیارە وەک هەمیشە کۆماری ئیسلامی بە پاساوی، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئێران ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای مەحکووم کرد.
جگەلەوەش کێشەی کەڕووبی و مووسەوی و هاوسەرەکەی، کە هەروەک ئاماژەی پێدرا، کردەوەیەکی بەدوور لە هەموو یاساکانە و وەک یەکێک لە کردەوە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، دەربڕی نێوەڕۆک و دەرخەری رووی دزێو و ڕاستەقینەی ئەو رژیمەیە، بوەتە بەستێنێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی باجی لەوەی کەهەیە زۆرتری بۆ دەدات و ناتوانێ بەهاسانی لەکۆڵ خۆی بکاتەوە و لە لێکەوتەکانی دەرباز بێ. بەتایبەت کە رژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەل زۆر قەیرانی نێوخۆیی، چ لە ئاستی نێو ئالقەی دەسەڵات و چ لە بەڕێوەبەری وڵاتدا بەرەوڕوویە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ بانگەوازی ئاوشتەوایی خاتەمی و دژکردەوەی خامنەیی و “کاست”ی دەسەڵاتدا شیکردنەوەی ئەو راستییە لەجێدایە کە دوو ڕوانینی لێک جیاواز و تا ڕادەیەک دژبەر، هاوتەریب لەگەڵ یەک بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت لە دوای مەرگی خومەینی و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی”موتڵەق” لە لایەن جێگرەوەکەی، خامنەیییەوە، بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە ئارادابوون و ئێستاش بوونیان هەیە. روانینی بۆچوونی یەکەم کە هەتا ئێستاش لە دەسەڵاتدا زاڵە، مان ومەوجوودییەت و بوونی کۆماری ئیسلامی و بەناو گەشەسەندنی، لە پابەند بوون بە بنەما و روانینە فیکریییەکانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، “بە بێ هیچچەشنە نەرمیی نواندنێک” لە شێوە و ئوسلووبەکانی بەڕێوەبەری کۆمەڵگا و “تەعامول لەگەڵ کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان”دا دەبینێتەوە کە لەسەر بنەمای داسەپاندنی یاساکانی شەریعەت(لەڕوانگەی بۆچوونی شێعەوە) لە نێو خۆ، و لە دەرەوەش پابەندبوون بە ئامانج و سیاسەتە بنەڕەتییەکانی، (ناردنەدەرەوەی شۆڕش، دژایەتی نالۆژیک لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا و یارمەتی دەستەو تاقمە تێرۆریستییەکان…) ئەو بیرو بۆچوونەیە و ئامادەی هەرچەشنە بەرەنگاربوونەوە و دژکردەوەی نێوخۆیی و دەرەکییە، تەنانەت ئەگەر شەڕ و ماڵوێرانی و بێدەرەتانی کۆمەڵانی خەڵکی لێبکەوێتەوە. بۆچوون و ڕوانینی دووهەم کە هەمیشە لە پاشەکشە لەبەرانبەر رکەبەرەکەیدا بووە و هەتا هاتووە لە ئاڵقەی دەسەڵات دوور خراوەتەوە، بۆچوونی کەسایەتییەکانی وەک طالقانی و مونتەزیری و بە چەند پلە خوارتر کەسانی وەک مووسەوی و کەڕووبی و خاتەمی و… بووە کە لەگەڵ پابەند بوون بە بنەما سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە سۆنگەی فیکریی و ئیدئۆلۆژییەوە، بەو شێوەیەی کە بۆخویان باسی لێوەدەکەن “عەقڵانیەت” لە هەڵسووکەوت لەگەڵ رووداوەکانە! ئەوان پاراستنی کۆماری ئیسلامییان لا گرینگە و زۆر باش دەزانن لە هەل و مەرجی ئێستادا و بە لەبەرچاو گرتنی هەموو فاکتەرە نێوخۆییەکان لەهەموو بوارەکانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و … و ئەو ئاڵوگۆڕانەی جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێدا تێدەپەڕێ، کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە بەرەو نەمان و رووخان دەڕوات. هەر بۆیەش بە هەموو شێوەیەک تێدەکۆشن بەر بەو رەوتە(رەوتی هەرەس هێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران) بگرن .
پێویستی قۆناغی ئێستای خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە لەهەموو شێوەکانی خەبات، لەهەموو ئامرازە رەوا و رێگا پێدراوە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان، لەهەموو توانا و پۆتانسێلەکان، بۆ تێکشکاندنی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کەڵکوەرگرین و ئەو راستییە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دووپات کەینەوە کە هەل و مەرجی ئێران و ناوچەی رۆژهەڵات و ئەمنیەت و ئاسایشی جیهان،”تەحەموول”ی رژیمێکی سەرەڕۆی وەک کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵ و لق و پۆپەکانییەوە ناکات و دەبێ، تێبکۆشین بۆ بەرینترکردنەوەی هەرچی زیاتری گۆڕانکاریەکان لە پێناو وەدیهێنانی داهاتوویەک کە ئازادی و سەربەخۆیی و مافی بڕیاردان لە چۆنیەتی ژیان، مافی بێئەملا و ئەولای گەلانی ستەمدیدەی ئێران بێت.
لە ژماره ٦٩٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه