گارێت پۆرتێر (سه‌رچاوه: میدل ئیست ئای)
وه‌رگێڕانی له ئینگلیسییه‌وه : هاژه
یه‌که‌مین لێدوانه ره‌سمییه‌كانی ئیداره‌ی سه‌رۆک دۆنالد ترامپ سه‌باره‌ت به ئێران ئه‌و هه‌سته‌یان بڵاوکردۆته‌وه که وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته که له‌ژێر سه‌رۆکایه‌تیی باراک ئۆبامادا له‌بره‌ودا بوو، له‌مه‌ودوا له‌به‌رامبه‌ر ئێران‌دا هه‌ڵوێستێكی توندی ده‌بێ. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه که سه‌ره‌ڕای وشیارکردنه‌وه ره‌قه‌كانی تاران له‌لایه‌ن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا مایکل فلین و له‌لایه‌ن خودی ترامپه‌وه، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له یه‌که‌مین حهوتووهكانی ئیداره‌ی نوێ‌دا شکڵی گرتووه زۆر نزیکه له‌وه‌ی ئیداره‌ی ئۆباما گرتبوویه به‌ر. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه که سیاسه‌تی ئیداره‌ی ئۆباما سه‌باره‌ت به ئێران له‌ڕاستیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانی نێو تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا بوو و له‌وێشدا به‌هه‌مان شێوه‌ی ئیداره‌ی ترامپ ئه‌وه‌ی په‌سند کرابوو بریتی بوو له هه‌ڵوێستێکی توند و قایم له به‌رامبه‌ر ئێران.
رۆژی ١ی فێوریه فلین رایگه‌یاندبوو که ئیداره‌ی ئۆباما “له‌وه‌دا که وڵامێکی گونجاو به کرده‌وه بهدخوازییهکانی ئێران بداته‌وه شکستی خواردووه” و باسی ئه‌وه‌ی کردبوو که له‌ژێر سایه‌ی ترامپدا شته‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێ. به‌ڵام ئه‌م گوتاره به‌لاڕێدابه‌ر بوو، هه‌م له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئیداره‌ی ئۆباما له‌باره‌ی ئێرانه‌وه و هه‌م له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که بژاره‌کانی به‌رده‌ستی ترامپ له بژاره به‌کارهاتووه‌کانی سه‌رده‌می ئۆباما ئه‌ولاتر بڕۆن.
ئه‌و تێگه‌یشتنه که گۆیا ئۆباما له‌گه‌ڵ ئێران رووخۆش و نه‌رم و نیان ببوو، هیچ له‌گه‌ڵ واقعییه‌تی داکترینی ئیداره‌ی ناوبراو سه‌باره‌ت به ئێرانیه‌ك ناگرێته‌وه. رێککه‌وتنی ناوکیی ئۆباما له‌گه‌ڵ ئێران توندڕه‌وه‌کانی باڵی راستی تووڕه کرد، به‌ڵام خودی ئه‌م دیپڵۆماسییه ناوکییه‌ی ئه‌مریکا له‌سه‌ر ئه‌و نیازه بنیات نرابوو که پێویسته به زۆر شێوازی فشار (هێرشی سایبری، سزای ئابووری، ئه‌گه‌ری هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران) زۆری له ئێران بکرێ که چه‌ندی بکرێ واز له پرۆگرامه ناوکییه‌که‌ی بێنێ. سه‌ره‌ڕای ریتۆریکی ترامپ سه‌باره‌ت به خراپیی رێککه‌وتنه ناوکییه‌که‌ی گه‌ڵ ئێران، ناوبراو هه‌ر ئێستا بڕیاری داوه که نه رێککه‌وتنه‌که بدڕێنێ و نه ته‌نانه‌ت بنکۆڵی ئه‌و رێککه‌وتنه بکا، ئه‌وه‌ش به روونی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی به‌رزی ئیداره‌ی نوێوه هه‌مان ئه‌و رۆژه‌ی مه‌سه‌له‌ی فلین هه‌ڵڵای نایه‌وه، به مێدیاکاران راگه‌یاندرا.ته‌نانه‌ت تیمی ترامپ ئاگادار کراوه که نه ئیسرائیل و نه عه‌ره‌بستانی سعودی ئاره‌زوو ناکه‌ن ئه‌مه روو بدات.
نفووزی به‌دخوازانه
سه‌باره‌ت به بابه‌تی فراوانتری نفووزی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، سیاسه‌تی ئۆباما ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونه‌کانی ئاقاری دائیمیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بووه، و ئه‌و ئاقارهش ده‌یان ساڵه و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ڕا که له ساڵه‌کانی هه‌شتادا سیا و سووپای ئه‌مریکا له گه‌رووی هۆرمووز و له به‌یرووت له‌گه‌ڵ پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و میلیشیا شیعه‌کان ده‌رگیر بوون، ئێران وه‌ک نه‌یارێکی بێئهملاوئهولا چاو لێ ده‌کا.
ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ی ترامپ له به‌رامبه‌ر رۆڵی ناوچه‌یی ئێران باسی کردووه هیچی جیاواز له‌وه‌ی تێدا نیه که ئیداره‌ی ئۆباما چه‌ندین ساڵه باسی ده‌کا. وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا جه‌یمس ماتیس ئاماژه‌ی به “نفووزی به‌دخوازانه”ی ئێران کردبوو و ئێرانی وه‌ک “گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سه‌قامگیری” له ناوچه‌دا ناو بردبوو. به‌ڵام ئۆباما و راوێژکاره‌کانی ناوبراویش بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌رده‌وام باسی “چالاکییه سهقامگیریشێوێنهكان”ی ئێرانیان ده‌کرد.ساڵی ٢٠١٥، ئیداره‌ی ئۆباما ئه‌وه‌نده‌ی کۆمه‌ڵێک رسته و ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک “نفووزی به‌دخوازانه” و “کرده‌وه‌ی به‌دخوازانه” به‌کار برد که ده‌گوترا ئێستا له واشینگتۆن مۆد مۆدی ئه‌و وشانه‌یه.
سه‌رۆکه جیاوازه‌کان، هه‌مان سیاسه‌ت
له سه‌رۆک بیل کلینتۆنه‌وه به‌ملاوه هه‌موو ئیداره‌یه‌کی ئه‌مریکا وه‌ك پره‌نسیپێکی جێکه‌وتووی سیاسه‌تی ئه‌مریکا، ئێرانی وه‌ك گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی سپۆنسه‌ری تێرۆریم له دنیادا ناساندووه. له‌پاش بۆمب دانانهوهکهی ناوه‌ندی بازرگانیی جیهانی له ساڵی ١٩٩٣، بۆ هه‌ر هێرشێکی تێرۆریستی که له جیهاندا به‌ڕێوه چووبێ، ئیداره‌ی کلینتۆن ده‌موده‌ست ئێرانی تاوانبار کردووه. به‌تایبه‌تی پاش ته‌قینه‌وه تێرۆریستییه‌کانی بۆینس ئایرێس له ساڵی ١٩٩٤ و تاوه‌ره‌کانی خوبه‌ر له ساڵی ١٩٩٦ ه‌وه ئاماژه به ئێران وه‌ك ده‌وڵه‌تێکی تێرۆریست گوتاری هه‌میشه‌یی ئه‌مریکا بووه. به‌پێی هێندێك راپۆرت راوێژکارانی ترامپ تاوتوێی ئه‌وه‌یان کردوه که ده‌ستوورێکی سه‌رۆکایه‌تی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه سه‌باره‌ت به ناساندنی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی به رێکخراوێکی تێرۆریستی ده‌ربکرێ.کارێکی له‌م چه‌شنه زۆرتر وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ راکێشانی سه‌رنجی بیروڕای گشتی ده‌چێ تا سیاسه‌تێکی جیددی چونکه وه‌ک راوێژکاری یاسایی تایله‌ر کولیس روونی کردۆته‌وه، سوپای پاسداران لانیکه‌م له چوارچێوه‌ی سێ ده‌سته پرۆگرامی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکادا سزای له‌سه‌ره. جگه له‌وه‌ش، نزیک به ده ساڵه که هێزی قودس، که بریتییه له باسکی سوپای پاسداران له ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وه‌ك “هێزێكی دیاریکراوی تێرۆریستی له ئاستی جیهانیدا” له قه‌ڵه‌م دراوه.وه‌ها ناساندنێک ده‌توانێ ئیزن به ئه‌مریکا بدا که ئه‌و به‌رپرسه عیراقییانهش سزا بدا که هاریکاریی سوپای قودسیان کردوه، له‌حاڵێکدا ئه‌وان به‌دژی گرووپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌یش له شه‌ڕدا بوون.
تیمی ترامپ هه‌روه‌ها باسی نیازی ناوبراو بۆ پشتگیریی زیاتری سیاسه‌تی دژه ئێرانیی عه‌ره‌بستانی سه‌عوودیی کردوه. به‌ڵام ئێستا روون بۆته‌وه که وێ ناچێ ترامپ له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه به‌دژی رێژیمی ئه‌سه‌د هه‌نگاوی زیاتر له‌وه هه‌ڵێنێته‌وه که ئۆباما کردبووی. سه‌باره‌ت به یه‌مه‌نیش به هه‌مان شێوه ئیداره‌ی نوێ له به‌رنامه‌یدا نیه شتێک بکا که ده‌وڵه‌تی ئۆباما نه‌یکردبێ. له وڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که ئایا ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکا پێداچوونه‌وه به شه‌ڕی سه‌عوودی له یه‌مه‌ندا ده‌کا، به‌رپرسێكی پایه‌به‌رز به یه‌ك وشه گوتی “نه‌خێر”. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه که ترامپ سیاسه‌تی ئۆباما بۆ یارمه‌تیدانی که‌مپه‌ینی بۆمبارانی عه‌ره‌بستان له یه‌مه‌ن له‌رێگای پڕکردنه‌وه‌ی هه‌وایی سووته‌مه‌نی و دابین کردنی بۆمبه‌کان و پشتیوانیی سیاسی و دیپڵۆماسی که بۆ ریاز له‌و شه‌ڕه‌دا پێویستن درێژه ده‌دا.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پرۆگرامی مووشه‌کیی ئێران،جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له سیاسه‌تی هه‌ردوو ئیداره‌دا به‌دی ناکرێ. هێندێک پله‌به‌رزی ئیداره‌ی ترامپ تێستی مووشه‌کیی ئێران له کۆتایی ئه‌و مانگه‌یان به “سه‌قامگیری تێکده‌ر” و “دنه‌ده‌رانه” له قه‌ڵه‌م دا. به‌ڵام ئیداره‌ی ئۆباما و هاوپه‌یمانه ئورووپاییهکانیشی زۆر پێشتر له مانگی مارسی ٢٠١٦دا به هه‌مان شێوه تاقیکارییه مووشه‌كییه‌کانی ئێرانیان به هه‌مان وشه‌کان پێناسه کردبوو.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که بڕیارنامه‌ی ٢٠١٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به زمانێکی ئیلزامی نه‌نووسراوه و روون نیه که مووشه‌که‌کانی ئێران هه‌ڵگری چه‌كی ناو‌کی بوون یا نا، ترامپ کۆمه‌ڵێک گه‌مارۆی به‌هۆی پێشێلکردنی ئه‌و بڕیارنامه‌یه به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاندووه. به‌هه‌مان شێوه ئیداره‌ی ئۆباماش پێشتر کۆمه‌ڵێک سزای به‌هۆی پێشیلکردنی ده‌ستوورێكی جێبه‌جێکاریی ئیداره‌ی بووش له ساڵی ٢٠٠٥ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه په‌سند کردبوو.
ئه‌گه‌ری لاوازی به‌کابردنی هێزی سه‌ربازی
ره‌نگه بگوترێ به‌راوردی سیاسه‌تی نوێی ترامپ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی پێشووی ئۆباما سه‌باره‌ت به ئێران ته‌نیا له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ته گشتی و سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌و سیاسه‌تانه‌دا له جێی خۆیدایه و واشینگتۆن خه‌ریکی به‌رنامه‌دانانه بۆ ئه‌وه‌ی فشاری نیزامییش بخاته سه‌ر ئێران و گورزی سه‌ربازیی لێ بوه‌شێنێ. ئه‌وه راسته که ناکرێ ئه‌گه‌ری ئه‌وه که ئیداره‌ی ترامپ ئاقاریی سه‌ربازیی توندتر له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا بگرێته به‌ر، وه‌لا بنێین. به‌ڵام پێشنیاری هه‌ر جۆره سیاسه‌تێک که ببێته هۆی هه‌ڕه‌شه یان به‌كاربردنی هێزی سه‌ربازی ده‌بێ به په‌سندی پێنتاگۆن و فه‌رمانده‌یی هاوبه‌شی هێزه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکاش بگا، شتێک که زۆریش ئاسان وه‌دی نایه. تێچووی هێرشی سه‌ربازیی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران ئه‌مڕۆ زۆر زیاتره چونکه ئێرانیش به چه‌شنێک توانای وڵامدانه‌وه و به‌ئامانجگرتنی بنکه‌کانی ئه‌مریکا له قه‌ته‌ر و به‌حره‌ینی گه‌شه‌پێداوه. دوایین جار که ئه‌مریکا بیری له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئێران کرده‌وه له سه‌رده‌می ئیداره‌ی جۆرج. و. بووش دا بوو. ساڵی ٢٠٠٧، دیک چێنیی جێگری سه‌رۆک پێشنیاری کرد که ئه‌مریکا به‌هۆی تێوه‌گلانی ئێران له شه‌ڕ له دژی هێزه ئه‌مریکاییه‌کان له عیراقدا هێرشی سه‌ربازی بکاته سه‌ر هێندێك بنکه له ئێران. به‌ڵام رۆبێرت م. گه‌یتس وه‌زیریی ئه‌وکاتی به‌رگری به‌پشتیوانیی ستادی فه‌رمانده‌یی هاوبه‌ش له به‌کاربردنی ئه‌و بژاره پاشگه‌ز بۆوه و ئه‌وه‌ش له رێگای پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌وه که چێنی روونی بکاته‌وه که ههنگاوێکی له‌م چه‌شنه چ ره‌وتێکی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی گرژی له ناوچه‌دا به‌دووی خۆیدا دێنێ.ئه‌وه که بۆچی پێشنیاره‌که‌ی چێنی قه‌ناعه‌تی به پێنتاگۆن و ستادی هاوبه‌ش نه‌هێنابوو له‌به‌ر ئه‌وه بوو که هێرشی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران وه‌ک جاران بێ ده‌ره‌نجام نه‌ده‌بوو. ساڵی ٢٠٠٧، هه‌ر جۆره هێرشێک بۆ سه‌ر ئێران ده‌بووه هۆی ئه‌وه که پاپۆڕه نیزامییه‌كانی ئه‌مریکا له که‌نداودا به‌هۆی مووشه‌كه دژه پاپۆڕه‌کانی ئێران زیانی زۆریان پێ بگا.
له کۆتاییدا ده‌بێ بزانین که هێڵه گشتییه‌كانی سیاسه‌تی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به ئێران پێش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می بیری سه‌رۆکی وڵاته یه‌كگرتووه‌کان بێ، هه‌میشه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوون و به‌رژه‌وه‌ندییانه بووه که له چوارچێوه‌ی بنیاتی دائیمیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکادا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه له‌لایه‌ک ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ی کردووه که ئه‌مریکا به‌رده‌وام سیاسه‌تێکی نه‌یارانه‌ی له‌دژی ئێران هه‌بێ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که سیاسه‌تی له‌مه‌ودوای ئه‌مریکاش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ژێر سه‌رۆکایه‌تیی ترامپدا گۆڕانێکی رادیکاڵی به‌سه‌ردا بێ، له‌سه‌ریه‌ک درێژه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی پێشوو ده‌بێ.
لە ژماره ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه