پاشماوەی وتاری «احمد رشیدی مطلق»
بۆ لێکۆڵینه‌وه لە ڕووداوی ١٥ ی جۆزه‌ردان و نه‌خشی پاڵه‌وانانه‌ی ئه‌و[ئا. خومەینی]، سه‌رنج دان بە نێوه‌رۆکی ڕاپۆرتێک و ڕاگه‌یاندراو و وتووێژێک، یارمه‌تیده‌رێکی باش ده‌بێ. چه‌ند حه‌وتوو دوای گێره‌شێوێنی ١٥ ی جۆزه‌ردان، ڕاپۆرتێک له‌لایه‌ن ئۆپێک بڵاوکرایه‌وه که له‌ودا، هاتبوو: «داهاتی ده‌وڵه‌تی ئینگلیس له نه‌وتی ئێران چه‌ند قات پتره له کۆی گشتی داهاته‌کانی ئێران.»
چه‌ند ڕۆژ پێش گێره‌شێوێنییه‌که له تاران ئاشکرا بوو که کێشه خوڵقێنێکی عه‌ره‌ب، به ناوی «محمد توفیق القیسی» به چه‌مه‌دان (جانتا) یه‌کی ١٠ میلیۆن قڕانی پووڵی نه‌قده‌وه له فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئاباد گیرا. قه‌رار وابوو ئه‌و پووڵه له ئیختیاری که‌سانێکی تایبه‌ت دابنرێ. چه‌ند ڕۆژ دوای ئەو گێره‌شێوێنییه، سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌وکات، له وتووێژێکی چاپه‌مه‌نی دا، ئاشکرای کرد و گوتی: «بۆ ئێمه ڕوونه که پووڵێک له ده‌ره‌وه ڕا هاتووه و به‌ده‌ست که‌سانێک گه‌یشتوه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خشه‌ی چه‌په‌ڵ و له‌نێو داروده‌سته‌ی جۆراوجۆر دا، دابه‌ش دەکرا.»
به‌خۆشییه‌وه شۆڕشی ئێران سه‌رکه‌وت. دواین به‌ربه‌ره‌کانی مڵکدارانی گه‌وره و به‌کرێ گیراوانی تووده‌یی تێک شکان و ڕێگا بۆ پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی به‌رز و به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له مێژووی ئێران دا، خۆش بوو. لەمێژووی ئێران دا، رۆژی ١٥ی جۆزەردان وەک بیرەوەرییەکی زۆر ناخۆش لە لایەن دوژمنانی میللەتی ئێران دەمێنێتەوە و بەمیلیۆن مسوڵمانی ئێرانی وەبیریان دێتەوە کە چۆن دوژمنەکان هەرکات قازانجەکانیان یەک بگرێتەوە، هاوپەیمان دەبن. تەنانەت لە جلوبەرگی موقەدەس و جێی رێزی رووحانی دا.١
کێ ئه‌و وتاره‌ی نووسیبوو؟
له‌سه‌ر نووسینی ئه‌و وتاره، ماوه‌یه‌کی زۆر دەمه‌ته‌قه هه‌بوو. له‌م باره‌یه‌وه قامک بۆ داریووشی هومایون – وه‌زیری ئه‌و کاتی ئیتلاعات و سیاحی- درێژ ده‌کرا. چونکه ئه‌و وتاره‌که‌ی بۆ ده‌فته‌ری رۆژنامه‌ی ئیتلاعات بردبوو. به‌ڵام پاشان به پێی لێکۆلینه‌وه‌کان ده‌رکه‌وت که که‌سێک به‌ناوی «فرهاد نیکوخواه« – کە له ساڵی ١٣٤٣ وه، ڕاوێژکاری چاپه‌مه‌نیی و فه‌رهه‌نگیی «هویدا» سه‌رۆک وه‌زیر -١٣٥٥-١٣٤٢- بوه و پاشان که هویدا ده‌بێته وه‌زیری ده‌ربار، نیکووخواه له‌گه‌ڵ خۆی دەبا و لەوێ کاری پێ دەسپێرێ. ناوبراو- که لیسانسی علوومی سیاسیی له زانستگای تاران وه‌رگرتبوو- ماوه‌یه‌ک سه‌رۆکی پێوه‌ندییه گشتییه‌کانی بونیادی په‌هله‌وی و یه‌کێک له به‌رنامەدا‌ڕێژەرانی جێژنه‌کانی ٢٥٠٠ساڵه‌ی شاهنشاهی بوو.
لێکۆله‌رێکی ئه‌مریکایی بە ناوی جێمز ئا. بیل جگه له ده‌ستووری شا له نووسینی ئه‌و وتاره دا، ناکۆکیی نێوان هووەیدا، وه‌زیری ده‌ربار و جه‌مشیدی ئامووزگار – سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌و کات لە خەرمانانی ١٣٥٦ هەتا خەرمانانی ١٣٥٧- به هۆیه‌کی گرینگی نووسینی ئه‌و نامه‌یە لە قەڵەم دەدا.
که‌سێکی دیکه به‌ناوی «احمد علی مسعود انصاری» له بیره‌وه‌ری خۆی دا، سه‌باره‌ت به‌و وتاره ده‌نووسێ: خه‌لعه‌تبه‌ری – وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران- له باڵوێزخانه‌ی ئێران له عێراق ڕاپۆرتێکی پێگه‌یشتبوو که ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی به شێوه‌یەک مه‌سه‌له‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی به نا‌شه‌رعی زانیوه… و شا له پێگه‌یشتنی ئه‌و راپۆرته زۆر ناره‌حه‌ت ده‌بێ و دەستوور به وه‌زیری دەربار ده‌دا، به دژی ئه‌و بۆچوونه بابه‌تێک بنووسرێ و له رۆژنامه‌کان دا، بڵاوبکرێته‌وه. (٢)
ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئاماژه‌یان پێکراوه، سه‌رچاوه ئێرانییه‌کانن، کە هه‌ردووکیان لایه‌نگری رێژیمی سه‌ڵته‌نه‌تی بوون، بۆیه رووداوه‌که له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سک دا، ده‌بینن. بە قەولێک ئەسڵی مەسەلە «دیزە بە دەرخۆنە دەکەن.» و بە نووسراوەیەکی لەو جۆرە خۆڵەمێش لە سەر ژیلەمۆیەکان ئەستوور و ئەستوورتر بکەن و دەسەڵاتی کوودێتایی بۆ ماوەیەکی زۆر دوور داسەپێنن!؟
بەڵام لە راستی دا، زوڵم و زۆری دەسەڵات بەدەستانی رێژیمی کوودێتایی پەهلەوی دووهەم، زۆربەی هەرە زۆری خەڵکانی بەرایی لە ئێرانی وەزاڵە هێنابوو. لەبەر نه‌بوونی دیموکراسی و ئازادی سیاسی بەگشتیی و نکوولی له بوونی نه‌ته‌وه نا‌فارسه‌کان و پێشێلکاری به‌رده‌وامی مافه‌کانیان بەتایبەتی و ئیمتیاز (رانت) دانی به‌ربڵاو به شاپەرستان و ڕێژیم ویستان؛ ته‌نانه‌ت ته‌حه‌مول نه‌کردنی فه‌زای چه‌ند حیزبی دەوڵەتی – له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات دا- که له پێشووش دا ئاماژه‌یان پێکرا- ئەوانە بەشێک لە ویست گەلێک بوون کە له نێو دڵی خه‌ڵکانی ئێران دا، په‌نگی خواردبوەوه و چاوەڕوانی چه‌خماخه‌یه‌ک بوون، که بەو وتارە لێدرا.
شاپووری به‌ختیار، دوایین هه‌ل
له ٢٢ ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٥٦ دا، سێ که‌س له رێبه‌رانی جه‌بهه‌ی میللی، دکتور شاپوور به‌ختیار، دکتور که‌ریم سه‌نجابی و داریوش فروهه‌ر، نامه‌یه‌کی گرینگ و سەرئاواڵەیان بۆ شا نووسی و داوای لێدەکەن: بۆ نه‌جاتی وڵات، کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆیی بێنێ و رێز بۆ ئه‌سه‌ڵه‌کانی مه‌شرووتییه‌ت دابنێ و زیندانیی و دوورخراوەکانی سیاسی ئازاد کا و… ئەوکات هێشتا ئا. خومەینی سیمای سەرەکی شۆڕش نەبوو. (٣) به‌ڵام شا قبووڵی نه‌کرد. وڵامه‌که‌ی گۆشار هێنان بۆ نووسەرانی نامەکە و زیندانی کردنیان بوو.
لە ١٥ ی بەفرانباری ساڵی ١٣٥٧ دا، کە ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له‌و‌په‌ڕی په‌رەگرتوویی دابوو، شا لەگەڵ به‌ختیار چاوپێکه‌وتنێکی تایبەتیان ئه‌نجام دا. شا داوای لە د. بەختیار کرد پۆستی سه‌رۆک وه‌زیری قبووڵ بکا. به‌ختیار له‌گه‌ڵ شا پێک هات که بۆ کابینه‌که‌ی ده‌نگ له مه‌جلیسی سه‌نا وه‌ربگیرێ. ساواک هه‌ڵوه‌شێ. زیندانییەکانی سیاسی ئازاد بکرێن. مه‌رجه‌کانی چاپه‌مه‌نی ئازاد بێنه ئاراوه و هه‌نگاوه‌کانی چاکسازی ده‌ست پێبکه‌ن. به‌و مه‌رجانه به‌ختیار سه‌ره‌ڕای موخالیفه‌تی جه‌بهه‌ی میللی، سه‌رۆک وه‌زیری په‌هله‌وی دووهه‌می قبووڵ کرد. هاورێیانی بەختیار لە جه‌بهه‌ی میللی پێش راگەیاندرانی بە سەرۆک وەزیری، ئەویان دەرکرد. (٤)
به‌ختیار به‌ڵێنی له شا وه‌رگرتبوو، ئێران به‌جێ بێڵێ و پووڵ و سه‌روه‌ته‌که‌ی به قازانجی ده‌وڵه‌ت، که‌ڵکی لێوه‌رگیرێ. شا و فه‌ره‌ح – شا ژن- له ٢٦ی به‌فرانباری ١٣٥٧‌دا، ئێرانیان به‌جێهێشت. ئه‌و وه‌زعه بەگشتی پتر به قازانجی ئیسلامییه‌کان شکایه‌وه.
دوای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیری له لایه‌ن د. به‌ختیار، بیری ئیسلامی سیاسیی ململانێی له‌به‌رانبه‌ر هێزه میللی و چه‌په‌کان دا، برده‌وه. چونکه، زۆربه‌یان پشتیوانی‌یان له ئا. خومه‌ینی کرد.
هەرچەند بەختیار گوتبووی: «مەترسی سەرەرۆیی دینی فاشیستی ئاخوندەکان لە گرووپی نیزامییەکان تاریک‌ترە. هەروەها بەڵێنی دروست کردنی ڤاتیکانێکی دا، کە رووحانییەکان دەتواننن، حکوومەتی خۆیان هەبێ.»(٥) بەڵام بەداخەوە زۆر دەرنگ ببوو.
هەروەها، کۆنفڕانسی٣ رۆژەی گووادێلۆپ بە هەوڵی ژیسکاردێستەن – سه‌رکۆماری ئه‌وکاتی فه‌ڕانسه لە ١٤ هەتا ١٧ ی بەفرانباری ١٣٥٧ گیرا. کارتێر، سەرکۆماری ئەمریکا، کالاهان، سەرۆک وەزیری ئینگلستان و هێلمۆت شمیت، سەدری ئەعزەمی ئاڵمانی فێدڕاڵ – لەو کۆنفڕانسەدا، بەشدار بوون. بێ ئومێدی بە حکوومەتی بەختیار، نەگەیشتن بە شێوەیەک سازان لە لایەن ئا. خومەینی، د. بەختیار و ئەرتەش، لە ئاکام دا، ئەویش بە قازانجی ئیسلامییەکان شکایەوە.
بیر و کرده‌وه‌ی دیواری سه‌وز له به‌رانبه‌ر مه‌ترسی سوور و یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی لە شەڕی سارد دا، کە رووداوەکانی ئەفغانستان- کوودێتای «ثور» و – دەستتێوەردانی ڤیتنام لە کامبۆج هەردووکیان لە ١٣٥٧ دا، کاریگەری خۆیان لەسەر فەزای سیاسی ئێران هەبوو.
سەرچاوەکان
١- رشیدی احمد مطلق، شنبە ١٧ دیماە ١٣٥٦/ ٧ ژانویە ١٩٧٨، روزنامە اطلاعات.
٢- شاهدی مظفر، سایت مٶسسە مطالعات تاریخ ایران، صفحە اصلی، بخش مقالات.
٣- متن نامە سرگشادە سە امضا بە محمد رضا شاە در ٢٢ خرداد ١٣٥٦، سایت، جنبش سکولار دموکراسی ایران.
٤و٥- شاپور بخت‌یار، سیاستمداری کە بخت‌یار نبود. د. عباس میلانی، سایت، بی بی سی فارسی، دوشنبە ٨ اوت ٢٠١١ بەروز شدە.
لە ژماره ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه