ئێواره دره‌نگانی سه‌رکانی، سرت و خورتی کیژۆڵان و باسی دڵداری و خه‌ون و حه‌زه‌کانیان، له‌و دیمه‌نه جوان و سه‌رنجراکێشانه‌ی دێیه که ئینسان له‌باسکردنی تێر نابێ. هه‌رکه زه‌رده‌ی خۆر له کزی ده‌دا و تۆپه ئاگرینه‌که بڕێک سارد ده‌بێته‌وه، ده‌سته‌ی نازدارانی گوند به بیانووی هێنانی گۆزه ئاوێک ملی رێگا ده‌گرن وپاشان خۆیان له‌ده‌وری ئاوه روونه‌که‌ی کانی ده‌بیننه‌وه. له‌وێ باسی دڵداری گه‌رمه و هه‌ر کیژی نه‌شمیلی قه‌د باریکی چاوڕه‌شی به‌له‌نجه ولاره که خونچه‌ی لێوه‌کانی بۆ هه‌ڵڕشتنی به‌سه‌رهاتی ئه‌و رۆژه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه. یه‌ک باسی قه‌ول و قه‌راری خۆی ده‌گه‌ڵ دۆسته کوڕه‌که‌ی دێنێته گۆڕێ و به‌ئیشتیا بۆ ده‌سته خوشکه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه. یه‌ک له جێژوانی شه‌وی پێشووی و له‌و خۆشییه ده‌دوێ که بۆ یه‌ک چرکه لێوی وه‌لێوی خۆشه‌ویسته‌که‌ی که‌وتووه. دووی دیکه له‌ولای گله‌یی ئه‌وه‌یانه برا و باوکیان له‌سه‌ریان قاسیدن و رێگای دیتنی دڵداریان لێ بڕیون. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ رێگای نوێ بۆ چوونه ژوان وه‌دۆزن. چه‌ند جوانکیله‌ی دیکه له‌وبه‌ری کانی به یه‌که‌وه راوه‌ستاون و قاقای پێکه‌نینیان ده‌گاته نێو ماڵان. ژماره‌یه‌کی دیکه‌ش له کاتێک دا گۆزه‌کانیان پڕ کردوون و برێک له کانی دوور که‌وتوونه‌ته‌وه خه‌ریکی باسێکی گه‌رم و زۆر نهێنین. هه‌رچه‌ند ئه‌وانیش دڵیان بۆ ئه‌وینێکی قووڵ لێده‌دا و گرفتاری ئه‌شقێکی شێتانه‌ن، به‌ڵام باسی دڵداریی ئه‌و پۆله کچه زۆر له‌وانی دیکه جیاوازه. ئه‌وان باسی به‌یه‌ک گه‌یشتنێک ده‌که‌ن که شوێن و کات و شێوه‌که‌ی له سه‌ر په‌رده‌ی دڵیان تۆمار کراوه و به زمانی وه‌فاداری قفڵ دراوه. ژوانی ئه‌وان دیداری پێشمه‌رگه‌یه، رێگایان رێگای خه‌باتی پێشمه‌رگه و دامرکاندنی ئه‌شقی شێتانه‌یان به‌دسته‌وه گرتنی چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تییه،… . ئه‌وه دوایین ئێواره سه‌رکانیی ئه‌و پۆله ئه‌وینداره بوو. دواتر ئه‌وان بۆ ژوانی خۆیان چوون و له‌و رۆژه‌شه‌وه سرته و خورتهکانی سه‌رکانی مانایه‌کی دیکه‌یان په‌یدا کرد.
هه‌ستی خۆشه‌ویستیی پێشمه‌رگه و تێکه‌ڵاو بوون ده‌گه‌ڵ دنیای پڕله کاره‌ساتی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ی رێگای ئازادی بۆ ساڵانێکی زۆره دڵ و ده‌روونی کچان و کوڕانی کوردی داگیر کردووه. ئه‌وینی گه‌یشتن به مه‌قامی پێشمه‌رگه و خۆ ته‌یار کردن به‌بیری پێشمه‌رگایه‌تی له‌و ئه‌شقه پاکانه‌یه که به نه‌گۆڕی ماوه‌ته‌وه و ده‌ستی ناپاکی هه‌وه‌س نه‌ی گه‌یوه‌تێ. ئه‌وانه‌ی گرفتاری ئه‌و ئه‌شقه ده‌بن قه‌ت بۆیان نییه بیر له بێ وه‌فایی بکه‌نه‌وه – شتێک که له نێو دڵداریی دیکه‌دا باوی زۆره – . ئاشق بوون به پێشمه‌رگایه‌تی، ئاشق بوون به ره‌مزی فیداکارییه و ئه‌وانه‌ی له‌و قوتابخانه‌یه‌دا ده‌رسی ئه‌وین ده‌خوێنن هه‌مووی له ده‌ستچنه‌کانی کۆمه‌ڵن. پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وینداری ئازادی به دایم چاوی له ئاسۆی سه‌رکه‌وتنه و بۆ گه‌یشتنیش پێی هه‌روا هه‌ورازان ده‌بڕێ.
***** “خەبات کردن بەبڕوای من وەک خواردن وهەوا پێویستە. وەک نوێژ کردن لەسەر کورد فەڕزە”. که پێشمه‌رگه له‌پێویستیی خه‌بات ده‌دوێ ئاوای باس ده‌کا. ئه‌وه خاڵی ده‌ستپێکی قسه‌کانی تێکۆشه‌ر ره‌حیم پهڕشهیییه که نه‌ک هه‌ر خه‌بات له‌سه‌ر کورد بە فه‌ڕز حیساب ده‌کا، به‌ڵکوو خۆشی شانی وه‌به‌ر ده‌دا و ئه‌وه‌ی له‌و رێگایه دا بۆی ده‌کرێ ده‌ی کا. که‌سێک ئاوا له خه‌بات تێ بگا و به‌و جۆره گرینگییه‌که‌ی هه‌ست پێ بکا چۆن له‌پێناویدا ئاره‌ق ناڕێژێ و شاخه و شاخی بۆ ناکا. له مێژه گوتوویانه ئازادی بۆ ئینسان وه‌ک هه‌وا پێویسته و هه‌ر وه‌ک چۆن نه‌بوونی هه‌وا ژیان ده‌خنکێنێ، نه‌بوونی ئازادییش دڵ ده‌مرێنێ و لهنهشهی ده‌خا. ئه‌وانه‌ی له‌پێناوی ئازادی‌دا خه‌بات ده‌که‌ن هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه ره‌وتی ژیانی ئینسان به‌رده‌وام رابگرن و بۆ ئه‌وه‌ش زۆرجار ناچارن له‌ژینی خۆیان بگوزه‌رێن. ره‌حیم په‌ڕشه‌یی یه‌ک له‌و هه‌زاران خه‌باتکاره‌ی رێگای ئازادییه که ئازایانه هاتۆوەته مه‌یدان و لێبڕاوانه درێژه‌ی به خه‌بات داوه و سادقانه خزمه‌تی کردووه. ئه‌گه‌ر کورد له‌که‌سانی وه‌ک په‌ڕشه‌یی رێز ده‌گرێ له‌راستیدا له‌خه‌بات رێز ده‌گرێ و ئه‌وه‌ش خۆی مانای رێزگرتن له ژیانه.
ناوی ره‌حیم و شۆره‌تی فه‌لاحییه. به‌ڵام که‌س نازانێ فه‌لاحی کێیه، که‌چی ناوبانگی په‌ڕشه‌یی هه‌موو وڵاتی داگرتوه. له‌گوندی په‌ڕشه‌ی ناوچه‌ی نمه‌شیری بانه و له ساڵی ١٣٣٩ی هه‌تاوی له دایک بووه. وه‌ک زۆر منداڵی دیکه‌ی دێهات هه‌رکه ده‌ستی چه‌پ و راستی خۆی ناسیوه ده‌گژ کاری تاقه‌تبڕی کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵداری رۆچووه و به‌م جۆره زۆر زوو له‌شی بۆ خۆڕاگری خاراوه. په‌ڕشه‌یی له لێڕه‌وار و له نێو هه‌وراز و لێژی هه‌زار به هه‌زاری ناوچه‌که‌ی دا گه‌وره بووه و له به‌ر سێبه‌ری داره به‌ن و مازوو و قه‌زوان و وێوڵ و شه‌کی حه‌ساوه‌ته‌وه و تامی ترێ ره‌شه‌ی ره‌زانی کردوه و بۆنی به کاڵه‌که بۆندار و به‌تامه‌کانی دێمهکارهوه کردووه. له هه‌ڕه‌تی منداڵیه‌وه شانی وه‌به‌ر باری قورسی ژیان داوه و خۆی بۆ رۆژه سهختەکانی داهاتوو ئاماده کردووه. کوڕێک له‌و ناوچه رام نه‌کراوه‌دا گه‌وره بووبێ و ئاوا زوو له‌شی وه‌به‌ر باری قورسی ژیان دابێ و تاڵی و سوێریی له راده‌به‌ده‌ری چێشتبێ، زۆر سروشتییه ده‌گه‌ڵ دنیای ترس بێگانه بێ و ئازایه‌تیی لێ ببارێ. ره‌حیم په‌ڕشه‌یی جگه له‌کار و زه‌حمه‌تی رۆژانه و ژیان له نێو شاخ و داخی رام نه‌کراو دا، شتی دیکه‌ش وایان لێ کرد ته‌بعێکی سه‌رکێشی هه‌بێ و له‌به‌رامبه‌ر زۆرداری دا وچان نه‌دا. ئه‌گه‌ر سه‌دان لاوی گیرۆده‌ی ناوی شه‌ریفزاده و ئازایه‌تییه‌کانی له‌خۆشه‌ویستیی ئه‌و رێگای خه‌باتیان گرته به‌ر، ره‌حیم په‌ڕشه‌یی شانسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه له نزیکه‌وه بیبێنێ و سیمای شۆڕشگێڕانه‌ی له سه‌ر دڵی بنەخشێنێ.
ره‌حیمی خولیای ناوی شه‌ریفزاده و رێبازه پیرۆزه‌که‌ی، ئه‌و کاته که مه‌یدانی خه‌بات به کراوه‌یی ده‌بینێ و توانای چه‌ک هه‌ڵ گرتن ده‌خۆیدا سۆراغ ده‌کا، سێ و دووی لێ ناکا و هه‌ر وه‌ک ئه‌وه که خه‌بات به بێ ئه‌و به هیچ کوێ ناگا ملی لێده‌نێ. ئه‌و هه‌ر چه‌ند کاتی چه‌ک هه‌ڵگرتنی منداڵکاره بووه و له ئه‌زموونی شه‌ڕی چه‌کداری بێ به‌ش، به‌و حاڵه‌ش چونکه خولیای خه‌بات کردن خانه‌کانی مێشکی ته‌نیوه توانای جیسمی و فکریی خۆی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان کردووه. تێکۆشه‌ر په‌ڕشه‌یی له‌ناوچه‌ی بانهڕا ده‌ستی پێ‌کرد و هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ش درێژه‌ی دا و هه‌تا ئێستاش هه‌ر له‌و مه‌ڵبه‌نده خزمه‌ت به ئامانجه‌کانی شۆڕش ده‌کا. هەڵبەت بۆ مەئموورییەتی حیزبی ناوچەکانی سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد، بۆکان و رەبەت گەڕاوە و تواناکانی خۆی تێدا تاقی کردوونەوە. ئه‌و به غرووری کوردانه ده‌ستی پێ کرد، به ئازایه‌تیی خۆی درێژه‌ی دا و به‌چه‌کی بیروباوه‌ڕ خۆی ته‌یار کرد. له درێژه‌ی ئه‌و رێگا سه‌خت و پرکهند و له‌نده دا کاک ره‌حیم وه‌ستانی نه‌ناسی، ترسی رێ نه‌نیشت و راسته رێی به‌رنه‌دا. هه‌ر بۆیه ناوی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ش وه‌ک زۆری دیکه رازێنه‌ری لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی خه‌باتی گه‌له‌که‌مانه و مایه‌ی فه‌خر و شانازی.
کاک ره‌حیم په‌ڕشه‌یی، بۆیه نه‌بوو به‌پێشمه‌رگه هه‌تا کات تێپه‌ڕ بکا و منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵک دا بکا. ئه‌و بۆیه بوو به‌پێشمه‌رگه هه‌تا توانا و لێوه‌شاوه‌یی خۆی له پێناو رێگایه‌کی پیرۆز دا سه‌رف بکا که ئه‌لحه‌ق کردیشی. هه‌ر بۆیه ده‌بینین له درێژه‌ی کار و تێکۆشانی بێ وچانیدا ئه‌رکی قورس‌تر ده‌بێ و به‌رپرسایه‌تیی سیاسی و نیزامی پێ ده‌سپێردرێ. به گشتی تێکۆشه‌ر په‌ڕشه‌یی له ماوه‌ی تێکۆشانی بێ وچانیدا ئه‌و ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییانه‌ی هه‌بوون: فەرماندەریی دەستە، جێگریی لک، فەرماندەریی لک، کادری سیاسی، ئەندامی کۆمیتەی شارستان و کادری کۆمیسیۆنی تەشکیلات.
تێکۆشه‌ر په‌ڕشه‌یی هه‌ر وه‌ک چۆن به دڵ و دا‌و ملی له خه‌بات نا و به ئیمان به رێبازی، ساڵه سه‌خت و پڕ مه‌ترسییه‌کانی تێپه‌ڕ کردن، ئێستاش سه‌نگه‌ری تێکۆشانی به‌رنه‌داوه و هه‌ر وه‌ک جاری جاران دڵی بۆ ئازادیی گه‌له‌که‌ی لێده‌دا و هه‌نگاوه‌کانی بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ست هه‌روا قورس و قایمن. ئه‌و له درێژه‌ی ئه‌و رێگا دوور و پڕ هه‌وراز و لێژه دا گه‌لێ مه‌ینه‌تی دیوه و یه‌کجار زۆر ماندوو بووه. چه‌کی دستی دوژمن ٥ جار له‌شی پێکاوه و خوێنی له جه‌سته‌ی هێناوه، به‌ڵام وه‌ک هه‌ر قاره‌مانێکی دیکه وره‌ی به‌رنه‌داوه و سه‌نگه‌ری خه‌باتی چۆڵ نه‌کردوه.
ئازایه‌تی، چاونه‌ترسی و لێبڕاوەیی له دۆستانی هه‌ره نیزیکی پێشمه‌رگه‌ن. به پشت به‌ستن به‌و هاوسه‌نگه‌ره خۆشه‌ویستانه‌یه که پێشمه‌رگه وه‌ک رێڕه‌وی ماندوو نه‌بووی رێگای خه‌بات ده‌مێنێته‌وه. هه‌رکه ئینسانێک بڕیار ده‌دا بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجێکی پیرۆز رێگای خه‌بات بگرێته به‌ر خۆ له‌و تایبه‌تمه‌ندی و سیفه‌ته به‌رزانه نیزیک ده‌کاته‌وه که بۆ درێژه‌ی رێگاکه‌ی به که‌ڵکی دێن. ته‌نیا به بوونی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه که ده‌کرێ ناوی پێشمه‌رگه بۆ که‌سێک دیاری بکرێ. بێگومان ره‌حیم په‌ڕشه‌یی توانیویه‌تی له پشتیوانیی ئه‌و هاوسه‌نگه‌رانه به‌هره‌مه‌ند بێ.
لە ژماره ٦٩٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه